په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٣

  مەم لە کنە من.

دارا خونچە

دیسان قەرداری مەمانم!

لەوەتەی ئەز

فرچکم گرتییە و (مۆزەمۆز)مە

            مەم لە کنە من؛

((چووک.. یا گەورە.. یا پڕ وە دەست..

            تازە فەریک و سرک و تورت

                        یا خرت و خارا و زۆر گەیی،

قنج و ژیکەلە و قشتوقۆڵ

                  یا زراڤ و درێژکۆڵە.. یا خڕوخۆڵ..

                          یا هەر شێوە ئەندازەیەک،

ترش و شیرین.. مزر و مێخۆش

                    یا هەر چەشنە چەشە و چێژەک،

سێوە لاسۆرە و هەنار و هەرمێ و بەهێ

                 یا وە شێوەی

                 لیمۆ و نارنج و ترنجان خۆ بنوێن،

بۆنی شەمامە یا گوڵەباغ بپڕژێنن

                         یا هەر بۆن و بەرامەیەک،

گەش و رۆشن.. کاڵ بن یا تۆخ   

                    سۆر و سپی.. یا هەر رەنگ بن،

نەرمونۆڵ بن.. یا توندوتۆڵ..

                 لووس و خز بن.. یا سفت و سۆڵ،

سەرگۆیان سۆر.. وەنەوشەیی.. یا مۆری تێر..

          شێوەی (سێ سۆ).. یا قلە گێلاس

                یا کشمیشیی.. یا قلە مێوژ

                یا گوپن و خڕیلە بن.. یا دمک تیژ..

          جوغزی خول و خەرمانەیان زۆر فرە بن

                       یا چووکەڵە.. یا ناوەنجیی،

بەر و پشت و لاتەنیشتیان

      خەپە و گۆشتن.. یا رێک و راست و شووشەیی،

دیوارەکانیان ئەستوور بن..

                       یا ناسک و تەنک و توولاز،

خڕ و خەپان و خرتەڵە.. یا قووچەکیی

                       یا قوت قوت و

                       روو لە سەر و بەرزەفڕ بن،

لە یەک دوور بن..

      یا وە تەنیشت یەک رسکا بن..

             خرچە ئاسا وەپاڵ یەکەوە راکشا بن..

                     یا هەر یەکەو روو لە لایەک،

نێوانیان هێندەی ئەندازەی جێی یەک سەر بی

                    یا هێند تەنگ بی

                          داوە مووەک تێیوەنەچی،

تەڕوبڕ و سەر بە خوناو بن

           یا فرە ئاودار.. ناوە ناوە نم نم داکەن،

پڕ ژەک و شیر.. فرۆ و شیرێژ بەرهەم بینن..

       یا لە جێی شیر.. شیلەی هەنگینیان لێوەتکێ،

وە بای هەناسە و هەنگاونان

           تەکان بخۆن.. بلەرنەوە

           یا لە جێێ خۆیان بچەقن.. هەڵبەزنەوە،

وە قدیلەی تەنێ یەک پەنجە

                     تێر تێر لەنجە و سەما بکەن،

لە نێو سوخمە هەڵکوڕمێن و گرمۆڵە بن

                      یا شەڕ دەگەڵ عاسمان بکەن،

لە بن کراس و بنکراسان پەپکە بخۆن

               یا مار ئاسا بفیشکێنن و دوکم بکەن،

دەرەز دیار بن.. یا نیوەڕووت

                    یا هەر رووت رووت و ئازاد بن...

هەر جۆر و شێوە و شێوازەک

             وە هەر خەسلەت و رەفتارەک؛

        مەمی چاولەدەر.. هەمیشە لە رووان

             سەرگەرم و سەرکێش.. خورت و شۆڕشڤان،

        مەمی سوخمەدڕ..

            هەردەم لە نێوان دەستان و لێوان..

            ''شەرەف و نامووس''

                    بکا وەقوربان ژوان و رامووسان،

        مەمی جەربەزە و ئەفرێنەری ڤین

             سەربەرز و سەرکەش.. دژە داب و دین،

        مەمی پڕ ئاڵۆش..

             پڕ جۆش و خرۆش.. مەی و بادەنۆش

                              پەنجە و زمانلۆش،

        مەمی رچەشکێن.. هەنگاو وە هەنگاو

               ئازا و دژەباو.. چاپووک و پڕ تاو،

        مەمی نەرمونیان.. ناسک و میهرەبان

                            سەرمەست و حەیران،

        مەمی بێ دەروەست.. پڕ سۆز و پڕ هەست

                              ئازاد و سەربەست...

        هەر چی و هەر کووەک بن..

              بەس تەنێ مەم بن))؛

                  تێکڕا سەرجەمیان

                  وە بێ هاوێر و جوایەزییکردن

                  جوان و خووشک و پڕاوپڕ چێژن

                                  لە چاوانی من.

                  ژێدەری ژین و ژیان و ژیارمن

                                  لە رامانی من.

   *     *     *     *     *

لەوەتەی هەم

پۆلپۆلێن و جوایەزییەکان

- جوایەزیی نێوان نێر و مێ و (دووڕەگ)ەکان -

پەرتم دەکەن.. پەستم دەکەن.. بەستم دەکەن..

           دەمترسێنن.. دەمتۆقێنن.. زێرکم دەبەن...

           دەی چاک نەبوو..

                     مەمیش نێر و مێیان نەبوو!!! 

   *     *     *     *     *

ئەز دیسان گەللەک قەردارم..

لەوەتەی فرچکم گرتییە و (مۆزەمۆز)مە..

لەوەتەی پەنجە و لێوانم

       پڕووشە ئاورینگان داوێژن و

       لە (مرومۆ)ی سۆز و جەستەمە

            مەم لە کنە من؛

            گیان و دین و نیشتیمان و

                    تێکڕای ژیان و ژین و بوونمە..

            کەچی هێشتا.. هەر قەردارم..

                         هەر قەردارم..

                         قەرداری تێکڕای مەمانم!

________________________________

فەرهەنگۆک:

* (مۆزەمۆز): دەربڕینی هەست و سۆزی خۆشەویستیی وە شێوەی ئاماژە لۆ بەرانبەر.. جا نێر لۆ مێ یا وە پێچەوانەوە.

* چووک: گچکە، بچووک.

* وە: بە.

* تورت: گەش و توند و جوان و پڕ هێز و پێز.

* خرت: خورت، وەهێز.

* خارا: پێگەیی و زۆر دەست لێدرا.

* زراڤ: باریک.

* مزر: وە ئەندازەیەک ترش.

* مێخۆش: ترش و شیرین پێکەوە.

* (سێ سۆ): گۆی مەم هەیە بە هۆی ئەوەی نێوەندی سەرەکەی قۆلە.. دەبیتە (سێ سۆ) واتە دەبیتە سێ بەش و وەک گوڵی سێ پەلکە جوان دەنوێنی.

* خز: خلیسک.

* جوغز: بازنە.

* دمک: سەری تیژی هەر تشتەک.

* فرە: فراوان، (جوایەزە دەگەڵ ئەو ''فرە''یەی کە واتای ''زۆر'' دەدا).

* چووکەڵە: گچکۆکە، بچکۆڵە.

* توولاز: درێژ و ناسک. (وشەیەکی کوردییە، وەک لە ''توولەدار و توولەمێو''دا هەن).

* خرتەڵە: خورتی گچکە.

* رسکا: رسکان، گەشەشەکردن و گەورەبوون.

* خرچە: جۆرەکە لە ئاروو.

* فرە: زۆر.

* ژەک: ئەو جۆرە شیرەیە کە یەکەم جار لە مەمکدا پەیدا دەبی.

* فرۆ: بەرهەمی شیرە، تەنێ لە شیری پاش زان چێدەکرێ.

* دوکم: هێرشی خێرا و کتوپڕ.

* دەرەز: درز، کەلەن، قلیش.

* خووشک: جوان و قشت و نایاب.

* (دووڕەگ): (نەژن و نەمێرد)، هەبوونی خەسڵەتی نێر و مێ لە یەک کەسدا.

* زێرک بردن: زۆر ترساندن، زراوبردن.

* گەللەک: زۆر، فرە.

* (مرومۆ): وەدووداگەڕان لۆ پەیداکردنی هەر تشتەک.

* تەنێ: تنێ، تەنیا، بەتەنێ.

 

ئابی ٢٠١٣ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک