٢٤\٣\٢٠٢٥
مێزگردەکان بۆ نمایشن یان گۆڕانکاریی.

ئەرسەلان مەحمود
لە هەرێمی کوردستان، کۆنفرانس و
مێزگردە تایبەتەکان وەک دەرفەتێکی گەورە بۆ
گۆڕانکاری دەردەکەون، کەچی زۆر جار دەبن بە چی؟ تەنها شوێنێک بۆ
وتاربێژی، وێنەگرتن و چەپڵە لێدان. کاتێک کۆتاییان دێت، هیچ شتێک لەسەر
زەوی ناگۆڕێت - نە ژیانی خەڵک باشتر دەبێت، نە کێشەیەک چارەسەر دەکرێت.
بۆچی؟ چونکە زۆربەیان لە واقیع دابڕاون و زیاتر بۆ خۆدەرخستنن تا
بەرژەوەندی گشتی.
زانکۆکان و ناوەندە مەعریفی و ڕۆشنبیرییە جیاکانی تر لەم نێوەندەدا
رۆڵێکی گەورە دەگێڕن. مەعریفەیەک پەرەپێدەدەن کە خزمەتی هیج بکات، نەک
کۆمەڵگە. بەو شێوەیە، زانست و بیرۆکەکان دەبنە ئامرازێک بۆ پاراستنی
پێگە و ناوێک بۆ ناوبانگی بێناوەرۆک، نەک بەرزکردنەوەی ئاستی کۆمەڵگە.
پرسیارە گەورەکانی وەک "کێ ئەجێنداکە دیاری دەکات؟" و "ئامانجەکە چییە؟"
زۆرجار بێ وەڵام دەمێننەوە.
بە واتایەکی تر، لەبری ئەوەی کێشەکانی خەڵک بکەنە ئامانج، دەبنە
قەڵایەکی داخراو. توێژەرەکان زیاتر خەریکی توێژینەوە و جۆرە وتار
نووسینێکن بۆ بەرزکردنەوەی پلە ئەکادیمییەکان، نەک چارەسەری کێشەیەکی
واقیعی. ئەمە کۆنفرانسەکانی کردوەتە بازنەیەکی بچووک لە کەسانێک کە
یەکتر دەناسن و تەنانەت وەک یەکتر بیر دەکەنەوە و کەمتر ڕەخنەیەکی
راستەقینە دەبیسترێت.
کێشەکە تەنها لە دەسەڵات نییە، بەڵکو لە کەلتووری ئەکادیمی و شێوازی
کارکردنیشە. بۆ نموونە، بودجەی زۆر بۆ هۆڵی گەورە، میوانداری، و
چاپکردنی کتێبێکی جوان بەسوود دەچێت، بەڵام هیچ پارەیەک بۆ جێبەجێکردنی
ئەنجامەکان نابیندرێ. توێژینەوەکان دەبنە کۆمەڵێک پێشنیاری گشتی وەک "پێویستە
ژینگە بپارێزریت"، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت چۆن و کێ ئەمە جێبەجێ دەکات.
ئەگەر کۆنفرانسەکان ببنە ئامرازێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری، چی دەکرێت؟
یەکەم، دەبێت کێشەی دیاریکراو بکەنە ئامانج، نەک باسە گشتییەکان. بۆ
نموونە، لەبری "قەیرانی پەروەردە"، باسی "نەبوونی خوێندنگەکان" بکەن.
دووەم، دەسەڵات دەبێت وەک بەشدارێکی چالاک بێتە ناوە، نەک تەنها
گوێگرێک. سێیەم، کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان بێنە ناو پڕۆسەکە بۆ
سەرچاوە و جێبەجێکردن. کۆتایی، هەر کۆنفرانسێک پێویستە لیژنەی
بەدواداچوون، بودجە، و پلانێکی روون هەبێت.
مەعریفە بەبێ کردار وەک کتێبێکی نەخوێنراوەیە، دەسەڵات بەبێ مەعریفەش
وەک نابینایەکە لە تاریکیدا. کۆنفرانسەکان دەتوانن ئەم دووانە
ببەستنەوە، بەڵام تەنها کاتێک کە لە نمایشەوە بگۆڕێن بۆ سەکۆیەکی
کاریگەر بۆ گۆڕانکارییەکی راستەقینە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|