په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٣\٢٠١٢

مەلا سەمەد راست دەکا!

تاهیر حه‌سه‌ن      


لێدوانەکانی مەلا سەمەد دەربارەی نەورۆز لە تێگەیشتنی جیھانبینی ئیسلامەوە ڕاستە، چونکە ئەو مەلایە ھەرچی دەڵێت لەسەر حەرام کردنی ئەو ڕۆژە لەسەر بنەماکانی ئاینی ئیسلامەوە ھاتوە شیکاری بۆ دەکات. بەپێی ئاینی ئیسلام تەنھا دوو جەژن ھەیە ئەویش جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربانە. ئەم پیاوە ئەگەر بھاتبایەو مەلا نەبوایە پێدەچوو وەک ھەزاران مرۆڤی دیکەی کوردستان بەشدار بوایە لە خۆشی و شادی بەبۆنەی ھاتنی یەکەم ڕۆژی بەھارەوە، بەڵام ئەوە خودی ڕێنمایی ئاینەکەیەتی ڕێگای پێنادات کە بەشدار بێت لە ئاھەنگ و بزەی سەر لێوی سەدان ھەزار لە مرۆڤی کورد، کە لەم ڕۆژەدا دەرفەتێکیان بۆ دروست دەبێت لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە و کەمێک لە ژاوەژاوی قەرەباڵغی بازاڕ و سەرئێشەی دڵ تەنگییان لە نێو کونجی ماڵەکانیان ڕزگاریان بێت. ئەم مەلایە نەھاتوە لە خۆوە بدوێت، ھێندەی پشت ئەستورە بە ئایەتی قورئان و ئەحادیسەکانی پیاوانی سەر بە ڕێبازی ئیسلام. کاتێک ئەو باس لە ڕۆشتنی پەیامبەری ئیسلام موحەمەد دەکات بۆ مەدینە، وە لەو کاتەدا کە خەڵکی عەرەب کە ھێشتا وادەرئەکەوێت نەکرابێتن بە موسڵمان، لەگەڵ یەھودیەکان دوو جەژنیان ھەبووە، بەپێی ئەو سەردەمە بەشداریان کردوە لە یاد کردنەوەی ئەو دوو جێژنە، کاتێک پەیامبەری موسڵمانان تێدەگات ئەم جۆرە جەژن کردنە بەقازانجی ئەو ڕێبازەی ناشکێتەوە، ڕاستەوخۆ دەڵێت خودا ئەمری کردوە بە قەدەغە کردنی ئەو دوو جەژنە. ئەم قەدەغە کردنە بۆخۆی سەرچاوەی ئەو بنەما زاڵە نیشان دەدات کە دەسەڵاتی پەیامبەری موسڵمانان ڕوو لە ھەڵچون بوە، بۆیە بە ئاسانی دێت و ئەو دوو جەژنە یاساغ دەکات لە عەرەب و یەھودیەکان. ئاخۆ نابێت بپرسین ، بۆچی خودا ھاتوە لە پڕێکدا خۆشی و لەزەتەکانی لەو دوو نەتەوەیە یاساغ کردوە، لە کاتێکدا لە پێش ھاتنی پەیامبەرەوە ھیچ شتێک نەبوە کە بەلە دین دەرچوو یان لە فەرمان دەرچوو لە ڕێگای خودادا بیان گەڕێنێتەوە بۆ سەر دیدێکی تر؟


لەھەر کام ساتی مێژوییدا دەسەڵاتی زاڵ بەشێکی سەرەکیە لە کۆی ئەو داسەپاندن و جۆرە فەرھەنگەی کە بە قازانجی خۆی و سیستەمە ئایدۆلۆژی و ئابوریەکەی دەشکێتەوە. سەردەمی بەھێز بوونی ئیسلامیش بەدەر نەبوە لەکۆی دیاردە مێژوییەکانی مێژوی مرۆڤایەتی. دابەش کردنە چینایەتیەکان لە ھەر سێ قۆناغە چینایەتیەکەی تا ئەم ساتە، پەیوەستە بەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ئابوریەی کە لە کۆمەڵگادا ھەیە. ئاستی چونە پێشی ھەلومەرجی ئابوری ھەردەم ئاستی چونەپێشی فەرھەنگی سیاسی و ڕۆشنبیریشی لەگەل خۆیدا بردۆتە پێشەوە. لە ئاینی ئیسلامدا ئەوەی زۆر ڕون و دیارە، ڕێگانەدانە بە ئازادی مرۆڤ، ئازادیەک کە مرۆڤ بۆخۆی بەبێ گەڕانەوە بۆ پێش مەرجێکی دیاری کراو بتوانێت ئارەزوەکانی خۆی بەدی بھینێت. لە جیھانبینی ئاینە داسەپێنراوەکاندا، ھەردەم مرۆڤ کۆیلەیە، ئەم مرۆڤە، بەشێکی سەرەکیان پێک دێن لە ملکەچ بوانی ژێر ئەو ڕێورەسمە ئاینیە، دیارە لە کۆی ئاینەکانیشدا ژنان ھەردەم لەبەردەم قورسترین ھەلومەرجی دەستکۆتا بوندا بونیان ھەبوە کە ڕێگایان پێنەدراوە ھیچ کات بەپێی خواست و تایبەتمەندیەکانی خۆیان دەرکەون، ھێندەی وەک ڕێ ھەڵگرێکی پیاو بونیان ھەبوە. ئەم دابەشکردنە چینایەتیەش لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێدا، گەرچی دەسەڵاتەکانی سەردەمی کۆیللایەتی و سەردەمی دەرەبەگایەتیش دەورێکی باڵایان ھەبوە لەم چەوساندنەوەدا، لەگەل ئەوەشدا لە ئاینەکاندا ژنان کەمترین بونیان ھەیە لە دەرخستنی ئیرادەی ئینسانی خۆیاندا. کاتێک ئەم مەلایە دەدوێت دەربارەی حەرام کردنی ڕۆژی نەورۆز و ئاھەنگ گێڕان، بەڕای من ڕاستگۆیی تەواوی تێدایە و کۆی پیاوانی دیکەی ئاینی کە نایەن ئەم بۆنەیە یاساغ بکەن، لەوەوە نیە کە لە ئاین تێنەگەیشتون، بەڵکو لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەمان ھێشتا دەسەڵاتی سیاسی و ئابوریان لە دەستدا نیە. ئەگەر نا، دڵنیام لەوەی کە ڕۆژێک بگونجێت بۆ سەرکەوتنی ئاینی ئیسلام لە کوردستاندا، نەک ھەر نەورۆز یاساغ ناکەن، بەڵکو کۆی خۆشی و ئازادیەکانی ئینسان دەخەنە نێو قەفەسی تایبەتی ئاینی خۆیانەوە. خۆ مێژوی ڕابردوی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەو بەڵگە بەرچاوانەی کە کاتێک ئاین دەسەڵاتی بەدەستەوە بوە، ژیان و ئازادیەکانی مرۆڤ لە چ ئاستێکی تاریکستانیدا بوە. بڕۆن مێژوی سەردەمی سەدە ناوەڕاستەکانی ئەوروپا بخوێننەوە، برۆن مێژوی ئاخوندەکانی ئیسلامی سیاسی لە ئێران بخوێننەوە، بڕۆن مێژوی ئیسلامی سیاسی لە سەردەمی تاڵیبان و ئێستای میرنشینانی وڵاتی سعودیە و باقی وڵاتانی دیکەی ئیسلام بخوێننەوە، بزانن ھەر ھەموو ئەو مێژوە، پڕاوپڕ نیە لە خوێن ھەڵکێشان و بڕینی ئەو زمانەی کە ویستویەتی بە ئازادی بدوێت، یان بە ئازادی جلوبەرگ بپۆشێت؟

من دەربارەی ئەوەی نەورۆز کراوە بە ڕۆژێکی نەتەوەیی یان سەرکەوتنی چەوساوە بەسەر چەوسێنەردایە،زۆر ناچمە ژێر لێورد بونەوەیەوە، ھێندەی ئەوەی مەبەستمە لەم نوسینەدا بڵێم؛ ھەرکاتێک دەسەڵاتەکانی ئیسلام خۆشی خۆیان ڕاگەیانبدێت بەبۆنەی ئەو ڕۆژەوە، ئەوە لە تەواوی بیرکردنەوەیانەوە نەبوە، ھێندەی ئەوەی کە بارودۆخێکی ناچاری وای لێکردوون کە بێن شتێک بڵێن بەھۆ خۆشی و شادی خەڵکی کوردستانەوە.


ڕۆژی نەورۆز بۆ دەسەڵاتی سیاسی کوردیش وەک سەرمایەیەکی ھەست وروژێنەر دەتوانن بەکاری بھێنن بۆ ئەوەی لەو ڕۆژەدا بێن گفتی گەورە و پەیامی شادی بدەن بەخەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستان. خەڵکی کوردستان وەک ھەر کۆمەڵگایەکی ئەم سەر زەمینە بێبەری نین لەو ھەلومەرجە باوەی کە خودی سیستەمی چینایەتی سەپاندویەتی. لە کوردستانیشدا دوو چینی سەرەکی ھەیە، چینی دەسەڵاتدار، کە قۆرخی کۆی جومگەکانی ژیانی کردوە، وا دەخوازێت کۆی ئەو فەرھەنگە باوەی ھەیە، وە بە قازانجی چینەکەی خۆی دەشکێتەوە درێژە پێبدات و کۆمەڵگە وا لێبکات، کە ھەردەم لەبەردەم ئەو ئاستە لە ڕۆشنبیریدا بمێننەوە کە خودی دەسەڵاتی حاکم ھەیەتی. قۆرخ کردنی جەژن و ئاھەنگەکانی ھاتنی وەرزی بەھار بۆ دەسەڵاتی سیاسی کوردستان، مانا‌یەکی ھەیە، کە دەیبەستێتەوە بە ناسنامە ناسیۆنالیستیەکەیەوە. بەڵام دەبێت بپرسین ئەگەر نەورۆز ڕۆژی شکست پێخواردنی دەسەڵاتی زاڵمە، ئەوە چ ھۆکارێکە وا لە کوردستاندا ھێشتا دوو چینی کۆمەڵایەتی بونیان ھەیە؟ ئەگەر نەورۆز دەکاتە ڕۆژی خۆشی و یەکسانیخوازی، ئەوە کام یەکسانیخوازیە کە لە کوردستاندا بوونی ھەیە!؟ خۆ ئیسلامی سیاسی و ئاینی بەناو ئاسمانییش ھەر دەڵێت؛ دەبێت ژیانێکی سەرفراز بۆ کۆمەڵگا ھەبێت، وە ئەوەتای ئاین و دەسەڵاتی ئاین بونیان ھەیە، ھەردەم چەوساندنەوەش ھەر بونی ھەبوە و کۆتایی پێ نەھاتوە؟ کەواتە کامەیە ئەو ڕێگا چارەیەی کە ئاین و ناسیۆنالیزم دەیخوازن بۆ کۆمەڵگا تا ئەوەی ڕزگاریان ببێت لە کۆت و بەندی ھەژاری و نەبوونی؟ ئاخۆ خودی ئەو دوو تیگەیشتنە باوەی لە کۆمەڵگادا ھەیە، ھۆکاری سەرەکی نین لە مانەوەی دنیای چەوساندنەوە و تێک شکاندنی ئیرادەی زۆرینەی خەڵکیدا؟ ئایا کامە جۆری خۆشی و شادی ھەیە لە ئاینی ئیسلامدا؟ ئاخۆ بەزەیی ھاتنەوە و دەست گرتنی خەڵکی ھەژار لە بۆنە ئاینیەکاندا بە پێدانی زەکات و سەرفترە، دەبێتە ھۆی ھێنانی خۆشی و شادی بۆ سەر سفرەی خاڵی ماڵە ھەژارەکان؟ ئاخۆ بیر کەوتنەی ئیسلام لە خەڵکی ھەژار تەنھا لەو دوو بۆنەدا دەکاتە ئەوەی ژیانی زۆرینەی ئینسانی بەرھەمھێنەر و ھەژار کراو ڕزگار بکات بۆ ھەمیشە؟ ئاخۆ ئەوە خودی ئاین نیە کە بەرگری لە مانەوەی خاوەندارێتی تایبەت دەکات،لە کاتێکدا تا بوونی خاوەندارێتی تایبەت ھەبێت ھیچ ھێز و بزوتنەوە و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت کۆتایی بە جیھانبینی چەوساندنەوە بھێنیت؟ ئاخۆ بە حیجاب کردنی ژنان ئەو ڕزگاری و ئازادیە نیە کە دین پێی بەخشیوە؟ ئیتر چۆن ئەو ئاینە نابێتە دژی کۆی ئەو مرۆڤانەی کە دەخوازن بە ئارەزومەندانە چیان بوێت بیپۆشن یان نەی پۆشن؟ یان چۆن بخوازن خۆشەویستی بکەن تا دەگات بە ھاوسەرگیری ئارەزومەندانە!؟


خەڵکی مەدەنی کوردستان ھەردەم دەبێت لە خەباتدا بێت تا ئەو ساتەی کۆی خۆشی و شادی بۆ ژیانی ھەموان دیاری دەکرێت. ھاتنە مەیدانی بەرەی ئازادیخوازان، تەنھا ڕێگایەکە کە دەتوانێت ڕێگر بێت لەوەی کام لا دەخوازیت بەپێی کەیفی ئەو ھەڵپەڕیت یان ھەڵ نەپەڕیت. سروشت بە ھەر چوار وەرزەکەیەوە مانای جوانی خۆی ھەیە، وەرزی بەھاریش بەمانای بۆنی تایبەتی سروشت دێت لە دەرەوەی ژینگەی ماڵ و بازاڕ، بۆیە کۆی خەڵکی مافی خۆیانە بە خۆشترین شێواز ساتەکانی خۆیان بەسەر بەرەن لە وەرزی ھاتنی بەھاردا.


٢٢\٣\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک