په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٣\٢٠٢٠

مەرگ و شوناسی نەمرییبوون.
- ڕانانێک بۆ پەرتووکی دڵشاد مەریوانی نوێکاری چیڕۆکی کوردی -


سەدیق سەعید      


زۆرن ئەو مرۆڤانەی، کەلە دوای مەرگیان نەمر دەبن وشوناسی مانەوە و نەمری وەردەگرن.ئەم جۆرە مرۆڤانە، لە بری ئەوەی مانەوەیان لە ژیان نەمریان بکات،ئەوا چیڕۆکی مەرگ و مردنیان دەبێتە شوناسێک بۆ ھەمیشە مانەوەیان بە زیندوویی لە یادەوەری ئێمەدا.ئەمە بەو مانایە نییە، ھەموو مردنێک وێستگەیەک بێت بۆ نەمریبوون، چونکە کەم نین ئەوانەی لە ژیان و دوای ژیانیش، لە پەراوێزی مێژوودان.بەڵکو نەمریبوون بەو مانایەی ژیانی ئەوان لە مەرگییانەوە دەست پێ دەکات.ئیدی ئەوان بە ڕوح، بە مێژوو، بە داھێنانەکانییان ھەمیشە لە نێو ئێمەدان، با بە جەستەش ونبن.یەکێکیش لەو مرۆڤە نەمرانە، نووسەری شەھید(دڵشاد مەریوانی)یە. بێگومان ئەم ناوە، ناوێکی دیارو ئاشنایە لە نێوەندی ئەدەبی کوردی ولای ھەموومان. نووسەرێک کە ژیان و نووسینەکانی، یاخیبوون بوون لە دژی دەسەڵات و گەڕان بە دوای سەربەستی و ئازادی. مرۆڤێک، تینووی ئازادی وسەربەخۆیی، ھەربۆیەشە دواجار بەدەستی فاشییە بەعسییەکانەوە، لە سێدارە دەدرێت. چیڕۆکی ژیانی ئەم نەمرە، لێرەوە دەست پێ دەکات.پەرتووکی(دڵشاد مەریوانی نوێکاری چیڕۆکی کوردی) ھەوڵێکی دیکەیە، لە پێناو ناساندنی ئەزموونی ئەم نووسەرە شەھیدە، کە نووسەرێکی فرە بەھرە بووەوە لە چەندین ژانری ئەدەبییەوە، دەقی نووسیوە. ئەم پەرتووکە، لە چەند باسێکی سەربەخۆ پێکھاتووە.

لە باسی یەکەمد، نووسەری پەرتووکەکە دیدو ھەڵسەنگاندنی نووسەرانی کوردی لە بارەی ئەزموونی نووسینی مەریوانییەوە خستۆتە ڕوو. کە ھەموویان باس لەوە دەکەن کە مەریوانی، نووسەرێکی فرە بەھرە بووەوە لەیەک کاتد، شیعرو چیڕۆک و ڕۆمان و شانۆنامە و لێکۆلینەوەی ئەدەبیشی نووسیوە. بە تایبەتیش تێڕوانینی خۆی لە بارەی چیڕۆکی کوردییەوە خستۆتە روو لە ڕووی مێژووییەوە.

باسی دووەم، لێکۆڵینەوەیەکە لە بارەی ڕەگەزی ناونیشان لە چیڕۆکەکانی مەریوانیدا. کە لە یەک کاتد، ناونیشانی چیڕۆکەکانی جۆراوجۆرن و ھەندێکییان نوێن و ھەندێکیشیان ئاسایی و کۆن. وەلێ ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە مەریوانی ھەموو جۆرەکانی ناونیشانی کردۆتە تایتلی دەقەکانی.ئەو لەیەک کاتدا ناونیشانی(پیشەیی-گیانەوەران-ئامێر-درەخت-ناو-کات-شوێن-)ی کردۆتە ناونیشانی چیڕۆکەکانی. ئەمەش دەلالەتە لەوەی کە ناونیشان، وەک دەسپێک و یەکەم ئەڵقەی بە یەکەوە گرێدانی خوێنەر بە دەقەوە، بایەخێکی زۆری لای ئەو ھەبووە.بۆ ھەریەک لەو ناونیشانانەش، نووسەری پەرتووکەکە، نموونەیەکی ڕاڤەکراوی ھێناوەتەوە. ئەم ھەمە جۆریە لە ناونیشان، ئاماژەیەکە بۆ دنیابینی فراوانی مەریوانی لە بواری نووسینی چیڕۆکدا. کە مەبەستی بووە، ھەموو بابەتێک لە چیڕۆکدا بەرجەستە بکات.

لە باسێکی دیکەی پەرتووکەکەد، نووسەر ئاماژە بە سیماکانی نوێخوازی چیڕۆک لای ئەو نووسەرە شەھیدە دەکات و بڕوای وایە،کە چیڕۆکنووس لە میانەی ئەو تەکنیکانەی لە چیڕۆکەکانیدا بەکاری ھێناون،توانیویەتی چیڕۆکی کوردی لە فۆڕمی مۆپاسانی دەربھێنێت. لەم ڕوانگەیەشەوە گرنگی زۆری بە کورتبڕی و چڕکردنەوەی وێنە و زمان، ڕەمزو زمانی ناڕاستە وخۆ،کۆتایی کراوە داوە. کە ئەم سیما ھونەرییانە،بەشێکن لە ھونەری چیڕۆکی نوێی کوردی. وێرای ئەمەش مەریوانی، دووجۆر لە تەکنیکی دیکەی لە چیڕۆکەکانیدا خستۆتە کە ڕوو کە پێشتر نەبوونە، ئەوانیش تێکھەڵکێشکردنی شیعرو چیڕۆک بەیەکەوە، ھاوکات تەکنیکی دانانی بۆشایی، کە ھزری خوێنەر لە بەردەم پرسیارو ڕامان ڕادەگرێت. مەریوانی مەبەستی بووە چیڕۆکەکانی پرسیار لای خوێنەر دروست بکەن وبچێتە نێو دنیابینی شاراوەی چیڕۆکەکانەوە.

بەشێکی دیکەی ئەو پەرتووکە، کە بەبڕوای من وەک خوێنەرێک گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە، ئەویش بڵاوکردنەوەی سێزدە چیڕۆکی ئەو نووسەرەیە کە لە کۆبەرھەمی چیڕۆکەکانیدا نین. بەمەش دەکرێ بڵێین ئەوەی پێشتر کۆکراونەتەوە لە چیڕۆکەکانی، ناتوانرێت ناوی کۆچیڕۆکی لێ بنرێت. چونکە ناکرێت کۆ بەرھەم بێت و بەڵام چەندین بەرھەمی دیکەی تێدا نەبێت. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئەم سێزدە چیڕۆکە، لە چیڕۆکە ھەرە جوان و پڕماناکانی دڵشاد مەریوانین، کەناکرێت لە کۆچیڕۆکەکانیدا نەبن. ئەم چیڕۆکانە، دنیابینییەک کۆیان دەکاتە کە ئەویش مرۆڤدۆستی و ھاتنەوە بەگژ جیاوازی چینایەتی و کارکردنە لە پێناو دنیایێکی یەکساندا. کە مرۆڤەکان ھەموویان وەک یەک ھاوماف و ھاوژیان و ھاو سەربەستی بن. خوێنەر کاتێ ئەو چیڕۆکانە دەخوێنێتەوە، کە زۆرینەیان لە دوای شکستی شۆڕشی کورد لە ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو نووسراون، دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەم نووسەرە شەھیدە، ھەر لە سەرەتاوە بڕوای بە مردن و لە سێدارەدان لە پێناو وشەی ئازاد و مرۆڤی ئازاد و نەتەوەی ئازاد ھەبووە. چونکە لە ناوەڕۆکی ئەو چیڕۆکانەد، زۆر بە ڕاشکاویی، بەگژ ئەقڵی فاشییانەی بەعس و ئەوستەمە سیاسییە دادێتەوە،کە لە مرۆڤ دەکرێت.

مەریوانی، چونکە ھەڵگری بیرێکی سۆسیالیزمی بووە، ئیدی مرۆڤ دەکاتە چەقی چیڕۆکەکان و لە خەم و ئازارەکانی دەدوێت. لە چیڕۆکی ڕۆژانی ژیانمد،کارەکتەری چیڕۆکەکە لە شێوەی شووشە عەترێک خۆی دەردەخات. ھەموو ڕۆژێک قوتابییەکی تەمەن ھەڤدە ساڵی ھەژار دێت و بەدیار جامخانەکەوە دەڕوانێتە (پاترا)، وەلێ پارەی نێو گیرفانی، بەشی ئەوە ناکات عەترەکە بکڕێت.عەترەکەش نایەوێت کەسانێک بیکڕن کە زەنگینن.ئەمەش وەک ھێمایەک بۆ نەبوونی دادپەروەری لە نێوان مرۆڤەکاند، کە مەریوانی ڕەخنەی دەکات. لە چیڕۆکی گرەوەی ئینجانە دەڵێت:-(نانەواکانی ھەموولایەک یەک بگرن،با تەنوورەکان دابەش بکەین). بێگومان ھەموومان دەزانین کە نانەواچییەکان، لە چ چینێکی کۆمەڵگەن، ھاوکات، تەنوور کە ئامرازی دروست کردنی نانە، کاتێ دابەش دەکرێت، بە مانای ئەوە دێت ھەمووان وەک یەک دەبین و یەکسان دەبین. نانەواکان یەکگرن،دروست ئەو دروشمەیە کە دەڵێت-(کرێکارانی جیھان یەکگرن!).لە چیڕۆکی ڤاڵیۆمد، چیڕۆکنووس لە چاوەڕوانی ھاتنی فریادرەسێکدایە، کە کارگەی نارنجۆکەکان بکات بە کارگەی بووکە شووشە، ئەمەش وەک ھێمایەکە بۆ نەمانی شەڕو ئاشووب لە ژیانی مرۆڤدا.لە چیڕۆکی چونکەکانیشد، مەریوانی زۆر بەڕاشکاویی، بە زمانێکی ڕەمزئامێز، ڕەخنە لە ڕژێم و کارەکتەرەکانی دەگرێت. جارێکی دیکە بە گژ ئەقڵی جیاوازیی چینایەتی و پلەبەندی مرۆڤدا دێتەوە، لە ژێر ناوی شوناسی کۆمەڵایەتی و پیشەیی.کاتێ داوا لە مامۆستایان دەکرێت، کە ھێمای زانست و فێربوونن، ڕێزی پێشەوە بۆ پیاوە گەورەکان چۆڵبکەن. لێرەوەش نووسەر ڕەخنە لەو ئەقڵە دواکەوتووە دەگرێت، کە پێی وایە شتێک ھەیە بە ناوی مرۆڤی گەورە و مرۆڤی بچووک.پێگەی مامۆستاو پەروەردە، لای دەسەڵاتێک نیشان دەدات، کە بڕوای بە مرۆڤی گەورە و مرۆڤی بچووک ھەیە.کە ڕێزی زانست و خوێندەواری لا نییە. بەڵکو تەنھ،ئەوانەی بەلاوە گرنگن، کەلە خزمەت ئایدیا فاشییەکەی دایە. لە چیڕۆکی ھەڵوێستی جوتیارێکیشد، باس لەو ھەڵوێستە مرۆڤدۆستییە دەکات،کاتێ جوتیارەکە دەینوێنێت. شوفێرێک کوڕی جوتیارەکە دەشێلێت و دەیکوژێت، کەچی باوکی منداڵەکە، لە ھەڵوێستێکی جوان و مرۆڤدۆستانەد، شوفێرەکە دەبەخشێت و ھیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر نابێت.لێرەوەش چیڕۆکنووس ئەو پەیامە دەگەیەنێت، کە دەبێ لێبووردە و بەخشندە بین. ھەرگیز بیرلە تۆڵە سەندنەوە نەکەینەوە، چونکە دواجار ھەموومان ھەر مرۆڤین. ناکرێت وەڵامی خوێن بە خوێن بدەینەوە. بەگشتی فەزای ئەو سیانزە چیڕۆکە،فەزایەکە کە تیایدا مرۆڤ چەقی باسەکانە.چیڕۆکەکان ڕەھەندێکی مرۆڤدۆستییان ھەیە، کە باس لە جیاوازی چینایەتی وپێگەی مرۆڤ دەکەن. ڕەخنە لەو ئەقڵە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییە دەگرێت، کە بڕوای بە پلە بەندی مرۆڤ و جیاوازی چینایەتی ھەیە. دژی ئەو تێڕوانینە دەوستێتەوە، کە مرۆڤ لەسەر بنەمای ھاووڵاتی پلە یەک و پلە دوو دەبینێت. لەو چیڕۆکانەد، ڕەخنە لەو دەسەڵاتە دەگرێت، کە ئازادی وسەربەستی،ژیانێکی شکۆمەندانە و مرۆڤانە بە مرۆڤ ڕەوا نابینێت. ڕەخنەگرتنێک کە دواجار لە پێناویدا ژیانی خۆی کردە قوربانی و تەرمەکەشی نەدۆزرایەوە. بەمەش ئەو مرۆڤە کەڵەگەتە، بە جەستە ونبوو، وەلێ بە ڕوح ، بە مێژوو، بە نووسینەکانی ھەمیشە لە نێوماندایە.

لە کۆتاییدا دەست خۆشانە لە نووسەری پەرتووکەکە برای چیڕۆکنووس و لێکۆڵەر(سابیرڕەشید) دەکەم. ئەم نووسەرە، چەند ساڵێکە وەک سەربازێکی ون، شانی داوەتە بەر کۆکردنەوە و نووسینەوە و بە ئەرشیفکردنی مێژووی چیڕۆکی کوردی. کارێک کە لە ڕاستیدا ئەرکی دەزگاو ناوەندێکی ئەکادیمی و توێژینەوەییە، وەلێ لە غیابی ئەواند، بێگومان دەبێ کەسانی وەک ئەو بیکەن. کە دواجار کارەکەیان و خۆشیان ناویان دەچێتە مێژوو، ئەمەش گەورەترین شانازییە بۆ خۆیان و ئەدەبەکەشیان.

________________________________________________
دڵشاد مەریوانی نوێکاری چیڕۆکی کوردی، نووسینی:سابیر ڕەشید، پڕۆژەی پەرتووکخانەی چیڕۆکی کوردی، زنجیرە ٤، ساڵی چاپ ٢٠١٩.
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک