په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٢\٢٠١٧

میدیا چۆن رووبەڕووی گەندەڵیی ببێتەوە؟


شوانە حەسەن ئەبوبەکر 


گەندەڵی کێشەیەکی جیهانییە کە هەموو وڵاتێك ڕووبەڕووی بۆتەوە و دەبێتە هۆی ڕووخانی پێکهاتەی ئابووریی وڵات. گەندەڵی بەخراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و متمانەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، پێناسە کراوە. گەندەڵی بەربەستێکی زۆر ترسناک دەخاتە بەردەمی پێشکەوتن. لە بواری سیاسیدا، گەندەڵی دەبێتە ھۆی لاوازکردنی دێموکراسی و حکوومەتداری لە ڕێگەی بنکۆڵکردنی (ڕووخاندنی) پرۆسە رەسمییەکان. گەندەڵیکردن لە ھەڵبژاردنەکان، دەستە و دامەزراوەکانی یاسادانان، دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی لێپێچینەوە و کەمکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتیکردن لە پرۆسەی بڕیاردروستکردندا.

بە ھەمان شێوە گەندەڵی پێشکەوتنی ئابووری لاواز دەکات لە رێگەی ئەو ھەموو شێواندن و ناکاراییەی کە بەرھەمی دەھێنێت. لە کەرتی تایبەتدا، گەندەڵی دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تێچوونی کارە بازرگانییەکان، بەھۆی ئەو پووڵ و سەرمایانەی کە بەرێگەی یاساغەوە دەدرێن و بۆ وتووێژو مامەڵەکردن لەگەڵ فەرمانبەران و پێشێلکردنی رێکەوتنەکان و شاردنەوەیان تەرخان دەکرێ. گەندەڵی چەندەها شێواز و ڕێگای هەیە، لەوانە دەکرێ ئاماژە بە بەرتیل، دوستایەتی، خزم خزمێنە، دزی یان ئیختیڵاسی ڕاستەوخۆ و بە قاچاخبردنی نەوت بکەین.

گەندەڵیی سیاسی دیارترین جۆری گەندەڵییە. کۆمەڵێك بارودۆخ هەیە کە ڕێگەخۆشکەرن و هاندەرن بۆ دروستکردنی گەندەڵیی سیاسی. ئەو هۆکارانە بریتین لە کەمیی شەفافیەتی حکوومەت لە پرۆسەی بڕیاردروستکردندا، لاوازیی سەروەریی یاسا، کەمیی مووچەی فەرمانبەر و کارمەندان، کەمیی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەری. لە بەرامبەریشدا چەندین میکانیزم و ڕێگا گیراوەتە بەر بۆ بە گژداچوونەوە و لەناوبردنی گەندەڵیی سیاسی. مێدیا یەکێک لەو ڕێگا کاریگەرانەیە کە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەم کێشە جیهانییەدا. مێدیا بووە بەو چەکە بەهێزەی کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بەکاردەهێنرێت بۆ لە نێوبردنی گەندەلی، بە تایبەتیش لە حکوومەتە پەرلەمانییەکاندا. سەربەخۆیی مێدیا یەکێکە لە پایەکانی حکوومەتێکی دێموکراتیک و شەفاف. مێدیا لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە، بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت و ناساندنی دۆسیەکانی گەندەڵی، ڕووبەرووی ئەم دیاردەیە دەبێتەوە. بەوەیدا کە زانین و هەستکردن بە هەبوونی کێشەیەك هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی، مێدیا دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بۆچوونی تاك و ڕای گشتی درووست بکات سەبارەت بەو دیاردەیە، بۆ نموونە سەبارەت بە هۆکار و ئەنجامەکانی گەندەڵی، بەرچاوڕوونی بە تاکەکانی کۆمەڵگە دەبەخشێت.

بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت یەکێکی ترە لەو ڕێکارە بەهێزانەی کە مێدیا دەیگرێتە بەر بۆ لە ناوبردنی گەندەڵی. زیادکردنی شەفافیەت لە هەردوو حکومەتی عێڕاق و کوردستان، زۆر گرنگە چوونکە ٩٣% داهاتی هەردوو حکوومەت لە هەناردەکردنی نەوت دایە، هەربۆیەش پێویست دەکات شەفافیەتێکی زۆر لە بوودجەی هەردوو حکوومەتدا هەبێت. هەروەها پێویستە حکوومەت ڕێگا بدا بە مێدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان بدات بۆ بەدەست هێنانی زانیاری، چونکە دەسکەوتنی زانیاری سەرچاوەی شەفافیەتە، شەفافیەتیش هەنگاوێکی گرنگە لە ئاراستەی لەناوبردنی گەندەڵیدا. هەر لە ڕێگەی زیادکردنی شەفافیەتەوە، مێدیا دەتوانێت حکوومەت هان بدا بۆ ئەجامدانی چاکسازی و ڕیفۆرم. دوا ڕێگە کە مێدیا بەکاری دەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بریتییە لە دەرخستنی دۆسیەکانی ئەو دیاردەیە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠٠٠، سەرۆکی نیپاڵ بڕی ٥٠٠،٠٠$ وەکو یارمەتی وەرگرت بۆ درووستکردنی فرۆکەخانە، بەڵام هەرگیز دروستی نەکرد. دواتر مێدیای ئەو وڵاتەوە ئەو دۆسیەیەی ئاشکرا کرد و ئیتر سەرۆک ڕیسوا و ناچار بە دەست لە کارکێشانەوە کرا.

 

ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک