٢٠\١\٢٠٢٠
مەترسییەکانی
دەوڵەتی خاوەن نەوت.
وردبوونەوە لە
پارادۆکسی زۆریی.*

تێری
لێین کارڵ |

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
نەژاد عەزیز سورمێ |
- بەشی
دووەم -
بەڵای تایبەت بە دەوڵەتانی
خاوەن نەوت.
دەوڵەتانی خاوەن نەوت بە دەوڵەتی دیکە ناچن ٨. ڕاستە ئەوان لەگەڵ
دەوڵەتانی گەشەسەندووی دی لە کۆمەڵێک تایبەتایەتیدا نەمازا ئەوانەی
کانزا ھەناردە دەکەن ھاوبەشن ، بەڵام ئابووری ئەو وڵاتانەی پشت بە نەوت
دەبەستن و سیستەمی سیاسیان لە جەوھەردا پێکھاتەیەک دروست دەکا بە ھۆی
ھەڵڕژانی دۆلاری نەوتەوە ، بە چەشنێک لە دەوڵەتانی تری جیا دەکاتەوە ،
چونکە سامانی نەوت لە توانای دایە دامەزراوان لە قاوخی دیاریکراوی
مەحکەمی وا دابڕێژێ لە خەیاڵ و لێزانی چاترینی پسپۆڕانییش سەرووتر.
ئەوەش ڕاستەبە تایبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانەی دەکارھێنانی نەوتیان تێدا
پەیوەستە بە قۆناخی بنیاتنانی دەوڵەتی سەردەمییەوە ، کە ئەم بارەش
زیاتر باوە .
ئەو پەیوەست بوونەیش دەبێ دەوڵەتی خاوەن نەوت بە جۆرێک لە پەرەسەندن
لا دەدا ، دامەزراوەکانی دەشێوێنێ ، توانایشی لاواز دەکا.
پێکھاتنی یەکەمی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت پێداگیر لەسەر زامن کردنی
سەرچاوەی نوێی نەوتی خاو و نێوان دەسەڵاتدارانی خۆماڵی کە بە تەنگەوەن
بۆ پتەوکردنی بنکەی لایەنگیرانیان چی وای بە دوای خۆیدا نەھێنا -
سەرەڕای ئاڵوگۆڕی قازانجی نێوان ھەردوولاشیان - لە میراتێکی تاڵی
ناوەندێکی توندی دەسەڵاتی سیاسی بەدەر و تۆڕێکی ڕێککەوتنی ژێر بە ژێری
نێوان فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و کاربەدەستانی کەرتی تایبەتی و لاسەنگ
بوونی پەرەپێدان بە ھۆی پشت بەستنی تاکلایەنە بە کانزاکان و پشت بەستنی
گەشە بە پشتگیری دروستکراوی نرخ بە قازانجی نەوت ، ھەڵوەشاندنەوەی
داھاتەکانی حکوومەت کە لە باج و سەرچاوەی دیکەی ناوخۆوە دێن و بە
دۆلارەکانی نەوت جێیان دەگیرێتەوە.
ڕاستیی ئەم گۆڕانکاریانە و ھیتر چوارچێوە ( ڕیزبەندی) بڕیاردان دەگۆڕێ
، بە جۆرێک بۆ دەسپێکی گۆڕانکاری نەرێنیھانی دەدا ، تا ئەوەی لە پێشدا
باس کران جێگیر بکا بەمەش بازنەیەکی بۆش لە ئاکامی گەشەی پاشڤەبڕەوە
دروست دەبێ.
ئەم پەرەسەندنە کە تاڕادەیەک لێکچووە سەرەتا لە بارودۆخی وڵاتانی
لێک جودای، سیما ھاوبەشەوە دەگەڕێتەوە ، ئەو وڵاتانە کۆ دەکاتەوە ،
لەوەشدا مەبەستمان کۆمەڵێک تایبەتایەتییە کە لە وەبەرھێنانی نەوتەوە
پەیدا دەبن.
بە سادەیی دەوڵەتی خاوەن نەوت لە ھەموو دەوڵەتانی دی زیاتر بە لای تاک
شمەکیدا دەشکێتەوە ، وەبەرھێنانی ئەوەش کە لەوانی دی پتر بەرەو نەمان
دەچێ و زیاتر لەوانیتر پشت بە چڕیی بەرزی سەرمایە دەبەستێ ، لە کاتێکدا
زیاتر لەوانی دی بە بڕگەیەکی تەنگەوە گەمارۆ دراوە ، کە تەواو لە دەستی
دەوڵەت دایە ، لەوانی دی پتر سەرچاوەی قازانجە - ئەمەش بەدیومی
نەشونمای سەرکەوتووە ، نموونەی سەرەکیش ڕاستەوخۆ لە دەوڵەتانی
نێردەکاری نەوتەوە لەم تایبەتایەتیانەدا سەرچاوە دەگرێ:
١- پشت بەستنی بێسنوور بە
داھاتی نەوت بەوەی چەقی ھەموو چالاکییەکی ئابوورییە ،
کەبەوەدادەشکێتەوە پێداویستییەکانی پیشەسازی نەوت لە بان چالاکی دی
دادەنێ.
٢- نەبوونی پەیوەندی بەرھەمھێنان و باڵکێشانی ھاندانی دارایی گەنجینە.
٣- لایەنگیریی سنووربەدەر بۆ پیشەسازی قورسی سەرمایە چڕ ، لە بەرابەر
ستەم کردن لە بونیاتیی کشتوکێڵ و لایەنی دیکەی کەرتی ھەناردەکردن.
٤- بیرکردنەوە لە پێویستیی خێرایی پەرەپێدان و پەلە کردن لێی (( پێش
ئەوەی نەوت وشک بێ)).
٥- دەست بەسەرداگرتنی دەوڵەت بەسەر داھاتی نەوت و ڕێگاکانی
بەکارھێنانی.
ئەو تایبەتایەتیانە لۆژیکێکی لە ناوەخۆیدا ھەیە دەتوانێ بەخۆی ، خۆی
بەھێز بکا ، لە سەرەتادا دەبینین پێداویستی وەبەرھێنانی نەوت و چک
کردنی ئەو سەرچاوەیە ، دەخوازێ دەسەڵاتێکی بە تینی ناوەندی ھەبێ ،
ئەگەر بۆ ھیچ نەبێ ، لانی کەم بۆ ئەوەی ھاوبەشێکی باوەڕپێکراو سەرمایەی
بێگانە بۆ دانوستان ، قازانجی نەوتیش بۆ دەوڵەت دەچێ ، ئینجا بە پێی
قانوون بێ یاخود بە ھێزی نەریت (عورف).
بەو پێیەی نەوتیش موڵکی ھەموو نەتەوەیە ، بۆیە کاری ھەرە لە پێشی ئەو
دەسەڵاتە ناوەندییە ئەوەیە بە دوای ئەڵتەرناتیفی بەرھەمدا بگەڕێ کە
تێیدا بێ جێگای پەرەپێدانی بە کەرتی نەوت بەڕێوە دەچێ بگرێتەوە ، ئەمەش
بە بەکارھێنانی خاسییەتەکانی دارایی نەوت، بەڵام لەپێشگرتنی ھەمان
دارایی بە لای بەھێز کردنی ئارەزووی بەکاربردندا دەشکێتەوە، بە جۆرێک
باڵ بەسەر ویستی بەرھەمھێناندا دەکێشێ ، لەگەڵ ئەوەی ئارەزووی
بەرھەمھێنان بۆ گەشەی ئەو ئابووریانەی تێیاندایە بەردەوام بن پێویستە
٩، دیسان ئەو لەپێشگرتنە داراییەش کۆسپ دەخاتە پێش ڕێگەچارەکانی خۆ
ڕاست کردنەوە و لاسەنگیان دەکا، بەمەش شوێنکەوتنی تاکلایەنە بۆ
دۆلارەکانی نەوت دەچەسپێنێ.
(سەرسامی بە نەوت) لۆژیکی ئابووری نەوت بەھێز دەکا ، چونکە دەست کەوتنی
یەکەمین جاری دارایی نەوت ، یا خرۆشانێک لە نرخیدا ھەڵڕژانی دۆلاری
نەوت زیاتر دەکا ، ئەمەش ھانی گەشەسەندنی کۆمەڵێک باوەڕی نوێ دەدا
لەبارەی ڕۆڵی بەرفراوانی کەرتی حکوومەتی ھەروەھا ھانی شێوازی نوێی
ڕەفتار و بەرژەوەندی نوێش لە ناو حکوومەت و دەرەویدا دەدا ، بە
نموونە سامانی نەوت کە لە حەفتا و ھەشتایەکاندا (مەبەستی سەدەی
ڕابردووە) ھەڵڕژا ھیوای سەرکردە سیاسییەکانی ، لەوانەی بەخت یاوەریان
بوو ئەو سامانەیان ھەبێ بەرز کردەوە.
ئەو سەرکردانە بەوە نەوەستان کە باوەڕیان بۆ ئەوە چوو نەک ھەر دەتوانن
باروبووی پرۆژەی پەرەپێدانی زەبەللاح لە ناوەوەی وڵاتدا بکەن ، بەڵکو
مەزەندەیان لەوەشی تێیپەڕاند کە لە توانایاندایە وەبەرھێنان یا کڕینی
سەرچاوە و پارێزبەندی لە دەرەوەش بکەن.
ئەوانە بە ھۆی زێڕی ڕەشەوە بۆیان مەیسەر بوو ژیانێکی شاھانە بەدی بێنن
بێ ئەوەی پێویستیان بە ھیچ پاشەکەوتێکی ناچارییەوە ھەبێ یان ھیچ
بەرنامەیەکی دەستگرتنەوە جێبەجێ بکەن ، یاخود ڕێگە بە زیادکردنی
پەکخستنی بودجە لە ڕێی زیادەخەرجییەوە بدەن ئەمەش بوو بە ئادگاری
دەوڵەتانی دیکەی جبھانی سێیەم.
دیارە ((سەرسام بوون بە نەوت)) بە تەنیا دەسەڵاتدارا نی نەگرتەوە ،
چونکە دەسکەوتنی دارایی ئاسان، ئاکاری کاری باو ھەروەھا ئەنگیزەی
ڕێکخستنی کاریش لە بازاڕدا سست دەکا.
دیسان ڕێکوپێکی دارایش (لە خەرج کردندا) لە ناو دەزگاکانی حکوومەتدا
لاواز دەکا ، ئەمەش دەبێتە ھۆی کاری ھەڵەشە لە بودجەدا.
لەوەش وێرانتر سەرسام بوون بە نەوت تەگەرە دەخاتە پێش کۆششی تەیارکردنی
ناوخۆیی سەرچاوەکان لە ڕێگای باجەوە و مەیلی قبووڵ کردنی دەستگرتنەوە
کز دەکا و پشت بەستنێکی مەترسیداری بە دەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە بۆ
چارەسەر کردنی تەواوی کێشەکان ئەمەش دەبێتە ھۆی پشت بەستنی زیاتر بە
داھاتەکانی نەوت و زیادبوونی دەست خستنیدەوڵەت بۆ ناو کەرتی تایبەت.
بە واتایەکی دی گرفتی مەترسی ئەخلاقی و مەترسییەکانی سەرھەڵدانی
سەرمایەی خزمخزمێنە Crony Capitalism بە
تەواوی دەردەکەوێ.
ئەوەی دەوڵەتی خاوەن نەوت
لە دەوڵەتانی دی جیا دەکاتەوە ئاڵوودە بوونیانە بە داھاتی نەوت، لە
کوێشدا ئەو ئاڵوودە بوونە بچەسپێ ، کۆمەڵێکی شێواوی ئەنگیزەی سیاسی و
ئابووری تیا دەبینین کە پەل بە ھەموو لایەنەکانی ژیاندا داوێ ، بە
جۆرێک وای لێ دێ ھەموو شتێک دەخرێتە فرۆتنێ.
بەرپرسانی دەوڵەتانی خاوەن نەوت وەک بەرپرسانی دەوڵەتانی دی
ناجوولێنەوە ئەوان ناچار نین وا بن، بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت ھیچ
سەرکێشییەکی سیاسی ناکەن بە ھەمان ئەو ڕێگایانەی کۆمپانیاکانی تر
دەیکەن و بە ھەمان نرخاندن.
کۆمپانیاکانی نەوت تەنانەت لە جەنگەی شەڕی ناوخۆشدا لە کارەکانیان
بەردەوام دەبن (وەکو ئەنگۆلا)، تەنانەت لە کاتێکدا پارتیزان و چەتەی
ماددە ھۆشبەرەکانیش ھێرش دەکەنە سەر بۆڕییەکانی نەوت و بەڕێوەبەری
کۆمپانیاکان (وەک کۆلۆمبیا) ، یا تەنانەت ھەڕەشەی نائارامی ھەرێمایەتی
کە سەقامگیریی دەشێوێنێ وەکو ( گۆلی دەریای قەزوین).
لە بەرامبەردا خاوەنکاری ناوخۆ و سەرکردەی سەندیکاکان و سەرانی سیاسی
حساباتیان بە پێی ڕێساکانی باو بنیات نانێن ، لە کوێدا نەوت ببێتە چەقی
ململانێی ناوخۆ و جیھانی لەسەر قازانج ، مەترسیەکان گەورەتر دەبن لەوەی
بتوانرێ لە دەست بدرێن ، ملیاران دۆلار ئامادەیە بۆ وەرگرتن ، ھەر لەو
کاتەدا ئەو ملیارانە بە گشتیی لە چوارچێوەی پەیکەرێکی کارگێڕیی لاواز و
مافی خاوەندارییەتی مسۆگەر نەبوو و نەبوونی پابەندبوونی دادوەریدا
دەخوولێتەوە ، دابەش بوونی قووڵیش لەو لاوە بوەستێ ھەروەھا بەرزخوازیی
سیاسی بەھێز کە ئەمەش داڕشتەیەک نییە توانای ئابووری بەجێ بێنێ.
لەم بارەیەوە دەوڵەتانی خاوەن نەوت ھاوشێوەی دەوڵەتانی دیکەی قازانج
ویست ، کە ھێزی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی لە توانای دوولایەنەی لە
دەستخستنی قازانجی دەرەوە لە بازنەی جیھانیدا ھەڵدێنجێ، لە پاشانیشدا
دابەش کردنەوەی ئەو داھاتانە لە ناوخۆدا.
بە ڕاستی دەوڵەتانی خاوەن نەوت بە تەواوی دەوڵەتی قازانج ویستن : نەوت
ئاستی بەرزی نائاساییان لە قازانج بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ دەستەبەر دەکا ،
وەک ئەوەی قەرز کردنی نێودەوڵەتیشی بۆ ئاسان دەکا ، کە ئەمەش توانایی
ژیانی زیاتر لە توانای دارایی بەردەست درێژە پێ دەدا.
ڕەنگە ئەمەش ببێتە ئەگەری ئەوەی ڕێگە بە سەرکردەکانی دەوڵەتانی خاوەن
نەوت بدا خۆیان لە گۆڕانکاری بنەڕەتی پێویست بۆ ماوەیەکی درێژتر لە
توانای سەرکردەکانی دی وڵاتانی پەرەسێن بە دوور بگرن ، چونکە دەوڵەتانی
پەرەسێن خێراتر دەێنە ژێر باری پێداویستی گۆڕان ھەر وەختێ نیشانە
گەورەکانی ئابووری ھەبوونی ئاڵۆزی دەردەخەن ، بەڵام بە بوونی نەوت ،
دەوڵەتی خاوەن نەوت شتێک نابینێ بەسەریدا بسەپێنێ خۆی بگونجێنێ - ئەگەر
بیشیکات لە کات و ساتی پێویستدا نایکا ، بەو واتایەی دۆلارەکانی نەوت
بژاردەی پەرەپێدانی پێشووی پشت بە نەوت بەستوو ((دادەخا)) و ئەو
بژاردانە دەچەسپێنێ ، بەمەش سستی لە دامەزراوەکاندا دادێنێ و کۆسپی
بڵیند لە بەرابەر چاکسازیدا ھەڵدەنێ.
دیسان دۆلارەکانی نەوت ھانی گرتنەبەری شێوازێک لە سیاسەت دەدا خۆی لە
ئارەزووی لەڕادەبەر بە داپۆشینی گرفتان بە پارە دەبینێتەوە ، یان ئەگەر
ئەوە نەلوا بژاردە قورسەکان دوا دەخەن تا خرۆشانێکی تازەی نەوت دێتەوە
، بەڵام کێشە دواخراوەکان دەسبەجێ کەڵەکە دەبن و بارەکە خراپتر دەبێ ،
لە ئەنجامی ئەمەشدا گۆڕان - کە لە پاشاندا ھەر دێ - بە کاریگەریی
قەیرانە قووڵەکانی سیاسی و ئابوورییەوە دێ .
ناتەوانایی دەوڵەتانی خاوەن نەوت بەوەی خۆی لەگەڵ بارودۆخی نوێدا
بگونجێنێ و توانای نوێبوونەوە و نەرمی نواندنی لە سیاسەتدا ھەبێ کە بۆ
سەرکەوتنی گەشە پێویستن ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە بنیاتی ھاندانی
شێواوەوە ھەیە کە ڕەفتاری سیاسی و خودانی کاران بە یەک ئاست دادەڕێژێ ،
لە دەوڵەتانی دی گەشەسەندووی خاوەن نەوت ھێزی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی
تاڕادەیەک لەسەر توانایی دوولایەنەدا دەوەستێ:
١- ھەڵێنجانی قازانج (دراو
بەرامبەر نەوت) لە دەرەوەی بازنەی جیھانیی وزەدا.
٢- دابەش کردنی قازانج لە ناوخۆدا بە بەکارھێنانی پێوەری سیاسی وەک
شێوازێکی ناوەندیی دابەش کردن ، ئەمەش پەیوەستییەکی توندی نائاسایی لە
نێوان دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیدا پەیدا دەکا و چەندین تۆڕی ڕێککەوتنی
ژێربەژێر پەرە پێ دەدا کە لەسەر ئاڵوگۆڕی کلاسیکیدا دەوەستێ لە نێوان
مافی حوکم و مافی پارە کۆکردنەوەدا.
دیسان ھەر ئەمە ئەنجامە
ئابوورییەکان بە مەحکەمی بە سیاسەتەوە دەبەستێتەوە لە شێوەی تێکەڵاو
بوونی ئابووری و سیاسەت لە دەوڵەتانی پێشووی سۆشیالست - ئەم واقیعەش وا
دەردەکەوێ بەسەر سەرنجی زۆربەی چاودێراندا تێپەڕێ.
ڕاستیی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی نێردەکاری نەوت ھیچ ھاندەرێکی
ڕاستەوخۆیان نییە وایان لێ بکا بگر و لێھاتوو و لە خەمی داڕشتنی
سیاسەتدا بن، ھەروەھا کەمترین ھۆ لای خۆیان نابینن پاڵیان پێوە بنێ بۆ
نامەرکەزایەتی دەسەڵات بە بەشداری پێ کردنی ھاوبەشی دیکە ، بە
پێچەوانەوە ئەو پارەیەی دڕژێتە ناو گەنجینەکانی دەسەڵاتێکی ناوەندی
توند نامانگەیێنێتە ھیچ لە بە ناوەند بوونی ئەو دەسەڵاتە بەدەر لەوەی
ھانی ئەو پەیوەندییە قازانجیانەی نێوان سیاسی و سەرمایەدارەکان دەدا.
لە باتی ئەوەی سەرکردەی ئەو وڵاتانە کار بۆ دوورکەوتنەوە لە پیشەسازی
بە پەلەپەلبکەن و سنوورێک بۆ زیادەڕۆیی لە خەرجی و بەکاربردنی
لەڕادەبەری ناوخۆ دابنێن کە وڵاتانی ئۆپێکی پێ دەناسرایەوە (بە پێی
ڕاسپاردەی شارەزایانی گەشە) ، یا کار بۆ ئەوە بکەن سنوورێک بۆ
زیادەڕۆیی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت بەسەر ئابووریدا (وەک لیبڕالە
نوێکان ئامۆژگاری دەدەن) دەیانبینین بە جۆرێکی دی دەجوولێنەوە لە
ڕوانگەی باوەڕبوون بە توانایان لە دواخستنی کێشە سیاسی و ئابوورییە
گرینگەکان و بیرکردنەوە بە جۆرێکی تەواو پێچەوانەوە.
ئەو چوارچێوەیەی دەوری دورست کردنی بڕیاریش کە لە دابەش کردنی قازانجدا
پێک دێ و خۆی لەسەر ڕادەگرێ ھەر ئەوەش مەتەڵی سەیرایەتی زۆریمان بۆ
ھەڵدێنێ ، واتە ئەو ھۆیەمان بۆ لێک دەداتەوە کە وا لە حکوومەتە
جیاجیاکانی دەوڵەتانی نێردەکاری نەوت دەکا لەگەڵ جیاوازی شێوازی حوکم
وجیاوازی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و کولتوور و قەوارە و بایەخی
جیۆستراتیجییاندا ڕێڕەوێکی گەشەی ھاوبەش ھەڵدەبژێرن و لە جەوسەرێکی
وێکچوودا دەخوولێنەوە و بە گشتی بە باری پێچەوانەی زیانبەخشدا
دەشکێنەوە و لە جیاتی چاک کردنی توانای ئابووری یا فێر بوونی سیاسی ،
دۆلاری نەوتێ جێی شارەزایی سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەگرێتەوە ،
لە کوێشدا ئەمە ببێ توانای بەرەنگاربوونەوەی داواکاریان لاواز دەبێ و
پارێزبەندی ڕێژەیی داڕێژەرانی سیاست دادەڕمێ.
ڕاستیی دەسەڵاتداران توانای ئەوەیان نامێنێ بڵێن ((نا)). ١٠
ئەمە لەبەر ئەوە نییە سەرکردەی دەوڵەتانی نێردەکاری نەوت لەوە ناگەن چی
خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکا ، بەڵکو ئەوان با لە ماوەیەکی
کورتیشدا بێ زۆر چاک لەو بەرژەوەندیانە دەگەن.
___________________________________
پەراوێز:
٨- ئەو بیرۆکەی لەم
بەشەدا پێشان دراوە لە لێکۆڵینەوەیەکی کارڵ (١٩٩٧)
Karl وەرگیراوە، کتێبەکە بەدرێژی و فراوانی باسی دەکا ، بە
ھێنانەوەی چەند ڕاستییەکی گریمانەیی
(ئەمبریقی)- گەڕانەوە بۆ ڕاستییە ھەستپێکراوەکان - وەرگێڕ - چەند
لایەنێکی ئەو بیرۆکەیەش ھەیە دەتوانرێ پێی بگەن لە کارەکانی تێری لین
کارل لە پەرتووکی: Karl (1977)
, Energy and Politics in Central Asia and the
Caucasus, ed., Bruce Aker et al .( Lanham, MD: Rowman&
Littlefield Publishers , forthcoming ).
٩- Albert Hirschman , Essays in Trespassing:
Economics
To Politics and Beyond (Cambridge, England: Cambridge University
Press ,1981).
١٠- بەڕێز ھیکتۆر ھورتادۆ، کە وەزارەتی دارایی فەنزوێللای وەرگرت
ئاماژەی بە نووسەری ئەم دێرانە داوە و وتوویەتی: ((چۆن دەتوانین بە
بەھێزەکان بڵێین ئێمە پارەیان لێ قەدەغە دەکەین، یان پێیان بڵێین
پارەمان نییە، لە کاتێکدا ئەوان بێگومان دەزانن کە تۆ نەوتت ھەبێ واتە
پارەی پێویستت ھەیە، یا دەتوانی دەستی بخەی؟)).
(کاراکاس ، فەنزوێللا ، ھاوینی ١٩٧٩).
___________________________________
ئاماژەیەک لە وەرگێڕەوە:
(تێری لێین کارڵ پرۆفیسۆری ئەمەریکایی بواری
زانستە سیاسیەکان، ٢١ی نۆڤێمبەری ١٩٤٧ لەدایک بووە. ئەم لێکۆڵینەوەیەی
کاتی خۆی ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن - پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی عێڕاق -
کەخوالێخۆشبوو نووسەری ناسراو فالح عەبدولجەببار سەرپەرشتی دەکرد کراوە
بە عەرەبی و وەکات لە بەغدا و ھەولێر و بێرووت بڵاوکراوەتەوە. نووسەر
لەم لێکۆڵینەوەیدا بە ڕاشکاوی باسی گرفتە پەنھان و ئاشکراکانی نەوت
ومەترسییەکانی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دەکا کە چۆن ئەگەر پسپۆری دڵسۆز و
لێزانی حیکمەتدار لە پشت ئیدارەدانییەوە نەبن لە باتی خێر دەبێتە بەڵا
بەسەر خودی دەوڵەتەکەوە ونەک ھەر گەشەی دەوەستێنێ یا دوای دەخا، بەڵکو
دەیخاتە ژێر باری قەرزی قورسیشەوە، لەم بوارەشدا نموونە و داتای
حاشاھەڵنەگر و ھەندێ جار بەڵگەنەویست دێنێتەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە
دواکەوتووەکاندا. بە ھۆی گرینگی لێکۆڵینەوەکە و بۆ بەرچاوڕوونی لایەنە
پەیوەندیدارەکانبە پێویستم زانی بیکەم بە کوردی، دەنا ڕەنگە بابەتی لەم
چەشنە کاری ئابووریزانان بێ تا خوێنەر و بەدواداچوویەکی ئەدەب و ھونەر).
___________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/metirsiyekanidxn1.htm
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|