٣\١٢\٢٠١١
مەلای وتارخوێنی
هاوردهچیی لە سیمێڵ و زاخۆ، پەتیان پچڕاند.

ھیوا رەش
بەناو بەھاری عەرەبی ، لە باتی سەوزایی ، ڕەشایی کردە دیاری دەستی بۆ
گەلانی سەرکوتکراوی عەرەب ، لە ئاکامی ترسانی ھێزە عیلمانییەکان لە
دیموکراتییەت، دیکتاتۆریەت وەکو مڵۆزم بووە سایە و سێبەری ھاوڵاتییان ،
سەرکەوتنی ئیسلامییەکان لە ھەڵبژاردنەکانی تونس و میسر و مەغریب و...!!!
ئەمانەی ڕوویان دا ئەنجامن و ھۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە
ناتەندروستەی ھێزە فەرمانڕەواکانی ڕابردوو کە ئازادییان لە خەڵک زەوت
کردبوو.
دەمێکە پەنھانچییەکان لە ھەوڵی بێوچاندان بۆ شوبھاندنی کوردستان بەو
وڵاتانەی بەر ڕەشەبای ( بەھار ) ی عەرەبی کەوتوون ، بێگومان ھەندێک
کەناڵ و ھێزی کوردستانیی بێئاگایانە و بێلێکدانەوەی زیانی لێکچواندنی
ھەلومەرجی کوردستان ( نەک ئیدارەکەی ) بەو وڵاتانەی خاوەن کورسیی
نێودەوڵەتی و ئاڵای فەرمی و سنوری دانپێدانراو و ئابوری سەربەخۆی
خۆیانن ، بەو زوڕنایە کەوتبوونە ھەلەکە سەما بێدرککردن بەوەی ئەو زوڕنا
نەشازە بە چ لێوێکەوەیە و بە کام دەمەوە گیر کراوە و لە کام قوڕگەوە
فووی پێدا دەکرێ ؟ ! بێگومان ئیمپراتۆریەتی پیاوە نەخۆشەکەی تورکەکان و
فارسە ئاخوندیزمەکان و ئیخوانە عەرەبیزمەکان ، خەون بە بەخڵتان
خوێنکردنی ئەزمونی گەلی کوردستانەوە دەبینن ، کە لە دیوەخانی ئیسلامی
سیاسیدا گەرای پیسی خۆیان داناوە و دەیانەوێ سواری پشتی ئەو
ناڕەزایەتییانەی خەڵک ببن کە ساڵانێکە دەسەڵاتی کوردی لەبەر ھەڵپەی دزی
و تاڵانیی زەمینەیان بۆ ڕەخساندووە ، بۆ ئەمەش مەلا حیزبییە
فەتواچییەکان کە شارەزان لەوەی ئایین و سیاسەت لە مێزەردا ئاوێتەی یەک
بکەن ، لە کونجی میحرابی ھەندێک مزگەوتی بەبارەگاکردوو دەرھێنا و لەسەر
جیھاد پرۆڤەیان پێکردن ، لەبەر دەرکی سەرای شاری سلێمانیدا کەوتنە
ختوکەدانی خەڵک و پەلاماردان.
ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەسەڵاتی گەندەڵی پارتی و یەکێتی لە ترۆپکدایە ،
تا دێت پایەکانی دیموکراتییەت شلۆقتر دەبێت ، ئازادییەکان بەرتەنگتر
دەبنەوە ، نادادپەروەرییەکان بەبرەوتر دەبن ، گەندەڵییەکان ژمارەی
سەرمایەدار و کۆمپانیا حیزبییەکان زیادتر دەکەن ، ئەم ھۆکارانە زەنگێکی
مەترسیدارن بۆ ئەوەی ( بەھاری ڕەشی کوردی ) ببێتە ئەنجام و بەردەرگامان
لێبگرێت ، ئەگەر وا نەبێت بە قسەی مەلایەکی نابەرپرس خەڵکی زاخۆ
نەدەڕژانە شەقام ، کە ڕژانە شەقام بێدروشم و بێئامانج خۆیان نماییش
نەدەکرد ، کە خۆشیان نماییش کرد وەکو ھێزێکی تاڵانچی و تۆڵەستێن ھێرش و
پەلاماریان دەست پێنەدەکرد ! خۆزگە ئەو مەلایانەی لەبەر دەرکی سەرای
سلێمانی ھوتافی ئازادی و یەکسانییان دەکێشا و بە ساختەوە سەرقاڵی
گۆڕینی ناوی مێژوویی سەرای سلێمانی بوون بۆ سەرای ئازادی ،
ھاونیازەکانیان لە زاخۆ تەڵقینی ئازادییەکانیان دانەدەدا ، خەڵکییان بۆ
زەوتکردنی ئازادیی بەرامبەر ھان نەدەدا ، موڵکی گشتییان دەپاراست و
دوکانی مەبفرۆشیی و مەساجیان گڕ تێبەر نەدەدا ، ھەموو ئەمانە ماکی
دەردێکی کوشندەن و سەرچاوەکەشی ڤایرۆسی ئیسلامی سیاسییە ، ئەو ئیسلامە
سیاسییەی یەکێتی و پارتی بۆ ملشکاندنی یەکتر لە خەڵک و خۆیان کرد بە
کەڵەگا و ئێستا قۆچ لە بەرھەمی قوربانییەکانی گەلەکەمان دەدەن.
یەکێتی و پارتی ، ئەزمونی گەلی کوردستانیان کردۆتە بەردەبازی چەتەیی
خۆیان ، مەسەلە نەتەوایەتییەکانیان خستۆتە ئەرشیفەوە و لە ڕەفەدا
جێگەیان بۆ خۆش کردووە ، بودجە و یاسای نەوت و غاز و پلان بۆ دزینی
موچەی خەڵک و گەمەکردن بە نرخی کالا و قوتکردنەوەی کۆمپانیا و
ئاودیوکردنی سامانی ژێرزەوی و قۆرخکردنی بازاڕ بۆتە ستراتیژیان و لە
سەرووی ئاساییشی نەتەوەییەوە دایان ناون ، دەنا ئیسلامی سیاسیی وەکو
ماری پەپکەخواردووی سڕ ، ھەنوکە نەسەری دەلەقاند و نە زمانی دووفاقیی
لێدەردەھێناین و بە فیشکە ئاماژەیان بە ناشیرین کردنی جوانییەکان
نەدەدا و موڵک و ماڵی خەڵک و ھاوڵاتییان نەدەسوتاند ! جا بەر لە
ئیسلامییە سیاسییەکان پارتی و یەکێتی تاوانبارن ، بۆیە گرنگە بیر لە
گۆڕینی سیستمی ئیداری بکرێتەوە و بەرەو باشتر نەک ڕەشتر ھەنگاو بنێین ،
ئەگەر وا نەکەین تاریکی لە دەرگامان دەدا ، دار بەڕووەکان لم
دایاندەپۆشێ و گەردەلولی عروبە و بیابان لە بن ھەڵیاندەکێشێ ، ئەوسا
چۆن براکانی باکورمان بە تورکە شاخاوییەکان و ئەوانەی ڕۆژھەڵاتمان بە
زددە ئینقیلاب ناوزەد دەکەن ، ئێمەش دەکرێینە خەواریج و عەرەبی
ھەڵگەڕاوە ، چونکە ھیچ کەس و سیستمێکی ئیسلامی دانی بە بونمان نەناوە و
نانێ ، ابو سیف و ابو جھلەکان دەبنەوە بە برا ، ئینجا لە زوڕنا دادەنێن
و فوو دەکەن لە چرا ، وەکو چیای تاریق بن زیاد لە ئیسپانیا ، چیای
قەندیلیش ناوی دەگۆڕدرێت بە ئوسامە و ھەندرێنیش دەبێت بە ئەبو موسعەب و
پیرەمەگرونیش بە خالید بن وەلید و زۆزکیش بە سەعد بن ئەبی وەققاس ،
خۆمان عەبد و ژنەکانمان جاریە و ماڵمان دەبێتە غەنیمەت و ئەزمونەکەمان
ئەنفال دەکرێت و چەپ و ڕاستیش دەکرێنە ھەمبانەی مێژووەوە ، لەجیاتی مەی
ئیتر بەنگ و تلیاک سەراپای وڵات داگیر دەکات و فڵچە و مەعجونی ددان
دەبێتە موحەڕەمات و بە سیواک سیواکمان دەردەھێنن و گازەرای پشتمان
دەبێتە لانەی جەڵد و ڕەجم ڕەحم بە کەسمان ناکات.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|