١٤\٦\٢٠٢٥
میدیا و
نۆرماڵکردنی ڕەفتارە نەرێنییەکان.

ئەرسەلان مەحمود
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، میدیا و ڕاگەیاندن دەسەڵاتێکی بێوێنەیان لە
دروستکردنی بیرکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیدا بەدەستهێناوە. ئەم
دەسەڵاتە گەورەیە، هەرچەندە هەندێک جار بۆ مەبەستی ڕۆشنبیری و
پەروەردەیی بەکاردێت، بەڵام لە زۆر کاتدا دیاردە نەرێنییەکان بەرەو
پێشەوە دەبات، کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر بنەماکانی کۆمەڵگە دەبێت.
یەکێک لەو دیاردانە چۆنیەتی پێشکەشکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە لادان و
بادانە سێکسی و کۆمەڵایەتییەکانە، لە دراما و ڕوماڵە تەلەڤیزیۆنی و
بەرهەمە میدیاییەکاندا.
میدیای ئەمڕۆ، تایبەت لە کۆمەڵگە ڕۆژاوایی و ئەو کۆمەڵگایانەش کە
کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییان، بەرهەم و ڕوماڵەکانیان لەم بوارانەدا بە
شێوازێک دادەڕێژن کە لەشکڕی و لەشفرۆشی وەک هەر ڕوداوێکی ئاسایی تری
کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکات. ئەم جۆرە پێشکەشکردنە چیرۆکەکانی کڕیار و
فرۆشیار یان کەسانی بە زۆر ناچار کراو و خەڵەتێنراو، لە ڕێگەی دواندنی
بکەر و کارەکتەرەکانەوە دەگوازێتەوە، کە لە کۆتاییدا هەمووان دەکاتە
قوربانی ئەم بێنەزمی و بێبەزەییە سیستەماتیکییە. ئەم جۆرە میدیایە، جا
بە مەبەست بێت یان بێمەبەست، لە ئاگاییەوە بێت یان لە بێئاگاییەوە، بەم
کارەی خەریکە باوەڕێک دروستدەکات کە لادان و بادانە سێکسییەکان "بژاردەی
ئازاد" یان ناچاری "چارەسەرێکی ئابووری"ـن. لە کاتێکدا و لە بنەڕەتدا
تاوانێکی سیستەماتیکی و قوربانییەکانی بەردەوام لە زیادبووندان.
ئیشی میدیا لە ڕاستیدا گواستنەوەی ڕوداو یان هەر شتێک و گەیاندن نییە،
بەڵکو بنکۆڵکاری فرە ڕەهەندی ڕوداو و حاڵەتەکانە، کە بریتییە لە
دیاریکردن، ناساندن، هۆکار، تێکەوتە، لێکەوتە یاسایی سیاسی و
کۆمەڵایەتی و جڤاکییەکان. ئەمە پێویستی بە دواندنی کۆی کارەکتەر،
سێکتەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە. تاکلایەنە هێنانە قسەی کڕیار و
فرۆشیار، کاریگەری گەورەی سایکۆلۆژی لەسەر تاک و کۆمەڵگە دادەنێت.
تایبەت لەسەر لاوان و گەنجان کە سەرەکیترین بینەری ئەم جۆرە بەرهەم و
ڕوماڵانەن، چونکە لە ڕێگەیانەوە، لە نوێ دەست بە هەڵسەنگاندنی بەهاکان
و بایەخپێدانەکان دەکەن. ئەو پەیامانەی کە وەری دەگرن ئەوەیە کە جەستەی
مرۆڤ، بە تایبەت جەستەی مێینە، کاڵایەکە بۆ چێژ وەرگرتن و چێژبردن. ئەم
بەها و بایەخپێدانە نوێیانە، شێوازی تەماشاکردنەکان بۆ پەیوەندیی
بەهاداری نێوان تاکەکان و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا دەگۆڕن بۆ هەوەسبازی
وروژێنەر. ئەمەش مرۆڤ بەرەو کەم بوونەوەی بەهای مرۆیی و کۆمەڵایەتی
دەبات و دەبنە هۆکاری دروستبوونی کەلتوورێک کە توندوتیژی و تەجاوزکردنە
سەر یەکتر، جێگەی نۆرمە ئاسایی و یاسایی و بەهادارەکان بگرێتەوە.
میدیا بەرپرسە بەرامبەر بە یاساکان. حساب نەکردن بۆ یاسا و بایەخپێدانی
کەمتر بە یاساکانی دژی لەشکڕی و لەشفرۆشی لە ڕوماڵ و بڵاوکردنەوەدا،
بۆشاییەکی گەورەن. بێدەنگبوون لە بەرامبەریدا ڕۆڵی داواکاری گشتی و
دامەزراوەی دادوەری، لەگەڵیدا کۆمەڵگەی مەدەنی دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
لە ڕووی سیاسیشەوە، کۆمپانیا یان دامەزراوە میدیاییە لۆکاڵی و
جیهانگیرییەکان کە بەرهەم و ڕوماڵەکانیان پەخش و بڵاودەکەنەوە،
کەلتوورەکەیان دەسەپێننە سەر کۆمەڵگەکان. ئەمە واتای ئەوەیە نەک هەر
کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی خۆیان دەبێ، بەڵکو کاریگەری نێودەوڵەتیش لەسەر
تاک و کۆ دروست دەکەن. دەبێت خەڵک وریابن و تێبگەن کە ئامانجی ئەم جۆرە
میدیایە ئابوورییە و بۆ پەرەپێدانی بازاڕی تایبەت، یان بە کۆمەڵایەتی
کردنە، بە ئامانجی گۆڕین یان داماڵینی بەها مرۆییەکانی کۆمەڵگە. دەبێت
وریابن لەوەی کە سیاسەتی هەندێک دەوڵەت و دامەزراوەی دراوسێ و
نێودەوڵەتی سەرچاوەی سەرەکی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە ناوەڕۆکانەن، ئەمەش
بەشێکە لە پیلانگێڕییەکی تری فراوانتر بۆ گۆڕینی کەلتووری کۆمەڵگەکان.
میدیا لە بنەڕەتدا دەبێت خزمەتی ڕاستی و هاوکاری گەشەپێدانی هزری مرۆیی
و مرۆڤایەتی بکات. ئەرکی سەرەکی میدیا ئەوەیە خەڵکی بە زانیاری دروست و
سەلامەت ئاشنا بکات، کەلتووری باش بگوازێتەوە و پێشکەوتەی کۆمەڵایەتی
ڕێبەری و ڕێنمایی بکات. بەڵام کاتێک دەبێتە هۆکار و کارامەی
بڵاوکردنەوەی نا پیشەیی و نا بابەتی و نا زانستیانەی دیاردە و دەرکەوتە
نەرێنییەکانی وەک لەشکڕی و لەشفرۆشی، ئەوا لە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی
دوورکەوتووەتەوە، لێرەوە سەرەکیترین ئەرکەکانی تاک و هاوڵاتی کار،
بریتی دەبن لە:
یەکەم هەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوە، هۆشیار کردنەوەی خەڵکە. پێویستە
منداڵان و گەنجان فێری شیکردنەوەی بەرهەمە میدیاییەکان بکرێن و فێری
ناسینەوەی پەیامە نهێنییەکان بن، کە لە نێو بەرهەمە میدیاییەکاندا
شاردراونەتەوە. دووەم، پێویستمان بە سانسۆری ئەو بەرهەمە میدیاییانە
هەیە کە ئەم جۆرە دیاردانە پێش دەخەن. ئەمە بە مانای ئەوە نا کە ئازادی
ڕادەربڕین سنووردار بکرێت، نا نەخێر، بە واتای ئەوەی کە ستانداردی
ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی پارێزراو بێت. سێیەم، پێویستە بازرگانی و کۆمپانیا
میدیاییەکان لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیان هەستیار و ئاگادار بکرێنەوە،
کە نابێ تەنها بیر لە قازانج بکەنەوە، بەڵکو کاریگەری کارەکانیان لەسەر
کۆمەڵگەش لەبەرچاو بگرن.
پێویستە هەموومان وەک تاک، وەک کۆمەڵگە هۆشیار بین و بە وردی سەیری ئەو
پەیامانە بکەین کە میدیا دەیانگەیەنێت. پێویستە بزانین کە بەرگری لە
بایەخە مرۆڤایەتییەکان و کەرامەتی مرۆڤ، بەرپرسیارێتی هەموومانە و
چاوپۆشیکردن لە کاریگەری نەرێنی هەندێک لە بەرهەمە میدیاییەکان ناکرێت.
تەنها بە هۆشیاری و هەستانی کۆمەڵایەتی دەتوانین لە دژی ئەم دیاردەیە
بوەستینەوە و کۆمەڵگەیەکی پاکتر و مرۆڤانەتر بۆ نەوەی داهاتوو دروست
بکەین.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|