١٣\٩\٢٠١٤
مەشخەڵی شەهید
عادل سەلیم هەرگیز ناكوژێتەوە.
سالار مامەكەریم
هەرچەندە
شەو تاریك و نوتەك و شەوەزەنگ بێت ئەستێرەكان زیاتر دەدروشێنەوە !
هەرچەندە تەمی خەم و خەفەت و ستەم ئاسمانی شین بتەنێت ، هەورەسپیەكان
بەتاو دێن و ئاسمان وەكو بوك دەڕازێننەوە ! مرۆڤ پێویستە وانە
لەیاساكانی سروشت وەرگرێت و لەپێناو ژیانێكی جوان و شایستە و
سەرفرازانە خەبات و تێكۆشان بكات . ژیانێك مرۆڤ تێیدا بەختەوەر بێت و
لەمافەكانیان یەكسان بن و زۆرداری و ستەم نەمێنێت و كەس بەدەستی كەس
نەچەوسێتەوە . شەهیدی سەركردە عادل سەلیم لەسەر ئەو بیروباوەڕە مەزن و
پیرۆزە درێژەی بەخەبات و تێكۆشان دەدا و هیوایەكی بەرزی بەوە هەبوو
كەخۆری ئازادی لەئایندەیەكی نزیكدا دەردەكەوێت و ئەو تاریكیە دەستكردەی
بەزۆری بەسەر مرۆڤایەتیدا سەپێنراوە دەڕەوێتەوە ، ئەو هەمیشە باوەڕی
بەوەبوو ژیان هی ئەوانەیە كەدەیانەوێت جوانی بكەن نەك ئەوانەی ناشیرینی
دەكەن . هەر دەبێت ژیان لەدۆزەخ ڕزگاركرێت و بكرێتە بەهەشتێكی ڕازاوە و
ڕاستەقینە!
ئەوانەی لەپێناو ئەو ڕێبازە پیرۆزانە گیانیان بەخت دەكەن دەبێت چەند
مەزن بن ؟ ئەو مرۆڤانە چەند گەورەن كەوا دوژمنانی گەلەكەیان لێیان
دەترسێن و پیلانی نامەردانە دادەنێن بۆ لەناوبردینان ؟ ئەوە چەند
ڕاستیەك بوو لەمەڕ شەهید عادل سەلیم ، بۆیە یادی شەهید كردنی یادێكی
تاڵە و پڕ لەژانە و لاپەڕەیەكی خەمناكە لەبیرەوەری خانەوادەكەیان و
دۆست و هاوڕێیانی . ئەو پیاوە مەزنە هەرچەندە كەسایەتیەكی بێ هاوتابوو
لەدڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان و ڕێبازەكەی ،هەروەها سیاسیەكی لێزان و
ڕۆشنبیر وخاوەن هەڵوێست بوو ، بەوپێودانگەی من هاوڕێی كاك شەماڵ بووم
كەیەكێكە لەكوڕە دڵسۆزەكانی شەهید عادل سەلیم و دەتوانم بڵێم بەڕاستی
نەیهێشتووە شوێنی باوكی ڤالابێت و بەپێنووسە بەبڕشتەكەی وەكو نووسەرێكی
بەتوانا ولێهاتووچەندین وتاری بەپێز و بەسوودی لەئاستی زۆر بەرزەوە
نووسیوە ، هەروەها بەفڵَچە ڕەنگینەكەی ئەسپی خۆی لەمەیدانی هونەری
شێوەكاریشدا تاوداوە و چەندین تابلۆی سەنگین و پڕ لەداهێنانی كێشاوە .
وێڕای هەڵوێستە جوان و جوامێرانە و مەردانە و ئازایانەی ڕابردووی و
ئێستای . هاوڕێ شەماڵم لەسەرەتای هەشتاكان ناسی ،پێكەوە قوتابی بووین
لەقۆناغی ناوەندی ، ئەو یەكێك بوو لەناو هەموو قوتابیەكان دیاربوو ،
كوڕێكی هێمن و لەسەر خۆ و ڕەوشت بەرز و جوان بوو ، هەمیشە بەداڵغەبوو...
زۆر بیری دەكردەوە ، زۆر ڕقی لەرژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بوو ، بۆیە
هەركاتێك خۆپیشاندان دەكرا ئەو زۆر بەگەرمی بەشداری دەكرد و جلی كوردی
لەبەر دەكرد و دەچووە ڕێزی پێشەوەی خۆپیشاندانەكان . خۆپیشاندانی
قوتابیانی ساڵانی هەشتاكان زەبرێكی گوڕچكبڕبوو لەڕژێمی بەعسی فاشیستدا
، لەخۆپیشاندنێكدا پێكەوەبووین چەند ئەمنێكی خوێڕی لەنزیك مزگەفتی قادر
بلە ڕووبەڕوومان بوونەوە كەڵاشینكۆف و دەمانچەیان پێ بوو بەئاراستەی
ئێمە دەستیان بەتەقەكردن كرد، ئەوە بوو هاوڕێ شەماڵ گیرا و منیش بە
موعجیزە دەرباز بووم. گیرانی هاوڕێ شەماڵ ناخۆشترین سات بوو لەژیانمدا
، هەرچەندە زۆر لەهاوڕێی خۆشەویستی ترمان لەوانەی ناویانم لەبیرماوە
هاوڕێ كرێكاریش گیرابوو . بەڵام لەبەر ئەوەی خانەوادەی هاوڕێ شەماڵ
لەلایەن دائیرەی ئەمنەوە ناسراوبوون و هاوڕێیەكانی تر ئاشكرا نەبووبوون
زۆر دەترساین خراپ ئەشكەنجەی بدەن و بەرگەی ئەشكەنجە نەگرێت ، ئەوەی
ڕەچاومان دەكرد ڕاست دەرچوون ، بەڵام هاوڕێ شەماڵ شێر ئاسا و
خۆڕاگرانە بەرگەی ئەو ئەشكەنجە نامرۆڤانەی جەلادە خۆینڕێژەكانی بەعسی
گرت و كەجیا لەهەموو بەندكراوەكان ئازار و ئەشكەنجەیان دابوو ،
سەربەرزانە گەڕایەوە ناومان ، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج بوو ، دایكە
بەجەرگ و چاونەترسەكەی بوو ، ئەوكاتەی شەماڵ گیرا هاوڕێیەكان بیرمان
كردەوە چۆن ئەم هەواڵە بگەینینە ماڵەوەیان و هەر دەبێت پێیان بڵێین ،
ڕەوشی خانەوادەی هاوڕێ شەماڵ تایبەتی بوو ، چونكە لەماڵەوە خۆی و دایك
و برایەكی بچووكی پێكەوەبوون و براو خوشكێكی پێشمەرگەبوون. چەندی
كردمان دڵمان نەدەهات ئەو هەواڵە ناخۆشە بگەیننە دایكی ، چونكە
واماندەزانی وەكو ئافرەتێكی ئاساییە ،هاوڕێ ئەحمەدی ئامۆزای لەبەر
ئەوەی زیاتر شارەزایان بوو ، دەیگووت باهەموومان پێكەوە بڕۆین زۆر
ئاساییە ئەو ئێمە ببینێت دڵی خۆش دەبێت ، بەڕاستی قسەكانی هاوڕێ
ئەحمەد ڕاست دەرچوون كاتێك چووینە ماڵیان هەر لەبەر دەرگا
بەنیگەرانیەوە ئەم هەواڵەمان گەیاندە ئەو شێرەژنە بەجەرگە بێ ئەوەی
بشڵەژێت و تووشی دڵەڕاوكێ بێت لەجیاتی ئێمە دڵی ئەو بدەینەوە ئەو دڵی
ئێمەی دەدایەوە ، بەزەردەخەنەیەكی میهرەبانانە و دڵسۆزانەی دایكانەوە
پێی گووتین : (بۆچی خەمبارن ئێوەش وەكو شەماڵن ئەمن دڵنیام شەماڵ
خۆڕاگرە ، مادام كوڕی من و برای ئێوە لەسەر شەڕەف گیراوە هیچ لێی
ناترسم و مایەی شانازیمانە). ئەمە ئەو وتانەی هاوڕێ فەتحیەی نەمربوو ،
ئەو شێرەژنەی هەرگیز نەیدەزانی ترس چیە ، هەمیشە گەشبین بوو
بەسەركەوتنی حیزبەكەی و ڕزگاری خاك و گەل و نیشتمانەكەی ، هاوڕێ
فەتحیە ئافرەتێكی ژیر و تێگەیشتووبوو ، ئازا و چاونەترس و خۆڕاگربوو
بەهەموو مانایەك شیوعی بوو.
زۆر جاران كەدەچوومە ماڵی هاوڕێ شەماڵ سەیری كتێبخانە خنجیلانەكەیانم
دەكرد یەك بەیەك تەماشای كتێبەكانم دەكرد . كتێبی زۆر باش و بەنرخ و
بەسوودی تێدابوو ، كەسەیری هەركتێبێكم دەكرد هەرلەیەكەم دێڕەوە هەتا
دوایی هێڵیان بەبن داكێشرابوو ، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو شەهید عادل
سەلیم خوێنەرێكی زۆر باش بووە و بەوردی كتێبی خوێندۆتەوە . هاوڕێ
شەماڵ ئەوساكە دوو كتێبی پێشكەش كردم ئێستاش لەلام ماون یەكێكیان
شانۆگەرییەكی شاعیر و نووسەری پێشكەوتنخوازی تورك نازم حیكمەت بوو
بەناوی (رجل غریب الاطوار - پیاوێكی عەنتیكە) و ئەوی دیكەیان بەناوی (كیف
تبنی الشیوعیە - چۆن شیوعیەت بونیات دەنرێت - ئەفاناسێف) بوو.
ئەم خانەوادەیە زۆر ناخۆشیان لەدەست سیخوڕەكانی بەعس چەشتبوو، هەمیشە
لەژێر چاودێریدا بوون ، بەرلەوەی هاوڕێ شەماڵ ببێتە پێشمەرگە و ڕوو
لەشاخ بكات جارێكی دیكە گیرا ، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی برا و خوشكی بوو
كەهەردووكیان پێشمەرگەی حیزبی شیوعی بوون.
پاش ئەوەی لەزیندان ئازاد كراو ئەوساكە ماڵیان دەستی بەسەرداگیرابوو
كەلەگەڕەكی شۆڕش بوو خانوویەكی زۆر خۆشیان هەبوو ، كاتێك پێكەوە چووین
سەر لەماڵیان بدەین بزانین چی بەسەر هاتووە ، كەدەرگامان كردەوە
وچووینە ژوورەوە چیمان بینی ؟ هەرچی قەسەی ناشیرین هەبوو بە خەتێكی
گەورە وبەبۆیاغ دژی شەهید عادل سەلیم و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان لەسەر
دیواری ژوورەكان نووسرابوو . هاوڕێ شەماڵ ئاخێكی ساردی هەڵكێشا و
گووتی : دەبینی ئەو بێشەرەفانە چ جنێوی ناشیرینە بەئێمەیان داوە ،
هاوڕێ شەماڵ ئەوەندە خەمی لەو جوێنانە دەخوارد ئەوەندە خەمی لەتاڵان
وتێكدانی ماڵەكەیان نەدەخوارد . ئەمەش پەروەردەی شەهید عادل سەلیمی
نەمرە بۆ خانەوادە سەرفرازەكەی . ئەو پیاوەی مێژووەكەی پڕە لەشكۆ و
سەروەری و هەتاهەتایە بەزیندوویی لەیادەوەریماندا دەمێنێتەوە.
١٠\٩\٢٠١٤
- هەولێر
salarmamakerim@gmail.com
|