په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

مەیلی هاوڵاتییان و پرۆسێسی هەڵبژاردن.


شوان سدیق   

خاتوو '' نینک لاپۆرت '':
پێویسته‌ راگه‌یاندنه‌کان ئاگایان له‌خه‌ڵک بێت، چونکه‌ خه‌ڵک له‌سه‌رووی حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه.

***                    ***                    ***

هەڵبژاردن لەروانگەی هاووڵاتییانەوە، بە شێوەیەکی ئیجابی وەسف دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی هەریەکەیان بۆچوونێکی تایبەتییان هەیە و پێیانوایە لەم جارەی پرۆسێسی هەڵبژاردن، گۆڕانگارییەکی پۆزەتێڤ لەدەسەڵاتدا و حکومڕانیدا دەبێت، وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، پێویستە خەڵک بەشێوەیەکی باش مامەڵەی لەگەڵ بکات لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن کلیلی گۆڕانە لە هەر وڵاتێکدا.


بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، هاووڵاتییان باس لەخەم و ئازارەکانیان و کەموکوڕییەکانیان دەکەن و بەڵێنی ئەوەش دەدەن، کە لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەنگ بەو لیست و لایەنانە بدەن، کەخزمەت بە ناوچەکانیان بکات.


حسێن عەبدوڵڵا کەپیاوێکی بەساڵاچووی تەمەن پەنجاو پێنج ساڵەیە و باس لەوە دەکات، کە ناوچەکەیان کەمووکوڕی زۆری هەیە وتی " من خەڵکی گوندی خێچەی سەر بە ناحیەی رزگاریم و ناحیەکەی ئێمە پەنجاو حەفت گوند لەخۆ دەگرێت، بەڵام کۆی ئەو گوندانە لەبەر نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن".


حسێن تەمەن پەنجاو پێنج ساڵ وتیشی" دووهەفتە جارێک ئاوی گوندەکەمان دێت، بەڵام رۆژەکانی تر دەبێت بەتەنکەر ئاو بکڕین، بەهۆی نەبوونی ئاوی پاک و ئاوی خواردنەوەش منداڵەکانمان تووشی نەخۆشی هاتوون، جگە لەنەبوونی ئاوی خواردنەوە نەخۆشخانەمان نییە"، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانیش ئەو هاووڵاتییە وتی" دەنگ بەولایەنانە دەدەین کە ئاوی پاک بۆ گوندەکەمان دابین بکات و خزمەتگوزاری بەگوندەکەمان بگەیەنن "


هەرچەندە هاووڵاتییان هەڵبژاردنەکان، بە پرۆسێسێکی باش دەزانن، بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە زۆرێک لەخواست و هیواکانیان بێتەدی، بەڵام مامۆستا ژاڵە کە مامۆستایەکی زانکۆیە لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەلاحەدین بێئومێدی خۆی نیشاندا لەم هەڵبژاردنە و وتی" من دەنگ بەهیچ کیان و لیستێک نادەم".


ئەو مامۆستای زانکۆیە هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ" ئەو هەموو ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەبوونییەی ژیان کە ئێستا هەستی پێدەکرێت"، وتیشی" لەچەند ساڵی رابردوودا کێشەی کارەباو ئاو و سووتەمەنیمان هەبووە و حکومەت چارەسەری نەکردووە، بۆ یە ناتوانم دەنگ بە هیچ لیستێک بدەم".


ئەو خاتوونە هەرچەندە بڕوای بە گۆڕانە و لایوایە دەبێت چیتر ئاوڕ لەرابردو نەدەینەوە، بەڵکو ئەوەی لەتوانامانداهەیە بیخەینە گەڕ لەپێناو ئایندە، بەڵام ئەو نکۆڵی لەوە ناکات، کە دەنگ بە هیچ لیستێک بدات وتی" باوەڕم بە گۆڕانە و شەخسییەن دەنگ بە هیچ لیست و کیانێک نادەم هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە لەچەند ساڵی پێشتردا بینیوومە".


واده‌ی هەڵبژاردنەکان لەهەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بۆ پروپاگەندەی لیست و پارتەکان بڕیارە لەرۆژانی داهاتوو ئەو پرۆسەیە بەڕیوەبچێت ئەوەی جێی تێروانینە ئەوەیە کە ئایا راگەیاند چۆن بتوانێت هاوسەنگی کارەکانی خۆی رابگرێت و لە ئیتکی رۆژنامەگەری لانەدات، بە بڕوای خاتوو" نینک لاپۆرت" لەرێکخراوی (insk)ی هۆڵەندی کە رێکخراوێکی سەربەخۆییە، تایبەت بەپرسەکانی مێدیا کار دەکات و ئۆفیسی سەرەکییان لە شاری سلێمانی پێیوایە" دەبێت رۆژنامە و مێدیاکان بەشێوەیەکی گشتی بایەخ بەم پرۆسێسە بدەن وتی" بەو پێیەی خەڵک لە سەرووی دەسەڵاتەوەیە و دروستکەر و بنیاتنەری دەسەڵاتە پێویستە رۆژنامە و راگەیاندنەکان، زیاتر بایەخ بەهاووڵاتییان بدەن، هەروەها ببن بەپردی پەیوەندی نێوان کیانە خۆکانیدکراوەکان و هاووڵاتییان". خاتوو نینک لاپۆرت وتیشی" بەڵام ئەوەی گرنگە لەسەر مێدیا ئەوەیە کە پێویستە بێلایەنی خۆی و ئەو هاوسەنگییە رابرگێت کە لە ئیتیکی رۆژنامەگەریدا ئاماژەی بۆکراوە".


ئەوەی وەک زۆرێک لە چاودێران باسی دەکەن، بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە کە گەنجە لەساڵانی رابردوو بێبەشکراوە، لەخواست و هیواکانی خۆی بەڵام گەنجان وەک خۆیان لەقسەکانیاندا هێمایان بۆ کرد ئەویش "بەرەڕووی سندوقەکانی دەنگدانە و کیانی خۆمان هەڵبژێرین بۆ ئەوەی بگەین بەخواستەکانی خۆمان کە لەسەر دەسەڵاتی پێشووتردا وەک پێویست نەهاتۆتە دی".


عەلی کە گەنجێکی تەمەن 24 ساڵە و دەرچووی کۆلێژی بنیتاتی بەغدایە و دەڵێت" تائێستا دانەمەزراوم، هەرچەندە بێکارم بەڵام خێزانەکەم هاوکارییم دەکەن و خۆیشم ناتوانم کرێکاری بکەم بۆیە ماڵەوە هاوکاریم دەکەن".


ئەو گەنجە تەمەن 24 ساڵە وتیشی" تائێستا بڕیارم نەداوە، دەنگ بە هیچ لیستێک بدەم، چونکە ئەوان بانگەشە و کاری خۆیان بەروونی رانەگەیاندووە. بەڵام لە ئایندەدا لیستێک هەڵدەبژێرم، بەڵکو سەرکەوتن بەدەست بێنێـت و خواستی من و دەیان گەنجی تر بێنێتەدی".


حەسەن حوسێن ئەویش گەنجێکی تەمەن 27 ساڵەو کرێکاری دەکات و دەڵێت" رۆژانەیەکی کەم وەردەگرم لەبەر ئەوەی تائیستا دانەمەزراوم، بەڵام پێویستە لەسەرم هەموو ئیشێک بکەم چونکە کرێی خانوو دەدەم و خێزاندارم هەروەها باوکیشم شەهیدی پارتییە "حەسەن باسیشی لەهەڵبژاردنەکانی ئایندە دەکرد، ئەو کوڕە گەنجە پرۆسێسەکە بەشێوەیەکی پۆزەتێڤ وینا دەکات لای وایە ئەرکی سەرشانی تاکە کە بەرووی سندووقەکانی دەنگدان بڕوات و ئەو هەرلە ئێستا کیان و لیستی خۆیی دەستنیشانکردووە، کە بە خێزانەوە دەنگی بۆبدەن، بەخەیاڵی ئەوەشە کە هیواکانی لە کابینەی داهاتووی پارتە سەرکەتووەکەی بێتەدی، وەک خۆی وتی "لەساڵانی رابردوودا بێبەشکراو بووین".


زانا کەمال لەو بڕوایە دایە پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەرێوەببریت و خەڵک کیان و لیستەکەی خۆی هەڵبژێرێت ئەو گەنجێکی تەمەن 26 ساڵە وتی" کێشەی من وەک گەنجێک تائێستا ناتوانم بەئازادی سەفەری هەموو شوێنێک بکەم و هیچ جێگایەکی ترم نەدییوە"، هەروەها زانا باسی لەوەشکرد کە" ئەو گەنجێکەو کاتی ژیانی هاوسەرگیری هاتووە، هەرچەندە ماڵەوەیان پێیان وتووە کە هاوسەرگیری بکە بەڵام لەبەر ئەوەی زانا توانای ئابووری جێگیر نییە هەرجۆرە هاوسەرگیرییەک بەنێگەتێڤ وەسف دەکات کە لەم کاتەدا ئەنجامی بدات".

 

 

 shwansdiq@yahoo.com