په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٧\٢٠١١

مه‌ترسییه‌ گەورەکەى دەسەڵاتى کوردى.


ئیسماعیل عەبدولڕەحمان


ئەو گلەیی و گازندەیەى کەزۆرینەى خەڵکى کوردستان لەدەسەڵاتى کوردیان هەیە ، زیاتر لەڕوى ئابوریەوەیە ، چونکە وادەزانن خراپى ئەو دەسەڵاتە تەنیا ئەوەیە کە دەستى بەسەر سەرجەم کەناڵەکانى داهاتى وڵاتدا گرتوەو بەهەوەس و ئارزوى خۆى تەخشانوپەخشانى دەکات ، هەرچەندە ئەمانە هەموى ڕاستە و دەسەڵاتى کوردى تۆسقالێک دەست پاکى پێوە دیار نییە ، بەڵام خۆزگە زەرەرو زیانى ئەم دەسەڵاتە تەنیا دەست بەسەراگرتنى بارى ئابورى وڵات بوایەو مەترسى گەورەترى لەدوا نەبوایە ،ڕەنگە یەکسەر بپرسن ئایا دەبێت چ شتێک لەدزى و تاڵنکردن و نائەمین بوونى دەسەڵاتى وڵات مەترسى دارترو خراپترو قێزەوەنتربێت ؟ لەوڵامدا دەڵێم شەرعیەتدان بەڕفتارە فاشیەکانى بەعس و حکوم کردن وەکو سەردەمى شاى ئێران دوو سیاسەتى ئاوێتە کراوى ژەهراوین بۆ لەناوبردنى هەستى پاکى نەتەوەیى و نیشتیمانی تاکى کورد ، دەسەڵاتى کوردى وەکو سەردەمى شاى ئێران بەڵێنى گەورەو زۆرە و کردەوەى لاوازو کەمە ، بۆیە نەک لەدام دەزگاکان بەڵکو لەهیچ کون و قوژبن و کەلەبەرێکى ئەم وڵاتە تۆزى چاکسازى بەدى ناکەین ،ئاخر کێ هەیە زاتى ئەوەبکات گسک بگرێتە دەست بۆ پاککردنەوەى وڵات لەگەندەڵکاران ، خۆهەر هیچ نەبێ دەبێت گسک بەدەست خۆى پاک و ئازابێت بۆئەوەى بەجۆرێک پیس و پۆخڵەکان بەسەریەکدابداو بەرەو زبڵدانى مێژوو فڕێیان بدا ، بەڵام ئایا گسک بەدەست لەو دەسەڵاتە پەیدا دەبێت ؟ بێگومان نەخێر ، ئینجا سەربارى ئەوەى گسکى ڕاماڵین نییەو گەندەڵکاران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرش و بەڵاو دەبنەوەو لەگەشە کردندان ، کەچى خەفت و کەسەرى لەوەش گەورەتر ئەوەیە ئەودەسەڵاتە سورە لەسەر شەرعیەتدان بەڕفتارى بەعسیەکان ،بۆنمونە : لاى هەمولایەکمان ڕون و ئاشکرایە ڕژێمى بەعس بەدڕندەترین شێوە زیاتر لەچوار هەزار گوندى کاول و وێرانکرد و لەدواى کوشت و بڕێکى زۆر ى هاوڵاتیانى گوند نشین و شاڵاوەکانى هەر هەشت قۆناغى ئەنفال ئەوجا خەڵکەکەى بەزەبرى هێز بردە نزیک شارە گەورەکان و کۆمەڵگاى زۆرە ملێیانى بۆ دروستکرد و هەر چوار دەورى کۆمەڵگە زۆرە ملێکانى بەڕەبایە دەورە دا ، ئینجا گەر لەو سەردەمە پڕ لەمەینەتى و قوڕبەسەریەدا ڕژێمى بەعس پێشینەى خانوو بەرەى بەو خەڵکە دابێ ، ئێستاش دەسەڵاتى کوردى ئەو پێشینەیەى ئەوکاتى بەڕەوا بزانێ و بەخەڵکى دێهاتەکان بڵێت ئێوە لەسایەى دەسەڵاتى کوردى پێشینەى خانوبەرە ناتانگرێتەوە ، ئەرێ لەبەرچى؟ لەبەرئەوەى کاتى خۆى لەسەردەمى حوکمى سەدام لەکۆمەڵگاکان وەرتان گرتوە ، ئەى هاوار بۆخۆمان ئەى هەر ئەم دەسەڵاتە نەبو بۆ مەبەستى بەرژەوەندى خۆى سەدان جار بەناوى وێران بونى دێهاتەکانەوە سەردولکەى دەوت و فرمێسکى تیمساحانەى دەڕێشت ، کەچى بۆ سود گەیاندن بەگوند نشینەکان پێشینەى خانوبەرەى سەردەمى ڕژێمى بەعسیان بەسود مەندبون بۆ هەژمار دەکات ،کەئەمەش شەرعیەتدانێکى ڕون و ئاشکرایە بەڕفتارە کانى ڕژێمى بەعس کەدژى گوند نشینەکان کردویەتى ، ئاخر دەسەڵاتێک ئەوە بڕیارو کردەوەى بێت بەرانبەر گەلەکەى بەگشتى و گوند نشینەکان بەتایبەتى حەق نییە بەگەورەترین مەترسى بۆ سەر چارەنوسى گەل و نیشتمانەکامانى بزانین؟ من واى دەبینم کوشتنى هەستى نەتەوایەتى و گیانى نیشتمان پەروەرى سەدان جار لەدزى و بەتاڵان بردنى سەروەت و سامانى میللەت مەترسى دارترە ، چونکە گەر ئەم هەستە پاکە نما و نەمینێ ، بێگومان ئەو دزى و تاڵانییە پتر درێژەى دەبێت و هیچ هەستێکى تریش نییە جگە لەهەستى دڵسۆز بون بۆ گەل و نیشتمان کەببێتە هەوێنى بزواندنى خیرەتى خەڵک بەگشتى و گەنجەکان بەتایبەتى ، بۆ ئەوەى قبوڵى ئەو ئەو تاڵانییە نەکەن ، بەڵام دیارە دەسەڵات ئەو سەرى پڕۆسەکەى لێدیارە ، بۆیە بەچڕى لەهەوڵى ئەوەدایە گیانى بەرپرسیارەتى لەناخى تاکەکانى میللەت نەهێڵێ و سەردەمى کوردایەتى و کورد بوون تەنیا بەحزبى بوون و دڵسۆزبون بۆحزبى فەرمان ڕەوا گرێ بداو هەموو بەها بەرزەکانى مێژوى دورو درێژى پڕ لەنەهامەتى و قوربانى دانى میللەتى کوردیش دەیان قات لەخوار بەرژەوەندى حزبەوە دابنێ ،

بۆیە لەو سەر دەمەى ئێستاى هەرێمى کوردستان ، سات بەسات زیاتر تاکەکانى ئەو کۆمەڵگایە لەهەڵوێست وەرگرتن و بەرەنگاربونەوەى ناعەدالەتى دور دەکەونەوەو زۆرترین کەسیش خۆى بەبەرپرسیارى چارەسەرى ئەم دۆخە ناهەموارو پڕ لەناعەدالەتییە نازانێ ، ئەمیش لەبەر نمانى هەستى کوردایەتى و لەبەرچاوکەوتنى هەموو بەها پیرۆزکانى کوردە بەخوێنى شەهیدەکانەوەش ، هەتا بەشورەیى زانینى لەبەر کردنى جل و بەرگى کوردى و ئاخاوتن بەزمانێکى پەتى کوردى ، ئایا کە تاکەکانى هەر میللەتێکى بێ دەوڵەت بگەنە ئەو ئاستەى پێیان شەرم و شورەیى بێت جل و بەرگى ڕەسەنى خۆى لەبەر بکات و لەوڵام پرسیارى کڕین و فرۆشتنى نێو بازاڕیش پێ شەرم بێت لەجیاتى (سعر) بڵێ (نرخ) لەگەڵ سەدان وشەى لەم جۆرە کەڕۆژانە خۆى دەخزێنێتە ناو زمانى کوردى وشە ڕەسەنەکانیشمان فڕێ دەدەن و تاکو جارێکى تر نێتەوە سەر زوبانیان ، چونکە لایان وایە دەربڕینى وشە بیانیەکە جوانترو ڕازاوەترو پڕ بەبەهاو ماناترە ،و دەربڕینى وشە کوردیەکە نیشانەى دواکەوتویى و گەمژەبونە. بەڕاستى ئێستا واى لێهاتوە خەڵک بەناچارى بەکوردى قسەدەکەن ، خۆگەر فێرى زمانێکى تر ببن ئەوە هەرگیز قسە بەکوردى ناکەن ، هەروەک چۆن هەزار میل لەجل و بەرگى کوردى دورکەوتونەتەوە ، هەرواش هەزاران ملیۆن میل لەزمانى ڕەسەنى کوردى دوردەکەونەوەو ئاسەوارى کورد بون لەسەر خۆیان ناهێلن ،

ئەم دور کەوتنەوەیە لەسیماى جوانى کوردایەتى و هەستى پاکى کوردایەتى بەڕژێمە داگیر کەرەکەى بەعسیش نەکرا ، بەڵام لەسایەى دەسەڵاتى کوردى دورکەوتنەوە لەڕەنگ و دەنگى کوردبون بەخێرایى بەرەو هەڵکشان دەچێت ، بێگومان دەسەڵات هۆکارى داچۆڕانى گیانى بەها بەرزەکانى نەتەوەى کوردە لەناخى یەکبەیەکى تاکەکانى میللەتى کورد ، کەئەمەش سەد قاتى بەتاڵان بردنى سەروەت و سامانى وڵاتەکەمان مەترسى دارترە ، چونکە ڕێگرتن و دەست بڕینى تاڵان چیەکان و بەرگریکردنیش لەخاکى نیشتیمان تەنیا بەو کەسانە دەکرێت کەلەقولایى هەستى پاکى کوردانەو گیانى نیشتمان پەروەرانەدا دەژین ، بێگومان ئەم هەستەش لەگەڵ هەستى ناپاکى و گەندەڵکارى تەواو دژ بەیەکە ،بۆیە دەسەڵاتیش تاکو پێبکرێت درێغى ناکات لەپڕکردنەوەى قولایی ئەم هەستە پاکە نەبادە ببێتە هەوێنى سەرهەڵدانى شۆڕشی دژە گەندەڵى و بە تاڵان چیەکان بڵێن لەوڵات بۆ دەرەوە ! لەکۆتایدا دەڵێم ئێستاکەش درەنگ نییە و پێڕا دەگەین گەر هەموومان بەگیانى گەل پەرستى و نیشتمان پەروەری و ڕەنگ و دەنگى پێشمەرگانەدا هەڵوێست وەرگرین ، بێگومان دەتوانین مه‌ترسییه‌ گەورەکەى دەسەڵاتى بەناو کوردى لەسەر چارەنوسى گەل و وڵاتمان نەهێلین !
 

ماڵپه‌ڕی ئیسماعیل عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک