په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٢\٢٠٢١

مەمەدی کورد یان مەمەدی نامۆ؟!


سەدیق سەعید       


نەیارانی کورد بە درێژایی مێژوو، لە پاڵ چەوسانەوەی نەتەوەیی و جینۆسایدکردن و داگیرکردنی خاک ونیشتمانی ئێمە، ھەوڵی شێواندن و بێ بەھاکردنی فەرھەنگ و کولتووری نەتەوەییانەی ئێمەشیان داوە. کە بەشێکە لە ڕابردوو، لە مێژوومان. ئەگەرئەوان نەیانتوانیبێت کورد لەو ڕێگەیەوە بسڕنەوە، ئەوا مەبەستیان بووە وەک نەتەوەیەکی دواکەوتوو، نەزان، بێ ئاگا لە دنیا، بێ مێژوو و فەرھەنگ، پێناسە بکەن. لاپەڕەی مێژووی نەیارەکانی کوردیش بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کوردییان بە سەردابەشکراوە، پڕن لەو وێنانە. ئەرکی ئێمەیە ئەو وێنانە لە ڕەگەوە بسڕینەوە و کورد وەک ئەوەی ھەیە نیشانی ئەوانی تری بدەین. نەک بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ھەندێک پەرتووک ئەوەندەی ترئەو مێژووە ناشرینەی دوژمنان دەیانەوێت، تۆختر بکەینەوە. کە ھەر ئەمەشە ئامانجی ھەمیشەیی نەیارەکانمان.


لەو ڕوانگەیەوە یەکێک لەو پەرتووکانەی ھەوڵێکە بۆ بە کەم نیشاندانی کوردو لێدان لە بیرکردنەوە و تێڕوانین و ڕەھەندی مرۆییانەی، پەرتووکی (مەمەدی کورد)ە کە (عەبدوڵا عەبدوڵا) ناوێک لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە. ئەم پەرتووکە چیڕۆکی کوردێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ناوی(مەمەد)ە. مەمەد کوری کارخانە، دوای ئەوەی کارخانی باوکی دەمرێت ، مەمەد چونکە تاقانەیە و باوکی تەنھا ئەو منداڵەی ھەبووە، ئیدی سەروەت و میراتێکی زۆری لەلایەن باوکییەوە بۆ جێدەمێنێت، وەلێ ساویلکەیی و دڵکراوەیی و دەستخەڕۆکردنی لەلایەن ھاوڕێکانییەوە و نەزانینی خۆی بە تایبەتی کە ھێشتا گەنجە، مەمەد دێنەوە سەر ساجی عەلی و ھەرچی سەرمایەی ھەیە، لە پێناو ھاوڕێکانیدا سەرفی دەکات و ئەوانیش دوای ئەوەی دەزانن مەمەد ڕووت و ڕەجال بووە، ئیدی پشتی تێ دەکەن و گاڵتەی پێ دەکەن و ڕێگە نادەن لای دەواری ئەوانیش بمێنێتەوە. سەرەنجام مەمەد ھەست بە دۆڕان و شکانەوەیەکی گەورە دەکات و مەملەکەتی باوکی جێدێڵێت و لە ڕێگەی کۆچکردنیدا بۆ مەملەکەتێکی تر، دورە تولملوک دەناسێت و دەبنە ھاوژینی یەکتر. پاشان لە کۆچکردنەکەی بەردەوام دەبێت و دەچیتە مەملەکەتی پاشا گولنارو پاشاش تەماحی دەچێتە ژنەکەی و لەو پێناوەدا مەمەد ڕووبەڕووی چەندین کاری مەحاڵ دەکاتەوە، بەڵام ھەموو جارێک لە ڕێی جادوو، دێو و درنج و ئەفسانەوە، مەمەد دەمێنێتەوە. تا سەرەنجام گولنار پاشا لە نێو دەچێت و ئەویش دەگەڕێتەوە نێو خێڵ و عەشیرەتە دەوار نشینەکەی خۆی لە بیاباندا و وەک پاشایەک خۆی دەناسێنێتەوە. ئەمە چیڕۆکی ژیانی مەمەد بوو بە کورتی. بێگومان لە پەراوێزی ئەو چیڕۆکەوە، ھەروەھا خاسیەتە کۆمەڵایەتی و کەسییەکانی مەمەدەوە، دەشێ خوێنەوەیەکی دیکە بۆ کارەکتەری مەمەد بکەین. لەو چیڕۆکەدا (مەمەدی کورد) وەک کارەکتەرێکی گێل، نەزان و ترسنۆک، بوودەڵە و پەرپوت دەناسرێت. بە ڕادەیەک کە کوردەکان کە بە چەندین خاسیەتی کۆمەڵایەتی جوان و بەرز دەناسرێنەوە، لەو چیڕۆکەدا بە پێچەوانەوەیە. ئەمەش ئاساییە. چونکە کاتێ نەیارەکەت باست دەکات، یان مێژووێکی پڕ لە چەواشە و شێوێنراوت بۆ دەنووسێتەوە، دەبێ چاوەڕوانی ھەموو شتێک بکەیت. بە تایبەتیش کە چیڕۆکی مەمەد مێژوونووسێکی عەرەب دەیگێڕێتەوە، وەک ئەوەی لە سەرەتای پەرتووکەکە نووسراوە. بۆیە بە تێگەیشتنی من، ئەم چیڕۆکە بە ھیچ شێوەیەک چیڕۆکێک نییە باسی کوردێک بکات و ڕەنگە ئەمە دروست کراوی دەستی وەرگێڕەکە خۆی بێت، بە تایبەتیش کە دوور و نزیک ئاماژەی بە سەرچاوەی ئۆرگیناڵی چیڕۆکەکە بە زمانی ئینگلیزی نەداوە، بۆ ئەوەی لە پەراوێزییەوە خوێنەر بەراوردی یەکترییان بکات. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، فەزای ئەم چیڕۆکە نە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و میللییەوە، نە لە ڕووی شوێن و ڕووداو و کارەکتەرەوە، بە ھیچ شێوەیەک لە فەزای ئەدەبی چیڕۆکێک یان ئەفسانەیەکی کوردی ناچێت. ناوی کارەکتەرەکان کە ( دورەتولملوک، نوز ھەتوزەمان، بەدرولمەھا، فیدەس، عەبدنار، حەسەن پاشا، زیراژان) ناوی نامۆن بە چیڕۆکی کوردی و سەرگوزشتەی گێڕانەوەی ئەدەبی سەر زارەکی کوردی. ڕەنگە ناوی کارەکتەرەکەش ھەر مەمەد نەبێت، بەڵکو وەرگێری پەرتووکەکە ئەو ناوەی دانابێت. ھاوکات مەمەد لە خێڵێکی بیابان نشینە و بە وشتر کۆچەری دەکەن. ھەمووشمان دەزانین کورد بەو ژینگە و بەو جۆرە ئاژەڵە نامۆیە و تەنانەت زۆر جار بۆخۆشی دەگوترێت: ( وشترو چیایان نەگوتووە). بە گشتی فەزای چیڕۆکەکە، فەزایەکی نا کوردانەیە و نە ڕووداوەکان، نە شوێن و کارەکتەر و تیمەی چیڕۆکەکە، یەکناگرنەوە لەگەڵ کولتوور و فەرھەنگی کوردی. ئەگەرچی مەمەد لە چیڕۆکەکەدا وەک قارەمانێک نیشان دەدەرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی ھەڵوەستەکردنە ئەوەیە، کە ئەو لێھاتوویی و ئازایەتی و قارەمانیەتییەی مەمەد، ھی خۆی نییە وەک کارەکتەرێکی کورد، بەڵکو جادووی ھەر سێ ژنەکەی و دێوەکانە ڕێنوێنی دەکەن. ئەمەش جەخت کردنەوەیە لەو وەسفە مێژووە پڕ لە چەواشەیەی کە کورد وەک ئەفسانە و جنۆکە و بوونێکی خەیاڵی نیشان دەدات. واتا بە گشتی مەمەد کارەکتەرێک نییە نموونەی کوردێکی ئازا، لە خۆبردوو، ھەڵگری ھەموو ئەو خاسییەتە نەتەوەییانەی کە کوردیان پێ دەناسرێتەوە بێت. بگرە لە زۆر شوێنی چیڕۆکەکەدا، مەمەد دەکرێتە پاساوێک بۆ لێدان لە کورد. ئەمە وێرای ئەوەی کە چەند ھەڵەیەک لە چیڕۆکەکەدا ھەیە وەک:


* لا١٢: نووسیویەتی: (بوو بە بیست و دووساڵ تەنھا دەوارە شڕەکەی مابووەوە) بەڵام لە لاپەڕە(١٥)دا، دوای ئەوەی مەمەد پیرەمێردەکە دەبینێت بۆ ئەوەی ڕاوێژی ڕۆیشتنی پێ بکات، پیرەمێردەکە پێی دەڵێت: (تۆ بیست ساڵیت، چۆن لە خۆتەوە سەر بە وڵاتێکی دیکەدا دەکەیت). لێرەدا، تەمەنی مەمەد لە بری ئەوەی زیاد بکات، کەمیکردووە.
* لا ١٤: نووسیویەتی: (مەمەد ھەستێکی ناخۆش بەرۆکی گرتبوو، شوانەکان جنێویان پێ دەدا، ئەویش زۆر بە خۆیدا شکایەوە و دونیای لەبەر چاو کەوت). واتا کوردێکی ترسنۆک بووە.
* لا ١٦: نووسیویەتی: (خوا ھەڵناگرێت ئەم کوردانە، خەڵکێکی دڵپاک وساویلکەن). واتا ھیچ نازانن و زوو ھەڵدەخەڵەتێنرێن.
* لا١٧: نووسیویەتی: (مەمەد وای دەزانی خەون دەخورێت و دەخورێتەوە). ئەم وەسفە بۆ مەمەد، ئەو پەڕی نەنگی و شکاندنەوەیە. چونکە ھەر کەسێک کەمێک شارەزایی لە مێژوو ھەبێت، دەزانێت کەس ئەوەندەی کوردەکان، لە مانای خەون و لێکدانەوەی خەونەکان بەلەد نین!
* لا٢٨: نووسیویەتی: ( جلو بەرگی کۆنیش ڕەنگ و ڕووی گەچڵاندووە) گەچڵاندن بۆ ڕەنگ و ڕوو نابێت. لێرەدا بەمانای تێکچوون بە کارھاتووە، بەڵام دەم و چاوی مرۆڤ ناگەچڵێنرێت.
* لا٣٨: (دوای ئەوەی دورەتولملوک سنگ و بەرۆکی خۆی بۆ مەمەد واڵا دەکات، ھێشتا نازانێ مەمەد کێیە و ناوی چییە، چونکە وەک پیاوێک خۆی پێ ناساندووە. کەچی پێی دەڵێت مەمەد وامەکە) نازانم چۆن زانی ناوی مەمەدە؟!.
* لا ٧٤: نووسیویەتی: ( تووکی باڵندە) بێگومان باڵندە پەڕی ھەیە، نەک تووک، چونکە تووک بۆ شیردەرەکانە!.
* لا٨٧: نووسیویەتی: (ئێوارەی ھەردوو ڕۆژی سی و نۆیەمین و کۆتایی). لێرەدا، مەبەست لە چلەمین ڕۆژەکەیە، بەڵام سیو نۆیەمین و کۆتایی مانای وایە، تەنھا سی و نۆ ڕۆژ بووە. لە کاتێکدا مەبەستەکە ئەوەیە، کە چل ڕۆژ مۆڵەت بە مەمەد دراوە.
* لا٨٨: (دوای ئەوەی دێوەکە ھەفتا ھەزار ڕوحی کارامە بانگ دەکات و کاریان پێ دەسپێرێت، بۆ دروست کردنی کۆشکێک لە زێڕو زیو بۆ مەمەد، دە ھەزاریان زێڕو زیوەکە دێنن، دە ھەزاریان بناغەی کۆشک دا ئەنێن، دە ھەزاریان پردەکە دروست دەکەن، دە ھەزاریان بە دنیا بڵاو دەبنەوە) بێگومان ئەمە دەکاتە (چل ھەزار) ، سی ھەزار دێوەکەی تر ونن، وەرگێڕو نووسەری بە ناو ئەو چیڕۆکەش پێمان ناڵێن کاریان چبوو؟
* لا ٩١: نووسیویەتی: (تانجییان خستە سەر سەری مەمەد) تانج، ھەڵەیە تاج دروستە. چونکە تانج بە مانای بازی سەر مل دێت و پلەبەندییەکی سەربازییە. لە کوردەواریدا کەس ناڵێت تانجییان لە سەر نا، بەڵکو دەڵێن تاجیان لە سەر نا.
* لا١١٦: (دوای ئەوەی مەمەد، زێدی خۆی جێدێڵێت و چەند ساڵێک دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە پاشا، جارێکی تر دەگەڕێتەوە نێو خێڵەکەی) بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە ھەموو ئەو ڕووداو و بەسەرھات و گۆڕانکارییانەی لە ژیانی مەمەد ھاتوونەتە ئاراوە، تەنھا شەش ساڵًییان بە سەردا تێپەڕیوە. کە ئەمەش ھەڵە و پارادۆکسێکی زەمەنی گەورەیە لە چیڕۆکەکەدا.
* لا ١٢٠: (پەیکەکە دەڵێت بە ھەموو ژیانی خۆم، مرۆڤی وا سادە و ساکاری وەک مەمەدم نەبینیوە) وەسفەکە دیارە و پێویست بە شرۆڤەکردن ناکات.

 

دواجار دەڵێم، کایەی وەرگێڕان لە نێو ئێمەدا، پێویستی بە ڕێکخستن و بە یاساییکردن و بە ھونەریکردن ھەیە. ناکرێت ھەر کەسێک چی مەبەست بوو، بە ئارەزووی خۆی ھەڵیبژێرێت و وەریبگێڕێت، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکات کە ئاخۆ ئەم بەرھەمە، چەند خزمەت بە خوێنەرو کولتوورو فەرھەنگی کوردی دەکات. وەرگێڕان پرۆسەیەکی قورس و بەرپرسیاریەتییە، زۆر لەوە گەورەترو مانادارترە، کەسانێک بۆ خۆ دەرخستن و ناو دەرکردن، پێیەوە سەرقاڵبن. پەرتووکەکەش گەرچی سێ کەس پێداچوونەوەی زمانەوانییان بۆ کردووە، وەلێ ھەر لە لاپەڕەی یەکەمدا، چەند ھەڵەیەک ھەن.
______________________________________________________
پەراوێز: مەمەدی کورد، نووسینی: چارلزوێڵز، وەرگێڕانی: عەبدوڵاعەبدوڵا، بڵاوکردنەوەی: کتێبخانەی ئەحمەدی خانێ، سۆران ٢٠٢٠.
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک