په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١\٢٠١٤

مەسرور ھەرەشە لە کوڕ و خێزانی ھاوسەنگەرێکی پەنجا ساڵەی مستەفا بارزانی دەکا.
 


رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا، پاش وەرگرتنی رەزامەندی لە پێشڕەو ئیسماعیل عارف بە پێویستی زانی ئەم نامە تایبەتیەی ناوبراو بڵاوبکاتەوە بەو مەبەستەی ئەندامانی پارتی و لایەنگرانیان و رای گشتی ئاگاداربن لەوەی کە پارتەکەیان تا چەند بێوەفا و دڕندانە بەرامبەر بەو کەس و خێزانانە رەفتار دەکات کە تەواوی ژیانیان لە خزمەتی ئەو پارتەدا بەسەر بردووە، تەنھا لەبەرئەوەی کە لەئێستادا نارەزایەتی دەردەبڕن.


تەواوی ئەو ھەرەشە و ھەوڵی چاوترساندن و دەمکوتکردنە بەرامبەر پێشڕەو ئیسماعیل لە دوای یەکەم نوسینیەوە بووە کە تیایدا ڕەخنەی لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی گرتووە.


جێگای سەرسوڕمانە کە ئەم پارتە تەنانەت لە یەک نوسینی ڕەخنەگرانەی کوڕی کەسایەتیەکی بەناوبانگی پارتی کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سکرتێری بیرۆی مستەفا بارزانی بووە و پێشمەرگەیەکی ٥٠ ساڵ شاخ و زیندان بووە چاوپۆشیان نەکردووە.


ئەم نامەیە چەند ڕۆژێک پێش سەردانی مەسعود بارزانی ئاراستەی چەند پەرلەمانتارێکی ئەوروپا و ھەندێک لە بەرپرسانی کومیسیۆنی ئەوروپا کراوە کە چاوەروانی ئەوە دەکرا ھەندێک لەو ئەندام پەرلەمان و کەسایەتیانەی ناو کۆمیسیۆنی ئەوروپا چاوپێکەوتن لەگەڵ بارزانی ئەنجام بدەن.


ئێمە وەک کوردستان فۆروم - بەلجیکا، ژیان و سەلامەتی پێشرەو ئیسماعیل عارف بەرپرسی ڕێکخراوەکەمان دەخەینە ئەستۆی پارتی و بنەماڵەی بارزانی و بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە ئاگادارکردنەوەی کۆمیتە بەرپرسەکانی یەکێتی ئەوروپا، سەرجەم رێکخراوە جیھانیەکانی بەرگریکردن لەماف و ئازادیەکانی مرۆڤ لەم ھەڕەشەیە ئاگادار دەکەینەوە.


بە دەرفەتیشی دەزانین کە ھەموان ئاگاداربکەینەوە لە بەرپرسیارێتی سەلامەتی گیانی ھەر ئەندام و ھەڵسوڕاوێکی رێکخراوەکەمان و ئێمە ئەم بەرپرسیارێتیە راستەوخۆ دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتی کوردی و پارتی و یەکێتی.

 


رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا
٢٨\١\٢٠١٤  


دەقی نامەکەی بەرپرسی رێکخراوەکەمان (پێشرەو ئیسماعیل عارف) بە کوردی:

بۆ بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا و ئەندامانی کومیسیۆنی ئەوروپا.

 


لە ڕێگای دۆستانی ڕێکخراوە سیڤیلەکەمانەوە کوردستان فۆروم ـ بەلجیکا ئاگادار کراومەتەوە کە بەرێز مەسعود بەرزانی سەرۆکی ماوەدرێژکراوی ھەرێمی کوردستانی ئێراق سەردانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەکات.


دیارە دەنگ گەیشتن بە مەسعود بارزانی کارێکی ئاسان نیە بۆ ئێمە، بۆیە ئەم سەردانەی بۆ یەکێتی ئەوروپا و چاوپێکەوتنی بە بەرێزتان فرسەتێکی باشە بۆ من بۆ گەیاندنی دەنگم پێی لە رێگای بەڕێزتانەوە.


من کە لە خوارەوە سەبارەت بە خەباتی بنەماڵەکەم کورتەیەکم نوسیوە، لە ساڵی ١٩٨٩ وە لە بەلجیکام و بەردەوام بەشداری چالاکیە مەدەنیەکان دژ بە تاوانەکانی حکومەتی لەناوچووی بەعسم لەم وڵاتەدا کردووە. پاش ئازادبونی ناوچە کوردیەکان بە ھیوای ئەوە بوین ھەرێمێکی نمونەیی بۆ گەلەکەمان بێتە دی لە بواری پاراستنی ماف و ئازادیەکان دا . زۆر بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی نەیانتوانی وەڵامی چاوەروانی خەڵک و ئەو قوربانیە گەورانە بن کە خەڵکی کوردستان بۆ بەدەست ھێنانی ئازادیەکان پێشکەشی کردبوو.


پاش ئەوەی لە نارەوایی و رەفتارە نادیموکراتیەکان و پێشێلکاریەکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ھاولاتیانی کوردم لە ھەرێمی کوردستان ئاگاداربومەوە بڕیارم دا بە شیوازی ئاشتیانە و شارستانیانە خەبات بکەم بۆ ریفۆرمی ئەو دەسەڵاتە و گەیاندنی راستیەکان بە مێدیاکان و دەزگاکانی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا.


ھەر لە سەرەتای چالاکیەکانم و نوسینی رەخنەگرانەم سەبارەت بە پیاوانی دەسەڵات بە تایبەتی بنەماڵەی بارزانی توشی کۆمەڵێک رەفتار و ھەرەشەی مەترسیدار بومەتەوە.


ھەروەک چۆن لە سەردەمی حوکمی سەدام حسێن و بەعسیەکان دا لە ئەنجامی خەباتی باوکم و من و براکانم ئەندامانی تری خێزانەکەمان دەخرانە ژێر لێپرسینەوە و دەزگا ئەمنیەکان دەھاتن ئەندامانی تری خانەوادەکەمانیان دەگرت و ئازاری دەرونیان دەدان و فشاریان دەخستە سەریان کە ئیتر ئیمە واز لە چالاکی بھێنین ئەم جارە ھەمان پراکتیکی بەعسیانە لە لایەن دەزگا ئاسایشیەکانی پدک وە کە مەسروری کوری مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەکات بەرامبەر خوشکەکنم لە کوردستان ئەنجام دراوە و خوشکەکەم بە ناوی (چرۆ ئیسماعیل عارف) بۆ دەزگای ئاسایش بانگ کراوە و فشاری خراوەتە سەر کە بە نوسین و شێوازی جیاواز دژ بە من بوەستێتەوە و من لە خێزانەکەیان جیابکەنەوە و بە کەسێکی نامۆ و خائینم لەقەڵەم بدەن.


ھەروەھا لە لایەن بەرپرسێکی پارتیەوە بە ناوی محەمەد مەعروف جێگری ( دڵشاد بارزانی) کە نوێنەری حکومەتی ھەرێمە لە ئەڵمانیا و بەرپرسی رێکخراوەکانی پدک و برای مەسعود بارزانیە ، چەندین جار ئەندامانی پارتی لە بەلچیکا ئاگادار کراونەتەوە کە بە ھەرەشەی توند ھەوڵی بێدەنگ کردنم بدەن.


لە کوردستان لە لایەن مەسرور بارزانی کوری مەسعود بارزانی کە سەرۆکی دەزگای پاراستنی نیشتیمانی ھەرێمی کوردستانە و بە کەسێکی دڕندە و لە خۆبایی ناسراوە داوا لە کەسانێک کراوە کە ھەوڵ بدەن بە ھەر شیوازێک بیت ھانی گەرانەوەم بدەن بۆ کوردستان و وتویەتی : کە ھاتەوە بۆ ئێرە، ئەوسا خۆم دەزانم چی لێ دەکەم؟! . ھەروەھا داوای کردووە کە لە کاتی بەجێھێشتنی بەلجیکا و سەردانەوەم بۆ کوردستان زووتر ئاگادار بکرێتەوە.


ئەمەوێت ئەوەش زیاد بکەم کە لە رێگای ئەندام پەرلەمانێکی بزوتنەوەی گۆرانەوە تەواوی ئەم زانیاریانەم بۆ سەرانی گۆران ناردووە و لێی بە ئاگان و پێش سەردانەوەشم بۆ کوردستان وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و پۆلیسی فیدراڵی ئەم وڵاتەش لەو ھەرەشە و پلانکاریانە ئاگادار دەکەمەوە.


لێرەدا من وەکو ھاوڵاتیەکی بەلجیکا و ئەوروپا تکام وایە ئێوە لە لایەن خۆتانەوە ئاگادای مەسعود بارزانی بکەن کە من نە واز لە خەبات دەھێنم دژی نارەواییەکانیان کە بەئەرکی شەرەف و کوردانە و مرۆڤانەی خۆمی دەزانم ، نە واز لە سەردان و گەرانەوە بۆ وڵاتەکەم دەھێنم کە تەواوی ژیانی خۆم و خانەوادەکەم لە ناوەوە ودەرەوەی وڵات خەباتمان بۆ کردووە و قوربانیمان لە پێناویدا داوە . ھەر کاتێک بواری کار و خیزانیم فرسەتم بدەن دەگەرێمەوە بۆ کوردستان و دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە تایبەتی مەسعود بارزانی و مەسروری کوری بەرپرسی راستەوخۆن لە ژیان و سەلامەتی خۆم و خێزانەکەم.


مەسعود بارزانی و تەواوی سەرانی پارتی ئاگاداری مێژووی بنەماڵەکەمانن و ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن بۆیە ئەم راستیانە دەخەمە بەردەمتان و تکام وایە ئێوەش مەسعود بارزانی ڕوبەروی ئەو کۆنتراستە بکەنەوە کە لە ووتەکانی خۆیدا ھەیە ، کە گوایە رێزی گەورەی ھەیە بۆ پێشمەرگە و منداڵ و خێزانی پێشمەرگە، کە لە راستیدا بەو شیوەیە نیە و تەنھا ڕێزی بۆ ئەوانە ھەیە کە کوێرانە پاشکۆی خۆی و دەسەڵاتی بنەماڵەکەین.


تکایە ئەو راستیە بخەنە بەردەمی کە چۆن لە گەیشتنی بە ئەوروپا و دونیای دیموکراتی دا بەرگی دیموکراتی دەپۆشێت و چۆن لە ناو وڵاتدا لە رێگای دەزگاکان ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە ممارەسەی حوکمی تۆتاڵیتێری دەکات، تەنانەت بەرامبەر بە تاک و بنەماڵە شۆڕشگێرەکانی ناو حیزبەکەی خۆشی کە بڕیاریان داوە ئازادانە رەفتار بکەن و چیتر مل کەچی بنەماڵەکەی و سیاسەتەکانی حیزبەکەی نەبن.

 


لەگەڵ رێزم
پێشرەو ئیسماعیل عارف
١٦\١\٢٠١٤


پاشکۆ:


کورتەیەک لە ژیانی خۆم و بنەماڵەکەم:


ناوم پێشڕەو ئیسماعیل عارفە کوڕی بنەماڵەیەکی شۆرشگێری کوردم ، یەکەمین شەھیدانی خانەوادەکەمان مام و خاڵی باوکمە کە لە سەردەمانی جەنگی جیھانی یەکەمەوە لە لایەن حوکمی ئەتا تورکەوە ئیعدام کراون.


باوکم ئیسماعیل عارف لە ریزەکانی پدک دا زیاتر لە نیو سەدە بەشداری شۆرشی دژ بە داگیرکەرانی کوردستان بووە لە سەرەتای ساڵانی چلەکانەوە پەیوەندی بە رێکخراوێکی شۆرشگێری کوردیەوە کردووە بە ناوی کۆمەڵەی ھیوا. لە ساڵی ١٩٤٦ بەشداری شۆرشی مەھاباد لە کوردستانی ئێران بووە لە پاڵ مستەفا بارزانی باوکی سەرۆکی ئێستا ی ھەرێم مەسعود بارزانی.


لە ساڵی ١٩٤٧ وە تاکو ١٩٥٨ لە ئێراق زیندانی سیاسی بووە . پاش ئازادبوونی راستەوخۆ دەستی داوەتەوە خەبات لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دا، لە ناوەندی شەستەکان دا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پدک بووە و لە ھەمان کاتدا سکرتێری بیرۆی مستەفا بارزانی بووە . باوکم تاکو مردنی لە ساڵی ١٩٩٩ دلسۆزی شۆرشی گەلەکەی بووە و بەشداری خەباتی کردووە.


دوو برام بە ناوی ئەردەڵان و کامەران لە تەمەنی لاویانەوە پێشمەرگەی بزوتنەوەی رزگاری خوازانەی کوردستان بون و چەندین جار بریندارکراون و ژیانیان کەوتۆتە مەترسیەوە ، خۆشم لە تەمەنی ١٦ ساڵیمەوە تاکو بەجێھێشتنی کوردستان لە ڕێکخستنە نھێنیەکاندا دژی دەسەڵاتی بەعس خەباتم کردووە و چەندین جار ژیانم کەوتۆتە مەترسی گرتن و کوشتنەوە.


تەواوی خێزانەکەمان بە ھۆی خەباتی باوکم و زیندانی کردنی و خەباتی خۆم و براکانم لە مەترسی و ھەژاریەکی قورس دا ژیاوین، بەردەوام بە ھۆی کەم خواردنی و خواردنی خراپ و سەکەنی خراپەوە نەخۆش بوین و تەنانەت من لە تەمەنی ٣ ساڵیدا بە ھۆی نەبونی خواردنی پێویست چاوم بۆ ماوەیەک لە دەست داوە.


تەواوی ژیانمان بە ھۆی شۆڕش و خەباتەوە تەنھا خۆ شاردنەوە و راکردن و ئازار و پەنابەری و مەترسی بووە.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک