په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٨

مەلایکەتەکانی ئاپۆگراد.


عەلی مەحمود محەمەد  


جاری وا ھەیە شەڕێک رەوتی مێژوو دەگۆرێت، وێنەی چرکە ساتێک، بەرز کردنەوەی دروشمێک، دەستپێشخەری مەفرەزەیەکی گەریلای بچوک، وێنەی قێزەونی تاوانێک کاریگەری گەورە لەسەر رەوتی روداوەکان دادەنێن " وێنەی تراژیدی کیم فۆج لە ٨ی یۆنی ١٩٧٢ لە سەر جادەکانی ترانج بانج کە بە روتی را دەکات بووە ھۆی راوەستانی شەڕی ڤێتنام"، شەنگال داعشی وەک دڕندەیەک لە جیھان نمایش کرد، مەخمور یەکێتی گەلی کوردی بەھێز کرد، کۆبانی عەرشی داعشی لەرزاند، ئەمجارەش وێناکان عفرین دەوڵەمەندترن لە رابردوو، چڵە زەیتونەکەی فەتحەکەی ئەردۆگان وەک ھەڵکردنی پێکەوەگورگ و مەڕە، ئاخر فەتح و زەیتون ھێمان بۆ دوو شتی زۆر پێچەوانەن، یەکەمیان غەزوەو سەبایەو ئەنفال و داگیرکردن، خوێن و تاڵان لە خۆی کۆدەکاتەوە، دووەمیان ئاشتی و پَکەوە ژیان و لێبوردەیی و دان نان بە رەوایەتی، فەتحەکەی خومەینی چی ھێنا بۆ ھەڵەبجە فەتحە دوبارەکەی ئەردۆگان ھەمان پەیامی بۆ عفرین وەلێ لە سەردەمی دادگا نێونەتەوەییەکان پێیە، جەستەی بارین کۆبانی سەلماندی فەتحەکە فەتحە نەک چڵە زەیتون وەلێ بە دوبارە کردنەوەی سیناریۆی کۆبانیەوە، بارین کۆبانی دڕندەیی و تاوانی لە یەک کاتدا نیشان د، رێگای سەرکەوتنی بەسەر شەیتانی شەڕدا کردەوە، بارین بووە سمبولی تاوانێکی دیکەی جیھانی.

خودا ئەمجارە لەگەڵ مەلایکەتە مێینەکانی وڵاتی منە، ئەمجارە نەک ئەردۆگانەکەی قەرزاوی، ئەمجارە دوعاکانی قەرەداغی و مۆبایلەکەی ١٥ی حوزەیرانیش فریای سوپا فەتحچیەکان ناکەون،ئەمساڵ ٦٣٥ ساڵ بەسەر فەتحی ئەستەمبوڵ تێدەپەڕێت،٩٥ ساڵیش بەسەر روخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، عەفرین لە نێوان بردنەوەی یەکەم و دۆڕانی دووەمدا جێگای گرتوە، سەنگەرە سورەکانی ناو باغە زەیتونەکان ئەوەیان نیشان دەدەن، نە عەفرین دەبێتە ئەستەمبوڵ و نە دەبێتە ناردوانی گەڕانەوەی خەلافەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا خەونی گەڕانەوەی پێوە دەبینن، ئەردۆگان چەندین ساڵە ددان لە عفرین جیڕەکاتەوە، دەیەوێت بە چڵە زەیتونێک باغە پان و بەرینەکانی زەیتونی شارەکە ھەمو بسوتێنێت، وەلێ ئاگر کردنەوە لە زەلکاودا سانا بێت کوژانەوەی زەحمەتە، زەیتون زەیتون ناسوتێنێت .

شەڕی عفرین تاقی کردنەوەیەکی سەخت بوو بۆ عەلی قەرەداغیەکان، ئیتر خێراتەکانی نابنە سەربەرزی، ئەوەی زوو ھێناتان ژەھر بوو،ئیتر ژنە ئەسپارتەییە بە جەستە لاوازو بچوکەکان بە دوعای پیاوانی ئاینی و بە مێگەلی مەلایکەتەکانی جەنگیان ناشکێن، وەک جان دارک دەبنە قەدیس، وەک جمیلە بوحیرد دەچنە مێژوەوە،وەک رۆزا لۆکسمبۆرگ دەبنە سومبلی ئازادی ژنان، لێرە ھەموو تیوریەکانی نێرسالاریی، بەھێزی پیاویان شکست پێھێن، داریۆنیزم مانەوە بۆ بەھێزە پوچەڵ کرایەوە ، ئەمە کۆمۆنەی عەفرینە نەک غەزوەی ڤیەنا.

لە دوای شەڕی ڤێتنامەوە، بە جەنگەکانی تامیل و کۆڵۆمبیاشەوە،کە سەرچاوەی باڵای مەرجەعەکەن، ھەندەی رۆژئاوا سەرنجی جیھانیان بۆخۆی رانەکێشاوە،ئەگەر کۆبانی راھێنانێکی مەزن بوو، بۆ پەروەردە کردنی سەدان قەناسە بەدەست، ئەوا عفرین بە ورەیەکی بەرزترەوە، لە پاڵ دار زەیتونەکانی خواوەندی ئاشتیەوە،ھەزاران جەنگاوەری سپارتاکۆس و فلامایکن ئاسا پەروەردە دەکات، ئەمجارە نەک تەنھا چیاکان بگرە زەیتونەکانیش دۆستمانن.

تورکیا دوژمنی ھەمیشەیی کوردان.

دەگێڕنەوە ، زیاتر لە نەوەد ساڵ لەمەوپێش لە گەِرەکێکی شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا تیپێکی تۆپی پێ ناوی کوردستان ھەڵدەگرێت، تورکیا لە بەرامبەردا ناڕازی دەبێت، پێی وا دەبێت مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا " غێن الزیتون ڕم شجرە الاستیگان؟ ێ‌زاد ڕحمد علی "، ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٥ کە ینک گفتوگۆ دەکات لە گەڵ سەدام حوسێن ، تورکیا ناڕازی دەبێت ، بە وتەی سەدام حوسێن گفتوگۆکە تێکە دات، ساڵی ١٩٩١ ھەر ھەمان ھەڵوێست دوبارە دەکاتەوە، وەلێ کۆڕەو ئەوەندە گەورە بوو، ناڕازییەکانی تورکیا لە بەردەمی خۆی رانەگرت، کە ریفراندۆم کرا لە باشوری کوردستان ، ھەموو ھەڵوێستی تورکیامان بینی، وا لە بەرامبەریدا راوەستایەوە، تا ئێستاش سڵاوێکی لە دۆستە یەکەمەکەی خۆی بارزانی نەکردەوە، لە رۆژئاواش بەردەوامە لە دژایەتی لە ئەلفەوە تا ی، بۆیە ئەم ھێرشەی بۆسەر عفرین بەشێکە لە پرۆژەی دژایەتی کورد بۆ ھەر جوڵانەوەو دەسکەوتێکی سیاسی، بەردەوامیش دەبێت تا ئەوکاتەی ژەھری ناسیۆنالیزم و عوسمانیزم لە مێشکی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە دەکوژرێت، تا دەنیز گێزمیش و ئیبراھیم کایبکایاکان سەرکەون بەسەر خواوەندی شەڕو فاشیزمی باخچەلی و ئەردۆگانییەکاندا.


شەڕ و تاقی کردنەوەی چەک.

ھەموو کات سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی چەک قازانجە کەن لە شەڕ، شەڕ دەرگایەکە بۆ تێپەڕ بوون بەسەر کێشە قوڵەکان، شەڕی جیھانی دووەم و شەڕی کۆریا و ڤێتنام و تەنانەت ١١ی سەپتەمبەریش بە قازانج بۆ سەرمایەداری شکانەوە، تورکیا شانازی دەکات بەوەی بەرەو ئیکتیفای زاتی چەک دەڕوات، بە تایبەت دوای ھاتنە سەرکاری ئەردۆگانەوە ھەوڵی زۆری لەو بوارەدا داوەو ھەنگاوی باشی بڕیووە بەوەی ھیچکە پاشکۆی رۆژئاوا نابێت لەوەی بە مەرج چەکی پێ بفرۆشن وەک ئەوەی بەرامبەری لە ھەمبەر بارگرژی یۆنان کردیان، ساڵی ٢٠٠٢ تورکیا دەیتوانی تەنھا ٢٤٪ پێداویستی چەکی ناوخۆ دابین بکات، ئێستا ٦٥٪ی دابینە کات ، تورکیا وێڕای پێداویستی خۆی دەیەوێت لە ١٦ ەمین نێردەی چەکەوە لە جیھان ببێتە یەکێک لە ١٠ وڵاتە گەورەکەی نێردەی چەک لە جیھان، بۆ ئەم مەبەستە وەبەرھێنانی گەورەی کردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە بۆ ٢٠١٦ ، رێژەی گەشەی ناردەی چەکی ١٨٠٪ زیادی کردووە، لە ٣٠٠ ملیۆنەوە بۆ ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بەرز بۆتەوە،ھاوکات لە ٢٠١٧پارساڵ کۆی گشتی ٤،٣ ملیار دۆلار چەکی بەرھەم ھێناوە ، ١،٣ ملیاری ناردەی دەرەوە کردووە ،نەخشەی ھەیە ئەمساڵ بیکاتە ٢ ملیار و بۆ ٢٠٢٣ بیکاتە ٢٥ ملیار دۆلار، بۆ ئەم مەبەستە بودجەی بەرگری لە ٢٠١٨ بە رێژەی ٣١٪ زیاد کرد بۆ ٢٣ ملیار دۆلار، لە ئێستادا ٥٤٣ پرۆژەی سەربازی بە بودجەی ٦٠ ملیار دۆلار لە بواری جێبەجێکردندایە، لە ئێستادا تورکیا حەوتەمین کڕیاری چەکە لە جیھان پار ساڵ تورکیا بایی ٤،٧٢١ ملیار چەکی لە دەرەوە کڕیوە، لە ناویاندا سێیەم کڕیاری چەکی ئەمەریکایە لە جیھان.

تورکیا بە ھاوکاری کۆمپانیا ئەمەریکیەکانی وەک لۆکھید مارتن کۆپتەرو فرۆکەو فڕۆکەی بێ فرۆکەوان دروستە کات، لە ئێستادا ھەردوو کۆمپانیای تای و ئەسلیسان لە ١٠٠ کۆمپانیا گەورەکەی چەکی جیھانین، گرنگترین کۆمپانیا زەبلاحەکانی بواری بەرھەم ھێنانی چەکی تورکیا ئەمانەن" " Turkish Aerospace Industries (TAI)“، Tusas Engine Industries (TEI)“، FNSS Aselsan“، “Otokar“، “Havelsan“،Rocketsan“ ".

بیناڵی یڵدرم دوای ھێرشی چڵەزەیتون رایگەیاند ئەو چەک و تەقەمەنیانەی لە ئۆپەراسیۆنی چلە زەیتون بەکار دێن ٧٥٪ی تورکین، ھاوکات نورەدین جانکلی وەزیری بەرگریش لە لێدوانیدا ھەمان وتەی دوبارە کردەوە، کە چەکەکان ٧٠٪ی تورکین، پێش ١٥ ساڵ ١٥٪ی تورکی بوون، ھاوکات بیلال ئەردۆغان و سەلجۆق بایرکتاری زاوای ئەردۆگان کە سەرمایەداری پیشەسازی سەربازیشە وێنەی خۆیان لە گەڵ فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دروستکراوی تورکیا بڵاو کردەوە، بۆ پشتیوانەک لە چەکە بەرھەم ھێنراوە خۆماڵیەکانی تورکیا کە لەشەڕی چڵە ئاگردا بەکار دێن.

شەڕی چڵە زەیتون، یەکێک لە شوێنەوارەکانی دەبێتە پیشانگای تاقی کردنەوەی چەکی تورکیا کە لە ئێستادا زۆر شانازی پێوە دەکات،وەلێ ئەگەری شکستە لە گەڵ تەقاندنەوەی تانکەکان و خستنە خوارەوەی فرۆکەکان،ھەرچەندە ،فرۆکەی بێ فرۆکەوان و کۆپتەری ئەتاک لە دروستکردنی کۆمپانیای تۆساشی تاقیکراوەتەوە لە بەرامبەر شەڕی پکک د، لە گەڵ تێکشکانی ھەر تانکێکی تا کە نرخی ھەر دانەی ٦ ملیۆن دۆلارە، نرخەکەی لە بازاڕدا ھاڕە دەکات بۆ خوارەوە.

کەواتا سەرمایەدارانی پیشەسازی چەکی تورکیا ئەمڕۆ پێگەیەکی گرنگیان لە دەسەڵاتدا ھەیە، قازانجیان لە بەردەوامی شەڕدایە چ لە ناو خۆ یان لە سوریا.

سوپای تورکیا.

تورکیا خاوەند ھەشتەم سوپای بەھێزی جیھانە، لە روی ژمارەی سەربازەوە ٩یەم سوپایە لە جیھان، خاوەند ٥١٤ ھەزار سەربازی شەڕکەرە، بە یەدەک و نیمچە سەربازییەوە ژمارەی شەڕکەرانی دەگاتە ١،٠٤٣،٥٥٠ کەس.

لە ساڵی ١٩٥٢ ەوە ئەندامی ناتۆیە، خاوەند ھێزێکی گەورەی زەمینیە:٤٥٠٠ تانک، ٦٣٠٠ زرێپۆش، ١٨٠٠ تۆپ"،٢٠٠٠ فرۆکە، کە ٨٨٠ یان کۆپتەری جەنگین ، لە ١٠٠ فڕۆکە خانەی جەنگیەوە دەتوانن ھەڵسن.

لە روی قەبارەی بودجەی بەرگریدا تورکیا ١٨ەمین وڵاتی جیھان بووە لەساڵی ٢٠١٥ ، بە بودجەی ١٤،٩ ملیار دۆلار، کە دەکاتە ٢٪ی داھاتی نەتەوەیی تورکی، لەم ساڵدا بەرزی کردۆتەوە بۆ ٢٣ ملیار دۆلار.

داعش بەچاوتروکانێک لە شاری باب ی سنوری بەرامبەر تورکیا دۆڕ، وەلێ شەڕڤانان لەم پارچە زەوییە جوگرافیا بچوکەی ناوی عفرینە کە تەنھا ٣٨٥٠ کیلۆمەتر دوجارە و ٣٥٠ گوندو شارۆچکەو ٥٢٣٢٥٨ دانیشتوان لە خۆ دەگرێت ، بەرامبەر بەو ھەموو چەکە پێشکەوتوەو سوپا ٤٥ ھەزارییە کە لە ١٠ بەرەی شەڕەوە پەلامارە دەن وەستاونەتەوە .

تورکیا ھەر بە پەلاماری ھەرێمی عفرینەوە نەوەستاوە ، بەڵکە منبەجی کردۆتە ستراتیژی کردە سەربازییەکەی بۆ داھاتوو، ھەڕەشەکانی زیاتر رو لەو شارەیە ، ئایا ھەڕەشەکانی بۆ سەر منبج بەجێ دەگەیەنێت؟، کە بەرەو منبەج چوون خەونێکی ترسناکەو ئەگەری بەریەک کەوتن لە ئارادایە لە گەڵ سوپای ئەمەریک، شەڕ لە مونبەج یانی ھەڵوەشاندنەوەی ناتۆ،یانی مێژوییەکی نوێ جیھان، نەچونیش بۆخۆی شکستە لە مریشک دزینەکە ئابڕوبەرترە.

تورکیا وێڕای مەترسی گەیشتنی کوردان بە ئاوی ھەیە، ھاوکات ئەردۆگان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٩ ی تورکیا سەرکەوتنی دەوێت تا دەرخواردی بانگەشەی ھەڵبژاردنی بدات، بۆ ئەوەی لە ٢٠٢٣ دا بە سەرۆکی بمێنێتەوە، دەیەوێت لە ھەردوو یادی روخانی خەلافەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماردا خۆی سەرۆک بێت، لێرەدا دوو خەونی ھەیە دەیەوێت یان وەک دروستکەرەوەی خەلافەت دەربکەوێتەوە، یاخودیش دەیەوێت وەک ئەتاتورک بببێتە باوکێکی نوێ بۆ تورکیای ساڵی ٢٠٢٣کە تیایدا کەمالیزمی باوکی یەکەم لە ریشەوە دەرھاتبێت، کەواتا خەونی ئەردۆگان ھەموو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ یە.

خەونی ٢٠٢٣.

ساڵی ١٩٢٣ کۆتایی بە خەلافەتی عوسمانی ھێنر، لەوساوە تا ئێستا ئیسلامییەکانی جیھان خەبات بۆ گەڕانەوەی ئەو خەلافەتە دەکەن، خەونی خەلافەت خەونی تەواوی ئیسلامیەکانی جیھانە بە تایبەتیش ئیسلامیەکانی تورکی، خەونی ژیاندنەوەی خەلافەت شێتیانی کردووە.

ئەردۆگان تەواوی پڕۆژەکانی خۆی بەستۆتەوە بە خەونی ٢٠٢٣ ەوە، لە بواری ئابووری، سیاسی ، فەرھەنگی .... تا پیشەسازی و گەشەی ئابووری..... .

یەکێک لە رێگرییەکانی ئەوەیە دەیەوێت نفوزی ھەرێمایەتی زیاد بکات،تا بەھۆی پاشە کشەی ناوخۆیی و نێونەتەوەییەوە لاواز بووە، لە سفر کێشەوە تورکیا بۆتە ١٠٠٪ کێشە، چ لە روی ھەرێمایەتی یان جیھانی، بۆیە لە رێگای سوریاوە دەیەوێت پێگەیەکی ھەرێمایەتی و جیھانی باڵاتر بۆخۆی دابین بکات، تاکو بگات بە خەونی سەرکردایەتیکردنی ئیسلامی سیاسی سونی، پێشبڕکێی لەم بوارە لە گەڵ سعودییە و میسر بەھێزە کە ئەوان خاوەندی ئەزھەر مەکەو مەدینەن.

ئەردۆگان بە شەڕی چڵە زەیتون کە ناوی فەتحی ھەڵگرتووە،دەیەوێت بە جۆشدانی دروشمە ئیسلامیەکان و تەکبیری کراوە و ھاندانی ئیسلامیانی جیھان بۆ پشتیوانیکردن لێی ، بەشداری نوسرە و فەیلەقی شام باڵی ئیخوان و قاعیدە لە ھێرشەکە زیاتر سیمای شەڕی ئاینی پێ بەخشیووە.

لە رێگای شەڕەکەیەوە دەیەوێت لایەکەوە ببێتە سەنتەری ئیسلامی سیاسی سونی و ناشرینیەکانی دەسەڵاتەکەی بشارێتەوە، لە لاکەی دیکەوە فەتحەکە ببێتە فاتیحای کەمالیزم، بەمەش بە رۆژئاوا دەڵێت کاریگەریم لەسەر جیھانی ئیسلامی سونی ھەیەو پێگەی دەسەڵاتیشم لەناو خۆدا بەھێزە.

وەلێ ئاگری شەڕی دار زەیتونەکان ئەگەری زۆرە خەونی ٢٠٢٣ لە ئەردۆگان بکات بە دۆزەخ، ئەو تورکیا مەترسیدارەی جۆرج فریدمان لە سەد ساڵی داھاتوو دیاریکردووە کە ببێتە یەکێک لە کارەکتەرە بەھێزەکانی جیھان و نەیاری رۆژئاو، لە زۆنکاوی عفریندا بچەقێت و جوڵەی لاواز کات و عفرینیش ببێتە ئاپۆچی گرادێک ئەردۆگانیش بە دەردی ناپلیۆن و ھیتلەر ببات.
 

 

alimahmud2001@yahoo.com
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک