په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠١٠

ئەلماس مستەفا:

مەنفا سەرچاوەیەکى تازەى رشتە ناو شیعرەکانمەوە.

دیدارى: هێمن قادر


ئەلماس مستەفا ئەو دەنگە شیعرییەى ساڵانێکە لەنێو ئەدەبیاتى شیعرى کوردیدا بارانى شیعر نم نم بەسەر مەملەکەتى رۆحدا ئەبارێنێت، چەندین سى دى تۆمارکراوى شیعرى به‌ ده‌نگی خۆى هەیە و بە ئاوازەوە گوزەر بە نێو رۆحى شیعردا ئەکات. ئەلماس خان لەدایک بووى شارى سلێمانییە و لەساڵى 2003 ەوە لە وڵاتى سوید نیشتەجێیە.
 

هێمن قادر: لە شیعرەکانتدا ناسکى و خەیاڵێکى قوڵى ئەدەبى بەدى ئەکرێت، ئایا شیعر بریتیە لەنووسینەوەى ئەو هەست و خەیاڵانەى لە هزرى مرۆڤدایە و نەهاتونەتەدى؟
ئەلماس مستەفا: بەڵێ ئەو ئەندێشە و خەیاڵانەى لە رۆحى مندایە بەسەر تابلۆ شیعریەکانما رەنگى داوەتەوە، نووسینەکانم یاداشتکردنى یادەوەرى و هیواکانمە تا دووربن لە وونبوون.


هێمن قادر: شاعیر چۆن دەتوانێت نوێگەرى بکات لە شیعردا؟ تەنیا خوێندنەوەو ئاگاداربوون لەئەدەبى بیانى بەسە بۆ نوێگەرى؟ یا ڕچەشکێن بێت لە شیعردا؟
ئەلماس مستەفا: ئەبێت شان بەشانى ئەدەبى جیهانى بڕوات، خوێنەوەى هەموو بابەتە فەلسەفى و فکرییەکان تاوتوێ بکات و بوێرانە بنووسێت، ئەمانە هۆکارە بۆ درووستبوونى نوێگەرى.


هێمن قادر: تا چەند ئاگادارى شیعر و ئەدەبیاتى تازەى سویدیت؟ چ نوێگەریەک کراوە لە شیعردا؟ قۆناغى ئیستاى شیعرى کوردى چۆن دەبینیت؟
ئەلماس مستەفا: تا ئاستێکى کەم ئاگادارى ئەدەبیاتى سویدیم، چونکە زیاتر نووسینى نووسەرە رووسیەکان ئەخوێنمەوە و چێژێکى زۆر تایبەتم لێ بینیوە، بە بڕواى من رووسیا خاوەن کلتورێکى ئەدەبى زۆر پێشکەوتووە، هەمیشە تازەگەرى و رۆح لە ئەدەبى روسى ئەبینم.. بە داخەوە من ئیستا ئەدەبى کوردى بە سستى ئەبینم، زۆرکەسانێک هەن کەئیستا قەڵەمیان بەدەستەو ئەنووسن، نوسینەکانیان زۆر لاوازن، کاتێک چاو بەگۆڤار و رۆژنامەکاندا ئەگێڕم، چاوم بەچەند نووسینێک ئەکەوێت، بەراستى هەر ووشەیە و ریز کراوە، هیچ هەستێک لە نووسیندا بەدى ناکەم.


هێمن قادر: مەنفا چۆن ئاوێتەى رۆحى شیعریت بووەو تاچەند لە شیعرەکانتا رەنگى داوەتەوە؟
ئەلماس مستەفا: مەنفا سەرچاوەیەکى تازەى رشتە ناو هۆنراوەکانى منەوە رەنگدانەوەیەکى پڕ سۆز و هەستى خستە ناو رۆحى نووسینەکانمەوە.


هێمن قادر: نووسەرە ئافرەتەکانمان تا چەند توانیویانە ئازادانە بنووسن؟
ئەلماس مستەفا: پێم وانییە نووسەرە ئافرەتەکانمان تائیستا توانیبێتیان ئەو رێچکەیە بشکێنن، هەمیشە لەژێر پەردەیەکى شاراوە هەستەکانیان دەربڕیوە.


هێمن قادر: رۆحت بانگى کردى لەچوارچێوەى شیعرێکدا بینوسیتەوە یان خۆت بانگى شیعرت کرد؟
ئەلماس مستەفا: شیعر بانگى هەستەکانى منى کرد تائاوێتەم بکات بۆخۆى، ئەوکاتانەى پڕبوون لەعەشق.. ئەوکاتانەى لەخۆشەویستى دابڕام.. ئەمانە هەوێنى شیعرەکانم بوون.


هێمن قادر: مرۆڤ هەمیشە لەودیوى پەنجەرەکانی رۆحیەوە کەسێکى تەنیایە، تاچەند توانیوتە بەشیعر بیابانى تەنیاییت بە چرپەکانى (با) دا بگەیەنیت؟
ئەلماس مستەفا: کاتێک هەستەکانم ژان ئەیگرێت لەتەنیاییدا دەبنە هۆى لەدایک بوونى هۆنراوەیەکى نوێ.

هێمن قادر: خۆشەویستى بەرزترین لوتکەى مرۆڤە کەتاهەتا بۆى ئەژیتء هەمیشە دڵى بۆخۆشەویستى لێ ئەدات، خۆشەویستى ئەلماس خان لەچ سوچێکى شیعرەکانیەتى؟
ئەلماس مستەفا: لەپانتایى شیعرەکانما هەر سوچێکى بگرى، خۆشەویستى تیا بەرجەستە ئەبێت.


هێمن قادر: شیعر چى پێ بەخشیت و چى لێ سەنیەوە؟
ئەلماس مستەفا: زۆر شتى پێ بەخشیم، زۆر شتیشى لێ سەنمەوە.. ئەوەى کەپێى بەخشیم، خۆشەویستى خوێنەرە بۆمن گەورەترین پلەوپایەم وەرگرتوە پێى، ئەوەشى کەلێى سەندم، هەموو هەست و رۆحمى لێ داگیر کردووم.


هێمن قادر: دواپڕۆژەى بەرێزتان چییە؟
ئەلماس مستەفا: ئەلبومێکى شیعرییە، ئەم ئەلبومە خۆى ئەگرێ لەچەندین شیعرى شاعیران، وەک محەمەد عومەر عوسمان، عەبدوڵا پەشێو، مەحوى، محەمەد پاکژ، چەند هۆنراوەیەک لەهۆنراوەکانى خۆم، کارى موزیک لەلایەن چەند موزیک ژەنێکەوە ئەنجام ئەدرێتء کۆمپانیاى( ئارۆ) ئەرکى جێ بەجێکردنى سى دى یەکەمى گرتوەتە ئەستۆ، زۆر سوپاسى براى بەرێزم بەکر فەرەج ئەکەم لەتیڤى کوردسات کەکارى هونەرى ئەم سیدیەم بۆجێ بەجێ ئەکات، هیوادارم ئەم ئەلبومە شیعریەم جێ رەزامەندى گوێگران بێت.


هێمن قادر: دوا تێبینىء سەرنجى بەرێزت، هەرشتێک بتەوێ بیلێیت؟
ئەلماس مستەفا: هیوادارم ژنانى کورد بوێرانە هەوڵ بدەن، ئەوەى لەناخیاندا پەنگى خواردوەتەوە بیخەنە سەر خامە، بێ گوێدانە هیچ بەربەستێک، هه‌روا هیواخوازم ژنان لەو کۆت و زنجیرى چەوسانەوە خۆیان رزگار بکەن بە زیادکردنى رۆشەنبیریی بۆ دەستەبەرکردنى ئازادییەکانیان.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌ڵماس مسته‌فا