٢٥\٨\٢٠١٦
مەزنیی شۆڕشی
رۆژاوای کوردستان لە کوێدایە؟

تاهیر حەسەن
کۆی مێژوی دەسەڵاتدارێتی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی،تەنھا بنیات
نانی مەملەکەت و کۆماری ترس بوە.لەگەڵ ڕوخانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆر و
پاشاکانیشدا،کۆی مێژوەکەیان بەرنەفرەتی زۆرینە کەوتوە،بۆیە ھیچ کاتێک
مێژویەک شک نابەین تائێستایشی لەگەڵدا بێت شایانی شانازی زۆرینەی
گەلەکانیان بن.
کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی لەنێو کەلتورو فەرھەنگێکی کۆیلایەتی زیاد لە
ھەزاران ساڵەییدایە. کۆیلایەتیەک تا ئەم ساتەیشی لەگەڵدا بێت،زۆرینەی
کۆمەڵگەکانی وڵاتانی ڕۆژھەڵات لەنێو ئەو
چەوساندنەوەیەدان،چەوساندنەوەیەک کە ژنان زیاد لەھەر بەشێکیتری کۆمەڵگە
باجەکەی بەبەردەوامی دەدات.شێوازی دەسەڵاتداریەکان،ھەمیشە ئەو شێوازە
پادشایانە بوون کەھاوشێوەی پاشاکانی وەک داریوش و ئەردەشیر و ھەزارانی
دیکە،چیان بویستایە لە چێژو ڕابواردن و کوشتن درێغییان نەکردوە.ئەو
شێوازە دەسەڵاتداریەتیە،ھەمیشە چین و توێژەکانی خوارەوەی لەسەر
پەرەپێدانی کوشتنی کەسایەتی ئازاد پەرەپێداوە.(ڕەنگە ڕۆمانی ئەسکەندەری
مەزن)گەواھیدەرێکی باش بێت لەم نێوەدا.
ئێستایش کۆی دەسەڵاتدارە چڵێسەکانی وڵاتانی ڕۆژھەڵات،ھەر لەسەرۆک و
پاشاوە بگرە تادەگات بەکاربەدەستە پلە باڵاکانیان،تەنھا،خەریکی
ئەتککردنی ژنان و شکاندنی ئەو کەسایەتیەی ژنن.ئیتر لەم نێوەدا مرۆ
ناتوانێت بڵێت ئەم دەسەڵاتەیان لەویتریان ناچێت و دووبارەکردنەوەی ئەو
کەلتورە داڕوخاوەی ھەڵنەگرتوە.بەداخەوە،تائەم ساتەیش کۆی ئەو
دەسەڵاتداریەتیە لەسەر ئەو ڕیتمە دواکەوتوییە کاردەکەن و تەنھا خەمیان
لای گەدەو ناوگەڵیانە،بەبێ ئەوەی بتوانن بۆ چرکەساتێکیش ڕوی خۆیان لەو
کەلتورە وەرگێڕن و دەست ببەن بۆ وەرچەرخانی مەزن و چیتر وەک پاشاو
دەسەڵاتدارەکانی پێش خۆیان نەبن.
شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوی کوردستان و ھەنگاونان بۆئەو وەرچەرخانە مەزنە
لەکەسایەتی ڕێزدار ئاپۆ و ئەڵتەرناتیڤە مەزنەکەیدا بەرجەستە دەبێت. ئەو
وەرچەرخانە مەزنەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ھەڵگریەتی،خۆبەخۆ تێک
شکاندنی ئەو فەرھەنگ و کەلتورە دواکەوتوانە پیاوسالاریە ھەزاران ساڵەیە.
وەرچەرخانێک لە زیندوکردنەوەی کەسایەتی ژندا خۆی بەیان
دەکات،زیندوکردنەوەیەک کەدەڵێی لەنێو خەیاڵدایە.چونکەکارێکی ھەروا
ئاسان نیە،بزوتنەوەیەک لەماوەی چل ساڵێکدا بتوانێت تەڤگەرێک
بەرھەمبھێنێت و پەروەردە بکات،کەوەڵام بەکۆی پەروەردەی باوی پێنج ھەزار
ساڵەیی بداتەوە. ئەو بزوتنەوە سیاسیەی پێکاکا ڕابەرایەتیەکەی
دەکات،لەپێش ھەر کارێکیدا،کارکردنی بێترسی بوە بۆ ھەستاندنەوەی
کەسایەتی ژن و چیتر ژن وەک ژن بونێکی لاواز لەکەسایەتی خۆی
نەڕوانێت،بەڵکو لەکەسایەتی خۆیدا مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەو ئازادو خاوەن
پێگە بینێتەوە.
شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان،گەرچی تەنگەبەریەکانی بەردەمی زۆرن
لەلایەن ئەو کۆ دەسەڵاتەی تائێستا بەرگری لەمانەوەی ئەو کەلتورە
داڕزیوە دەکەن،لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو شۆڕشە مەزنە،بۆ ساتێکیش ئامادە نیە
سازش لەگەڵ ئەو فەرھەنگ و کەلتورە باوەدا بکات کەتێیدا بۆ ھەر چرکەیەک
شکاندنی کەسایەتی ژنی تێدا دەبینرێت.
لەخۆوە ناوی ئەو شۆڕشەی ڕۆژئاوای کوردستانم نەناوە شۆڕشی مەزن.چونکە
شۆڕشە مەزنەکان ھەمو ساتێک ڕونادەن،بەڵکو ڕەنگە چەندین سەدەی پێ بچێت
تا شۆڕشێکی مەزن ڕوو دەدات. بۆنمونە شۆڕشی فەرەنسای ساڵی ١٧٨٩ بەشۆڕشی
مەزن ناودەبرێت لەگشت وڵاتانی ئەوروپاو جیھانیشدا.چونکە چەندین سەدە
بوە،وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستیان بەشۆڕشێکی واھەبوە،تاتەواوی ئاسەواری
دواکەوتوانەی ڕابوردوی ئەو گەلانە لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵێت و لەجێیدا
پەروەردەیەکی نوێ و فەرھەنگێکی نوێ بخاتە جێگای ئەوەی ڕابردوو باو بوە.
شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان و بزوتنەوەی تەڤگەری ئازادیش لەباکور و
ڕۆژئوای کوردستاندا بارتەقای ئەو شۆڕشە مەزنەی فەرەنسایە.
چۆن دەکرێت بەشۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان نەڵێین شۆڕشی مەزن،لەکاتێکدا
ئاوڕێک لە باشوری کوردستان بدەینەوە،لەماوەی بست و چوار ساڵدا،تەنھا
سوکایەتی و کوشتنی کەسایەتی ژنی تێدا دەبینین و ئەو توێژەی دەسەڵاتیان
ڵەژێر دەستدایە،نەک ھەر ئامادە نەبوون دەستکاری ئەو کەلتورە داڕزیوە
بکەن،بەڵکو ھەزار قات زیاتر پەرەیان بەو فەرھەنگە قێزەونە داو،لەڕێی
دەوڵەمەند بوونی خەیاڵییانەوە،تەنھا چێژەکانیان دەبینن و پشتیان کردۆتە
کۆی داھێنان و وەرچەرخاندنی مەزن. ئاخۆ مەزنی نیە بۆ دەسەڵاتدارانی
ڕۆژئاوای کوردستان،کەلەماوەی چوارساڵدا،زۆرترین ھەنگاوی پێشکەوتن
خوازیانەیان ناوەو لەوێدا ھیچ دەست درێژی کردنە سەر کەسایەتی ژن
نابینرێت،وەک ئەوەی ڕۆژانە لە عێراق و ھەرێم و ناوچەکەدا،ژنان ڕوبەڕوی
ئەو دەستدرێژی کردنە دەبنەوە. ئاخۆ گەر ئەو ڕابەرایەتیەی لەڕۆژئاوای
کوردستاندا ھەیە،خاوەنی ئەو ئیرادە مەزنەو خاوەنی مانیفێستۆی بنیات
نانی کۆمەڵگەی خۆسەری دیموکراتی نەبونایە،پێدەچوو ئێستا ئەو مێژوە
پرشنگدارەیان لێ ببینرایە؟ بەھەق مایەی شانازیە مرۆڤایەتی ئازادیخواز
بتوانێت پشتگیری بەردەوام لەو شۆڕشە مەزنە بکات و بەھەر ڕێگایەک بۆی
دەکرێت ببێت بەبەشێک لەو شۆڕشە تا بەسەرکەوتن دەگات و دەتوانێت پەلوپۆی
خۆی بھاوێژێت بۆ گشت ناوچەکە.
ئەڵتەرناتیڤی مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتیک کە ڕێزدار ئاپۆ
بەرھەمھێنەریەتی،دەتوانێت وەڵامدەرەوەیەکی گونجاو، وەشیاو بێت بەرانبەر
ئەو کەلتورو فەرھەنگە دواکەوتوانەی لەگشت وڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا بونی
ھەیەو تەمەنی ھێندەی تەمەنی ژیانی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتیە. بۆیە بەجۆشەوە
دەڵێم وا شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان لەلرفەی خۆیدایەو تاریکی
ھەزاران ساڵە ڕادەماڵێت و کەسایەتی دروست دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو
بونەوەرەی ناوی ژنی لێ نراوە و ئەمڕۆ ئازادانە دەتوانێت لەکۆی
مەیدانەکاندا شان بەشانی پیاوی ئازاد مانیفێستۆی خۆی پێشکەش بکات. ئەمە
بۆخۆی مەزنترینی جۆری کارە مەزنەکانە.چونکە تا کەسایەتی ژن ئازاد
نەبێت،ھیچ کمەڵگەیەک ناتوانێت بڵێت من کۆمەڵگەیەکی ئازادم. بەڵام
دەکرێت لەمانای خودی ئازادیش تێ بگەین.چونکە لەنێو فەرھەنگی
سەرمایەداریدا،ئازادی،تەنھا بەمانای ئازادی کڕین و فرۆشتن دێت و ھێشتا
کەسایەتی ژن لەم نێوەدا،بەو مانایە ئازاد نیە کەلەنێو ماناکانی بەکاڵا
بوندا نەبێت.بەپێچەوانەوە لەنێو ئەم سیستەمەی سەرمایەداریەدا،کەسایەتی
ژن،ھێشتا ڵەنێو کاڵاکاندایە و بەھاکەی وەک بەھای ھەر کاڵایەک قابیلی
کڕین و فرۆشتنە. لێرەیشدا،دەبێت ئەو خاڵەمان لەیاد نەچێت،کەپێەوەندیە
کۆمەڵایەتیەکان،ھەمیشە گرێدراوی نێو پەیوەندیە چینایەتیەکانن و
پەیوەستن بەئاستی چونە پێشی ململانێ چینایەتیەکان و بەریەککەوتنە
چینایەتیەکان. لەھەر کۆمەڵگەیەکیشدا،ئازادی ژنان پەیوەستە،بەئاستی
چونەپێشیئاستی ھۆشیاری سیاسی چینایەتی ھەرکۆمەڵگەیەکەوە. کەسایەتی ژن
تەنھا لەدەست کۆتا کردنی ھەژمونی خاوەندارێتی تایبەتدا ئازاد دەبێت و
دەتوانێت ببێت بەخاوەنی بێقەیدو مەرجی خۆی.لەنێو شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای
کوردستانیشدا ئەو یەکسانیخوازیە دەبینرێت و کۆتای ھێنان بەو
خاوەنداریەتیەیش بەکرداری کاری لەسەر کراوە.
سەرکەوتوبێت شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان.
١٩\٨\٢٠١٦
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|