٣\٣\٢٠١١
مەترسیی
ئیسلامیزەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان... کاتی بێداربوونەوەی چەپە.

ستیڤان ئەحمەد
وەک دەزانین خۆپیشاندانەکانی گەنجانی سلێمانی، یەکێکە لە بەهێزترین
خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی دوایی خەڵکی کوردستان، هەر لەم رووەوە بەشی
زۆری هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەیانەوێت بەشێوەیەک لە شێوەکان
کاریگەرییان لەسەر ئەو خۆپیشاندانانە هەبێت.
ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا یەکەم کەس بوون، ئەو
گەنجانەیان بە ئاژاوەچی و گێرەشێوێن ناوزەدکرد، کەچی هەر زۆر زوو
بایاندایەوە و لە رێی ناردنی هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوە مەیدانەکە کرایە
مەیدانی بەرەو رووبوونەوەی دەسەڵات و گۆڕان، ئەوەتا هەنووکە گۆڕان بەو
هێزە جەماوەرییەوە فشاری زیاتر دەخاتە سەر دەسەڵات و یەکێتی ناچار
کردووە دوای دوو ساڵ لە دڕدۆنگی گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، تەنانەت کار
گەیشۆتەوە ئەوەی ئەو یەکێتییەی دەیووت دەبێت گۆڕان داوای لێبوردنمان
لێبکات، ناچارە پڕۆژە حەوت خاڵییەکەی گۆڕان قبوڵ بکات!!!، کەوابوو
دەزانین گۆڕان ئەو خۆپیشاندەرانەی کردۆتە کارتێکی گووشار بۆ سەر
دەسەڵات تا ئەجینداکانی خۆی پێ بهێنێتەدی.
هەرچی ئیسلامییەکانە، ئەگەرچی هەر لە یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکانەوە
چالاکن و بەشداریی کاریگەریان هەیە لەو نێوەندەدا، بەڵام کتومت
دەیانەوێت ئەزموونی میسر دووبارە بکەنەوە، هەر لە گۆڕینی ناوی سەراوە
بۆ مەیدانی ئازادیی تا ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ و نوێژی هەینی لە
گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکاندا، هەرچی هێزە ئیسلامییەکانن مەبەستیان
چاکسازیی و گۆڕانی ریشەیی نییە، بەپێچەوانەوە خەونیان لە ناوبردنی ئەو
دەسەڵاتە نیمچە عەلمانییەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان بوونی هەیە، ئەوان
سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بوون و دەیانەوێت حکوومەتی هاوچەشنی
تاڵیبان و سودان و کۆماری کۆنەپەرستی ئێران دروست بکەن، هەر بۆیە ئەو
هێزانە گۆڕەپانی خۆپیشاندانیان کردۆتە مزگەوت، تۆ سەیر بکە بە درێژایی
چەند رۆژی خۆپیشاندان، گۆڕەپانی سەرا نوێژی بەکۆمەڵی تێدا کراوە، هەینی
رابردوو نوێژی هەینی و وتاری ئاینی تێدا خوێنراوەتەوە و هانی خەڵک و
ئامادەبووان دراوە بۆ جیهاد، بەردەوام ژمارەیەک سەرپۆش بەسەری پیر و
جەوان هێنراونەتە ناو ئاپۆرەی خۆپیشاندەران، ئەمڕۆش چەندین سەعات بە
قورئان خوێندن براوەتە سەر بێ ئەوەی هیچ وتار و دروشمێک بۆ خەڵک روون
بکرێتەوە. بەکورتییەکەی خەریکە سیمایەکی ئیسلامیی بەسەر ئەو
خۆپیشاندانانەدا باڵ دەکێشێت و ئەمەش پاساوی زیاتر دەدات بە دەسەڵات کە
مەهامی ئەو خۆپیشاندانانە بەتاڵ بکاتەوە.
ئەگەر باسی دەوری هەڵسوڕاوانی چەپ و سکۆلار و کۆمۆنیست بکەین و رۆڵیان
لەم چەند رۆژەی پرۆسەی خۆپیشاندان بهێنینە بەر باس، ناتوانین ئەو غەدرە
بکەین و بڵێین چالاک نەبوون و کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە نەبووە، بەڵام
ئەوەی بە روونی هەستی پێدەکرێت، ئەوەیە خەریکە گووتاری ئاینی و
ئیسلامیی و تەنانەت دروشمی کۆنەپەرستانە و نەتەوەپەرستانە و ئەنتی
سکۆلارانە زاڵ دەکرێت بەسەر خیتابی سەرەکیی ئەو خۆپیشاندانانەدا، کە
ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە لە راستای بچوکبوونەوەی ریزی خۆپیشاندەران و
خودی خۆپیشاندانەکان، چوونکە ئیسلامی سیاسیی و گووتاری ئیسلامی و
ئاینیی نە تینووێتی خەڵک دەشکێنێت و نە کۆمەڵگەی کوردستان لەو ئاستە
دواکەوتوودایە تازە بەتازە بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێگە چارانەی کە هێزە
سەلەفی و ئیسلامییەکان تەرحی دەکەن.
بەبڕوای من کاتی ئەوە هاتووە، هێزە چەپ و سکۆلارەکان و هەڵسوڕاوانی
بزووتنەوەی پێشکەوتووخوازیی کاریگەرانەتر بێنە مەیدانەکەوە، کاتی ئەوە
هاتووە چەپ بێدار بێتەوە، چوونکە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو و لەدوای
بزووتنەوەی شورایی ساڵی 1991ەوە هیچ هەلێکی ئاوها زێڕینی بەدەست
نەکەوتووە تا خۆی وەک هێزێکی چوست و کارا و کاریگەر لە گۆڕەپانەدا
بدۆزێتەوە و بچەسپێنێت، کاری ئێمەیە وەک لایەنگرانی پێشکەوتووخوازیی و
هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان کە بەڕەکە لە ژێر پێی
ئیسلامییەکان بهێنینە دەرەوە و سیمایەکی پێشکەوتووخوازانە و
مرۆڤدۆستانە بەپرۆسەی خۆپیشاندان و گووتاری سەرەکیی خۆپیشاندان ببەخشین،
کاری ئێمە ئەوەیە نەهێڵین دروشمی ئازادیی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی و
کاری شایستە و بیمەی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی سیستمی کۆنی داڕزیو کە
کرۆکی خەباتی چەپە لە هەموو دنیادا، لە گووتاری خۆپیشاندانەکانی
کوردستان داببڕێت. بۆیە بە بڕوای من پێویستە چەپ لە مێژووی خۆی دەرس و
ئەزموون وەربگرێت، بیرهێنانەوەی شۆڕشی 57ی ئێران کە چەپ رۆڵێکی گەورەی
تێدا بینی و کۆتایش هێلکەی هەموو هێزە چەپەکان چووە سەبەتەی
ئاخوندەکانەوە، نموونەیەکی زۆر زەق و زیندووە تا لێوەی فێر ببین، یان
بیرهێنانەوەی ئەزموونی حزبی شیوعی عێراق "گەرچی حزبی شیوعی تەنیا
نازناوی شیوعی پێوە ماوە و بەس" کە ساڵی 1958 هەلی دەسەڵات گرتنە دەستی
لەدەستدا و عێراق بووە ئەو کاولستانەی هەنووکە هەیە، دیسان نموونەیەکی
ترە و دەیسەلمێنێ چەپ هەلەکانی وەک پێویست نەقۆزتۆتەوە و وەک پێویستیش
دیراسەی ئەو مەترسییانەی نەکردووە کە لە بێهێزبوونی ئەودا دێنە ئاراوە.
من وا بیر دەکەمەوە، بزووتنەوەی چەپ لە بەردەم دووڕیانێکی زۆر گەورە و
چارەنووسسازدایە، یان ئەوەتا کەڵک لەم دەرفەتە وەردەگرێت و دەبێتە
نوێنەری راستەقینەی خۆپیشاندەرانی کوردستان و سیمای نەتەوەپەرستی و
ئیسلامیی لەو بزووتنەوە ناڕەزاییخوازە دەکاتەوە و دەیکاتە موڵکی خۆی،
یان ئەوەتا مەحکوومە بەوەی تا هەلێکی تر کە کەس نازانێت چەندی تری
پێدەچێت، هەروا بە سست و لاوازیی و لە پەڕاوێزدا بمێنێتەوە. لەم
سۆنگەوە و لە روانگەی بینینی مەترسییەکانی ئیسلامیزەکردنی ئەو
خۆپیشاندانانەی ئەمڕۆ لە کوردستان بەڕێوە دەچن، واقیعەکە خۆی پڕ بە
گەرووی هاوار دەکات: کات، کاتی بێداربوونەوە و هەستانە سەرپێی چەپ و
کۆمۆنیزمە.
Shamzini79@yahoo.com
|