٢٩\٩\٢٠١٤
مەڕۆ پایز
هێشتا نەگەڕاوەتەوە،
ئەو هێشتا چاوەڕوانمە.

ئەفسانە سروش
بۆ کوێ ئەڕۆی
هێشتا ئەو نەگەڕاوەتەوە
بۆ کوێ ئەڕۆی پایز!
تۆ شاهیدی بەڵێنی هاتنەوەی ئەو بووی
بۆ کوێ ئەرۆی
هێشتا من دەستنوێژ بە ئاوی چاوەڕوانیی ئەو دەگرم و
خودای هاتنەوەی ئەو دەپەرستم
هێشتا من لەسەر رۆژە هەڵوەریوەکانم بە بێ ئەو
کرنۆشی پێشوازیی بۆ کاتی دەرکەوتنی دەبەم
هێشتا لە پشوو دایە
خۆرهەڵاتنی بەیانیانی من
لە خەوێکی قووڵ دایە
مانگ لە شەوە پڕ پڕ مەنفاکانمدا
بە بێ ئەو
مەڕۆ پایز مەڕۆ تۆ
خۆت شاهیدی بەڵێنی دا
هەموو خەندە هەڵوەریوەکانم
بە دەستی هاتنەوەی خڕبکاتەوە
بەلێنی دا بەرلەوەی تۆ بڕۆی دەستم بگرێ و
کراسی نوور بکاتە بەرم
مانگی خەوتووم بێدار بکاتەوە و
خۆر لەسەر سەرم
دابگیرسێنێ
تۆ شاهیدی بەڵینی دا پێش رۆیشتنی تۆ
بە جەنگەڵی خەمەکانمدا
داببارێ
هەتا ئەبەد ئاگری دووریی دابمرکێنێ و
نەرم نەرم لەگەڵ هەموو پەریشانییەکانم
لە ئامێزم بگرێ و
گەرم گەرم بمسوتێنێ دۆزەخی تەنیاییم
توند بمنوسێن بە سینەی خۆیەوە
هەتا بەهەشتی یەقین،
مەرۆ پاییز هێشتا نەگەڕاوەتەوە
ئەو هێشتا
چاوەڕوانمە
من!
دەترسم تۆ بڕۆی و
تا ئەبەد من بە
دیار
رێڕەوی شکاوی
شەمەندنەفەری هاتنەوەی ئومێدم
دابنیشم و
ئەو هەر نەیە
دەترسم پیر پیر بن ئارەزووەکانم
تا چەند یەڵدایهکیتر چاوەڕوان بم و
ئەو هەر نەیە.
سهرهتای پایزی
٢٠١٣
ماڵپەڕی
ئەفسانە سروش
|