په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

مەنزڵی تەقاندنی یەکەم فیشەک نەخشەی رێگای چارەسەری تێدا بڵاودەکرێتەوە.


ستارە عارف   


15ی ئابی ساڵی1984 قەڵەمبازێک بوو لەدژی سڕینەوەی ناسنامەی گەلێکی25 ملیۆنی و یەکەم فیشەکی شەڕی چەکداری لە"ئەڕۆ شەمزینان"ی سەر بەناوچەی بۆتان بەفەرماندەیی مەعسووم قوڕقماز"هەڤاڵ عەگید" تەقێنر و ئەم مێژووە 25ساڵ شەڕی چەکداری پڕکردەوە، دوای 30ساڵ خەباتی سیاسی و سەربازی و هەوڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەباکووری کوردستان، هەرچی ئاگربەستێک راگەیەنرا بێت تورکیا پابەندی نەبوە لەدیارترینیان ئاگربەستی ساڵی1993بو کەتورکیا لەکەمینێکدا 33 سەربازی لەئامەد بەپیلان کوشت، لەپێناو تاوانبارکردنی پەکەکە و تێکدانی ئاگربەستەکە لەمانگی نەورۆزی ئەمساڵیشدا بەمەبەستی بەڕێوەچونی جەژنی نەورۆز بەشێوەیەکی هێمنانە، موراد قەرەیڵان سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان لەلێدوانێکدا ئاگربەستی راگەیاند و پاشان بەهۆی هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان ئاگربەستەکەیان هەتا مانگی 6ی ئەمساڵ درێژکردەوە.


لەمانگی6یشدا هەتا ناوەڕاستی مانگی7 کەرۆژی14/7بەرۆژی شەهیدانی پەکەکە ناسراوە ئاگربەست درێژکرایەوە، زیاتر لە30ساڵ خەباتی شۆڕشگێڕانە و چالاکی بەردەوامی خەڵکی باکوور و فشاری یەکێتی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هۆکار بون دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی چارەسەری بهاوێژێت، لەهەڵبژاردنی 2005دا پارتی داد و گەشەپێدان بەڵێنی چارەسەرکردنی دۆزی کوردی لەو پارچەیە دا بۆیە کورد دەنگی بۆ پارتەکەی ئەردۆگا دا، بەڵام لەماوەی 4ساڵی دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشەپێداندا هیچ هەنگاوێکی چارەسەری بۆ کورد نەبینرا، بۆیە لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکانی29/3ئەمساڵدا کورد دەنگی بەئەردۆگان نەدایەوە و رێژەی دەنگەکانی ئەو پارتە سەرەڕای بەڵێن و هەوڵەکانی لەپێناو قازانجکردنی ئەمجارەی دەنگی کورددا دابەزی، دەتەپە رێژەی دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنەدا لە53شارەوانیەوە گەیاندە 99 شارەوانی و لەناویاندا چەند پارێزگایەکیش هەبو و 14سەرۆک شارەوانیش ژن بون، هەرچەندە لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە گرتنی ئەندامانی دەتەپە وەک کاردانەوەیەک بۆ سەرکەوتنەکانی لەهەڵبژاردندا دەستیپێکرد، بەڵام لەکۆبونەوەی مانگی5ی ئەمساڵی نێوان عەبدوڵا گویل سەرۆک کۆماری تورکی و ئەحمەد تورک سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئاراستەکان گۆڕان، کە دوای هەڵبژاردنەکان بەماوەیەکی کەم ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا سەردانی تورکیای کرد، گویل لەدانیشتنەکەیدا لەگەڵ ئەحمەد تورک وتی، ئەگەر لەرابردوودا ستاندەرەکانی دیموکراسی چاکتر بکرانایە ئێستا کێشەکانی تورکیا چارەسەرکرابون و ریفۆرمی لەسەرخۆ دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.


یەکێک لەمەرجەکانی کۆپنهاگن بۆ وەرگرتنی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپاش چارەسەرکردنی پرسی کوردە، سەرکەوتنی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەهەڵبژاردنەکاندا بوە هۆی درێژکردنەوەی ئاگر بەستی پەکەکە تا 1/6 بەو هیوایەی تورکیا ئیرادەی کورد بناسێت و لەگەڵ نوێنەری راستەقینەی کورد پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دابنیشێت ئەمە لەزاری قەرەیڵانەوە راگەیەنرا، دوای ئەم سەرکەوتنەی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەسەڵاتدارانی تورک زیاتر هەستیان بەبونی ئیرادەی کورد لەباکووری کوردستان کرد، بۆیە لەکۆتایی مانگی5دا عەبدوڵا گویل سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەگرنگی و پێویستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد و هەر لەو کاتەشدا حەسەن جەمال رۆژنامەنوسی تورک سەردانی موراد قەرەیڵان سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستانیکرد، درێژکردنەوەی ئاگر بەست لە1/6وە بوە هۆی خۆشحاڵی رۆشنبیرانی تورک و لەهەمانکاتدا ئیلکەر باشبوغ سەر لەشکری تورکیاش رایگەیاند ئەوان پەیوەست نابن بەم ئاگربەستەوە و شەڕی تیرۆر هەر دەکەن رۆژی10/7 ئەمساڵیش لەمەراسیمێکدا 72 گەنجی باکووری کوردستان تەڤلی ریزەکانی گەریلا بون، وەک ئاماژەیەک بۆ زیندوویی خەڵکی باکوور و کاریگەر نەبونیان بە بەڵێنەکانی ئەردۆگانەوە و لەمانگی 6دا پەکەکە لەبەیاننامەیەکدا ووتی ئێمە پابەندی ئاگربەست دەبین، بەڵام ئەگەر هێرشمانکرایە سەر مافی رەوا بەکاردێنێن و بەرگری لەخۆمان دەکەین و رۆژی 8/6یش تورکیا بەفڕۆکە بۆردومانی سنوری شەرناخی باکووری کرد، لەم سەروبەندەدا پارتی کۆمەڵگەی دیموکرات داوای لەتورکیا کرد وەڵامی ئاگربەستەکە بداتەوە، کەنیەت پاکی پەکەکە نیشاندەدات و لەمانگی6یشدا لەئەنجامی هەوڵەکانی ئەحمەد تورک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و چارەسەرکردنی دۆزی کورد بەرێگەی ووتوێژ رۆشنبیرانی تورک ئەم هەڵوێستەیان بەجوامێرانە وەسفکرد و داوایان لەدەوڵەت کرد رێز لەم هەوڵانە بگرێت، ئەحمەد تورکیش داوای لەگویل کرد بەکردار هەنگاو بۆ وەڵامدانەوەی ئاگر بەستەکە بنێت تا بەرێگەی ئاشتیانە چارەسەری کێشەکە بکرێت.
لەمانگی 6دا لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی تایمزی بەریتانی قەرەیڵان رایگەیاند وەک چۆن بەریتانیا ئیرادەی گەلی سکۆتلەندی پەسندکردوە و رێگای پێداون پەرلەمانێکی هەرێمی دابمەزرێنن، پەکەکەش داوا لەتورکیا دەکات رێگا بەکورد بدات پەرلەمانێکی هەرێمی تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن، پڕۆژەکەی ئەردۆگان و گویل بۆ چارەسەری دۆزی کورد، بەبڕوای سیاسەتمەدارانی تورک بەرهەمی نابێت تا گۆڕان لەدەستوردا نەکرێت و دەسەڵاتی سوپا کەم نەکرێتەوە کە ئەمە مەرجەکانی کۆپنهاگننیشن بۆ وەرگرتنی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا.


راگەیاندنی نەخشە رێگای چارەسەری کێشەی کورد.


بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان کەماوەی 10ساڵە لەژورێکی تاکەکەسیدایە و لەدورگەی ئیمڕاڵی دەستگیرکراوە، سەرەڕای ئەشکەنجەدانی بەردەوام و ژەهرخواردکردنی لەلایەن تورکیاوە بەمەبەستی شکاندنی ئەو ئیرادەیەی کە لەناو گەلدا دروستیکردووە، لێکۆڵینەوەکانی لەسەر چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد زیاتر بوون و دوو پاراستننامەی بەقەبارەی 1600 لاپەڕەیی بەمەبەستی ناساندنی ریشەی کورد بەدادگایی ئەوروپا نووسیوە و پڕۆژەکانی بۆ چارەسەری خستۆتەڕوو، وەک لەراگەیاندنەکاندا بڵاوکرایەوە کەبەڕێز ئۆجەلان بەنیازە لە15ی ئابدا لەهەمان ناوچەی"ئەڕۆ شەمزینان" کەیەکەم فیشەکی شەڕی چەکداری لەوێوە دەستیپێکرد، نەخشەی رێگاکەی بۆ چارەسەری دۆزی کورد بڵاو بکاتەوە، بەڵام وەک هەر جارێک لەکاتی چونی پارێزەرەکانی بۆ ئیمڕاڵی ئاستەنگیان بۆ دروستکر و رۆژی هەینی چونە ئیمڕاڵی و کەمێک لەهێڵە گشتیەکانی نەخشەی رێگای بەڕێز ئۆجەلانیان بڵاوکردەوە و لەپەیامەکەیدا دەڵێت ئەم سەردەمە بەقەد سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیا گرنگە و دەبێت کورد خۆی خاوەن بڕیار بێت، نابێت هەموو شتێک بخرێتە ئەستۆی منەوە چونکە بەم شێوەیە هیچ شتێک چارەسەر نابێت، لەرابردودا باوەڕم وابو کە ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی دروست ببێت، کێشەکە چارەسەر دەبێت بەڵام بەو ئەنجامە گەیشتم کە کێشەکە ریشەیەکی هەیە و دەوڵەت چارەسەری ناکات، وتەکەی هیگل لەبابەت دەوڵەت و نەتەوە گرنگە هەبونی دەوڵەت کێشە چارەسەر ناکات و قوڵتریشی دەکاتەوە، بۆیە من چارەسەری لەبەدەوڵەتبوندا نابینم، ئەگەر دەوڵەتێکی فیدراڵی وەک باشوریشم بدەنێ نامەوێت، بەڵام ناڵێم با کورد بەئاراستەی چارەسەری کێشەکەیان نەبنە دەوڵەت، دەوڵەت دەبێت بەڵام با رێز لەئازادییەکان بگرێت.

_____________________________
تێبینیی: رۆژی 15ی 8 ئاب نوسراوە بەداخەوە دوو رۆژنامە بۆیان بڵاو نەکردمەوە.