مەرگی
رۆحە سپیەکان.

ههردی شهفیق
ئەی ئەو ڕۆحەی ژیانت پێ بەخشیوم
بۆ ئەو ڕوخسارانەت لێ سەندمەوە بەدەم دەرۆزەکەرەکانەوە پێدەکەنی؟
نازانی ئەوینی من ئیشقێکە جیاواز لە مۆم و چراکان
بە ڕۆژیش ئەسوتێ؟
ئەی میهرەبانترین دۆست
ئیتر بهێڵە بە ئەقڵی ئەو گەمژانە پێ بکەنم
کە بە حیکمەتەکانی ئەو ڕیش چەرمووە پێدەکەنین دەیووت:
"زەمانێک دێت عیشق خاڵی دەبێتەوە لە خۆشەویستی"
سەیرکە چۆن
سوڵتانەکانی حەقیقەت
لە مەنهە جەکانی پوچیدا
بە نووسینەوەی
مێژووی جێ پێ لماویەکانی حوشترەکەی قەع قاع و
قادسیەی دۆڕاو
درێژە بە سیناریۆی مانەوەیان ئەدەن
لەم جەنگە دۆڕاوەی عاتیفەدا
تەپڵی سەرکەوتن لێئەدەین و فوارەی خوێنمان لێئەچۆڕێ
ئومێدەکانمان دەبنە خەیاڵی خاو
خەیاڵەکانیشمان بڵقی سەر ئاو
ئەو هەموو خوێنەی برینەکانمان نابینین بە جلە ڕەشەکانمانەوە
لە پێکەنینێکی مەستانەدا هەموو ئەو کوژراوانە ئەشارینەوە
ڕەنگی جلەکانی عالەمێکیان گۆڕیوە
ئەی میهرەبان.........
کات بەشی خەوێکی سپی تری بەدەمەوە نەماوە
وەرە دڵم بکەرەوە بە دەروێشە ئاشقەکەی جاران
ئەم تەمانە خەریکە بەرەو گۆڕستانە کۆنەکەی شار ملی ڕێگەم پێدەگرن
ئاخر ئێمە زەمەنەکان یەک یەک بەڕێ دەکەین و
لەبەردەم هەمان دەرگای ژەنگاوی گۆڕستانە کۆنەکەی شار
مارشی خەوە خۆشەکان ئەڵێینەوە
تەشیە کۆنەکەی جاران ئەڕێسینەوە
ئەی میهرەبانترین دەروێشی ئیشق
لەم تەنهاییەدا بە غروبم مەسپێرە ئەی میهری یاد
تا ئەم میحنەتە وەستابێت دەستەکانمان ئەژنۆکانمان جێناهێڵن
بەختیاری لە باخی موحیبەتدا
گوڵێکی رەشە ساڵانە لە ڕۆحماندا ئەڕوێ و
بەدیار حەوزی ئەو ماسیە زەلیلانەی لەژورەکانماندا
بۆ جوانی دروستمان کردوون
گۆرانی بۆ ئازادی ئەڵێین!!
ئەی میهرەبان.......
ئەوین لەم وڵاتەدا چەندە غەریبە!
ئەمڕۆ عیشقم بینی ئەو ڕوخسارەی جارانی نەبوو
پێدەچوو بە فڵچەی تابلۆکێشێ وێنە کرابێ
خەیاڵ بووبێ و ڕوو لەمەغریب وەستابێ
هەڵەمان کرد
لە عیبادەت لاماندا و
دەستمان کرد بە غروب پەرستی
ئەی میهرەبان..........
سەیرکە چۆن پشتاوپشت بە سەقەتی
ئەم ئیشقە ئەزەلیە ئەدەینە دەست نەوەکان
ئەوەی تەفسیری یەقینمان بۆ ئەکات خۆی لە گوماندا سوتاوە
ئاخر ئێمە دەرسەکانی میهرەبانیمان بە قۆپی بۆ ئایندە نوسیەوە
بۆیە هێندە تەوەزەل دەرچووین
منداڵیشمان پڕ بوو لە سرودی ئەو قۆچەقانیانەی
شووشەی قوتابخانەکانمان پێ دەشکان
باوکە میهرەبانەکانیشمان کەچی
ئێسقانەکانیان وەک دەست مایە هەڵدەگرتەوە و
گۆشتەکانمانیان وەک قۆچی قوربانی ئەبەخشی
ئەی میهرەبان..........
لە قوتابخانەدا چەند ئاشقێکی ترساو بووین!
چی ئاشقێکی تۆڵەسێن بووین!
هەڵە بووین ئەی میهرەبان
پێمان وابوو بە کوژانەوەی چراکان
ئیدی پەپولەکان خۆیان ناسووتێنن
ئەی میهرەبان چیدی پێم مەڵێ
هێندە خۆت مەخەرە بەر مژی خەیاڵ
نەبادا سیەکانت پڕ بن لە هەناسەکانی مردن
ئەمڕۆ مردویەک بە گۆڕی ئەو زیندوانەی ژیان پێدەکەنێت
لە ژیاندا بە مردن و گۆڕی خۆیان نازانن
لە گەمژەیی ئەو مرۆڤانەی حەیاپۆش و ڕووپۆشەکان دروست ئەکەن
فەیلەسوفەکان سەریان سپی دەبێ
لە سەیارەیەکی دۆمۆدیلدا
کچ و کوڕە خواپێداوێک
یەکتری بەو شەوانە تاوانبار دەکەن
هەریەکەیان بە دزیەوە
ماڵی بۆ ئەوی دی جێهێشتووە
کاسبکارێک حیکمەتی دەوڵەمەندبوونی کۆمەڵی دەوڵەمەنی خەیاڵی ئەژمێرێت
کوڕە هەژارێکیش داوای ئەو جۆرە مەیە لە مەیفرۆشەکە دەکات
خەیاڵی کات بەو کچەی خۆشی ئەوێ
پێی وایە ئیشق لە تێکەڵکردنی جەستەکاندا قێزەونە و
ئیشق تەنها
تێکەڵبوونی رۆح و خەیاڵەکانی ئەوێ
ئەی میهرەبان.......
ئێمە هەموو دەرگاکانی ئیشقمان بە شەق شکاند
بەتیلەى چاوێکیش بۆکلیلەکانى ڕۆح نەگەڕاین
بۆیە بە ریسوایی هاتینەدەر
ئەی میهرەبان!
|