په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠٢٣

مەمەد ئەکتاش:

شادمانم که "خاڵا تارییا" له باشترین فێستیڤاڵی جیهان نمایش ده‌کرێ.

 

مەنسوور جیهانی


بەرلین - "مەمەد ئەکتاش" بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "خاڵا تارییا" گوتی: شادمانم که ئه‌م فیلمه کوردییه له فێستیڤاڵی به‌رلینالە وه‌ک یه‌کێک له سێ باشترین فێستیڤاڵی هه‌ره گه‌وره‌ی جیهان نمایش ده‌کرێ.

"مەمەد ئەکتاش" بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "خاڵا تارییا" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئایشە پۆلات" سه‌باره‌ت به به‌شداریی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه له بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس' لە ٧٣یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕلین" لە وڵاتی ئەڵمانیا گوتی: "ئایشە پۆلات" چوار ساڵ پێش ئێستا چیڕۆکی سیناریۆکه‌ی هێنا و به‌ڕاستی گه‌لێک زۆر حه‌زم لێکرد. سیناریۆی ئه‌م فیلمه کوردییه له‌سه‌ر گرووپێکی تاریکه که له لایه‌‌ن حکومه‌تی تورکیاوه هاتوون که هه‌ندێک مافیایین و پارێزەرێکی کوردی مافەکانی مرۆڤ ده‌کووژن و تیمێکی ڕۆژنامه‌نووسی ئەڵمانی به شوێن ئه‌م خاڵ و بواره‌دا ده‌ڕۆن و به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ن. چیرۆکی ئه‌م فیلمه له لایه‌ن چاوی منداڵێکه‌وه بۆ بینه‌ر ده‌گێردرێته‌وه، یانی له چاوی منداڵێکه‌وه کاره‌کانی ئه‌م گرووپه تاریکه ده‌رده‌که‌وێت.

گوتیشی: فیلمه‌که نه ته‌نیا مژاری خۆی به‌ شێوه‌ی ته‌کنیک باس ده‌کات، به‌ڵکوو به پڕێسپێکتیوی سێ کامێڕا چیرۆکه‌که ده‌گێڕدرێته‌وه. من گه‌لێک شادمانم که فیلمی سینه‌مایی "خاڵا تارییا" له یه‌کێک له باشترین فێستیڤاڵه‌کانی جیهان نمایش ده‌کرێت. "ئایشە پۆلات" ده‌مێکی درێژه که هه‌واڵی نزیکی منه، ئه‌و بۆخۆی خه‌ڵکی شاری "ماڵاتیا" له باکووری کوردستانه و له وڵاتی ئه‌ڵمانیا گه‌وره بووه و هه‌ر لێره سینه‌مای خوێندووه.

ئه‌م سینەماکاره کورده له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: پێش فێستیڤاڵی به‌رلیناله، "ئایشە پۆلات" له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لۆکاڕنۆ" له وڵاتی سویسڕا بوو و خه‌ڵاتی گه‌وره‌‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی وه‌رگرت. له‌ ناو سینه‌مای کوردیدا ده‌رهێنه‌ری ژنی کوردمان که‌م هه‌یه، که‌ ئه‌و یه‌کێک له‌وانه.

ئه‌کتاش ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: فیلمی سینه‌مایی "خاڵا تارییا" له بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس' لە ٧٣یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "بەڕلین"، کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته و هه‌تا ئێستاش وه‌کوو کاندیدا دێته نیشاندان، زۆر شادمانم که فیلمێکی کوردی له ده‌رهێنانی ژنێکی کورد، له فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله‌یه و ئێمه‌ش لێره له‌گه‌ڵ فیلمه‌که‌ین.

بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "خاڵا تارییا" سه‌باره‌ت به شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که گوتی: ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە شاری قەرس و بازیدی باکووری کوردستان و نزیک سنووری ئێران و به‌شێکی بچووکیشی له شاری هامبۆرگ له وڵاتی ئه‌ڵمانیا وێنەگیراوە. به‌داخه‌وه ئه‌وکات نه‌خۆشبووم و نه‌متوانی بچم بۆ سه‌‌ر سه‌حنه‌ و سه‌ردانیی ستافه‌که بکه‌م. به هاوکاری تیمێکی ئه‌ڵمانی و کوردی ئه‌و فیلمه‌مان ساز کرد. WDRو Arteدوو ته‌له‌ڤیزیۆنی گرینی ئه‌ڵمانیا به‌شداری به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و فیلمه بوون. بوودجه‌ی ئه‌م فیلمه ٢ میلیۆن ئۆرۆ بوو، که له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئه‌ڵمانیا و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی WDRو Arteدابینکرا.

ئه‌م سینه‌ماکاره به‌ئه‌زموونه‌ سه‌باره‌ت به گرینگی به‌شداربوونی فیلمی کوردی "خاڵا تارییا" له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕلین" گوتی: سینه‌مای کوردی بۆته حه‌قیقه‌تێک و له ناو سینه‌مای جیهاندا وه‌کوو بزاڤێکی سینه‌مایی له ناو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا گرنگی پێده‌رێت و به باشی ده‌یناسن. کۆمپانیای سینه‌مایی "میتۆس فیلم" تا ئێستا ٣ جار فیلمه‌کانی ئێمه له فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله‌ نمایش کراون. زۆر خۆشحالم که ئه‌م فیلمه دوای به‌شداری له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "بەڕلین" له لایه‌ن کۆمه‌لێک فێستیڤاڵی جیهانییه‌وه بانگهێشت کراوه.

"مەمەد ئەکتاش" له کۆتایی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا گوتی: ئێمه وه‌ک سینه‌ماکارانی کورد به فیلمه‌کانمان له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕلین" به‌شدارین، به‌ڵام به‌داخه‌‌وه ته‌له‌ڤیزیۆن و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه کوردییه‌کان لێره نین، ته‌نیا "مه‌نسوور جیهانی" وه‌ک ڕۆژنامه‌نووسی کورد لێره ئاماده‌یه.

کۆمپانیای سینه‌مایی "میتۆس فیلم" بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای 'ئارت هوود ئینتەرتەیمنت'ە.

حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەرلین" بە بەرپرسیاری خاتوو "ماریتێ ریسێنبێک" و بە دەرهێنانی هونەری "کاڕلۆ چاتریان" لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی "سەرەکی"، بەشی پێشبڕکێی "نەوەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فڕۆم"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم" و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی "پانۆڕاما"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "نمایشی سینەمای کلاسیک" و ... لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣ لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێ.

بۆ زانیاریی پتر:
https://www.berlinale.de/en/2023/programme/202304749.html

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک