په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١١

مەترسی هەیە تۆپباران نزیکی شارە گەورەکان ببێـتەوە .
سیاسەتوانێکی کورد: دەبێ کورد خۆی بۆ شەڕێکی قورس ئامادە بکا.
پەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی
pkk: پلانێکی سەرتاسەری دژ بەکورد بەرپابووە.


ریپۆرتاژی: شوان سدیق


سیاسەتوانی ناسراو، فەلەکەدین کاکەیی پێیوایە رێگاچارە لەئێستادا بۆ کورد ئەوەیە خۆی بۆ شەڕێکی قورس ئامادەبکات، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە کورد لەئێستادا ناتوانێت بەبێ بوونی چەکی قورس بیر لەشەڕ بکاتەوە.


ماوەیەکە ناوچەسنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە تۆپباران دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ناوەند هەڵوێستێکی جدی نەبووە، ئەمەریکاش دژایەتیکردنی خۆی لەبەرانبەر ئێران دەردەبڕێت، بەڵام پاڵپشتی حکومەتی تورکیا دەکات، حکومەتی عێراقیش هان دەدات بۆ ئەو جەنگە. بیانووی تورکیا و ئێران لەبەرانبەر تۆپبارانکردنی ناوچەسنوورییەکان، بوونی چەکدارانی پەکەکە و پژاکە هەر بەو هۆیەشەوە جگە لەئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکانی دەڤەری پشدەر و قەندیل، تا ئێستا 7 هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەست داوە.


ئەم هێرش و پەلاماردانەی تورکیا و کۆماری ئیسلامی بە فڕۆکە و چەکی قورس لەناوەوەی کوردستان و دەرەوەی کوردستان ناڕەزاییەکی توندی دروستکردووە، وا چاوەڕوان کرا وڵاتانی جیهانی بەتایبەتی ئەو حکومەتانەی بە هاوپەیمانی هەرێم و عێراق ناویان دێت، هەڵوێستی روونیان هەبێت لەبەرانبەر ئەو هێرشانە.


هەرچەندە ئەمەریکا هەڵوێستی هەبوو لەبەرانبەر ئێران، هەروەک پێشتر گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا (دەڤید ڕانز) لەبارەی تۆپبارانکردنی ناوچەسنوورییەکانی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، کە لە ژمارە (94)ی (سڤیل)دا بڵاوکرایەوە، گوتبووی "عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە، چاوەڕێی ئەوە لەدراوسێکانی عێراق بە ئێرانیشەوە دەکەین، کە رێز لەسەروەری عێراق و سەلامەتی خاکەکەی بگرن".


وا چاوەڕوانکرا ئەمەریکا لەبارەی تورکیاوە هەڵوێستی هەبێت، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە بەپێچەوانەی دژایەتیکردنی ئێران، پاڵپشتی خۆی بۆ تورکیا راگەیاند، (فیکۆریا نۆلاند) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبۆردومانکردنی فرۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا باش تێدەگات و حکومەتی ئەو وڵاتەش ئاساییە بەرگری لەخۆی بکات"، هەر بەپێی هەواڵەکە واشنتۆن حکومەتەکەی مالیکی "هان دەدات کە پاڵپشتی لەتورکیا بکات".


بەبڕوای (فەرید ئەسەسەرد) هێرشی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشوری کوردستان جیاوازن، چونکە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرانبەر ئێران جیاوازبووە، کەچی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە پاڵپشتی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت، فەرید ئەسەسەرد بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەلێدوانێکدا، گوتی "هەڵوێستی ئەمەریکا بەرانبەر بەتورکیا شتێکی نوێ نییە، بێگومان ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدایە کە تورکیا مافی خۆپاراستنی هەبێت، لەبەرانبەر بەکارهێنانی هێز دژی پارتی کرێکارانی کوردستان. لەبەر ئەوەی ئەمە یەکەم جار نییە ئەمەریکا پاڵپشتی لەتورکیا بکات، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەنین کە قەڵەمڕەوی شەڕەکە لەناو خاکی عێراق بەردەوامی هەبێت".


لەلایەک هێرشی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەلایەکی تریش پاڵپشتی نەکردنی هیچ وڵاتێکی ئیقلیمی و دەرەکی، کورد بەتەنیا دەهێڵیتەوە، رایەکیش هەیە کە بوونی هێزەکانی پژاک و پارتی کرێکاران بوونەتە بیانووی تورکیا و ئێران چەک دژی هەرێمی کوردستان بەکاربێنن. بەبڕوای فەرید ئەسەسەرد، بوونی پەکەکە لە ناوخاکی باشوری کوردستاندا بوونێکی "نایاساییە"و ئەوەش وا دەکات ببێتە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەسەسەرد گوتی "بوونی چەکدارانی pkk بونێکی یاسایی نییە لەهەرێمی کوردستان، چونکە تا ئێستاکە ئەوان موڵەتیان لەسەر مانەوەی خاکی کوردستان وەرنەگرتووە، ئەم کێشەیەش وایکردووە پێش ئەوەی لەلایەن حکومەتی عێراق ببێتە کێشە بۆتە کێشە بۆ حکومەتی هەرێم، بەڵام تا ئێستاکە رێگاچارەیەکی بۆ نەدۆزراوەتەوە".


لەبەرانبەردا (ئەحمەد دەنیز) ئەو دەستکەوتانەی باشوری کوردستان بەگرنگ دەزانێت، بەڵام رەتی دەکاتەوە پارتەکەیان ببنە مایەی سەرئێشە بۆ هەرێمی کوردستان، دەنیز کە ماوەیەکی زۆرە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە، دەڵێت "بێگومان ئەوە راستە دەسکەوتێکی مەزن لەباشوری کوردستان هەیە و ئێمەش ئەو دەسکەوتەمان پاراستووە، بەڵام هێرشی فرۆکە جەنگییەکانی تورک تەنیا بە ئامانجی یەک هێز نییە، بگرە هەموو هێرشەکانی تورکیا بەرانبەر بەرژەوەندییەکانی کوردە بەگشتی، چونکە کێشەی سەرەکی لەڕۆژهەلاتی ناوین کێشەی کوردە، بۆیە پێویستمان بەوەیە کە خۆمان نەخەڵەتێنین، ئەم پلانە پلانێکی مەزن و گەورەیە هەدەفیش لەو پلانە کوردەو دەستکەوتەکانییەتی، لەبەر ئەوە پێویستە تەواوی کورد لەبەرانبەر ئەو پلانانەدا هۆشیاربن".
دەنیز باسیش لەوە دەکات، کە پلانێکی سەرتاسەری دژ بەخەڵکی کوردستان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لەئارادایە، گوتی "لە رۆژهەڵاتی ناوین سەرهەڵدانی گەل دەستی پێکردوە، دژی زوڵم و زۆرداری و ستەمی رژێمە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکان، بەڵام دواتر ئەمەریکا دەستێوەردانی ئەم چالاکییانە دەکات، بۆیە لەحاڵەتێکی وادا دەیەوێت گۆڕینی نەخشەڕێگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستی خۆیدا بێت"، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، گوتیشی "لەم نێوەندەدا تورکیا رۆڵ دەبینێت لەگەڵ ئەمەریکاش لەسەر ئەوە رێککەوتوون، کە ئەمەریکا لێرەدا دەیەوێت تورکیا بەکاربێنێت، چونکە دەسەڵاتی تورکیا بۆ ئەمەریکا مۆدێلێکی ئیسلامی نەرمەو لەم نێوەندەدا بەرژەوەندی هەردوولایەن بە تەسفییەکردنی پەکەکەیە".


فەلەکەدین کاکەیی نووسەر و چاودێری سیاسی، پێیوایە بوونی هێزەکانی پەکەکە لەسنوورەکاندا، بۆ ئەمڕۆ ناگەڕێتەوە، بەڵکو لەساڵی (1980)ەوە لەنێوان کوردستانی تورکیا و عێراقدابوون، لە(1984) لەناو تورکیادا کەوتوونەتە شەڕەوە، بەبڕوای کاکەیی، "ئەو شەڕ و هێرشانەی ئەمڕۆی تورکیا پاساو نییە، بەڵکو بیانووە، ئەوە شەڕی تورکیا بەتەنیا نییە، بەڵکو شەڕی ئێران و تورکیایە، ئەوە شەڕی جدیە دژی کوردە، چونکە شەڕەکە لە سێ لایەنەوەیە، لە تورکیاو عێراق و ئێران، عێراقیش کە هێزی پێشمەرگەی راکێشاوە بۆ شەڕە، بۆئەوەی پێشمەرگە لەجەلەولاو سەعدیە تووشی شەڕبن، من مەترسیەکی تر دەبینم، هیوادارم راست نەبم لەوەدا، من پێموایە ئەو بۆردومانە هەر لەناوچە سنوورییەکان نامێنێتەوە، رۆژێک دێت دەگاتە سەر شارە گەورەکان، چونکە ئەم کیانەی کوردستان بووە بەکیانێکی وا کە دەنگی سەربەخۆیی لێرەوە دەردەچێت، ئەوانیش دەیانەوێت ئەو دەنگە نەهێڵن، بۆیە ئەو مەسەلەیە زۆر گەورەیە"، فەلەکەدین کاکەیی گوتیشی "هەرچەندە تورکیا و ئێران بیانوو دەهێننەوە، بەڵام بیانوو هێنانەوە هەموو کەس دەتوانێت، بۆیە پێموایە دەبێت کورد خۆی ئامادە بکات بۆ شەڕێکی گەورە، ئیتر من نازانم چۆن خۆی ئامادە دەکات، یان ئامادەیی هەیە بۆ شەڕ، هەرچەندە ئەوە کاری من نییە کاری عەسکەرییە، بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەگەری شەڕی گەورە هەیە".


کاکەیی پەنابردن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە گاڵتە وەسف دەکات، بەڵگەش بۆ قسەکانی ئەوەیە کە وەک خۆی دەڵێ "من دەتوانم بڵێم گاڵتەم بەو قسانە دێت کە دەڵێن پەنادەبەینە بەرکۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، من دەپرسم کام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی؟ ئەوەتا ئەمەریکا و ئەوروپاو هەموو دەوڵەتە گەورەکان لێرەن. بۆیە پێموایە مەسەلەکە زۆر گەورەیەو کورد دەبێت خۆی رابگرێت، خۆی ئامادە بکات بۆ رۆژانی سەخت".


بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی یەکێتیەوە له‌به‌ردەستدان، لەدوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیدا، باسی لەو بارودۆخەی کوردستان کردووە، کە لەلایەن تورکیا و ئێران لەسنوورەکانیش و لەلایەن عەرەبەکانەوە لەجەلەلاو سەعدیە بۆ کورد دروستکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا باسی کڕینی چەکی قورس کراوە.


ئەگەر کڕینی چەک لەکوردستان هەر کەسێک تەرحی بکات، ئەوا خودی ئەو ئەگەرە رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار دەبێتەوە، بەر لەهەموو شتێک پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئایا هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی عێراق چەکی قورس بکڕێت؟ ئایا هەرێمی کوردستان لەڕووی هێزەوە لەگەڵ تورکیاو ئێران هاوسەنگە؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لەدژی سوپای عێراق چەک بەکاربهێنێت؟ لەکاتێکدا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق کوردە و کورد لەدەوڵەتی عێراق هاوبەشە، هەرچەندە لەدەستووری عێراقیدا بەراشکاوی باسی ئەوەی نەکردووە، کە حکومەتی هەرێم بۆی نییە چەکی قورس بکرێت، بەڵام بەپێی رێکەوتنێک کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و سوپای عێراقی ئەنجام دراوە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت چەکی قورس بکرێت، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق بەپرسیار دەبێت لەپاراستنی سنوورەکانی کوردستان.


هێمن میرانی مامۆستای زانکۆ لەبارەی زانیاری کڕینی چەکەوە لەلێدوانێکدا، گوتی "من ئاگاداری ئەو قسەیە نییم، بەڵام ئەگەر گوترابێت، ئەوا مەبەست کڕینی چەکی قورسە، بەپێی زانیارییەکانی من هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندی حکومەتی عێراقی ناتوانێت چەکی قورس بکڕێت، ئەوە مەسەلەیەکی رێگەپێدراو نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کارێکی باشە پێشمەرگە رێکبخرێت و پاساوانی سنوور بەهێز بکرێت". هێمن میرانی ئەوەی بەباش نەزانی لەئێستا هەرێمی کوردستان خۆی رووبەڕووی شەڕ بکاتەوە بەتایبەت لەبەرامبەر تورکیا، چونکە ئەو دەڵێ "هێزی کوردستان لەگەڵ تورکیا هاوسەنگ نییە، تورکیا لەناتۆدا ئەندامە و ئەو تۆبپارانکردنەش بەچاودێری ئەمریکایە". جیا لەو قسانەش میرانی گوتی "لەحاڵەتی ئێستادا شەڕ لەگەڵ هیچ لایەک باش نییە، باشترە کورد بیر لەهەنگاوی تر و کارتی فشاری تر بکاتەوە".


هەرچی لەبارەی ئەو ئاڵۆزیانەوە دەگوترێ رایەک هەیە کە واچاوەڕوان دەکرێت، بەهۆی فشارەکانی تورکیا و ئێران، هێزە کوردییەکان لەباشور دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان و پژاک بووەستنەوە، چونکە هەرێم بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا هەیە. لەو بارەوە (ئەحمەد دەنیز) دەڵێ " ئێمە چاوەڕێی ئەوە ناکەین تورکیا و ئەمەریکا پارتی و یەکێتی لەگەڵ پەکەکە بەشەڕ بدەن، ئەگەر هاتوو کارێکی واش بکرێت ئەمە هەڵەیەکی مێژوویی و پلان و خواستی داگیرکەرانە، بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت ئیستا هەر پارچەیەکی کوردستان روو لەشوێنێک بکەن، بەڵام پێموایە کورد زۆر هۆشیارە لەپلانی دوژمنان".


ماڵپه‌ڕی شوان سدیق
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک