په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٦

مێزی گفتوگۆ!


کامیل ژیر      


وەک چۆن دو جار چوار، ئەکاتە ھەشت، بەڵگەنەویستەو سەلماندنی ناوێ: ئەوەی کورد بە خوێن دەستیکەوتوە، لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەیدۆڕێنێ، ئەمەش بۆتە بەڵگەنەویست و سەلماندنی ناوێ. کەچی خڵتەوخەوشی چەپەکان بە پاشخانی ئامانجی دوریان: (توانەوەی ھەمو نەتەوەکان لەیەک بۆتەدا)و ئیسلامیە سیاسییەکان: (تێکەڵکردنی ھەمو دەوڵەتە ئیسلامییەکان لەناو یەک خەلافەتدا) ھەر ورتەورتی مێزی گفتوگۆیانە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان!. جگە لەو دو ئاڕاستەیە، ھەڵگڕاوەکانی دوای راپەڕینیش لەترسی لەدەسنەدانی سامانە مۆڵەکانیان، ھەمان بلوێر لێئەدەنەوەو سەربەخۆیی کوردستان لای ئەمانیش خەونی ھۆنیارانە!. لەم زەلکاوەشدا ژمارەیەک فەریکە رۆشنبیر، بەچاولێکەری، توتی ئاسا، ھەر غەڵدەغەڵدی مێزی گفتوگۆیانە!.مەبەستەکەش دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستانە.


ئەوانە بەھەرجا، رۆژگار توڕیانئەدا.. ئێستا کوێرەوەرییەکە لەوەدایە، دەنکەدەنکەیەکیش لەوانەی جاروبار لەدەرگای سەربەخۆیی ئەدەن، یا وا خۆیان ئەنوێنن، بەتەمان لەسەر مێزی گفتوگۆ، پارچەکانی کوردستان لەژێر چنگی عەرەب و تورک و فارس دەربێنن! ئەمەیە: یەکساڵە ئەیەوێ دوساڵە بخەڵەتێنێ!.ئەمە لەکاتێکدایە،کە ئەردۆگان ھەمان خەڕەکی: (یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک خاک، یەک زمان) لێئەداتەوە. عەبادی دان بۆ یەکێتی و گۆڕان رۆ ئەکا بەمەبەستی بەپوازکردنیان!. ئێران ھەڕەشەی خاپورکردنی کوردستان ئەکا! ئەسەد خۆی ھەڵگرتوە بۆ دوای سەرکەوتنی لەو شەڕەی سوریەدا.. بۆیە روی دەمم ئەکەمە ئەویندارانی مێزی گفتوگۆو ئەڵێم: وەک لەمەوپێشیش چەنجار وتومە، سەربەخۆییمان تەنیاوتەنیا لە لولەی چەکدایە. ئەو چەکەش نابێ بێدەنگبێ تا ئامانجەکە ئەپێکێ، بەڵێ بە دڵنیاییەوە ھەر ئەیپێکێ و پێکاوێتی، بۆنمونە:شۆڕشی ڤێتنام ١٩٥٦-١٩٧٥ کە ٢ملیۆن کوژراوو ٣ملیۆن برینداری بەخشی بەرامبەر ٥٧ھەزار کوژراوو ١٥٠ ھەزار برینداری ئەمریکی و ئەنجام ئەمریکا لە١٧/یۆنیۆی/١٩٧٥دا ملی کەچکرد.. شۆڕشی یەک ملیۆن شەھیدی جەزائیر ١٩٥٤-١٩٦٢ بەرامبەر زەبەلاحێکی وەک فەرەنسا کە لە ١٨٣٠یەوە جەزائیری داگیرکردبو و دەیان نمونەیتر. کەواتە کە دەسدرایە چەک بۆ سەربەخۆیی، ئەبێ دانانەوەی نەبێ، بەوەش:


١- شۆڕشە چەکدارییەکە تابێ زیاتر پەرەئەسەنێ و فیداکارانی لێکۆئەبێتەوەو ھەر شەھیدێک دەیان و سەدان جەنگاوەری لێئەکەوێتەوە.
٢- داگیرکەر تابێ لەڕوی سەربازی و دەرونی و ئابورییەوە، لاوازئەبێ و دیاردەی بێزاری لای خەڵکەکەی دروستئەبێ، بەتایبەتیی دوای ئەوەی لاشەی کوژراوەکانیان بۆئەچێتەوە.
٣- شۆڕشەکە پشتگیریی دەرەکیی زیاترئەبێ کەزانرا ئامانج سەربەخۆییە، بەپێچەوانەی نیمچە مافەکانەوە کە پرسە نەتەوەییەکە ئەکا بە کێشەی ناوخۆو پشتگیریی دەرەکیی، یا نابێ، یا بۆ ماوەیەکی کاتی و مەبەستێکی تایبەتی، پشتگیرییەکی لاوازو لەناکاو دەسبەردان لێی وەک ئەوەی شۆڕشی ئەیلول.


راستە بەڕێگەیتریش دەوڵەت دروستبوە، وەک عیراق بۆبەرژەوەندیی ئنگلیز، جیابونەوەی چیک و سلۆڤاکیا بەڕێکەوتن .. ھتد بەڵام ئەو ھەلانە بۆکورد رێنەکەوتون.


ھەر سەبارەت چەک،کاتی خۆی بەرپەرچی وتارێکی ١٣/١٢/٢٠٠٩ی رۆژنامەی بەڕێزی کوردستانی نوێم دایەوە.ئەویش بەسوپاسەوە، بڵاویکردەوە. جێی خۆیەتی لێرەدا ھەندێکی دوبارە بکەمەوە:


وتارەکە خەباتی چەکداریی کورد دەداتە بەر تانەوتەشەر لەم رستانەدا:


١- نەتەوە داگیرکراوەکان بەکەڵک وەرگرتن لەمیتۆدی چەکداری، جگەلەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتردەکەن، ناتوانن بەدەرئەنجامە بەتایبەت دیموکراتییەکانیان بگەن.
٢- خەباتی چەکداری بکوژی سەرەکی مەشروعیەتە.
٣- کێشەی کورد لەھیچ کام لەپارچەکانی کوردستان بەچەک چارەسەرنەبوەو نابێت.
٤- دامەزراندنی پەکەکە لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی چەکداری ھەڵەیەکی گەورەیە.
٥- پەکەکە بەتەواوی واز لەخەباتی چەکداری بێنێت و بێتەوە ناوشار.
٦- ھەموو جەنگێک ئەگەر بەجەنگ وەڵامبدرێتەوە جەنگێکی گەورەتر بەرھەمدێت.


لەوەڵامدا: ئەم پەندو ئامۆژگارییانە، ئەگەر بۆ وڵاتێکی وەک سویسرا بوایە، دەمانوت رەنگە راستگۆیەتیەکیان تێدابێت، بەڵام بۆ ھەرکام لەو وڵاتانەی پارچەیەکی کوردستانیان بندەست کردوە، جگە لەگەیاندنی زیان بەدۆزی کورد، بەمەبەست یا بێ مەبەست، چیتر نین، ئەوانە واتای خۆبەدەستەوەدان دەگەیەنن، کورد لەھیچ رۆژ و بارێکدا لەخۆشی چەک پەنای نەبردۆتە بەرچەک، بەڵکو نەتەوە سەردەستەکان ناچاریانکردوە چەکی بەرگری ھەڵگرێت لەپێناوی بون و مانەوەیدا، ئەو داگیرکەرانە وەڵامی کەمترین داوای رەوای کوردیان بەکوشندەترین چەک داوەتەوە، ھەندێ جار بەبێ ھیچ داواکارییەک و بەبێ ھیچ بەگژداچونێکیش! میرنشینییە کوردییەکان ھەڵیاننەکوتابوە سەر تورک و فارس، پەرزگەکانی زەردەشتیان بەچەکەوە پەلاماری دەوڵەتی ئەمەوییان نەدابو، کۆماری کوردستان لەمەھاباد لەخودموختاری زیاتری بۆخۆی دیارینەکردبو، قازی محەمەد بەپەیامی ئاشتییەوە چوە دەرباری شا، سەدو ھەشتا ھەزار خەڵکی گەرمیان لەھەمو جۆرە چەکێک داماڵراوبون، خەڵکی ھەڵەبجە ساروخی زەمین- ئاسمانیان دانەبەستبو. ئەوانە ھەمویان بە چ چارەنووسێک گەیشتن؟!


سەرزەنشتکردنی دەتەپە بەوەی ئامانجە سیاسییەکانی، دژایەتی لەگەڵ بنەما نەتەوەیی و سیاسییەکانی حکومەتی تورکیادا ھەیە، قسەیەکی سەیروسەمەرەیە! ئەی ئەگەر ئەو ئامانجانە وەک یەکبن، ئیتر بونی دەتەپە یان ھەر پارتێکی تر زیادە نابێ؟ یا وەک پارتە کارتۆنییەکانی سەردەمی بەعس نابێت؟ داخستنی دەتەپە لەبەرئەوەنییە کەخۆی بەباڵی سیاسی پەکەکە دەزانێ کە ئەوەش ھەر قسەی دەسەڵاتی تورک و بەکرێگیراوەکانیەتی، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە دەتەپە جەماوەرێکی کوردی زۆری لێکۆبوەوەو بوبو بەخاوەنی ٢١ کورسی پەرلەمان و ٩٨ شارەوانی، ھەروەھا بۆئەوەیە کە ھیچ بەرامبەر (موخاتەب)ێک نەمێنێ تا چەندوچون لەسەر بەناو(کرانەوەکانی) دەسەڵاتدا بکات، ئەمە یەکەم پارتی کوردیی بێ چەکیش نییە کەدەسەڵاتی تورک دایدەخات، پێشتر ھەر پارتێکی سەر بەکورد تۆزێ گۆشتی گرتبێت تورکیا دایخستوە.(( ئێستا تورکیا ھەمان گێچەڵ بە ھەدەپە ئەکا!)).


ئامانجی نەتەوە داگیرکراوەکان، گەیشتن بەدیموکراتی نییە وەک لەو نوسینەدا ھاتوە، ئامانج رزگارییە، رزگاریش بەسەربەخۆیی دەستەبەردەبێ، دیموکراتی لەناو نەتەوە سەردەستەکانی کوردستاندا، یان ھەر بونی نابێ، یان ئەگەر بونیشی ھەبو ئەوا ئەو دیموکراتییە تەنیا بۆخۆیان دەبێ، وەک ئەوەی تورکیا. ھیچ ھاوکێشەیەک لەنێوان دیموکراتی نەتەوەی سەردەست و رزگاریی نەتەوەی بندەستدا نییە، گومان لەوەدانییە کە چەمک و قەبارەی دیموکراتی لەتورکیادا زیاترە لە ھی ئێران و عیراق و سوریا، ئەی بۆچی چەوساندنەوەی کورد، تارادەی قەدەغەکردنی زمانەکەشی، لەتورکیادا زیاترە لەو سێ دەوڵەتەیتر؟ خۆئەگەر ئەوە خەتای چەکەکانی پەکەکەبێ، بەپێی چەمکی وتارەکەی کوردستانی نوێ، ئەوا لەبیستەکانەوە تا ھەشتاکانی چەرخی بیستەم، نە پەکەکەو نە ھیچ پارتێکی چەکداری کوردی نەبو، ئەی بۆچی کەمترین مافی کورد بەدیموکراتییەکەی تورکیا دەستەبەرنەبو؟ ئێستا لەعیراقی لەڕو لاوازدا جۆرێک دیموکراتی ھەیە، ئەی بۆچی بەنیوەی باشووری کوردستان دەوترێ ناوچەی ناکۆکی لەسەر؟ تەنانەت بەمادەی ١٤٠ رازینابن کە ئەو مادەیە قومارە بەو ناوچانەوەو گەلێکی ھۆشیار قومار بەنیشتمانی خۆیەوە ناکا، مەگەر دەسەڵاتە ئەقڵانی و دیموکراتیخوازەکەی ئێمە!! راستییەکەی ئەو مادەی سەدوچلە، یان ھەر جێبەجێ ناکرێ، یا رۆژێک جێبەجێ ئەکرێ کە لایەنی بەرامبەر لەھەلێکدا دو جۆکەر بێنێ و بردنەوەی قومارەکە مسۆگەربکا! ئەوسا ئیتر مەگەر ھەر بڵێین: بەدەستی خۆمان چیمان بەخۆمانکرد.


خەباتی چەکداری بکوژی مەشروعیەت نییە، راستە چەک دیاردەیەکی دڕندانەی مرۆڤەو زیانی گەورە دەبەخشێ بەمرۆڤایەتی، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ خەباتی چەکداری نییە، کاتێک مافێک زەوت دەکرێت، بەمافە نەتەوەییەکانیشەوەو ھەمو رێگەکانی شارستانی ئەو مافە ناگێڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی، چەک ئەو رەوایەتییە دەپارێزێ و دەیگێڕێتەوە، بڕیاری دادگاکان، بۆنمونە، بەتەنیا رەوایەتی دابینناکا، دوای ئەو بریارانە، ھێزی چەکداری پۆلیس ئەو بڕیارانە جێبەجێدەکا، واتا چەک رەوایەتی دەپارێزێ، نەتەوە داگیرکراوو مافخوراوەکانیش کە لەھەمو رێگە شارستانییەکان نائومێددەبن، وەک نەتەوەی کورد، ئەوسا تەنیا چەک ئەمێنێتەوە بۆ دابینکردنی مافەکانیان، واتا ئەوسا تەنیا خەباتی چەکداری پارێزەری مەشروعیەت ئەبێ، ئا لێرەوە ئەو نوسینەی کوردستانی نوێ کە خەباتی چەکداری بەنەتەوە داگیرکراوو ستەملێکراوەکەمان رەوانابینێ، دەبێتە گومڕاکردن!! دیسان ھەر لەم گۆشەنیگایەوە دامەزراندنی پەکەکە لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی چەکداری، پێویستییەکی نەتەوەیی و ھەنگاوێکی دروستبوە.((ئەگەر پەکەکە ئامانجەکەی بە سەربەخۆیی ئاشکراکردایە، پشتگیرییەکی دەرەکیی زۆری ئەبو)).


کێشەی کورد کە لەھیچ پارچەیەکی کوردستاندا بەچەک چارەسەرنەبوە، ھۆکەی ناڕەوایەتی خەباتی چەکداری نەبوە، بەڵکو ھۆکەی ئەوەبوە کە چەکی کورد ھاوسان و ھاوتا نەبوە بەرامبەر چەکی داگیرکەرانی کوردستان، ھەروەھا تێگەیشتنی پێچەوانە (مەفھومی موخالیف)ی ئەو قسەیە ئەوە ناگەیەنێ کە کێشەکانی کورد بەبێ چەک چارەسەردەبون، ئەی لەو ھەمو ساڵانەی خەباتی بێچەکدا بۆچی کێشەکانی کورد چارەسەرنەبون؟ ئینجا خەباتی چەکداری کورد، ئەگەرچی تا ئەمرۆ ھەمو کێشەکانی چارەسەرنەکردوە، بەڵام کوردی لەتواندنەوەو نەھێشتن رزگارکردوە، گەلێ سوودیشی گەیاندوە، ئەگەر بزوتنەوە چەکدارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان نەبونایە، بەرگ و زمانی کوردی لەوانیش قەدەغەدەکرا، شۆرشەکانی شێخ مەحمودو بەرزان و ئەیلول و نوێ نەبونایە، بەیانی یازدەی ئازارو حوکمەزاتیەکەی بەعس (بەھەمو خەوشەکانییەوە)و ھەرێمی نەفرین و قەوارەکەی ئێستای ھەرێمی کوردستان بەخەویش نەدەبینران، بزوتنەوە چەکدارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان، گیانی کردەوە بە بەری کوردی باکورداو لەیەکێتی ئەوروپای گەیاند کە لەتورکیادا نەتەوەیەکی تریش ھەیەو مافی ئەخورێت و ئەویش مافی ئەو نەتەوەیەو مافی مرۆڤی کرد بە مەرج بۆ وەرگرتنی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپاداو دوایی ئوزاڵەکان و ئەردۆگانەکانی ناچارکرد دان بەبونی کوردا بنێن، بەگشتیش ئەگەر بزوتنەوە چەکدارەکانی کورد نەبونایە، ناوی کورد وەک ناوی ئەکەدییەکان مەگەر تەنیا لەلاپەرەکانی مێژودا ببینرایە!


لەراستیدا، لەو رۆژەوە مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی کەوتۆتە سەرپێ، ھەرچەک ئامرازی ھێزو دەسەڵاتبوە، چ بەرامبەر گیاندارە درندەکان، چ بەرامبەر یەکدیش، کەسیش نازانێ لەھەگبەی ئایندەدا چی دەبێ، ئەمرۆ کە ئەمریکا کەڵەگای دنیایە، لەبەرئەوەنییە ئەمریکاییەکان چاویان شین و قژیان زەردە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کاریگەرترین چەکیان ھەیە، نەتەوە سەردەستەکانی کورد، بۆیە تائێستا ھەر بەسەر دەستەیەتی ماونەتەوە، چونکە چەکەکانیان لەھی کورد کاریگەرترە، ئا لەم گۆشەنیگایەوەیە کە نوسەری ئەم وتارە، لەچەندین نوسین و بۆنەدا داوای خۆپرچەککردنی حکومەتی ھەرێمی کردوە لەسوپایەکی یەکگرتوی پرمەشقدا، ئەم داخوازییە ئەگەر پێشتر لەتوانادا نەبوبێ، ئێستا (مەبەست ٢٠٠٩یە) دوای میزانیەیەکی دە ملیار دۆلاری کە ‌شان لەشانی میزانییەکانی ھەرکام لەسوریەو ئەردەن و لوبنان دەدات، ئەوەی تیادەبێ، جگەلەوە، خەو بینین بە بەڵێنەکانی ئەمریکاوە، یان گۆرانی ھەڵدان بەباڵای دیموکراتی و دەستورو ھاوپەیمانی و تەوافوقدا، نامانپارێزێ لەو گەردەلولەی نازانین لە چ کاتێکدا ھەڵدەکا!


بەپێی ئەو نوسینەی کوردستانی نوێ (پەکەکە واز لەچەک بێنێ و بێتەوە شار) مەبەست لەکام شارە؟ شارەکانی سویدو نەرویج؟ یا شارەکانی تورکیا؟ رەوانتر، بۆ ژێر چەقۆکانی قەساب!


لەراستیدا کێشەکانی کورد لەھەمو پارچەکانی کوردستاندا، یەک کێشەیە، ئەویش کێشەی رزگاری لەژێردەستی و کۆیلایەتی، ئەرکی ھەر لایەنێکی کوردییە ھاوکاریی و پشتگیری لایەنە کوردییەکانیتر بکا، بەئاشکرا یا بەنھێنی، نەک سارکردنەوەو سڕکردنیان، یا تەنیا ھەڵوێستی سەیرکەر وەرگرن، ئەفسەری روسی P.Awandanow لەکتێبـی شەرەکانی نێوان تورکیاو ئێران و روسیا لەسەدەی نۆزدەیەمدا ئەڵێ: (لەشەڕی نێوان ئێمەو ھەر تیرەیەکی کوردا، تیرەکانی دی تەماشاچیبون! تا نۆرە دەگەیشتە سەر ئەوانیش، ھیچ بیریان لەوە نەدەکردەوە بەھانای ھاوڕەگەزکانیانەوە بچن! ھەتا ھەندێجار لەرقی یەکدی یارمەتی ئێمەشیان دەدا!). ئێستا دوای دو سەدە، نوسەرەکەی کوردستانی نوێ، نەک ھەر خۆی بەدوردەگرێ لەبەھاناچونەوە، بەڵکو رەخنەی ئەوەش لەپارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی دەگرێ کە ھاوسۆزە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان! ئەم ھاوسۆزییەش بە دژیەک (پارادوکس)ی چەک و سیاسەت ئەژماردەکات لەکاتێکدا کە چەک و سیاسەت تەواوکەری یەکن نەک دژییەک.


ئەو قسەیە چ فەلسەفەیەکی تێدایە کە دەڵێ: (ھەمو جەنگێک ئەگەر بە جەنگ وەڵامبدرێتەوە جەنگێکی گەورەتر بەرھەمدێنێت)؟ ئاخۆ دەبێ وەڵامی جەنگ بەچی بدرێتەوە؟! خۆجەنگ شەپازلە ئاڕاستەکراوەکەی روی عیسانییە کە ئەگەر بەر ئەملای کەوت، ئەولاشی بۆ ئامادەکات و بەوە ئاو بەئاگردا بکرێ، مرۆڤیش وەک شینە شاھۆ نییە بەرامبەر چەکی راوچی ملی خۆی بکا بەژێر باڵیدا، راستە ئەمریکاو لایەنەکانیتر تائێستا دەرئەنجامە نەرێتییەکانی ئەو جەنگانە دەدرونەوە کە ئەنجامیانداوە، بەڵام ئەی ئەگەر وەڵامی جەنگی ئەڵمانیان بەجەنگ نەدایەتەوە، تائێستاش لەژێر پۆستاڵی نازێتیدا نەیاندەناڵاند؟ ئەگەر جەنگی عیراق و ئەفغانیان نەکردایە چەندین یازدەی سێپتەمبەری دی دوبارە نەدەبونەوە؟
__________________________________
* بۆ بینینی درێژەی ئەم وەڵامە، بڕوانە: ماڵپەڕی کامیل ژیر لە سایتی بەڕێزی ئەمڕۆ: www.emrro.com/malperikamil.htm
** وەبیرھێنانەوەی ئەم وەڵامەمان بەپێویست زانی وەک بەڵگەیەکی کردەیی سەلمێنەر بۆگرنگیی چەک. بڕوانن ئەگەر چەکمان نەبوایە، ئێستا چارەنوسمان بەدەس داعشەوە چیئەبو!؟ پەڕوباڵی ئەو برای نوسەرەش لەسەر چ مێزێکی گفتوگۆ ئەبو!؟
*** لەم رۆژانەدا حدکا دەستیداوەتە بزوتنەوەیەکی چەکداری لە رۆژھەڵاتدا، با ئامانجەکەی ئاشکرابکا. ئەگەر بۆ سەربەخۆییە،پیرۆزەو ئەبێ تا بەئامانجگەیشتن بەردەوامبێ و خوێنی شەھیدەکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ نەدۆڕێنێ!. ئەگەر نا، ئەوە دەستێکی دەرەکییە ئەیجوڵێنێ بۆ مەبەستێکی خۆی!! باشتروایە ئەو شەڕە ، بە وەکالەت، نەکاو رۆڵەی کوردی بۆبەکوشت نەدا.

 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک