١٢\٥\٢٠١٠
مەرگێک بۆ هەمووان
لە ژێر عەرشی دەسەڵاتدا.

شوان جەلال
بەبۆنەى رۆژی جیهانى شانۆوە ئێوارەى27/3/2010، لە هۆڵی رۆشنبیرى کفرى،
شانۆیی (مەرگێک بۆ هەمووان لە ژێر عەرشی دەسەڵاتدا) لە نوسینى (سامۆیل
بیکێت) و وەرگێرانى لەعەربیەوە (یاسین قادر بەرزنجی) و دەرهێنانى (عەلی
فواد) و نواندنى (هاوار هاشم، سەرو ئیبراهیم، عەلی فواد).
دەرهێنەر وەکو کارى دەرهێنان ئەمە دووەمین ئەزموونى دەرهێنانێتى کە هەر
ئەمساڵی دواقۆناغی خوێندنی بوو لە پەیمانگاى هونەرجوانەکانى کفری،
هەڵبەتە وێراى ئەوەى کە ئەم نمایشە هەوڵ و ماندوو بوونێکى ئێجار گەورەى
لەگەڵ درابوو و بەردەر نەبوو دیمەنى ستاتیکى ( کە دواتر دێمە سەرى ) ،
بەڵام بەدەریش نەبوو لە هەڵە کەموو کوڕی ئەو تۆ کە لە نرخاندنى کارى
شالانۆییدا بە کەلێن و کەموکوڕی گەورە دەژمرێدرێن.
بۆیە من پێش ئەوەى لایەن هونەرى و دەرهێنان و نواندنى نمایشی (مەرگێک
بۆ هەمووان لە ژێر عەرشی دەسەڵاتدا) شرۆڤەى بۆ بکەم، بە دروستى دەزام
بۆ ئەوەى خوێندنەوەى زانستى بخەینە بەرچاوى خوێنەران گەر بە کورتیش بێت
لە دونیاى نوسینەکانى نوسەر گەورە سامۆیل بیکێت (1906 – 1989) بووەستم.
بە واتایەکى تر (مەرگێک بۆ هەمووان لە ژێر عەرشی دەسەڵاتدا)،
تێگەیشتنمان بۆ جیهانبینی نوسەرى دەقەکە کۆمەکمان دەکات لە کردنەوەى
کۆدەکانى نمایش، تەنانەت باوەڕم وایە یارمەتشمان دەدات لە هەڵسەنگاندنى
کارە هونەرەییەکانى نمایشەکە.
قەدەرى بیکێت وادەبێت لەو 83 ساڵەى تەمەنیدا دوو جەنگى خوێناوى
کارەستبارى جیهانى دەبینێت، کە هیچ جەنگێک لە جەنگەکانى پێشووى
مرۆڤایەتى قوربانى و کاولکارى هاوشێوى ئەو دوو جەنگە بەسەر مرۆڤایەتیدا
نەهێناوە. بیکێت لەو دوو جەنگەدا لەچەقی ئەو سەرزەمینە کە مەیدانێکی
خەستى لایەنە بەشەر هاتوەکان بووە. ئەوەش کارگەرییەکى گەرورە دەخاتە
سەر ژیان و نوسینەکانى. بکێت لە جەنگى جیهانى دووەم دواى کەوتنى پاریس
لەلایەن هێزەکانى نازى ئەڵمانیاوە تێکەڵاوى هێزێکى بەرهەڵستکار دەبێت و
دژبە سوپاى نازى دەجەنگێ. بیکێت لەو جەنگەدا (جەنگى دووەمى جیهان) رۆلی
کۆکردنەوەى زانیاریی دەگێرێ و دەزگایەکى زانیارى کۆکردنەوە دەکاتە
بنکەى چالاکییەکانى.*
نمایش.
ئەم نمایشە (مەرگێک بۆ هەمووان لە ژێر عەرشی دەسەڵات) لە بنەمادا ئەو
دەقەى ئیشی لەسەر کراوە (دیمەنى شانۆگەرییەکى تراژیدى) سامۆیل بیکێتە.
پرسیارى سەرەکى ئەوەیە بۆچی ناوى شانۆییەکە لەلایەن دەرهێنەرەوە بەو
شێوەیە دەگۆڕێت بە پێچەوانەوە ناوەڕۆکى شانۆییەکە گۆڕانکى واى بەسەر
نەهاتووە؟ ئایا دیدى دەرهێنەر بۆ ناوەڕۆکى شانۆییەکە ئەم ناوە
بەدروستترى زانیوە؟ گەر وایە پاساوەکانى دەرهێنەر چیە بۆ دروستى ئەم
ناونانەى نمایش و گونجانى لەگەڵ ناوەڕۆکدا؟ ئایا دەرهێنەر دەیویست بەم
ناونانەى نمایش، بینەران توشی موفاجئە و سەرسوڕمان بکات؟ یاخود
بەپێچەوانەوە دەرهێنەر دەیویست بەم ناولێنانە یارمەتى بینەران بدات بۆ
ئاسانکردنەوەى تێگەیشتن لە نمایش و ئەو رووداوانەى کە لەنێو نمایشدا
روو دەدات؟ بۆیە پاش ئەوەى نمایشەکە تەواو بوو، ئەو پرسیارانەى سەرەوە
لەسەرى مندا هەر دەسووڕایەوە، پاش چەند رۆژێک دەرفەتى ئەوەم بۆ رەخسا
گفتوگۆیەکى کورت لەبارەى نمایشی ناوبراوە لەگەڵ دەرهێنەر (عەلی فواد)
ساز بدەم، یەکسەر ئەو پرسیارەم لێپرسی، دەرهێنەر وەڵام و پاساوێکى
قەناعەت هێنەرى نەبوو، دواجار دانى بەوەدانا لە گۆڕینى ناوى شانۆییەکە
نەتوانیوە بەوردى کارى لەسەر بکات. بۆیە من وادەبینم گوڕینى ناوى
شانۆییەکە یەکێکە لە هەڵە و کەموو کورییەکانى ئەم کارە شانۆییە.
هەڵبەتە دروست وابوو ناوە بنەڕەتیەکەى خۆی بمایەتەوە کە ئەویش (دوا
دیمەنى شانۆییەکى تراژیدى)، شانۆییەکە باس دەرهێنەرێک و دوو ئەکتەری
دەکات لە هۆڵێکى نمایشدا خەریکى پرۆڤەى دیمەنێکى دوا نمایشێکن.
ئەم شانۆییە باس لە تێکەڵکردنى فانتازیاکانى ئینسان و واقیع دەکات،
هەندێ جار لە نێو ئەم شانۆییە سەرنجى بینەر بەتەواو بەڕووداوى شەڕێک
یاخود ژانگرتنى یەکێک لە ئەکتەرەکان ( کە ئەکتەرێکى کوڕِ بوو) چەشنى
ژانگرتن ژن بە منداڵ بوونەوە رادەکێشێت، لە پڕێکدا هەر لەنێو شانۆییەکە
یەکێک لە ئەکتەرەکان بە ئەکتەرى سێیەم دەڵێت: "دەرهێنەر ئەم جوڵەیە
چۆنە بەلاتەوە !."، هەروەها ئەم شانۆییە باس لە گەمەیی و پووچیەتى
ژیانى مرۆڤایەتى دەکات.
دەرهێنەرى ئەم نمایشە کۆمەڵێک پاچەى قوماشی رەش زۆر بەجوانى لەگەڵ چەند
شێشک وەک دیکۆر بەکارهێناوە. ئەمەش دیسانەوە دەچێتە خانەى ئەو دیدە
رەشبینە رادیکاڵەى کە تەواوى فەزاى نمایشەکەى گرتبۆوە.
نواندن لەم کارە شانۆییەدا دەبووایە بە وریایی و سلیقەیەکى فراوانتر
مامەڵەى لەگەدا بکررایە. (سەرو ئیبراهیم)ى دەبوو دەرهێنەر چارەى ئەو
گرژیەى جەستەى بکردایە کە خەوشێکى گەورەى لە شانۆییەکە دروست کردوو
بوو. (هاوار هاشم)یش گەرچی خاوەن جەستەیەکى لەبارە، بەڵام دەنگێکى
نەشیاوى هەبوو، بە جوانى دانى بە وشەکاندا نەدەنا، دەبووایە دەرهێنەر
(کە لە مێتۆدەکانى وانەى دەنگى خوێندى پەیمانگا خوێندوویەتى) چارەسەرى
ئەو خاڵە لاوازەى ئەداى نواندى (هاوار) بکردایە.. بەڵام (عەلی سەلاح)ى
ئەکتەر خاڵی پرشنگدارى نمایشەکە بوو. ئەو چ بە جەستە لەبارەکەى چ بە
دەنگى شیاو و هونەرییەکەى بینەرانى سەرسام کرد.
_________________________________________________
*
دانا رەووف، بەبۆنەى 100 ساڵەى لە دایک بوونى
سامۆیل بکیت، گۆڤارى شانۆ ژمارە 3.
ماڵپهڕی شوان جهلال
|