٨\٤\٢٠١١
مەلا عوزێر
و عەورەتى ئافرەت و کارتۆنى بیرە.

هیوا رەش
کارم بەسەر ئەوەدا نیە مەلا عوزێر چ کارەیە و سەر بە کام گروپى
ئیسلامییە ، وەلێ جەنابى لە ڕادیۆى نەواوە قسەیەکى زۆر جوانى کرد و وتى
: (( دین سیاسەتە )) ، دیارە کە دین سیاسەت بێت بێگومان سیاسەتیش (( فن
الممکنات )) ە و ئەکرێت گۆڕانکارى بەسەردا بهێنرێت کە ئەمەش دژ و
پێچەوانەى ئایینى ئیسلامە، ئەمە دەق ئەو نوکتەیەى بیر خستمەوە کە
ئەگێڕنەوە : مەلایەک تەماع لە ژنێکى جوان ئەکات و نازانێت چۆن دەستى لێ
گیر بکات ، ڕۆژێکیان تەماشا ئەکات مێردى ژنە جوانەکە میز ئەکات ،
یەکسەر لێى ڕائەپەڕێت و ئەیکات بە هەرا و پێى ئەڵێت : تەڵاقت کەوت ،
کابرا ئەپرسێت : مامۆستا بۆچى تەڵاقم کەوت ؟ مەلاش ئەڵێت : لەبەر ئەوەى
ڕوو لە قیبلە میزت کردووە ، کابرا بۆ ئەوەى گوناهبار نەبێت ، بە قسەى
مەلا ئەکات و ژنەکەى تەڵاق ئەدات ، لە دواییدا مەلا ژنەکە لە خۆى مارە
ئەکات ، ئینجا کابرا تێ ئەگات کە مەلا چەند سیاسى و زۆرزان بووە ، بۆیە
بەردەوام بە دواى خاڵێکى لاوازى مەلادا ئەگەڕێت تا تۆڵەى خۆى لێ
بکاتەوە ، ئەویش ڕۆژێکیان مەلا ئەبینێت ڕوو لە قیبلە میز ئەکات ، ڕێک
مەلا لە قافا ئەگرێت و لێى ئەکات بە هەڵڵا و پێى ئەڵێت : ئەرێ وەڵڵا
مامۆستا تۆش تەڵاقت کەوت ، مەلاش لێى ئەپرسێت : بۆچى تەڵاقم کەوت ؟
ئەویش پێى ئەڵێت : چونکە تۆش ڕوو لە قیبلە میزت ئەکرد ، مەلاش پێى
ئەڵێت : کوڕم تۆ سەهوویت چونکە من سەرەکەیم سووڕاندبوو .
پێ ئەچێت مەلا عوزێریش بیەوێت پێمان بڵێت ئەویش سەرەکەى سووڕاندووە ،
ئەگینا چۆن نوێژ کردن لەسەر کارتۆنە بیرە حەڵاڵە بە مەرجێک ڕووەکەى
بسووڕێنن ؟ تۆ بڵێى ئەم کارە لە شوێنێکدا بێت دەستیان بە بەرماڵ ڕا
نەگات ؟ یان مەلا عوزێر ئاگاى لە بازاڕ نیە کە پەنجا مەتر سفرەى نان
خواردن کە هێندە پاکە نەک نوێژى لێ دێت بەڵکو نانیشى لەسەر ئەخورێت و
بە هەزار دینارە ، دەبا مەلا عوزێر کارتۆنە بیرە حەڵاڵ نەکات و مانگى
لە یەک ملیۆن دینارى خۆى خۆش بێت و بیدات بە سفرە ، ئەوسا ویژدانى خۆى
ئاسوودە تر ئەکات و بێ بێنە و بەرەو خۆ ئیحراج کردن ، تووشى حیلە
شەرعیش نابێت و لە دوو ڕووەوە خۆى جوان ئەکات :
1 ئەو بڕە پارەیە هێندە سفرەى پێ دێت ، درۆ نیە ئەگەر بڵێم 100
ئەوەندەى ئاپۆڕاکەى بەردەرکى سەرا ئەتوانن نوێژى لەسەر بکەن و لێشى
ببەنەوە بۆ ماڵەوە و دوعاى خێریشى بۆ بکەن .
2 جەنابى خێریشى ئەگات ئەو موسڵمانانە لەو دڵەڕاوکێى گوناهە و گوناه
نیە دەرباز بکات .
مەلا عوزێر ئێَژێ : بۆ باس لەوە ئەکەن کە لە نوێژى بەردەرکى سەرا ژن
عەورەتى دیارە و بۆچى باس لە سەرچنار و پارکى ئازادى و کوێ و کوێ ناکەن
؟ هەى ئافەرینەى بارەکەڵا بۆ مەلا عوزێرى زاناى ئیسلامى ،کە مزگەوت و
نوێژگە بەو شوێنانە بەراوورد ئەکات ، ئەمەش دەلالەتى ئەوپەڕى ئیفلاسیى
ئیسلامى سیاسى و سەر لێ تێکچوونى زانا جیهادچییەکانیەتى .
مەلا عوزێر باسى لە 13 ماناى جیهاد کرد ، بەڵام پێمانى نەوت جیهادەکەى
مەلا هاوپیشە سیاسییەکانى کە لەبەر دەرکى سەرا بانگەشەى بۆ ئەکەن لە
کام جۆرەیانە ؟ تۆ بڵێى جیهادى ئیسلامى سیاسى لە شیر و تیر و مل
پەڕاندن و دەست بڕینەوە و زمان قرتاندن بەولاوە چى تر بێت ؟
مەلا عوزێر ئێژێ نوێژ کردن لە هەموو شوێنێک جائیزە ، بەڵام ئەپرسم تۆ
بڵێى لە مەیخانە و تیاترۆخانە و سەماخانەکانیش جائیز بێت ؟ چونکە
بەڕێزى یەک شوێنى ئیستیسنا نەکرد لە قسەکانیدا !
مەلاکان ، ئەو مەلایانەى ئێستا وەکو مەلا عوزێر بوونەتە دەم و دەست و
ڕیش سپیى خۆپیشاندەرانى بەردەرکى سەرا ، باس لە دیکتاتۆریەت و
مەزڵومیەتى گەلى کورد ئەکەن لە ئێستادا ، دیارە گەلى کورد لە سەردەمى
بەعس و کیمیاوى و ئەنفالدا لە چاخى زێڕیندا ژیاوە ! بۆیە شەرعەن جائیز
نەبووە هیچیان هیچ فەتوایەکى جیهاد دەر بکەن ، یان وتارێک بدەن ! لەبەر
ئەوەى ترساون لەوەى ( امە عربیە واحدە ) پارچە پارچە بێت و ( دات رسالە
خالدە ) ش بە جێى خۆى نەگات !
مەلا عوزێر و مەلاکانى بەردەرکى سەرا ، مەلاى مۆدێرنن و باس لە بێبەشى
گەلى کورد و ئازادى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ ئەکەن ! ئەمە نوکتەى ئاخر
زەمانە ، بۆ یەکجار نەمانبیست ئیدانەى لەشکرکێشى تورک کە حیزبى
ئیسلامیى تیایدا باڵا دەستە بۆ سەر کوردستانى باکور بکەن ، بۆ یەکجار
گوێمان لێ نەبوو ناڕەزایەتى لە بەرامبەر بە پەتا کردنى ملى ڕۆڵەکانى
گەلى کوردمان بکەن لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە لە لایەن کۆمارە
نمونەییەکەى ئیسلامیى ئێرانەوە ڕۆژانە پیادە ئەکرێت ، دیارە ئەمەیان
بڤەیە و زەرەرى بۆ پەزەکەیان هەیە !
مەلا عوزێر ڕاستى کرد کە دین سیاسەتە و بە هیوام هەموو مەلاکان دان بەو
ڕاستییەدا بنێن و میکاڤێلییانە (( الغایە تبرر الوسیلە )) بگرنە بەر و
بۆ گەییشتن بە مەرامە پەنهانەکانیان هەموو شێوازێکى تێکۆشانیش تاقى
بکەنەوە بۆ ئەوەى بگەنە دەسەڵات ، ئەوسا چش لە خەڵکى بەشمەینەت کە سنگى
خۆیان بکوتن و بڵێن : چیمان بە خۆمان کرد و دکتۆرەکەى فەلسەفە فریامان
بکەوە .
مەلا عوزێرەکانى سەرا بە لایانەوە گرنگ نیە نوێژخانەکەیان کۆمەنیست و
عەلمانى تێدا بێت ، لەسەر کارتۆنە بیرە و بە کام جلوبورگەوە نوێژ بکرێت
! گرنگ ئەوەیە پەنجە لە سیستمێکى دیکتاتۆرى ڕابوەشێنن کە لە سایەى
تاڵەبانى و بارزانیدا ساڵانێکە لەسەر پارەى دزراوى خەڵک ئەلەوەڕێن و بە
حەڵاڵیشیان زانیوە ، دەستتان خۆش و گەردنتان ئازاد ، وا دیارە تازە
بەئاگا هاتوونەتەوە کە کونە دزییەکەى پارتى و یەکێتى نمەکى حەرامى تێدا
بووە بۆیە نمەک حەرامانە هاتوونەتە دەنگ و لێى هەڵئەگەڕێنەوە !!!
خەنى لە مەلا عوزێرەکان ، ئەوەتا کەناڵە سەربەخۆ و عەلمانییەکانیش بە
شان و باهووى فەتواچێتیتاندا هەڵ ئەدەن ، غەم مەخۆن و بیڕووخێنن ،
بیرمەندەکانیشمان ، ڕۆماننووس و شاعیرەکانیشمان ، دکتۆر و
کۆمەنیستەکانیشمان هەتا بۆ نوێژە بارانەش لە پشتتانن ، تەواوى ئەوانەى
تێنووى داستانى ( خێڵى حەمە ) ن ، هەموومان لە دواتانەوەین ، منى چەپیش
وەکو ئێوە هاوار ئەکەم و ئەڵێم : ( بڕوخێ ) .
بڕوخێ، ئەو شیعر و فەلسەفە و هونەر و ڕۆمان و ئایدیۆلۆژیایەى لە جومعەى
جەماعەتى بەردەرکى سەرادا دەست بەرز ئەکەنەوە و ئەپاڕێنەوە و ئەڵێن،
ئامین.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|