په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٧

    مەرگی سێبەر.


گولێ سەلیم

لە بای سەفەرێکەوە
گەڵا زەردەکانی خەون
دادەڕژێنە نیگام و.. بە دەم رێوە
بە رەوتی نووشتاوەم دەتریقێنەوە..
ئەو ساتانەی لە سێبەری بێ سالارییت
خانەخۆێی سەفەرەکان بووم و
سەفەرم بە سەفەر دەکردەوە،
تا لە سێبەری بێ سالارییت
چاوم لیستی کۆترەکانی عەشق و
لێوم توێشووی رەشۆلە تۆراوەکان بوو
سەرتاپام گۆنا و لێو بوو بۆ پێکەنین
ئەوەتا لە سوتانی سێبەرەوە
سەفەرێکی دووکەڵاوییم
پێڵاوەکانم دوو لێوی پڕن بۆ پێکەنین
زەمەنێ ستوونیی.. زەمەنێ ئاسۆیی
خاڵی نییە بۆ یەکتر گەستن
لەوێوە هێڵەکان دەکەمە جۆگەی
فرمێسک..
درەختێکی سەفەرییم
ئیدی خزمایەتیم بە گەلاوە بڕا..
سەفەرێکم لە گۆڕستان
بۆ بیانووش ترسێ نەما
ئەوەتا چەند داوە قژێ
لەسەر مەمکم (تامی مەرگ)
دەنەخشێنن
من و باوکم بە یەک لێو مەرگمان چێشت
من بێ سێبەر مامەوە و
ئەو سێبەری بۆ خۆی راخست.

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک