په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠١٤

مەلا مستەفا چی گوت؟
- وەڵامێک بۆ کاک مەشخەڵ کەوڵۆسی -

جەلال محەمەد      

- بەشی چوارەم (کۆتایی) -


چۆنە کەسانی وەک کاک مەشخەڵ دیرۆک لە بیر دەکەن و ڕاستیەکان دەشێوێنن؟ ئەی هەر خودی بارزانی نەبوو کە لە دوای ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ بڕیاریدا کە شۆڕش کۆتایی هاتووە و جارێکی دیکە ڕوو لە ساسەت ناکەنەوە؟


بەڵام کاتێک بزوتنەوەیەکی نوێ دوور لە دەسەڵاتی بنەماڵە سەری هەڵدا ئەو کات نەک هەر ڕوویان لە سیاسەت کردەوە بەڵکو بڕیاریشیان‌دا کە ڕێگە نەدەن هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی لە کوردستاندا سەر هەڵبدات ، ئەوەش لەو نامەیەدا بە دەرکەوت کە ئیدریس بارزانی ئاڕاستەی تاڵەبانی کرد و لەکۆتایی نامەکەدا نوسیبووی "ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت ، شۆڕشمان پێ تێک دەدرێت".


ئەم گوتەیەی ئیدریس بارزانی بوویە ئاگرێک و تەنها خەرمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی نەسوتاند بەڵکو ماڵی هەموو کوردێکی ئازادیخوازی دامرکاندەوە، تا لە ساڵی ١٩٧٨دا کارەساتی هەکاریان ئەنجام‌دا بە دروشمی "با مرۆڤە گەورەکان بە چەکی گەورە بکوژرێن و مرۆڤە گچکەکانیش بە چەکی گچکە"، ئەو کارەساتە هەر بە لەناوبردنی زیاتر لە ٧٠٠ کادر و پێشمەرگە کۆتایی نەهات بەڵکو سەرەتای لەناوبردنی شۆڕشی باشووری کوردستان بوو ، چونکە ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە کۆتایی هاتنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی بە دواوە بوو کە سەرکێشی شۆڕشگێڕانیان دەکرد.


لە ساڵی ١٩٧٩دا "واتە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران" ئیدریس بارزانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ ئاغا و سەرۆک خێڵەکانی ناوچەی سۆما و برادۆست ساز دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەدا چی گوتەی ناشیرین هەیە ئاڕاستەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی دەکات و داوا لەو سەرۆک خێڵانە دەکات کە فریوی قاسملو نەخۆن و دەڵێت: (هەر کەس فریوی قاسملو بخوات بە دەردی کارەساتی هەکاری دەچێت ، لەبەرئەوە ئێمە وەک بنەماڵەی بارزانی ڕێگە نادەین لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا شۆڕشێک بەرپا ببێت دوور لە دەسەڵاتی ئێمە). ئەم کۆبوونەوەیە پێش دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا دەبێت کە پارتی کردییە بیانوو بۆ قەڵاچۆکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات ، یەکێک لەو ئاغایانەی ئامادەی کۆبوونەوەکەش دەبێت " ئیرەج ئاغا "ی گوندی " گومبەد" بوو کە یەکێک لە بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات دەبێت و تەواوی نهێنی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.


چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ژێر ناوی "قیادە مۆقەتە"دا کەوتنە گیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، هەڵبەت ئەم کردەوە چەپەڵەیان تەنها لە دژی لایەنێکی دیاریکراو نەبوو بەڵکو هاوشێوەی ئەنفالی بەعسیەکان هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردە ئامانج و تا سەرەنجام بە لە ناوبردنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیەکان کۆتایی هات ، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
www.youtube.com/watch?v=dQfPRr7OnU0


ئەگەرچی بە درێژای ساڵانی هەشتاکان هەمان هێز لە کوشتوبڕی کورد و ئازادیخوازان نەکەوتن بەڵکو کارەساتی هەرە مەزن لە دوار ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی 1991وە سەری هەڵدا ، چونکە ئەو کات پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەر نەبوویە لانکەی مستەشار و ئەنفالکەرەکان بەڵکو سەرتاسەری باشووری کوردستانیان کردە بنکەی سیخوڕی داگیرکەران تا سەرەنجام شەڕی بێ ئەمانی ناوخۆییان بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەرپا کرد و لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا بەعسیەکانیان جارێکی دیکە هێنایەوە مەیدان و بە یەکجاری کۆتاییان بە شۆڕش هێنا لە باشووری کوردستان.


خەندەق لێدانی ئێستاش هەر لەو چوارچێوەیەدایە و هیچ پەیوەندییەکی بە نائارامی باشووری کوردستانەوە نییە ، ئیتر نازانم چۆنە هەندێک ویژدان وەها دەمرێت کە هەموو تاوانێک قبوڵ بکات لە پێناوی دەسکەوتێکی تایبەتی و کەمێک خۆ دەوڵەمەندکردندا!!!


بۆ بینینی بەشێک لە گوتەکانی مەلا مستەفا کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:
www.youtube.com/watch?v=YQbTUmir9yA&feature=youtu.be

 

لە شێوەی ئەم جۆرە لێدوانانەوە زۆر ڕاستی دەردەکەوێت ، ئەو ڕاستیانەش ئەوەیە کە زۆربەی ئەو لێدوانانەی پارتیەکان دەیدەن بە ناوی مەلا مستەفاوە بریتین لە گوتەی هەڵبەستراو ، گوتەی هەڵبەستراویش بە دەم مردوەکانەوە زۆر ئاسانە.


لە کۆتایدا با کاک مەشخەڵەکان بەراوردێک لە نێوان ئەم وێنانەی خوارەوەدا بکەن و پاشان بڕیار لەسەر دیکتاتۆریەت و دیموکراتیەت بدەن.

وێنەی یەکەم (د. ڕۆژ نوری شاوەیس)ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقیشە ، لە جیاتی خزمەتکردن بە دۆزی کورد خەریکی قومار کردنە.


وێنەی دووەم دوو منداڵی کوردن لە شاری هەولێر ، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێڵاوی بەرپرسەکان بۆیاخ دەکەن.

وێنەی یەکەم ژمارەیەک لە جەنگاوەرەکانی یەپەگەن کە بۆ پاراستنی نەتەوەکەمان لە بەرەکانی شەڕدان ، کەچی کاک مەشخەڵ بە دیکتاتۆر و تاکڕەو پێناسەیان دەکات.


وێنەی دووەم ئەو بەرپرسە هوتێل نشینانەن کە بە نەمانی بەعس ڕوویان لە هەولێر کردووە و کاک مەشخەڵیش بە پارتە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژاوای کوردستانیان ناویان دەبات.

____________________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/melamistefacigut3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/melamistefacigut2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/melamistefacigut1.htm

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک