١٥\٣\٢٠١٦
مەرجەکانی کامپی
دروست بۆ پەناهەندە و بێ مەرجی کامپی ئێزیدییەکان.

کازیوە
ساڵح
- بەشی
سێیەم -
بە پێی زانیاریەکانی بەڕێوبەریەتی گشتی کاروباری ئێزیدیەکان لە
وەزارەتی ئەوقافدا ،ئاماری ئێزیدیەکانی دانیشتووی کوردستان وعێراق بەر
لە جینۆسایدکردنیان لە لایەن داعشەوە لە نێوان ٦٠٠،٠٠ بۆ ٥٠٠،٠٠٠ هەزار
کەس بوون ،ئێستا ٤٠٠،٠٠٠ هەزار کەسیان ئاوارەن و لە کامپدا ئەژین.
کامپەکانیش (١٧) حەڤدە دانەیان کەوتووەتە ناوچەی دهۆک، (٢) دوو کامپ لە
هەولێر و لە دوو کامپی سلیمانیشدا ٢٧١ دوو سەد وحەفتاو یەک ماڵی ئێزیدی
دەژین.بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە مانگی هەشت (٨-٢٠١٥) سەردانی
کامپی ئێزیدیەکانم کرد لە هەردوو ناوچەی دهۆک و سلێمانی، ئەوەی
پەیوەندی بە بەڕێوەبردن و مەرج و باردۆخی کامپەوە هەبێت لێرەدا سەرەتا
ئەوانەی دەستەبەرکراون وپاشانیش کەم کوڕیەکان دەخرێتە ڕوو..
ئەوەی لەم کامپانەدا فەراهەم هاتووە، هەر ئەوانەن کە لە دۆخی
فریاکەوتندا بۆ پەناهەندە دابین ئەکرێت لە ڕووی نێو دەولەتێیەوەو پێی
دەوترێت هاوکاری سەرەتایی، لەوانە: دەوار ، ئاو، کارەبا و نەخۆشخانە و
قوتابخانە و پێداویستیەکانی دی کە پێشتر باسم کردوون بەڵام بە شیوەیەکی
نادروست و ناتەواو. بۆ نموونە لە گەڵ ئەوەی ئێزیدیەکان ساڵێک زیاترە لە
ژێر دەواردا ئەژین ، بە پێێ ڕێنمایە نێو دەوڵەتیەکان پیویست بوو هەتا
ئێستا ببوایە بە ماڵی پلاستیکی واتە کابینە، بەڵام هەتا لە ژێر دەواری
بچووکی نایلۆندا ئەژین. با گریمانەی ئەوەی کە بە هۆی زۆری ئاوارەوە
ئێستا جێبەجێکردنی وەها پلانێک بە مەحاڵ هەژمار بکەین، هێشتا شیوەی
ڕێکخستن و پلاندانان و خزمەتگوزاریەکانی دی ناتەواون ، بۆ نموونە:
١- ئەو پێوەرەی لە قەوارەی دەوارەکاندا بۆ یەک کەس دانراوە، لە کامپی
ئێزیدیەکاندا هەندێ جار خێزانێکی شەش بۆ هەشت کەسی تێدا ئەژی،
دەوارەکانی بە ڕیز لکاون بە یەکەوە و دوو مەتر نێوانیان نیە. هەر لە
بەر ئەم هۆیەش کاتێک دەواریەک گڕ دەگرێ ، ڕیزێک دەوار ئەسووتێت و زیانی
ماڵی وگیانی زیاتری لێ ئەکەوێتەوە لە ناو ئەم کامپانەدا هەتا مانگی
هەشت تەنها لە کامپی عەربەتدا چوار منداڵ بەم جۆرە ئاگر کەوتنەوەیە بە
سووتان مردبوون.
٢- سەنتەری پزیشکی بۆ ئەو ژمارە و بەو مەرجانەی کە دانراوە بوونی نیە
لە کامپەکاندا ، هەموو کامپەکان دهۆکدا چەند سەنتەریکی پزیشکیان هەیە
ئەوانیش هەتا کاتی سەردانی من پزیشکی تایبەتی تێدا نەبوو ،کارمەندەکانی
دیش هەموو کات لەوێ نین، واتە کاکردن تێدا نیوە کاتە نەک هەموو کات. لە
کامپی عەربەتیشدا، بە هەموو ئاوارەکانی ئێزیدی، شەبک و عەرەبەکان یەک
سەنتەری پزیشکی تێدایە ، دۆخی ئەمەیان لە ڕووی هەبوونی پزیشک و
کاتەکانی کردنەوەی سەنتەرەکە باشترە، بەڵام ئەمیش پزیشکی تایبەتی تێدا
نیە بە دەگمەن پزیشکی گشتی دادەنیشێت و، زیاتر برین پێچ و کارمەندی
پزیشکن.
٣- لە هەموو کامپەکاند خاڵی گواستنەوەی ئاو بۆ نێو دەوارەکان بەو
پێوەرەی دانراوە نزیک نیە لە دەوارەکانەوە و یەکێک لە ئاوارەکانی کامپی
عەرەبەت ووتی کە ٤٠ چل ژنی ئێزیدی مناڵیان لە بار چووە بە هۆی هێنانی
ئاو لەو شوێنە دوورەوەی تەنکەرە گەورەکانی تێدا دانراوە.
٤- تەنهائۆفیسی بەڕێوەبردن بوونی هەیە ، سەنتەری دابەشکردنی خواردن،
سەنتەری میوان، هەلی کار، هۆکارەکانی گواستنەوە ، سەنتەری دەروونی
تایبەت بە ژنانی لاقەکراو بوونی نیە لە ناو کامپەکاندا..
٥- خاڵی ئاگر کوژێنەوە و ئاوەڕۆ ، سەرشۆر وتەوالێت بەو شێوەی لە
مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پزیشکانی بێ سنووردا دیاریکراوە بوونی
نیە. سەرشۆرەکان چەند ڕۆژێک بۆ ژنان و چەند ڕۆژێک بۆ پیاوانە لە
کامپەکانی دهۆک، ژمارەیان هێندە کەمە هەفتەی یەک جاریش هەموو کەسەکان
خۆشتنیەکیان بەر نەکەوێت. جۆگەی سەر مێشوولەگرتووی کامپەکانی عەربەت
مژدەی بڵاوبوونەوەی سەدان جۆر ڤایرۆس بە هەموو ناوچەی سلێمانی ئەدەن
نەک تەنها کامپەکان.
٦- قوتابخانەکان لە گەڵ ئەوەی تەنها سەرەتایین، ئەوانەی کامپەکانی دهۆک
ئەوەندە دوورن ئەبێت بە ئۆتۆمبێل ، ئەمەش کێشەی ئابووری بۆ ئەوانە
دروستکردووە کە لە ڕووی ئابوری و بوونی هۆکاری گواستنەوەش قورسە ، بۆیە
زۆربەیان ناڕۆن بۆ خوێندن. ئاوارەکانی کامپی عەربەتیش یەک پۆلیان بۆ
کراوەتەوە بۆ هەموو ئاین ونەتەوە جیاوازەکانی ئەوێ، لە بەر ئەوەی
نزیکەی ٢٧٠٠ دوو هەزار وحەود سەد ماڵی عەرەب و عەرەبن و تەنها ٢٧١ دوو
سەد وحەفتاو یەک ماڵی ئێزیدین . ئێزیدیەکان لە ناویاندا کەمێنەن
مناڵەکانیان لەو پۆلەدا ڕووبەرووی ڕەگەزپەرەستی ونیگەرانی ئەکرێنەوە ،
عەرەبەکان گاڵتە بە خۆیان ئاینەکەیان ئەکەن و شەڕیان لە گەڵئەنێنەوە،
بۆیە منالەکانیان ناچنەوە بۆ ئەو تەنها پۆلەش..
٧- بازاڕ بوونی نیە ، هەندێ جار دەستگێر دەچێتە ناویانەوە بۆ فرۆشتنی
میوە و سەوزە،کەسێک لە کامپەکانی دهۆکدا ژێر دەوارێکی کردبوو بە دووکان
وهەندێک سەوزە و میوەی تێدا دانابوو بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ ،
بەڵام پێێان وتبوو ئەبێت کرێی شوێنی دەروارەکە بدات، لە کاتێکدا ئەو
دەوارانە لە دەشتێکی چۆڵدا هەڵدراون، ئەو کەسەش خۆی ئاوارەیە .ئەیگووت،
" کرێ بە کێ و بۆچی بدەم، کە ئەم شوێنە خۆی دەشتە موڵکی کەس نیە و کەس
لێرە بۆ دەوارەکەی کە تێدا ئەژی پارە نادات، ئەمەی من کاسپی تیا ئەکەم
بە نرخێکی کەم شت ئەفرۆشم زۆر کەم قازانج ئەکەم، هەندێ جار هەر
قازانجیش ناکەم، بەس حەز ئەکەم خزمەتی ئەم خەڵکە بکەم، ئەگەر ئەوان
کرێم لێ بستێنن منیش ناچارم نرخەکان بەرز بکەمەوە".
٨- نەخۆشی پێست لە نێویاندا بە تایبەت لە نێو منداڵاندابڵاوبووەتەوە و
بە بێ هەبوونی پزیشکی پێست.
٩- لە گەڵ ئەوەی کۆمەڵێکی زۆر ژنی دوگیان لە کامپەکاندایە و پزیشکی
مناڵ بوون لە سەنتەرەکاندا بوونی نیە، خزمەت و خورادنی زیاتر یان
جیاوازتر بۆ ژنانی دووگیان نەک بوونی نیە ، مەسەلەی باس و بایەخیش نین.
١٠- کارەبا لە کاتژمێر ٢ دووی پاش نێوەڕۆ بۆ کاتژمێر ١٠ دەی شەو
دەستەبەرکراوە و کاتەکانی بە ڕۆناکی دەستی بێ نەوت ' لایت' ژێر
دەوارەکانیان ڕووناک ئەکەنەوە.
١١- جەستەی مناڵان لە تەمنیان بچووکتر بوو لە ژێر ئەم دەوارانەدا،
یەکیک لە باوکەکان لە خەمی کچە سێ سالەکەیدا بوو کە جەستەی لە دوو ساڵ
دەچوو، گووتی، " لەوەتەی لێرەین مناڵەکانمان زیاد ناکەین، کچەکەم هەر
ئەوەندە بوو کاتێک ئاوارە بووین" دایکان وباوکانی دیش هەمان سکاڵایان
هەبوو. ئەمەش نیشانەی بەدخۆراکیە لە نێو ئاوارەکاندا.
١٢- لە دەروازەی هەر کامپێکدا خاڵی پۆلیس و بەڕیوەبردن هەیە وەکو
ئاسایشی شوێنکە ، بەڵام ئەوانەی کامپەکانی عەربەت لە بەر ئەوەی
هاوشێوەی کامپەکانی دهۆک ئێزیدیەکان زۆرینە نەبوون و بە ژمارەیەکی زۆر
ماڵە عەرەب دورییان گیرابوو، لە نێو کامپەکەدا مەترسی ڕووبەڕوویان
ئەبوویەوە، سەرەتا ژمارەیەکیان لە بوونی ئەندامی داعش ئەترسان لە نێو
کامپەکەدا، چوونکە هەدنێکیان دەیانگووت زانیاریان لایە کە تا دوو سەد
ئەندامی داعش بوونی هەیە لە نێو عەرەبەکاندا. گوایە جاریەک مێرمنداڵێکی
عەرەبیان بە بۆمبەوە بینیوە هاتووەتە ڕێزی دەواری ئێزیدیەکانەوە و کە
ڕایانکردووە بیگرن، لە نێو دەواری عەرەبەکاندا شاراوەتەوە. لە ڕووی
ڕەگەز پەرەستی و جوداوازییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دیاردەی نابەجێ
بوونەتەوە لە هەبوونی یاسای سەروەردا لێبرسینەوەی یاسایی بەرانبەریان
ئەکرا. چەندین مەترسی دیش کە لە خالەکانی دیدا لێی دەدوێم. هەر یەک لەم
مەترسیانەش پەئیوەندی بە ئیدارەی ناوجەکەو ئێدارەی کامپەکانەوە هەیە
نەک ڕێکخراوی و دەزگای دەرەکی.
____________________________
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/mercekanikamp2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/mercekanikamp.htm
ماڵپهڕی کازیوه ساڵح
|