په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١٩

مەلەوانی لە دەریای وەهمدا ناكرێ!


ئەرسەلان مەحمود  


شكست و سەركەوتن، دوانەیەكی بەردەوام لەجێگۆڕكێدان بەیەكتری، هەر یەكەیان دەرئەنجام و هۆكاری فرە ڕەهەند لەپشتیانەوە هەیە، سەركەوتن و شكست پەیوەستن بەچۆنیێتی وەڵامدانەوەو چۆنایەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوەی هەیە، یا ئەوەی بووە بەپێشهات، یا ئەوەی بڕیارە ڕو بدات، وڵامدانەوەو چۆنایەتی مامەڵە كردنە ئەرێنییەكە، سەركەوتنەو، پێچەوانەكەیشی شكستەكەیە.

مرۆ، چۆن دەكارێ‌ هەردەم وڵامدەرەوەیەكی ئەرێنی و، هەردەم مامەڵە كارێكی نەوعی بێت، ئەمەیش پەیوەستە بەچۆن و چەندایەتی توانای تەشخیس كردن و بژاردە كردن لەخۆدا، غیابی وەها هزرین و توانستێك، ئەكید مرۆ بەرەو پوكانەوە دەبات، چونكە ناتوانێ‌ دوبارە كردنەوەی هەمان هۆكارو میكانیزمە تەجروبە كراوەكەی پێشوو، تێپەڕێنێت و، زاڵبێتەوە بەسەر ئێستای خۆیی و دۆخە نوێیەكەدا، سەركەوتن واتا دیاریكردن و بژاردەكردن و دۆزینەوەی میكانیزم و ئامرازی نوێ.

سەرچاوەو، بنەمای هەڵێنجانەوەی ئەم دیدگە نوێیانە، هەروا عەشوائی و، هەروا لەخۆوەو، لەبۆشایی دا نییە، پەیوەستە بەم پرەنسیپ و دسپلین و بنەما تایبەت و گشتیانەی دنیا بینییە هاوبەشەكەی لەسەر بوندیاد نراوەو وەستاوە، پەیوەستە بەو مۆڕاڵەی ڕەجعیگەرایی، گەندەڵكاری، ستەمكاری و، بەقوربانی كردنی ئەوانی تر لەپێناو خۆدا بەتەواوی ڕەتدەكاتەوە.

كەرەستەو پێویستییە جەوهەرییەكەی هەڵسانەوەو سەركەوتنی بەبنەما هەر ئەمەیە، زامنكردنەكەیشی كاری بەردەوام و جیددیانەو داهێنەرانەی دەوێت، خۆ خواردنەوەو خۆ جوینەوەو مانەوە لەڕابردوی دورو نزیك و دوێنێدا، كات بەفیڕۆدان و خود كوژییە لەخۆدا.

هاوسەنگ و هاوتەریب ڕێكاری و ڕێگە بڕین، پەیوەستە بەوەی دەرگەی ئیجتیهاداتی نوێ‌ و نوێگەرایی هەردەم واڵاو كراوە بێت، ئەوەی بیەوێ‌ بەباڵی ئەوانی تر بفڕیت، ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بكات بەپشتی ئەوانی تر بپەڕێتەوە، تا ماوە ئاسمانی ڕوی، هەر سەری لوتی دەبێت، تا هەیە هەر دەبێت چاوی لەوەبێ‌ لایلایەی بۆ بكریكت لەناو لانكەدا، مەلەوانی لەدەریای وەهمیدا ناكرێت، ئەم واقیعە تاڵە بەواقیع نەبێ‌ ناگۆڕێت، قەرزەكانی سەری مانگ، بە باخەڵی "با " نادرێنەوە، خەرمان بەرەكەت.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک