په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٢\٢٠١٣

    مەم و لێو!

دارا ئەحمەد

رەوشت وە گومانان دەسپێرم.. بیر و مەژییم* وە تەمتومان؛

کوت.. کوت جەستەم دادەوەرن

               هەنگاو.. هەنگاو...

               شۆڕ دەبنەوە.. بەرەو ژێر پێی مەم و لێوان!

 

ئەڤین لە خۆم وەدەردەنێم.. خۆم لە جەستە و ئارەزووەکان؛

پیت.. پیت مەژییم دادەمەزرێن

               هەڵتەک.. هەڵتەک...

               سەما دەکەن.. رێک وە رەزمی مەم و لێوان!

 

لە تەک ئەو دووانە بەدکار و ئەڤـیندار و تاوانـکارم

لە تەک ئەو دووانە سۆزدار و ستەمکار و خزمەتکارم

لە تەک ئەو دووانە زۆردار و چاکـەکار و ناحـەزکارم

لە تەک ئەو دووانە دۆستدار و خەوشدار و جوانکارم

لە تەک ئەو دووانە رقـدار و رۆشـنـکار و دوژمـنـدارم

لە تەک ئەو دووانە دڵدار و ساخـتەکار و نایابـکارم.

    *     *     *     *     *

ئەز تێناگەم؛

چاوچاوانێ، دیدارەکان، مۆری ماچان..

    ئامێزەکان، رامووسانی شەوگارەکان..

       یادگارەکان... تێکڕا گشتیان حەشار دەدەم..

       خودی خۆشم لە خامۆشیی و فەرامۆشیی تقەت دەکەم..

             (نافەرمانیی*)وە رووی مەم و لێو دەردەخەم؛

              کەچی هێشتا

              هەر دەدۆڕێم.. هەر دەدۆڕێم.. هەر دەدۆڕێم!

 

هیچ تێناگەم!

       یان من هەر خۆم

                    سادە و ساکار و ساویلکە و کۆلەوارم

       یان مەم و لێو.. دوو تەلیسمی

       پڕ لە جفرە و کۆد و راز و بڤە و نهێنیی شەوانن!؟

    *     *     *     *     *

کنە و کۆڵین و دیڤچوون و توێژینەوە نەما نەیکەم؛

                                      مایە پووچ بووم،

گەڕیام.. پرسیم.. سۆراغم کرد.. تا وەستیام؛*

                           لێ هەر هیچم وە هیچ نەکرد،

تا (بنی بنەوە)ی زەریای ئەڤینیش رۆیشتم؛

لێ هێشتا هەر

     پەی وە رازی مەمان نابەم

                  لە ئەفسوونی گڕی لێوانیش هەر ناگەم!

 

لە تەک ئەو دووانە بەدکار و ئەڤـیندار و تاوانـکارم

لە تەک ئەو دووانە سۆزدار و ستەمکار و خزمەتکارم

لە تەک ئەو دووانە زۆردار و چاکـەکار و ناحـەزکارم

لە تەک ئەو دووانە دۆستدار و خەوشدار و جوانکارم

لە تەک ئەو دووانە رقـدار و رۆشـنـکار و دوژمـنـدارم

لە تەک ئەو دووانە دڵدار و ساخـتەکار و نایابـکارم.

 

دەی قیڕوسیا، جوان.. جوان دەستان لە من بشۆن..

      ئەز خوازیارم، تکا دەکەم؛

           نەونەمام و خونچەگوڵانی

           ئەو جیهانە (مەم زیندانیی) و (لێو بەسترا)یە

                                         وە من نەچن!!!

هیچ تێناگەم!

       یان من هەر خۆم

                    سادە و ساکار و ساویلکە و کۆلەوارم

       یان مەم و لێو.. دوو تەلیسمی

       پڕ لە جفرە و کۆد و راز و بڤە و نهێنیی شەوانن!؟

_______________________________________

* مەژیی: مێشک.

* نافەرمانیی: هەڵگەڕانەوە، سەرپێچیی، سەرکێشیی، یاخییبوون.

* وەستیام: ماندیی بووم.             

 

سەرەتای شوباتی ٢٠١٣ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک