په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

مەلەوانە درۆزنەکە.


بێستون حەسەن


ئەشێ هەریەک لە ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان و جارێک لە جاران گوێمان بەر ئەم دەستەواژەیە کەوتبێت کە لە مانشێتەکەدا نووسراوە ، یان دوور نیە زۆرێک لە برادەرانمان و کەسانى دەورو پشتمان ڕووبەڕوو ئەم گوزارشتەى بۆ نەهێنابینەوە بە نموونە یان لەسەر کارێکى گاڵتە ئامێزکە کردبێتمان.


بەڵام منیش بە جۆرێک لەجۆرەکان گوزارشتى لێدەکەم ئەویش لە بازنەى سیاسەتى ئەمڕۆى کوردستان و هەموو ئەو گوتار و نوسین و دەرهاویشتانەى کە بەناو دەچنە قاڵبى سیاسەتەوە و خوێنەر و تاکى پێ چەواشە دەکرێت ، من تێناگەم کاتێک ڕۆژنامەنوسێک یان داخ لەدڵێک بەم ئەزموونى دیموکراسیە لەسەر ڕووداوێک یان هەواڵێکى سیاسى دەدوێت و مەقالەیەکى سفرە ئاساى لەسەر دەنوسێت ، دەبێت باش لەوە گەشتبێت کە ئایا ئەو ڕووداوە یان ئەو هەواڵە تاچەند باوەڕ پێکراوەو تاچەند نزیکە لە ڕاستییەوە ئەوجا بێت شرۆڤەى هەمەلایەنەى بۆبکات وەک ئەوەى کە خۆى ئەیەوێت و خۆى بەدڵیەتى ، بەڵام ئەسەفەکە لێرەدایە کە پاش چەند ڕۆژێک و تێپەڕبوونى ماوەیەکى زەمەنى کورت ، دەبینیت ئەو هەواڵ و ڕووداوەى کە ئەم باسى لێوە دەکا نەک هەر ڕاست نیە بەڵکو هێشتا لەقەفەزى ئاخاوتنیشەوە نەهاتووەتە دەرێ و هیچ ئەگەرێکیش چاوەڕوانى هاتنە بوونى ناکات .


ئەمەیە دیارى کردنى خەڵکان و نوسەرانى ڕاست ڕەوو خەمخۆر بەم ئەزموونەى کە هاتووەتە بوون ، بەداخەوە دەڵێم کە ئەو دیاردانەى ئاماژەم بۆکردن ڕۆژانە و هەفتانە بوونەتە مانشێت و سەر ووتارى هەندێک لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانى ئینتەرنێت بەس بەخاترى ئەوەى کە نوسەر و کاکى قسەکەر ناوى دووانى و سیانى و وێنەیەکى شەخسى هاوپێچ بکا بە نوسینەکەیەوە و بڵاوى بکاتەوە تا بڵێ ئەوەتا منیش ڕۆژنامەنووسم و ئەوە نیە قسەم هەیە لەسەر دوواین گۆڕان کارییەکانى ئەمڕۆى گۆڕەپانى ململانێى سیاسەتى کوردستان و ناوچەکە .!


یاخود شەرم نیە بۆ هەرکەسێک کە چاوى هەڵنەیت بەم ڕۆژەدا بێت گوتار و شتى ناتەندروست و ناڕاست بڵاو بکاتەوە ، کە ببێتە هۆى چەواشە کردنى خەڵک و خوێنەرى بەستە زمان لەپاى دەرخستنى ناوو ناسناوێک کە خودى خۆیشى نەزانێ ئاکامى ئەم وەهمییەتانەى بە کوێ دەگا و تا کوێ دەگا ؟ وەکو وتویانە پەتى درۆ کورتەو زوو دەپسێ ، دڵنیا بن ئەوانەى ئەم جۆرە کارانەیان کردوەتە پیشەو بەتەمان بەردەوام بن لەسەرى ، ڕۆژێک دێ ڕووبەڕوى دادگاى چاوى میللەت و شەقامى کوردییەوە دەبنەوە و هەموو گوریسەکەیان لێ دەکرێتەوە بە خورى .. بۆیە دوور نیە ناو بەناو هەندێک هەواڵ و ئارا و شرۆڤەى ڕووداوێکى سیاسى معیین چوبێتە قاڵبى جێبەجێ کردن و ڕاستییەوە بەڵام دەبینى خوێنەر سبەینێ گوێش ناگرێت بۆ ئەو تۆزە هەواڵەش کە ئەم دەیگێرێتەوە و دەیکاتە مانشێتى ڕۆژنامەیەک یان هەر جۆرە میدیایەکى ترى ئازادەوە .


بۆیە دەبێت هەمیشە هەموومان خۆمان لەئاست بەرپرسیارێتى هەر ئەگەر و ڕووداوێکدا ببینینەوە کە دووچارى دۆزى ئەمڕۆى سیاسەتى گەلەکەمان دەبێتەوە و ڕێنەدەین نەیارانى بارودۆخەکە و دوژمنانى ئەزموونى دیموکراسیمان بە دیدێکى کوێرانە و ناهەق بینییەوە دەور و بەر و تاکى ئەم میللەتەمان چەواشە بکەن و بە ئاقارێکى کەیدا بەرن . دەبێت هەریەک لە ئێمە هەمیشە جەوهەرى نێوان ئەو دوو چەمکە بین کە پێى دەوترێت ڕاستى و ناڕاست و هەوڵ بدەین ڕاستییەکان پیشانى خەڵک بدەین و ناڕاستییەکانیش دادەنێین بۆ چاوى بینەر و مێژوو تا حوکم بدەن کە کێ کەسانى ڕۆشنفکر و ڕێ نیشاندەرى بەرامبەرە و کێش دەیەوێت هەمیشە شتەکان ئاوەژوو بکاتەوە بەدیوێکى تر و لایەکى تردا. با وەک مەلەوانە درۆزنەکەمان لێ نەیەت ئەوەندە درۆ بکەین و خەڵکى چەواشە بکەین ، تا لە ئاکامدا بڕوا بە ڕاستییەکانیشیان نەکەین .

 


Bestoon1617@yahoo.com