١٦\٦\٢٠١٥
مەیل بوون بۆ مرۆڤ
گرنگە یان مەیل بوون بۆ نیشتمان و نەتەوە!؟

تاهیر حەسەن
لێدوان لەسەر ئەم سەردێڕە کە زیاتر هەڵگری چەمکێکی فەلسەفی و ئاکاریە
ڕەنگە زۆر ئاسان نەبێت کە بڵێین پێ دەچێت گشت وەک یەک لێی تێ بگەن.
مرۆڤ وەک خۆی و بەدەر لە تێگەیشتنە بەچینایەت بوونیەکەی، بوونەوەرێکی
کۆمەڵایەتیەو دوورە لە بوونەوەرێکی تاک ڕەویەتی،هەروەک چۆن ئاژەڵەکان
لەڕێی سروشتی زگماکی خویانەوە بەجۆرێکی تێکەڵی دەژین، مرۆڤیش لەڕێی
بەکارهێنانی ژیریشیەوە زیاتر ئەو پێداگیریە عەقڵانیە بەیان دەکات.
بەڵام کاتێک مرۆڤ پێدەنێتە نێو قۆناغی بەموڵکایەتی کردنی تایبەتی،ئیتر
ژیانەکەی وا دەبینرێت کە مرۆڤ بۆخۆی ئەو بوونەوەرە نیە کە جێی دڵ
خۆشکەر بێت بۆ گشت. یانی کاتێک مرۆڤ دابەش دەبێت بەسەر کۆیلە و خاوەن
کۆیلەدا،ئیتر شتێک کەناوی مەیل بوون یان ئینتیما بۆ مرۆڤ بوون دەچێتە
قۆناغێکەوە وا ببینرێت کە پێکەوەی مرۆڤ هیچ مانایەکی نیە.چونکە ئاستی
چەوساندنەوەکانی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ لە قۆناغێکدایە هەرچی بەهای مرۆڤ
بوونە خراونەتە نێو ڕەوشێکەوە کە قێز لێبوونەوە زیاتر لەڕێز جێی خۆی
خستوە.
داهێنانی نیشتیمان و نەتەوە لەسەر ئەو مەیل بوونە بەئەنجام نەگەیشتوە
کە خۆشەویستی مرۆڤەکان بۆ یەکتری بەیان بکەن، بەپێچەوانەوە ئەو دوو
چەمکە وایان لێ کراوە کەتەنها جێی خەم و بێزاری بن بۆ زۆرینەی
کۆمەڵگاکان، ئەویش نەک لەڕێی بەتاوانبار کردنی نیشتیمان و نەتەوە،بەڵکو
بەهۆکاری ئەو قۆرخ کاریەی کە دەسەڵاتی چینی سەردەست سەپاندویەتی بەسەر
گشتدا. ئەو چینە دەسەڵاتدارە چەوسێنەرە لەمێژوی ڕابردوی دورەوە تا
ئێستا، هەمیشە ئەو دوو چەمکەی وا لێ کردوە کە مرۆڤ ئەرکیەتی پێش وەخت
مەیلی بۆ لای ئەوان بێت ئەوجا مەیلی بۆ لای خودی مرۆڤ. لە ڕاستیدا ئەو
مەیل بوونە نەک بەقازانجی گشتی دانیشتوانەکەدا شکابێتەوە بەپێچەوانەوە
بوە بەمایەی ئازاری سەخت بۆ زۆرینەیەک کە لەهەمان زمان و لە هەمان ڕەنگ
و بۆی ئەو نەتەوەیەن. ئالێرەدایە کە پێویستە بە ڕونی تێبگەین گەر مەیل
بوون بۆ خۆشەویستی مرۆڤ بەگشتی بوونی نەبێت،ئەوکات ناتوانرێت مەیل بوون
یان خۆشەویستی بوون بۆ نیشتیمان و نەتەوەش بوونێکی ڕاستگۆیانەی هەبێت.
کاتێک مرۆڤایەتی دابەش دەکرێت بۆ نێو چین و توێژی جیاواز لە ڕوی ئابوری
و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، لەوێدا سەرانی دەوڵەت دار دێن
لەژێر ناوی پاراستنی کۆمەڵگادا ئاین و یاسا و دەستور بنیات دەنێن و
دەیسەپێنن بەسەر ژیانی کۆمەڵگاکاندا، هەر لەو ڕێگایەشەوە دێن زیندان و
سوپا و پۆلیس و چیوچیتری دامودەزگای سەرکوتگەر دروست دەکەن،ئەوەیش
هەموی لەژێر ناوی پاراستنی هەیبەتی مرۆڤدا! چ درۆیەکی گەورەیە دەیکەن،
لەکاتێکدا دەوڵەت و دەسەڵات خۆیان بەڵان بەسەر کۆمەڵگاوە، کەچی زۆر
لێزانانە دێن و منەتیش دەکەن بەسەر گشتدا.
بەناو دموکراسی و ئازادی پێش دەخەن کەچی دەبینرێت زۆرینە کراون
بەخزمەتکاری دەوڵەت و دەسەڵاتە قۆرخ کارەکان و لە گشت ژیانێکی مرۆییانە
دابڕێنراون،کەواتەبەهای مرۆڤ بوونەکە لەکوێدایە؟ ئاخۆ لەکاتێکی وادا
دەتوانرێت ژینگەو سروشتیش پارێزراو بێت؟ ئەی ئاخۆ ئیتر بەهای خوشەویستی
نەتەوە لە کوێدایە؟!
مەیل بوون بۆ مرۆڤ و خوشەویستی مرۆڤ تەنها دەتوانێت لەنێو ژیانێکی
کۆمەڵکاری گشتیدا بەرهەم بێت و دوور لە چاوچنۆکی قۆرخ کاری، قۆرخ
کاریەکانی ئەمڕۆ لەلایەن چینی سەرمایەدار و خاوەن پێگەی سەربازی و
ئابوریەوە،کۆی چێژەکانی ژیانی کوشتوە و مرۆڤی وا لێ کردوە کە بیستوچوار
کات ژمێر هەڵپەی پەیدا کردنی مادی بدات هێشتا ترسی لە سبەی هەبێت. ئەو
ڕاکە ڕاکەش تەنها لەپێناو تێر کردنی گەدەیەکدایە کە تێر کردنی مێشکی
تێدا نەفی کراوە. کاتێک مێشک تێر نەکرێت بە گەڕان و کۆشش کردن بۆ بنیات
نانی هاوسەنگیەک بۆ ژیانێکی ئارام بۆ گشت ئەوکات کۆی ڕاکردنەکانیش
لەپێناو گەدەدا هەر بەتێر نەکردنی دەمێننەوە.
مەخابن، کاتێک مرۆڤ دەخرێتە نێو پێگەی چەتەیی بوونەوە، ئیتر ژیان و
سروشت و نیشتیمان و نەتەوە بێچێژ دەمێننەوە. لە گشت وڵاتانی ئەم سەر
زەمینە بەشێوەیەکی گشتی ئەو چەتەییە بوە بە بەها بۆ مرۆڤ و بۆ
دەسەڵاتەکان، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیشدا تۆخ بوونەوەکەی زۆر
زیاترە. تۆ ببینە لێشاوی پەنابەری و ڕاکردن لە دەستی نیشتیمان و نەتەوە
و مرۆڤی هاو شێوەی خۆت بە چ ئەندازەیەک گەیشتوە. بەردەوامی جەنگ و
وێران کاری تا چ ئەندازەیەکی دڕندانەی ژیانی وێران کردوە!؟
بەرهەمهێنانی جبەخانەی سەربازی و چونە سەری ئایدۆلۆژیای ڕاسیستی و
فاشیزمی تا دێت ڕوە لەسەرە، ئەویش تەنها بەهۆکاری بردنە پێشی گێل کردنی
بەشێکی زۆری مرۆڤەکان کە بەو شێوەیە ژیانت دەپارێزرێت! لەم سەدەی بیست
و یەکەمەدا و لەنێو قۆناخی بەجیهانی بوونی گشت زانستی سیستەمی
سەرمایەداری و بڕینی گشت سنورە دورەکان و لێک نزیکردنەوەیان، تا دێت
قەیرانی خودی سیستەم و بێ بەها بوونی مرۆڤ لەزیاد بووندایە. ئەم قۆناخە
پێویستی بەچارەسەری ڕیشەییانە هەیە بەدەر لە تێگەیشتنە دینی و
قەومیەکان، یان ئەوەتا کۆمەڵگاکان لەنێو جیهانبینی چینی سەرمایەداردا
دەتوێنرێنەوە و دەسوتێنرێن لەنێو زەحمەتی ژیاندا یان قۆناخ وا دەخوازێت
پێ بنرێتە نێو بەرپاکردنی ژیانێکی وەهاوە کەتێرکردنی مێشک بەزانست و
گشت پەرستی جێگا بە تێرکردنی گەدەیی و خود پەرستی بگرێتەوە. لێرەدا
ڕەنگە ئەو هەنگاوەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا نراوە وەڵامی ئەو پەیامە
بێت، چونکە لەنێو ئەو شۆڕشە مەزنەدا مەیل بوون بۆ مرۆڤ و پاراستنی، پێش
مەیل بوون بۆ نیشتیمان و نەتەوەیە. بۆیە کاتێک کۆمەڵکاری دەکرێتە
ئامانج بۆ گشت ئەوکات پاراستنی نیشتیمان و سروشتیش جێگای خۆیان دەبێت و
پاراستنی نەتەوەش دوور لەچاوی تەماح و ڕاسیستی و شۆفێنیستی خۆشەویستی
خۆی دەبێت. بۆیە پێویستە مەیل بوون بۆ مرۆڤ و بەهاکەی بێت ئەوکات گشت
گیانەوەر و سروشیش مەیل بوون بۆیان بە ئەمانەتەوە دەبێت.
١٥\٦\٢٠١٥
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|