په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠١٢

    مەملەکەتی عیشق.

ئاراس حەمەئەمین

کەوتوومەتە مەملەکەتە گۆماوێکەوە
کە رەنگی ‌قووڵیی
لە رەنگی ساماڵی ئاسمان شینترە
توێژاڵی ئەم گۆماوە
لە بنی گۆمەکە قوڵترە!!
ژێرڕێژی ئەم نەمرە گۆمە
لە لیتەی خەیاڵە کوژراوەکانە و
ڕۆژ بە ڕۆژ و چرکە بە چرکە
بەرەو رۆچوون ئەچێ

لە ژێر رووناکی
پشکۆکانی ئەم گۆماوەدا
هەموو کەون
باسی تاریکی کەون ئەکەن،
گڵۆپی سەر جادەکانی
ئەم مەملەکەتە!
لە رەنگی زەردا نوستوون!
نوستنێکی ئەبەدی

گۆڕستانەکانی ئەم مەملەکەتە
شۆستە چۆڵە خوێن مژەکانن و
چواردەوری ئەم مەملەکەتەش
بە ئاگرێکی بە غەم خۆشکراو
پەرژین کراوە و
تا لێی چیتە پێش...
پشکۆکانی زیاتر
چاوت لێ سوور ئەکەنەوە و
تا دووریش بی
خەڵووزێکی ساردوسڕتر!
بوونی ئاو
لە هەر کوچێکی ئەم مەملەکەتەدا
تەنها هەڕەشەی خنکانت لێ ئەکا
بە سەفەر هاتووەکانی
ئەم مەملەکەتە
لە دوور دوورەوە ئەبریقێنەوە
چونکە مرۆڤەکانی ئەم مەملەکەتە
تا دامێنیان
لە خوێنی خۆیانا سوور ئەچێتەوە

لەم مەملەکەتە نەگبەتییەدا
هەموو بەیانییەک
ئیزرائیل سەبەتەیەک یادگاریی کۆنمان
پێ ئەبەخشێ و،
شەویش بەر لە نوستن
فریشتەیەک
هەموو گڵۆپە سەوزەکانی
جێ ژووانەکان هەڵ ئەکات و
ئێمەش دوو دوو
را ئەکەینە ژێری
مرۆڤەکانی ئەم مەملەکەتە
بەر گوێیان کەوتووە
لە دراوسێ مەملەکەتەکانیاندا
لە دەرگای هەر کەس بەیت
لە دەرگات ئەدەنەوە
خۆشی ئەم مەملەکەتە لەوەدایە
لە دەرگای هەرکەس بەیت
لێت ناکەنەوە!

مرۆڤەکانی ئەم مەملەکەتە
کەسیان بە کەسیان ناچێت و
هەمووشیان یەک ناویان هەیە
خەڵکیی خۆزگەیان پێ ئەبا و
خۆشیان ئاوسن بە خۆیان

هەموو مرۆڤەکانی ئەم مەملەکەتە
بە وەرگرتنی پێکێ شەرابی
خوێنی دڵی خۆیان
لە دەستی دنیای مەیگێڕ
لەسەر هێلی مەستی دانیشتوون
هەموو درەختەکانی
ئەم مەملەکەتەش
هەموو جۆرە میوەکان
هەر لە درۆوە بیگرە تا خیانەت
بەسەر لقەکانیانا شۆڕبۆتەوە و
بەڵام هەموویان
زڕن بە بەری (وەفا)

سەر باڵی پەپوولەکانی
ئەم مەملەکەتەش
بە خوێنی نەگیرساوەی
تیری درۆکانیان
رەنگین بووە و
دەرهاتنی هەر سی و دوو ددانی
درۆی پەپوولەکانیش
نیشانەی باڵقبوونی پەپوولەکانە!

لەم مەملەکەتەدا
ئەوەی دڵ حەزکا تیایەتی و
ئەوەی دڵ بیەوێ نامێنێ!
بەرینترین مەملەکەتە و
هەموو مرۆڤێکی بە ئاسانیی پیا ناچێ
چ مەممملەکەتێکە.....مەملەکەتی عیشق!!!!!


engaras_roshan@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک