٧\٨\٢٠٢٥
مەترسییەکانی
میلیشیایی چەکدارى و خێڵگەریی
لە هەرێمی
کوردستان و عێراق.

مژدە محەمەد ئیبراهیم
میرنشینە کوردییەکان بەشێکی گرنگی مێژووی کوردستانن کە لە ماوەی
سەدەکانی ڕابردوودا بوونەتە ناوەندی دەسەڵات و کولتووری کوردی. ئەم
میرنشینانە زۆربەیان لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی عوسمانیەکاندا
بوونە و هەریەکەیان ڕۆڵی دیاریان هەبووە لە پاراستنی ناسنامەی کوردی و
بەرەوپێشبردنی کولتوورو سیساسەتی کوردستان. مێژووی سەرهەڵدانی میرنشینە
کوردییەکان دەگەرێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر و لە یەکێک لە کۆنترین
میرنشینە کوردییەکان (میرنشینی حەسنەوی ٩٤١-١٠١٤ ز) کە لە شاری جیبەل
دامەزرا و هەریەک لە شارەزوور و شارەکانی مهاباد و کرماشان و هەمەدانی
لەخۆگرتوە و میرنشینەکانی تری وەکو میرنشینی (شەدادی، مەروانی،
ئەیووبی ، بابان ، ئەردەلان، بۆتان، سۆران و بادینان) هەریەکەیان ڕۆڵی
کاریگەری خۆیان هەبوو لە ڕووی ئابوورییی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و
پێکەوەژیانەوە لە کوردستان و ناوچەکەدا.
وەلی ئەم میرنشینانە هەریەکەیان لەلایەن دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانییەوە
پاڵپشی دەکران و لە دژی میرنشینە کوردییەکانی تردا هان دەدران و
بەکاردەهێنران لەپێناو لاوازکردن و توانەوەی ناسنامەی کوردی و
پەرتەوازەکردنی ناوماڵی کوردی، کە ئامانج و خەونی تەواوی دوژمنانی کورد
ئەو پەرتەوازەییە بووە تا کار گەیشتە دابەشکردن کوردستانی گەورە بەسەر
هەر چوار وڵاتی عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا، هەروا یەکترقبوڵ نەکردنی
میرە کوردییەکان و خۆبەگەورەزانینان هۆکاری لێک دوورکەوتنەوەی نێوان
هۆز و میرە کوردییەکان و شکستییان بوو لەبەردەم سوپای دوژمندا.
ئەگەر لە کۆندا بوونی خێڵ پێویست بووبێ ئەوا لەگەڵ گۆڕانی
کۆمەڵگەی جیهانی و کرانەوەی جیهان و پێشکەوتنی سەردەم بوونی خێڵ و هۆز
و گرووپی چەکدار زیانیان پتر بە گەلی کورد گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری
پاشەکشە و بەرەو دواوە گەڕانەوەی کورد و پێشێلکردنی یاسا و هەوڵدان بۆ
چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کە ئەمەش زیانی زۆری لە
خاوەن ماف داوە چەندین پێشێلکاری و کاری کوشتن و هەڕەشەکردن مافی خاوەن
ماف خواردراوە لە ڕابردوودا و ئێستاش بەردەوامی هەیە. لە ڕۆژگاری
ئێستادا خێڵ لە لایەن دەسەڵاتەوە پڕ چەک دەکرێن و لە هەر کاتێکدابێت
دەتوانن لە سوودی خۆیان بەکاریانبهێنن و تەنانەت بوونەتە هۆکاری
ملکەچکردنی گەنجان و هاوڵاتیان بۆ پابەندبوون بە لایەنێکی سیاسی دیاری
کراوەوە و تاوەکو لە کاتی دەنگدان دەنگیان بخەنە پاڵ لایەنێکی دەسەڵات
کە ئەو خێڵانەش ئێستا لە ژێر سایەی یەکێتی و پارتیدا دەیان و سەدان
تاوانی ناڕەوا و نابەجێ ئەنجام دەدەن و حیساب بۆ یاسا ناکەن.
مانەوەی هەر گرووپ و هێزێک هەر لە کۆنەوە پابەندبووە بە بەهێزیی لایەنی
چەکداریی و سەربازیی ئەو لایەنانە هەر بۆیەشە ئەم گرووپ و خێڵە
خێلەکییانە خۆیان پرچەک دەکرد لە پێناو پاراستنی خۆیان و بنەماڵە و
بەرژەوەندییەکانیان. تەواوی ئەو خێلانەی ئێستا لە کوردستان و عێراق
حوکمی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکەن لە لایەن هێزە سیاسیەکانەوە
پاڵپشتی دەکرێن و هەر تاوانێکی کوشتن و زەوتکردنی مافی کەسێکی بێ
دەسەڵات لە لایەن ئەو خێڵ و گرووپانەوە ئەنجام دەدرێ و هەرگیز حیساب بۆ
دادگایەکان ناکەن و هێزەکانی پۆلیسیش دەسەڵاتیان بەسەریاندا نییە.
پڕچەککردنی گرووپ و میلیشیا و خێڵەکان لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە و
بەکارهێنانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە و پێگەیەکی بەهێزیان
پێداون و کۆمەڵی کوردیان گەڕاندۆتەوە بۆ سەردەمی دەرەبەگایەتی و چەندین
کاری گێرەشێوینیی دەبینین ڕۆژانە لە لایەن ئەو خێڵە خێلەکییانەوە
ئەنجام دەدرێن بێ ئەوەی حیساب بۆ یاسا و حوکمەت بکەن، لە دواین کاری
ئەو خێڵانەش بەرەنگاربوونەوەی خێلی هەرکی بوو بە ڕووی هێزەکانی ئاسایشی
هەولێر کە تێیدا دوو هاوڵاتی بوونە قوربانی و چەندین چەکی قوڕس و
جۆراوجۆر بەکارهات، واتە تەنها خێلێک ڕووبەڕووی حوکمەت بۆوە،
گەورەکردنی خێلەکان و پڕچەککردنیان لە پێناو بەکارهێنانیان بۆ
بەرژەوەندیی حیزبەکانی دەسەڵات کاریگەریی و کارەساتی گەورە لە دوای
خۆیان جێدەهێڵن.
زۆربوونی گرووپی میلیشیای و خێلەکیی لە عێراق و کوردستان و
بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و نمایشکردنی
کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان بە چەندین جۆری چەکی بچووک و گەورەوە زیادی
کردوە کە ژیانی هاوڵاتیانیان وێران کردوە و ئەمەش کاریگەریی دەروونیی
نەرێنیی زۆری لەسەر هاوڵاتیان دروستکردوە و کەس لە ئاسیشی ژیانی خۆی
دڵنیا نییە و هەموو تاکێک ناچارکراوە پەنا بۆ کڕینی چەکی بێ مۆڵەت ببا
و حوکمەت و هێزەکانی ئاسایشیش ڕۆڵیان زۆر لاوازە لە ئاست ئەو هێز و
گرووپە چەکدارییانە و هیچ حیسابێک بۆ یاسا و دادگایەکان ناکەن، بە
پاڵپشتی حیزبی خۆیان لە سەروو یاسا و دادگایەکان دەبیننەوە و کەس
ناتوانێ بەرپەچیان بداتەوە.
mzhdamohammad01@gmail.com
|