په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٨

    مەرگ لە 'بسفۆر'دا.

                                  

عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی                   و: نەژاد عەزیز سورمێ


بۆ یادی نازم حیکمەت.
(١)
دوای شەوی ھەزارە و
پاش ساڵی دەیەم ،
بە ئەستەمبۆڵ دا تێپەڕیم
بە ھاوڕێیان گەیشتم:
ھەندێکیان مرد بوون
ھەندێ پیر ببوون و
ھەندێ خیانەتیان کردبوو ..
تریفەی مانگی لە (بسفۆر)دا ھەڵاتوو
پاش شەوی یەکەم ..
ھەندێکیشیان – وەک خۆیان ماونەتەوە
کە بەجێم ھێشتبوون –
بەناو وێنە و
شیعر و مەی و خۆشەویستیدا ..
بەرەو شاری خەون دەچێ و
ھەر وەختێ (تەڕوادە)
لە خەونەکانیدا گەمارۆ دەدرێ .. دەگری

( گریکەکان ) شوورەکانییان کوتایەوە و
ژنەکانیان لاقە کردن
مەینەتی ھەژاران ،
گەمارۆ دەدرێن و
بەسەر شوورەی
ئەو شارە شەھیدانەوە
لە بێن دەبرێن
دەگری و ناگری ..

بە ھاوڕێیان گەیشتم :
یونسە شەل مردبوو
یوسفی زیندانیش لە سەرچاوە بوو
ھێشتا بۆ (مەدرید)
لە کەشتیەکی کاغەزیدا کۆچ دەکا و
بە تێکشکاوی ،
پاسەوانی بەندیخانە
لە سەرچاوەدا فریو دەدا ..
(شێخ بەدرەددین)یش لە عەبایەکی سووری
گوڵاڵە سوورەدا
لە دەمارەوە بۆ دەمار سەربڕاو
ماھی ڕەشی ناپاکی
لە بازن و گوارەی ژنان و
مەیخانە و بازاڕ و
گەمییە سپییەکانی بسفۆر دایە ..
کرێکاری بەندەرەکە ،
بە جل و بەرگی شینەوە
تارمایی بوو بەسەر کورسییەکەیەوە
لە مەیخانەدا
فیلەتەنێکە بێ چەک :
وەک بڵێی بە شمشێری برووسکە
لە دەریامان نەدابێ
یان تێنەپەڕیبووین ،
لە پێناوی ئەوەی شەوی ئادەمزاد
– خوداوەند – باڵداران
ڕووناک بکەینەوە ..

ھەندێکیان
وەک بەجێم ھێشتبوون
وا مابوونەوە
بەسەر شانۆی چۆل و
لە سێرکدا
بەسەر پشتی ئەسپێکی دارینەوە
نمایش دەکەن .
ھاوڕێیان
بەسەر شۆستەی بەندەردا
لەسەرخۆ
دەبنیسان و دەمردن ..
لێ سترانبێژ ، بە گۆرانییەکانی
بەرەنگاری
سیس بوون و مەرگدەبووەوە و
لە دۆزەخیدا ، ھەڵقرچاو
شەوی ئادەمزاد و خوداوەند و باڵدارانی
ڕووناک دەکردەوە .

(٢)
دوای تۆ
مەرگ و جودایی لە ئەستەمبۆڵ
گەمەی چاو لە ڕێی ھەڵخەڵەتاوی دەکرد
(مننەوەر) شووی کردەوە و ڕۆیی ..
ئەوانی دیش پردەکانیان سووتاند .

(٣)
بەرەو قوڵایی شۆڕدەبیەوە
بەڵام نقوم نابی ..
داخۆ لە تاراوگەدا ،
بەرەو سوڵتانخانی عەشق
بەسەر ھەورێکی سەوزەوە گەڕایتەوە ؟
ئایا حەریم و مانگت
لە چاویدا دی ؟
ئەستێرەی جەوسەر
نھێنی نادرکێنێ ..

وەختێ کەنیزەی چاو زەیتی
دەروازەی باخچەم بۆ دەکاتەوە
کە مافووری سوورم لەژێر پێ ڕادەخا
دەگریم
(یونس)
بە دارشەقەکەی بەدوامەوەیە
سوڵتانی مەملەکەتی مەرگ :
منم
ئەو پۆستەچیەم ،
فرمێسک و شەختە و خۆری
بۆ عاشقان ھەڵگرتووە ..

سەرچاوەکانی بەھارت
لە پەنجەرەی زیندانەوە :دیوە ؟
یا شەمەندەفەری شەو
کە لوورەی ،
لە ڕەشەبایەکی بەفریدا دەنێرێ ؟
بە قژی سوورییەوەکۆت کرا بووم ..
بەرەو مەنفا یان دەبردم
دەلوورێنم و کۆت دەگەزم
کێ لە مندا دەڕوا و ناگەڕێتەوە ؟
بینیت ؟
شتێک نییە
لە ژاوەژاو و
چەپڵەی ھۆڵەکان زیاتر
شەو لە ھەموو شوێنێکدا بوو
منیش بە قژییەوە کۆت کرابووم
وەک کۆیلە
بەدوایەوە بووم
بینیت ؟
یوسفی زیندانی
ببووە جاسووسی دەسەڵات ..
کرێکاری چیکەنە و
چاپخانەی نھێنی بووە .
ڕۆژگار وەرسووڕا
بەفر بەسەر دەروازەی
باخچەدا باری
من ، سوڵتانی مەملەکەتی مەرگ
بەدوای گەورەوەمم
بەرەو تاراوگە ..
میراتم ، گۆڕی شەھیدانە
تا ماوم
میدالەکانیان ،
لە دەرەوەی ھۆڵی پاشا و
دزیکەرانی شیعر و
ھۆزە نوێیەکان ..ھەڵدەگرم

ھاوڕێیان ھەندێکیان بزرکران
یان ون بوون ..
ھەندێکیشیان ھێشتا
بە ئازایەتییەوە
لەگەڵ کاروانە مەزنەکە دەڕواو
یونسە شەلیش
ھەر لەسەر بیروباوەڕی خۆیەتی
ھەموو شەوێ
نەخشەی جیھان
بە دار شەقەکەی دەپێوێ ..
کە دەگەڕێتەوە گۆڕیش ،
دەست درێژ دەکا و
خۆڵ لەسەر دەم و چاوی سترانبێژ
بسڕێتەوە ،
کە لە گۆرانییەکانیدا
بەرەنگاری
سیس بوون و مەرگ دەبێتەوە و
لە دۆزەخیدا دەسووتێ ،
شەوی ئادەمزاد و خوداوەند و باڵداران
ڕووناک بکاتەوە.

________________________________________
عەبدولوەھاب ئەلبەیاتی: (١٩٢٦ - ١٩٩٩) شاعیری عێراقی ناسراو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شیعریی نوێی عەرەبی لە عێراق .
لە بەغدا لە دایک بووە و بکالۆریۆسی لە بەشی عەرەبی وەرگرتووە.
لە نێوان ١٩٨٠ تا ١٩٨٩ لە ئیسپانیا ژیاوە ، لەو ماوەیەدا زۆر لە کۆشیعرەکانی کراونەتە ئیسپانی.
لە ساڵی ١٩٩١ چووەتە ئەردەن .. یەکێکە لەو شاعیرانەی بایەخی بە مێژوو و کەسایەتییەکانی مێژوو داوە و ھەمیشە وەکو ماسک لە شیعرەکانیدا بەکاریھێناون.
زیاتر لە ٢٥ کۆشیعری بڵاوکردووەتەوە بێجگە لە چەندان وەرگێڕان . بەیاتی لەو شاعیرانەیە زۆرترین تێزی ماستەر و دکتۆرای لەسەر شبعرەکانی نووسراوە.
(مەرگ لە بسفۆر)دا لە کۆشیعری (سیرە ژاتیە لسارق النار) بڵاوکردنەوەی (دار الشروق) چاپی دووەم ١٩٨٥. ل٦٠. کراوە بە کوردی .

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک