٦\٩\٢٠١٩
مەرەقی "با" بردە.

خوناو سمایل
لەو دونیا پەراوێزخراوەی ئێرە کێ بەو بەیانیە زووە گوێ لۆ هاشوهوشی
گەڵای وشك شل دەکا؟ کام ژن دڵی دێ پرچی خۆی بداتە دەست هۆزە بایان تا
بەکەیفی خۆیان تەخشانو پەخشانی بکەن، رەنگی سپی و نارنجی بۆیە
کاڵبۆوەکانی لێ سەراو بن کەن؟
لەو سەرمایەی ئەوڕۆ قاپوتە درێژ و ئەستورەکەی خۆی بەو هەموو خۆشەویستیە
وا توند لە بازنەی ئامێز دەگوشی.
تەماشا! تەماشای ئەوبەری ئەو ڕوبارە بکە، بەلەمەکانیش وا بەو بایە وەك
هەموو شتێکی ئەو زەویە بیێئۆقرەیی دەیانگرێ، شین و سپی و رەنگی ترن .
وا بە گوریس بە رۆخی روبارەکە بەستراونەتەوە و هێشتاش بەرزەفت نابن.
وای لە هۆزە با! قەلسی بە هاتنیان چونکە کە دێن، بێئۆقرەیی دێ!
ئێستا نە خۆشیت بە "با' دێ و نە بە پایزیش. ماوەیەکە دڵخۆش نی بە جوانی
سروشت. چیتر بەرگەی دەمدەمی و ئاڵوگۆڕیەکانیت تێدا نەماوە. تەنها هاوین
نەبیکە جارجارە بیری دەکەی. لەوانەیە ئەو بیرکردنەشت لەبەر سەرماو
سەهۆلی ئەو باکورە ی ئێرە بێ. هاوینت لا ئازیز ماوە، بەڵام هێشتاش
گەرمی قاپوتەکەت لا پەسەند ترەو وا هەست دەکەی کە تەنها قاپوتی ئەستۆر
بە هانای لەرزینی بەدەنت دێ لە سەرمای زستانی ئێرە. هەر لۆیەش نازی
قورسی و ئەستوری هەموو قاپوتەکانت زۆر دەکێشی.
بە خۆشت نازانی چ شتێك هاندەر بوو لۆ هاتنت!
بەڵام دەزانی لۆ کێ هاتی!
هەر بە سروشت خۆت ژنەکی دوودڵ هەڵکەوتووی . بەڵام ئەمڕۆ وا هەست دەکەی
زۆر ئارامی. ماوەیەکە دڵی خۆت بەوە خۆشکردیە کە هەموو تەمەنێك دیاریێك
دێنێ. ئی ئەو تەمەنەی ئێستای تۆش ئەو ئارامیەیە.
یەكڕێ هاتی و لەو سەرە فلکەیە وەستای. کە هاتی هۆزە بایەکانیش بەرز
هەڵیانکرد و نزم دایانکردەوە .پێش هاتن لەگەڵ خۆت دەدوای. دەتگوت
لەوانەیە هۆرمۆنێك بێ و لە هەڵکشان دابی، دەترسای لە پر دابەزیتەوە و
بڕیارەکەت پێبگۆڕی. یانیش دەتگوت لەوانەیەگۆڕان لە تەمەن بێ کە سۆزی
هەستەکانت وا بەوهەموو پەرۆشیە لێ هان دەدەن.
لە ژورەکەت چەندین لاپەڕەی نوسراو هەیە کە لەسەر مێزەکە لاموبالات
وەلاوە نراون، چەندین چیرۆکی تەواونەکراو، کتیبی جۆراوجۆر کە هێشتا
هەر بەتەمای تەواو خویندنەوەیانی و نایکەی! ئای کە وەڕسی داتدەگری لە
بونیان و لە تەواو نەکردنیان! هەندێك جار وا هەست دەکەی "با' یەکان لە
خۆت بچن و وەك تٶ ناجێگیر بن. لۆیەش کەیفت پێیان نایێ، چونکە ئەتو کە
بەرگەی ئەو هەموو ناجێگیریەی خۆتت نەمایە، چجا بەرگەی سەرلێشێواوی
"با'ش؟
بڕیارت دا پەرۆشی وەلا بنێی و هاتی!
کات: هێشتا هەر زووە
شوێن: بازاڕێکی چۆڵ
رۆژ: شەممە
ساردە، پەنجەکانت هەم تەزیون و هەمیش سۆزی نوسین دایگرتوون. پەنجەکان
لە بیر خۆت دەبەیەوە، چونکە "تٶ" ئێستا مەستی سۆزێکی تری. جەسوورییەك
دایگرتووی کە خۆشت تێناگەی لۆهێندە سووری لەسەر رووبەڕووبونەوە ی
مەرەقی ئەو سۆزەت.
هۆزە بایەکان لەسەرەوە توند تێكدی دەئاڵان و لە خوارەوەش ئاسان
یەکتریان بەردەدا. ئەوانیشت وەك ئاشقانی ئەو سەردەمە هاتنە بەرچاو کە
گوریسپەتن،بە خۆشەویستی و ئیشق ئاشنا نابن.
وشەی" ئیشقت" هاتەوە بیر! گرێیەك لە هەناوت پەرت بوو. ئێ خۆ دیارە چ
شتێك ئەوڕۆ ئەتۆی وە دەرنا، مەگەر سۆزوغەریبی کردنت لۆ ئیشقێك نەبوو؟
ئەدی وا نەوەستاوی تا بگاو دوبارە ئاشق بیەوە؟
لە ئیشقێك دەگەڕێی نە لە بای ساردو نە لە رەنگی پایز بکا. سۆزی ئیشقی
رۆژانێكە کە هێشتا بەهارت لا تەڕو سەوزو ناسك بوو، ئیشقێکی ئازاد لە
تەوژمی خوێنی دڵێکی تەندروست ئاسان مەلەبکا. لۆیە هاتی و گوێت نەدایە
هەورە نزمەکانی ئاسمانی ئەوڕۆ. ئەگەری هەورەتریشقە و گەوارەش
ناتترسێنن.
لەبەر خۆت دەتگوت "چی تێدایە با من دەستپێشخەربم".
دەتگوت "بە سڵاوێك ڕایدەگرم و بە ئارامی دەیلێمێ کە دەمەوێ بیناسم".
پێدادەگری ئەو مەرەقەت بینیە دی، نەك بیخەیە سەر کاغەز و ببیتە
چیرۆکێکی تەواونەکراو، یانیش حەسرەتەکی نەهاتەدی.
پیاوێك لەولا بە دەرکەوت.جادەکانی نێوانتان درێژ و باریك بوون.
سۆزی ئەو مەرەقە هێشتا هەر لە قوڵپدانەوەیە و دەتکوڵێنی.
"بایەك" پیاوەکەی وەگەر خۆی داوخێراتر بەرەو رووت هات، سڵاوێك بە
دەنگێكی باریك و تیژ،هی ترس و دودڵیێك کە لە جورئەتی ئەورۆتی نەدەکرد
لە قوڕگت هاتە دەر.
"سڵاو سەرچاو"کابرا وەڵامی داوە.
هەردووكتان کپ بوون!
هۆزە بایەکەی ئیستا هەر لە گڤە گڤ بوو، تووڕە تر هەڵیکردو هەموو شتێکی
بە هەوا خست. پایز زەردتر و رووتتر هەڵگەڕاو دەرفەتی قسە کردن قوت بوو.
پیاوەکەت لێبوو بە سێبەر، زۆر نەناست هاتە بەرچاو. ئەو سێبەرە
نائاشنایە وا حەزی مەراقێکت دەکوژێنتەوە.
واز لە سێبەرەکە دێنی و دێڵی رەتت بدا.
زۆری نەبرد کابرا رەت بوو و رۆیشت. ئەتووشکەوتیەوە ناو خۆت!
سەرماکەی ئەودەمتەزاندتی.
بە بروسکەیەکی کورت و خێرا مێشکت پرسی: مانگی داهاتو نابیە ٥٠ ساڵ؟
بێزت لە بوونی سەرماو بۆنی ئەو پایزە بۆوە کە دەهات لە سەرودڵت بدا.
هەستت بە دورکەوتنەوەی بەهار دەکرد، واتزانی پسولەی گەڕانەوەت بۆ دواوە
تاهەتا گوم کردییە. غەریبیت لۆ دڵدارییە کورت و درێژەکانی رۆژانێك
هەستا. ئێستا تارمایی زۆربەی ئەو نێرانەی کە هەستەکانیان جوڵاندبووی
ڕونتردێنە بەرچاوت.
بیرئاڵۆزی بە حەزی جحێل بونەوە و ترس لە گەورە بوون، پەستی بەو شتانەی
لە دەستچوون و تازەش سەختە ببنەوە.
٢٠ ساڵی دوورە وڵاتیت خەمێکە، ترسی تەنیایی رۆژانی ئێستات ومەتەڵی چۆن
گوزەرانی تەمەنی داهاتووشت خەمی ترن.
بایەکان وەك خٶیان هەر بێباکن... هێشتاش هەر لەسەرەوە لۆ خوار هەڵکش و
داکشیانە.
خەمسوكیەکم لێتنەدیت، لەگەڵ خودت ئاشتبوویتیەوە یانیش هێشتا هەر لێك
زیزن؟
وا بزانم بەرگەی ئەو هەموو ئاڵوگۆڕیەو سەراوبن بونەی ناخی خۆتو دەرێی
خۆتت نەما.
جێگەی پەرۆشی و سۆزی گەڕانت بە دوای ئیشقێك سوێیەكگرتیەوە.
کات رانەدەگیرا و "با"ش بەرزەفت نەدەبوو، ئامادەباشیت کرد لۆ جێهێشتنی
فلکەکەی کە واتدەزانی دەبێتە شوێنی جێژوانێك.
جانتاکەت توند لە شانت قایم کرد و وەگەر بایان کەوتی و بەرەو ماڵ
رۆشتیەوە.
٥\٩\٢٠١٩
- درامێن - نەرویج
ماڵپهڕی خوناو
سمایل مامه
|