٨\٣\٢٠١٣
مەلەکان چیتر ناگەڕێنەوە...

شوان
عوسمان
مەلەکان کۆچ ئەکەن،
نیشتمان چۆل ئەکەن..
مەلەکان بەرەو ماڵ نابنەوە...
تا لەرێگایەکی مەلوولدا ،
مەلوول ئەبن خۆیان ون ئەکەن..
رێگاکانی سەفەر لەو زەمەنەدا ،چەند پڕ لە قەدەرن ،
قەدەرەکان هەمیشە لەگەل زەمەنی فرینی ئەواندا لە فێل دایە...
هەموو شتێکیان قاچاغە ،تەنانەت زاکیرەشیان قاچاغە..
مەنفا زەینیان زیاتر کاڵ ئەکاتەوە ،
تا بە ماڵی دێرین نەکەونەوە...
ماڵەکان زیاتر لە مەلەکان دوور ئەکەونەوە..
وڵات لە قەلەرەشکە رەش ئەکات ،
ماڵیش لە کوندەپەپۆ پڕ ئەبێت..
ماڵەکان لە غوربەتیدا دوور لە ساباتی مێو پیر ئەبن ،
مەلەکان لە غەریبیدا پیر ئەبن ،
بە پیریش لە خەیاڵی فڕین ئەبن ،
مەلی بێ خەیاڵ هەمیشە بێ باڵ ئەبێت و
ئەکەوێت وئەمرێت...
مەلەکان بەرەو ماڵ نابنەوە ، لە ماڵ مان ئەگرن...
مەلەکان چیتر بە بارانی نیشتمان ،
تەڕ نابن وخۆیان ناشۆن....
مەلەکان لە نیشتمان تووڕەن ،
گوڵەکان لە ژوورەوە تەنگەنەفەس و لە ئینجانەیەکدا زیندانن ،
دوور لە باخچەش ئەوەرن...
جۆگەلەکان لە رووبار ئاو ناخۆنەوە ،رووبار لە دەریا ناڕژێت ،
دەریا لەگەل کەنار ئاشت نابێتەوە..
هەموویان لە نیشتمان تووڕەن ، نیشتمانیش لەگەل ئەوان ئاشت نابێتەوە..
ماڵی چۆل لە ماڵ ناچێت ،لە رۆژێکی خۆرگیراو ئەچێت..
مەلەکان ئیتر ناگەڕێنەوە ،
ئەوان تەنیا بە خەون دێنەوە..
ئەوان بە خەونی منداڵیەکی کاڵ و
فامێکی کاڵتر کاڵ ئەبنەوەو ئەگەڕێنەوە..
ماڵ لە مەلەکان خاڵیە ، مەلەکان هەمیشە لە تاراوگەدا ، بەدبەختن..
مەلەکان لە مەنفادا لە بەختی خۆیان ئەگەڕێن..
مەلەکان جاروبار سەر بە سەفەرێک ئەکەن ،
تا غوربەتیان لە بیر بچێتەوە ،
نیشتمانیان لەبیر دوورخەنەوە...
مەلەکان لە خۆری وڵات زۆر دوورن ،
وڵاتیش لە خۆری ئەوان زۆر دوورترە...
ماڵ چیتر بۆنی ماڵ نادات ،
مەلەکان وەکو کوارگێکی بێ رەگ لە دوورەوڵاتیدا ،
دوور لە بۆنی وڵات بە غەریبی هەڵئەتۆقن ،
ئەقلیشێنەوەو زاوزێ ئەکەن ،
لەپڕ بەناو خۆیانداو بە سەرەتانێک ،
ئەتەقنەوە...
تەنانەت بە مردنیش پارچەیەکی مردوویان بۆ وڵات ناچێتەوە...
مەلەکان هەمیشە لە کۆچن، نە ماڵیان لە ماڵ ئەچێت ،
نە وڵاتیان لە وڵات ئەچێت..
مەلەکان ئیتر ناگەڕێنەوە ،
ئەوان لەو ماڵە مێوانێکی ناوەختن ،
ئەوان وەختیان نیە ببنە خانەخوێیەکی حەرامزادە..
مەلەکان لە هاوپۆڵەکانیاندا ئەبن ،
لەگەل یەکیش وەکو ئاگرو ئاوێکی داخن ،
بەیەکەوە هەڵناکەن ،لە دووری یەکتریش هەڵناکەن..
مەلەکان هەرچەند قەدیان لە نیشتمان نیە ،
بەڵام رەگیان هەمیشە لەوێ یە ،وەکو بەڕوو لە چیا نابن ..
مەلەکان لە کۆچێکی بێ سەروبەردا ،
سەری خۆیان هەڵئەگرن..
گەلێکجار سەری خۆشیان لە دەست ئەدەن..
وەکو دەنکێک لمی بیابان ،لەگەل هەوادا بە دونیادا ،
بڵاو ئەبنەوەو ئەبنە با..
مەلەکان ئیتر یاخین لە خۆیان لە وڵات ،
چیتر ناگەڕێنەوە...
هیچ شتێک نیە مەلەکان بەرەو نیشتمان بگەڕێنێتەوە ،
بە تەنیاو تەنیا ئەگەر سەرەتانێک بێت ،
ئەوان بە تەرمێک لەناو تابووتێک بنێرێتەوە...
من مەلێکی لە کۆچ بەجێماو ، چەند بێبالم ،
کاتێک لە فڕین ئەبم ،
فڕینم لەبیر ئەچێتەوە..
کاتێک نیشتمان لە دەستم ئەفڕێت ،
من لە دەست نیشتمان ئەفڕم...
٢٠١٢ - هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|