٢٥\١٢\٢٠١٦
میدیای کوردی لە
بازنەی گەمەکانی سیاسەتدا.

نەژاد عەزیز سورمێ
- بەشی یەکەم -
(١)
ھەر لە سەروبەندی بڵاوکردنەوەی (کوردستان) (کە تا ئێستا وای لەسەر
ڕێککەوتووین) یەکەمین ڕۆژنامەیە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا لە
دەرەوەی نیشتیمان تا دەگاتە ئەمڕۆ ، ئەوەی بە بزاڤی ڕۆژنامەنووسییەوە
ناسراوە بە پلەی یەکەم لە سەر دەستی سیاسیەکان ، یا ئەو ڕۆشنبیرانەی
زیاتر کاری سیاسیان کردووە دامەزراوە و بەڕێوەچووە ، ئەگەرچی دوای
ڕاپەڕین - ١٩٩١ - کە پاشان دێینە سەری ئەو بزاڤە ڕەھەند و مەودایەکی
دیکەی وەرگرت ، لێ ئەمە ئەوە ناگەیێنێ ڕۆژنامەنووسیی پاش ڕاپەڕینیش ،
سەبارەت بە ھۆگەلێکەوە لە ھەژموونی ئەو دوو توێژەی ئاماژەمان پێدا بە
دوور بوو بێت.
سیما و ئادگاری ڕۆژنامەگەریی کوردی پێش ڕاپەڕین چونکە لەسەرێکەوە
لەلایەن سیاسییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە ، لەگەڵ ئەوەی ھەندێ ھەوڵ بە
ئاراستەی فەرھەنگییەوە ھەبوو ، بەڵام تا مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ئاداری
(١٩٧٠)یش بەو ڕەنگە نەبوو شیاوی ئەوە بێ لە قاوخی بزاڤێکی
ڕۆژنامەگەریدا خۆی بنوێنێ(١).
دوای ئاداری (١٩٧٠)یش ، ئەوەی لە مەیدانی
ئەوسای ئەو کرانەوەیە و تا ڕادەیەک ئازادییەکی بام ڕێژەیش بوو بێ کە
چوار ساڵی خایاند (١٩٧٠ - ١٩٧٤) بێجگە لە ڕۆژنامەی (التآخی) کە وەک
زمانحاڵی شۆڕشی کوردستان ، باوەکو حزبێکی دیاریکراویش (پارتی دیموکراتی
کوردستان) بڵاوی دەکردەوە ، دەرکەوتبوو ، ئەویش بە زمانی عەرەبی ، کە
لە دوایدا (برایی) وەکو گۆڤارێکی مانگانە کە پاشان بوو بە (برایەتی) و
ھەر بە مانگانە و ئینجا (برایەتی) وەکو ڕۆژنامەیەکی ھەفتانە
(حەفتانامە) ، ئەمانەش ھەموویان بە ھەر ناوێک بووبن وەکو پاشکۆی
(التآخی) عەرەبی بوون و بایەخێکی لەو ڕەنگەیان پێ نەدەدرا وەک ئەوەی بە
(التآخی) عەرەبی دەدرا(٢).
لە پاڵ دەرچوونی (برایەتی)یش کە تا ماوەیەکی زۆر بە ھەفتانە مایەوە ،
حکوومەتی عیراق لە ڕێگای وەزارەتی ڕاگەیاندن ، یان وەزارەتی ڕۆشنبیری ،
ڕۆژنامەی (ھاوکاری) حەفتانە و گۆڤاری (بەیان)ی مانگانەی بڵاودەکردەوە ،
ھەردوو بڵاوکراوەیش باوەکو بەرپرسەکانیان لە سەرەتادا عەرەب بووبن ،
بەڵام بە ھۆی چەندان لاوی خوێن گەرم و ڕۆشنبیری ئەوسا کە ھەندێکیان لە
پاڵەوەیش لە (برایەتی) حەفتانەشدا کاریان دەکرد وایان کردبوو ، بە
نموونە (ھاوکاری) ببێ بە سەکۆیەکی دیار لە بڵاوکردنەوەی فەرھەنگ و
ئەدەبیاتی کوردی ، ئێستاشی لەگەڵدا بێ پێم وا نییە (ھاوکاری)ی ئەو چوار
ساڵە لەم ڕووەوە بەھەند نەگیرێ ، دیارە گۆڤاری (بەیان)یش بە ھەمان شێوە
کە ئەو دەمە ڕەوانشاد شاعیری بە توانا جەلالی میرزا کەریم کاری تێدا
دەکرد ، ئەگەرچی سەرنووسەرەکەی عەرەب بوو(٣).
من لێرەدا لەچوارچێوەی ئەوەدا نیم بیبلۆگرافیای ئەوان ڕۆژان بنووسمەوە
، بەقەد ئەوەی سەرکردایەتی کورد بە کەمتەرخەم دەبینم کە جێی داخە تا
بەر لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بە چەند مانگێک تەواو لە (١/١/١٩٧٤) کە
دەکاتە لە دایکبوونی یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردی و دەرچوونی ژمارەی
(سفر)ی (برایەتی) ڕۆژانە ، بیریان لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە
بە کوردی نەکردەوە(٤).
تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی ئاداریش ئەو خەڵکەی لە پاڵ
حکوومەتی عیراق بوون و لە شۆڕشی کوردستان (ئەیلوول) دابڕابوون ئەوانیش
ئەم پرسەیان (پرسی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بەکوردی)یان لەلادا
جێی بایەخ نەبووە.
ڕاستی ئەمە بە ئیستیلاحی ئێستا مژارێکی سەیرە ، تۆ وەرە سیاسەتوان و
ڕۆشنبیری کورد ، بە چاوی خۆت لە سەرێکەوە ، ئەو ھەموو قوربانی و
چیانشینی و برسیەتی و کڵۆڵیە ببینی لە پێناوی کورد و کوردستان کەچی
زمانەکەی خۆتت ئەوەندە لەلادا بێ بایەخ بێ ، کە بە یەکێک لە کۆڵەکە
ھەرە بەھێزەکانی بوون و ناسنامە و گەشەسەندنی پەرەدانە بە خوێندن و بە
بزاڤی ڕۆژنامەگەریی و میدیا بەگشتی ، ئەگەر باسی پێگەیاندنی لاوان و
بڵاوکردنەوەی بیری نوێ و چەسپاندنی ئینتیما و خۆشەویستی خاک و
نیشتیمانیش نەکەین (دەبڵێ وانییە....)(٥).
کەواتە لە ھەموو ئەو ماوەیەدا ، بە تایبەتیش بۆ ئەوسا کە لە ڕادیۆی
کوردی بەغدا (من باسی باشوور دەکەم) دەنا لە کرماشان و تاران و ئێریڤان
و حەیفا و قاھیرە وشوێنی دیکەش ڕادیۆ بەکوردی ھەبووە و پاشان چەند
کاتێک لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی کەرکووک زیاتر نەبوو کە دیارە ئەویش سەر
بەدەوڵەت بوون ، ئەگەرچی جاروبار ھەندێ بەرنامەی تایبەت بە ئەدەبیات و
فەرھەنگی کوردیشی تێدا بڵاوکرابێتەوە.
ئا لێرەدا دەرچوونی (برایەتی) ڕۆژانە لە (١/١/١٩٧٤) کە ھەر مانگێکی
خایاند ( تەنیا (٢٧) ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە و بە بڕیارێکی فەرمی
دەوڵەتی عیڕاق ڕاگیرا ، ئەمەش بەڵگەی سەلماندنی ئەو ڕاستییانەیە لە
پێشدا باسمان کردن.. ئەوە بوو پاشان زۆری نەبرد شەڕ دەستی پێکردەوە ) ،
درەنگ بوو ، زۆریش درەنگ بوو.
ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ (ناڵێم ئاقڵیان پێ نەشکاوە) دەنا بۆچی ئاقڵیان
بەوە شکا (التآخی)عەرەبی بە جۆرێک پەرە پێ بدەن ، کە بە ڕاستی بوو بوو
بە سەکۆییەکی ئەوەی پێی دەڵێن (دیموکراتی) بۆ ھەموو ئازادیخوازانی نەک
ھەر تەواوی عیراق بەڵکو دەرەوەی عیراقیش.
نەخێر من وەختی خۆیشی لەکۆڕێکدا کە یەکێتی نووسەرانی کورد لە شەقڵاوە
(١٩٩١) گوتم ، لای سیاسییەکانی ئێمە زمانی عەرەبی بزانی و ئەگەر شڕە
ئینگلیزیەکیشی لە پاڵ بێ ، گرینگ نییە کوردی بزانی(٦)!!
ئەو کەمتەرخەمی و بەھەند نەگرتنەیش (کە بەداخەوە ئێستاش لە شێوە و
قاڵبی دیکەدا درێژەی ھەیە) بە تایبەتی دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو سیاسیانەی لە
پشکی کورد کاربەدەست و بەرپرس بوون لە بەغدا . ئەمە مێژووە و دەبێ
بنووسرێ.
وەکو ئاماژەشم پێ دا ، ئەوانەی شۆڕشی کوردستانیان بە کۆنەپەرست و پیاوی
ئیمپریالیزم و جوولەکە وەسف دەکرد و خۆیان بە پێشکەوتنخواز ناساندبوو ،
لە کاتێکدا لە پاڵ حکوومەت بوون کە بە ھەموو توانای زەمینی و ئاسمانی
کەوتبووە ویزەی گیانی کورد ، ئەوانیش ڕۆژنامەی (النور)یان بە عارەبی
دەرکرد و گۆڤارێکی مانگانە ، کە ئەویش بە داخێکی زۆرەوە لە پاشان بوو
بە یەکەمین بڵاوکراوەی کوردی کە بەشی زۆری زیاتر لە (جنێونامە) بچێ تا
گۆڤار ، کە ئەمەش دەڵێم تەنیا وەکو سەرەقەڵەمێک دەیڵێم لە گێڕانەوەی
ھەندێ وێستگەی پەیوەندی بەنووسینەکەمانەوە ھەیە ، مێژوویش نە بە من نە
بە کەسی دی تا ھەتایێ ناشێوێنرێ.
(٢)
وتمان کورد مەینەتی زۆری بینی و قوربانی زۆری دا تا ئەوسای لە پێشدا
ئاماژەمان پێ دا ، کە بێگومان پێش ھەموو پرسێک لە پێناوی پاراستنی
ناسنامەی خۆی و خاکەکەی کە دیارە پاش پارچە پارچەکردنی بە چ دەردێک
براوە ، دیارە بێگومان یەکێک لە کۆڵەکەکانی بوونی ھەر نەتەوەیەک زمانە
، (تکا دەکەم پێم نەڵێن کۆنەخواز و ناسیۆنالست و نازانم چی لیست )
ئەوەتا فەڕەنسییەکان دەمێکە بە قانوون پاراستن و گەشەی زمانەکەیان
چەسپاندووە ، تەنانەت بایەخ بە وانەیش دەدەن کە خزمەتی زمانی
فەڕەنسییان کردووە و دەیکەن ، نموونەی نووسەری ناسراوی بە ڕەگەز
عەرەب(ئەمین مەعلووف)، ھەروەھا نووسەرگەلێکی دیکەی تونس و مەغریب و
جەزایر و شوێنی دیکەش کە دەچنەوە ژێر چەتری ئەوەی ناویان لێ ناوە
وڵاتانی (فرانکفۆنی)یەکان لەکەنەداوە بگرە تا ئەفریقیا تا بە وڵاتانی
عەرەبی باکووری ئەفریقیا ڕادەگا.
ئەڵمانەکانیش ئێستا پاش ئەو ھەژموونەی تەکنەلۆژیای نوێ ، خەریکن بە
جیددی بایەخ بە زمانەکەیان دەدەن ، باسی جوولەکە ناکەم ، چونکە ئەوان
سەرمەشق و نموونەی ھەرە سوور و شێلگیرن لە چەسپاندن و گەشەپێدانی
زمانەکەیان ، لە کاتێکدا ھەر کۆمەڵێکیان لەوڵاتێکەوە چوونەتە ئیسرائیل.
لەو ئاراستەیەڕا دەردەکەوێ کە بایەخ دان بە زمانی کوردی لای کاربەدەستە
پەیوەندارەکان و سیاسەتوانانی کورد کە ھەمیشە ماکینەی وەگەڕخستنی ئەو
پرسەیان لەدەستدابووە ، بەو ڕەنگە سەیر نەکراوە ، تەنانەت دوای
ڕاپەڕینیش (کە لە پاشاندا دێینە سەری) شایانی دیتنێک بێ تۆمار بکرێت ،
بەدەر لەوەی بە ھۆی ڕێککەوتننامەی ئاداری١٩٧٠ی نێوان شۆڕشی کوردستان و
حکوومەتی ئەوسای عیڕاق مۆرکرا ، کە لێرەدا نابێ نادیدە بگیرێ ، کاتێ
خوێندن بە کوردی و دامەزراندنی ژمارەیەک دامەزراوەی پەیوەندار بە زمان
و فەرھەنگی کوردی لێ کەوتەوە ، لە پێش ھەموویانەوە (کۆڕی زانیاری کورد)
کە تا ھەڵوەشاندنەوەشی و کردنی بە بەشێکی بچووک لە (کۆڕی زانیاری
عێراق) کاری نکۆڵیێنەکراویان بۆ زمان و ئەدەب و مێژووی کورد کرد ، لەوە
بترازێ کورد واتەنی ، ئەوی دی ھەمووی بە پێوانەی کاری جیددی (دوعا و
سەلام) زیاتر نەبووە ، کە ئەویش خۆی لەیەک دوو ڕۆژنامەی حەفتانە و چەند
گۆڤارێکی مانگانە تێنەپەڕیوە.
لە سەرێکی دییەوە، ئەو ڕۆژنامە و دامەزراوە کولتووریانەش دوور بوون لە
کوردستان و لە بەغدادا بڵاودەکرانەوە و بەغدا وەک ئەوەی ناوەندێکی
دیاری کوولتووری عەرەبی بوو ، ( بە جیاوازی ئاسمان و ڕێسمان ) ببوو
بەناوەندی کولتووری کوردیش ، تەنانەت لە ھەموو کوردستان ، ئەوە ھیچ کە
تا (دوای ڕاپەڕین) ڕێگا بە کەرتی تایبەت نەدەدرا چاپخانەیەکی پێشکەوتوو
وەکو کاری وەبەرھێنان دابمەزرێنێ ، حکوومەتیش لەچەند چاپخانەیەکی
دیاریکراوەوە بترازێ ، داینەنابوو ، وێنەی چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە
کە ناوی ژمارە ٢ یان لێ نابوو بەو حسابەی ژمارە(١) لەبەغدا بوو ، ئەویش
تایبەت بوو بە چاپکردنی کتێبی قوتابخانەکان و ھەروەھا چاپخانەی زانکۆی
سەلاحەددین و چەند چاپخانەیەکی دی دواکەوتوو وەک چاپخانەی شارەوانی
ھەولێر یان چاپخانەی (ژین) لە سلێمانی کە لەدوایدا داخرا ، لە پێش
ئەویشدا چاپخانەی کوردستان کە بەسیستەمی پیتچنی کاری دەکرد و لەیەک تا
دوو ئامێری ھایدلبێرگ زیاتر نەبوو(٧).
لەکاتێکدا بەغدا پڕ بوو لە چاپخانەی ھەمەچەشنی پێشکەوتووی حکوومەتی و
کەرتی تایبەت. دیسان ئەم لایەنەش بە ھەند نەگرتنێکی دیکەیە بەلای
لایەنی پەیوەندیدارەوە کە دەبووایە بیریان لێ کردبووایەوە ، بەوەی
چاپخانە ، مەڵبەندێکی ھەمیشە تیشکاوێژ بووە بە تایبەتی لەوان سەردەمان
کە برەو زیاتر لە سەر ڕۆژنامەگەریی نووسراو بوو ، چاپکردنی کتێبیش لەو
لاوە بوەستێ ، بێگومان حکوومەتی بەغدا ئەمەی لا ڕوون بوو کە ڕێگەدان بە
دامەزراندنی چاپخانە دەبێتە ئەگەرێک لە ڕێی پەرەسەندنی زمان و
ئەدەبیاتی کوردی و پتەوبوونی ئینتما ، ئێمەش بێدەنگ!!
بە بەڵگەی ئەوەی پاش نسکۆ و دەستکرانەوەی حکوومەتی بەغدا ، دوو ساڵی
پێنەچوو (کۆڕی زانیاری کورد)ی کرد بە بەشێکی نەخوێندراوە لە (کۆڕی
زانیاری عیڕاق) و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری کوردی و دەزگای ھاوکاری لە
بەڕێوەبەرایەتیەکدا کۆکردەوە و ناوی لێ نا (دەزگای ڕۆشنبیری و
بڵاوکردنەوەی کوردی) و تەنانەت ڕۆژنامەی (التآخی)یشی کە تا ئەوسا
(ئینجا بەھەر ناوەرۆکێک بێ) پێ ھەرس نەکراو کردی بە (العراق) و ڕێگای
دا مانگنامەیەک ھەر بەو ناوە واتە (عیڕاق) لەشێوەی ڕۆژنامەدا
بڵاوبکرێتەوە.
دوای پرۆسەی ڕاگواستن و ئەنفال و کیمیایش بە مەبەستی شێواندن و
لێکدابڕاندنی زمانی کوردی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دوو
ڕۆژنامەیان بڵاوکردەوە ھەر ڕۆژنامەی بەشێوەزارێک (ئاسۆ) بەکرمانجی
خواروو (بزاڤ)یش بەکرمانجی سەروو کە خۆشبەختانە دوای ئەوەی پێشوازییەکی
لەو ڕەنگەیان لە لایەن ڕۆشنبیر و نووسەرانی کوردەوە لێ نەکراو دەرکیان
پێکرد کە بە مەبەستێکی چەپەڵەوە دامەزرێنراون ، ماوەیەکی زۆری پێ نەچوو
داخران(٨).
دەرکەوتنی ڕۆژنامەنووسیی بیستراو و بینراوی کوردی.
خودی ڕۆژنامەگەریی نووسراوی کوردی مێژوویێکی لەو ڕەنگەی نییە ،
(کوردستان)یش کە کراوە بە دەسپێکی ئەو مێژووە ، باوەکو لەڕووی سیاسی و
وەک دەسپێشخەرییەکی جوامێرانەی ماڵباتی بەدرخانییان دەنگی دابێتەوە ،
ھەروەھا ھەموو ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەیشی بە درێژایی ئەو
مێژووەی بە دوایدا ھاتوون ؛ ئەگەر کاریگەریشیان ھەبووبێ ، کاریگەری
سنووردار بووە ، لەلایەک بە ھۆی ئاست و ڕێژەی خوێندەواری میللەت و
ئینجا ئەستەمی بڵاوبوونەوە و ئەو جوغرافیا سیاسیە نەگریسەی ناحەزانی
کورد لە بەرژەوەندی خۆیاندا و بە پێی بەرژەوەندی ڕۆژگار پێکیان ھێناوە
و بەو مەحکەمییە دایانڕشتووە کە شەش دەریان لێ گرتووین...
دیارە دواکەوتوویی خۆشمان سەربار ، جگە لەوەش ئەوەی بڵاویش کراوەتەوە
زۆربەی ھەرە زۆری یا لە ژێر سانسۆری بێ ئامانی ئەو دەوڵەتانەدا بووە
کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە ، یاخود حکوومەتی ئەو دەوڵەتانە خۆیان
بۆ پڕوپاگەندەی خۆیان شتێکیان بە کوردی بڵاوکردووەتەوە و ناویشیان لێ
ناوە بەوەی شتیان بۆ کردووین و لەو ڕاستەشدا منەتیشیان لەسەر کردووین!!
لێرەوە ، حاڵی ڕۆژنامەگەریی نووسراو بەو چەشنە بووە ، کە تاک وتەرا
نەبێ (لێرەو لەوێ) بە تایبەتی لە ژێر سێبەری بزاڤە یەک بە دوای
یەکەکانی ئازادیخوازی کورد ، ڕۆژنامەیەک ، گۆڤارێک یا بڵاوکراوەیەک
دەرچوێندراوە ، ئەویش دیارە ھەمیشە بەھۆی ھەل و مەرجی بابەتییەوە پچڕ
پچڕ بووە ، تەنانەت ئەم حاڵەتە (پچڕ پچڕی بڵاوکردنەوە) لە ھەموو ئەو
مێژووەی بەمێژووی ڕۆژنامەگەریی ناسێنراوە بە ھەر ھۆیەک بوو بێ سیما و
ئادگاری دیاری ئەو ڕۆژنامەگەرییە بووە .
ئینجا ئەگەر حاڵی ڕۆژنامەگەریی نووسراومان وا بوو بێ ، بێگومان
ڕۆژنامەگەریی بیستراو وبینراویشمان وێرانتر نەبوو بێ چاکتر نەبووە ،
لەلایەک دامەزراندن و وەگەڕخستنی ئێستگەیەکی ڕادیۆ یا تەلەفزیۆن ھەر لە
بنەڕەتدا قەدەغە بووە ، ئەوەیشی ھەبووە (لە ڕادیۆی کۆماری کوردستان) و
ئەو ڕادیۆ سنووردارانەی شۆڕشی ئەیلوول (دەنگی کوردستان) و ئەوانی دیکەی
حزبە کوردستانییەکان دوای نسکۆ و سەرھەڵدانەوەی شۆڕش کورد شتێکی ئەوتۆی
نەبووە (بەخۆی) بەناوی ڕۆژنامەگەریی بیستراو ، لەوەی بەدەر کە لە ھەر
پارچەیەکی کوردستان ، دەوڵەت بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەکانی خۆی
ئیستگەیەکی وەکارخستووە بە تایبەتی لە عیڕاق و ئێران و ھەندێ شوێنی
دیکە کە ھەوڵ دەدەین بۆ ڕێ ڕوونی لەم چەند دێرەی دادێ و بە پشت بەستن
(لەبەشێکیدا) بە جزمی یەکەمی بەرگی یەکەمی نووسراوە بە نرخەکەی مامۆستا
کەمال رەئووف محەمەد (بابی لالۆ)، کورتەیەکیان لێ بخەینە ڕوو ، کە
بەشێکی گرینگ لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی بیستراوی کوردی پێک دێنێ(٩).
ئەمەش کە دەڵێم ، دەخوازێ ئەوەمان لە بیر نەچێتەوە ئەگەر بۆ
ڕۆژنامەگەریی نووسراوی کوردی کۆمەڵێک ڕێگر ھەبووە بە گوێرەی مێژووی خۆی
گەشەی پێویست بکا ، لە پێشەوەی ئەو بەربەستانەیش وەک لەپێشدا باسمان
کرد ؛ ئاستی خوێندەواری کۆمەڵی کوردەواری و ئاستەنگەکانی جوغرافیای
دروستکراو لەلایەن داگیرکەرانەوە ، ڕێی لە بڵاوبوونەوەی گرتبوو ، بۆ
ڕۆژنامەگەریی بیستراویش ، جگە لە دواکەوتوویی کۆمەڵی کوردەواری ، کە
زۆر لە ڕۆژھەڵاتناس و گەڕیدە بیانیەکانیش لەوانەی بە تایبەتی لە سەر
ڕۆژھەڵاتی ناوینیان نووسیوە ، ئاماژەیان بەو لایەنە داوە ، کە
(ڕادیۆ)یان ڕاستتر (ئامێری ڕادیۆ) - وەک وەرگر- لە قاڵبی تابووە
سەیرکراوە ، سەرەڕای ئەوە بە درەنگەوەش ھاتووە ، لەچاو مێژووی
پەیدابوونیدا ، بە ھۆی ھەژاری و نەداریشەوە کەم کەس ، لە چینی ھەبوویی
و دارا و ماڵە بەگ و ئاغایان بەدەر توانیویەتی ئامێرێکی ڕادیۆ بکڕێت ،
ئیتر کە گوێگر نەبوو ئیستگەی پەخش چ سوودێکی دەبێ؟ کە ئەمە تاڕادەیەک
بۆ ڕۆژنامەگەریی نووسراویش ھەر ڕاستە.
ئێستا با سەرەتا لەوەوە دەست پێ بکەین و بزانین یەکەمین ئێستگەی ڕادیۆ،
یاخود ڕاستتر یەکەمین پەخشی کوردی ڕادیۆیی لەکوێ و کەی بووە؟
بەپێی جزمی یێکەھەمی بەرگی یەکەمی کتێبە ناوازەکەی مامۆستا کەمال
رەئووف محەمەد (بابی لالۆ) کە بەندە بەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی دەبینم
، بە پێی ئەو کتێبە بێ یەکەمین پەخشی کوردی لەڕادیۆدا ساڵی ١٩٢٥ زایینی
دەست پێ دەکا.
زنجیرەی ئەو ڕادیۆیانەی پەخشیان بە کوردی ھەبووە یاخود ئیستگەی کوردی
بوون بەم شێوەیەی خوارەوەیە(١٠):
١- ڕادیۆی کۆماری ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور لە کۆماری ئازەربایجانی
سۆڤیێتی (جاران) ساڵی ١٩٢٥، کە لە دوایدا لە لایەن (ستالین)ـەوە داخرا
.
٢- پەخشی کوردی ڕادیۆی بەغدا ، کە دوایی بوو بە بەشی کوردی ڕادیۆی
بەغدا - لە١٩/١١/١٩٣٩وە تا ساڵی ٢٠٠٣ - پاش ڕووخانی ڕژێمی سەددام حسین
- بەردەوام بوو بەمەش ئەم ڕادیۆیە ، یاخود پەخشی کوردی لەم ڕادیۆیەدا
بە تەمەنترین پەخشە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی بیستراوی کوردیدا .
٣- پەخشی کوردی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیک (شەرقولئەدنا) لە (یافا)
ساڵی١٩٤٢ (جەنگەی شەڕی دووەمی جیھان) کە تا ئەیلوولی ١٩٤٥ بەردەوام
بوو. ئەم ڕادیۆیە سەر بەئینگلیز بووە ، ڕۆژانە سەعاتێک بەکوردی پەخشی
ھەبووە(١١).
٤- پەخشی کوردی لە (ڕادیۆی ڕۆژھەڵات) - الشرق - لە لوبنان ساڵی ١٩٤٣ تا
ساڵی ١٩٤٥. پەخش بەزمانی کوردی لەم ڕادیۆیەدا ھەفتەی دووجاران بووە ،
ڕۆژانی چوارشەممە و ھەینی ، پاشان لە ساڵی ١٩٤٥ و ١٩٤٦دا بووە بە
ڕۆژانە ڕەوانشاد کامەران عالی بەدرخان سەرپەرشتی کردووە .
٥- ڕادیۆی کۆماری کوردستان - مھاباد - کوردستان کە لە١٢/١٢/١٩٤٥ تا
١/١/١٩٤٦ بەردەوام بوو . وەک لە پێشیشدا ئاماژەمان پێداوە ، ئەم
ڕادیۆیە بە یەکەمین ڕادیۆی ئازادی کورد لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی
بیستراوی کوردی دادەنرێ .
٦- پەخشی کوردی ڕادیۆی - کۆماری ئازەربایجان - لە ئێران مامۆستا کەمال
رەئووف لە بارەی ئەم ڕادیۆیە دەڵێت: "سەرەتای پەخشی ساڵی ١٩٤٦ دەستی پێ
کردووە(١٢).
٧- پەخشی کوردی ڕادیۆی یێریڤان لە ئەرمەنستانی سۆڤییتی (جاران) . وا
دیارە ئەم ڕادیۆیە بە دوو خوول بووە:
- خولی یەکەم: ساڵی ١٩٣٠ تا ١٩٣٧.
- خولی دووەم: لە١/١/١٩٥٥ تا ١٩٥٨.
٨- ڕادیۆی کوردیی - ئێران - ساڵی ١٩٤٦ تا ١٩٥٨.
٩- بەشی کوردی ڕادیۆی تاران ١٩٤٦ تا ١٩٥٨.
١٠- ڕادیۆی کوردی - لەسنە - ساڵی ١٩٥٣.
١١- ڕادیۆی کوردی - مھاباد.
١٢- ڕادیۆی کوردی - تەورێز.
١٣- پەخشی کوردی لە ڕادیۆی قاھیرە ، کە لە١/٦/١٩٥٧ تا ١٣/٦/١٩٦٣ دا
بەردەوام بووە(١٣).
١٤- ڕادیۆی - دەنگی کوردستان - عێراق - ئەم ئیستگەیە وەک زمانحاڵی
شۆڕشی کوردستان (شۆڕشی ئەیلوول) لە ٢٠/٨/١٩٦٣دا دامەزرا . ڕادیۆی
(دەنگی کوردستانی عێراق) لە سەرەتای دامەزراندنیدا ، کورتبڕ بوو ، ھێزی
لە کیلۆواتێک کەمتر بوو ، بەمەش مەودای بڵاوبوونەوەی بەرتەسک بوو ، بە
پێی ھەندێ سەرچاوە بازانەی نیوەتیرەی لە ٥٠کم تێنەدەپەڕی(١٤).
ئەم ڕادیۆیە تاڕادەیەکی زۆر جێی متمانەی خەڵک بوو و گوێگرێکی زۆری
ھەبوو، ھەربۆیە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە حکوومەتی
بەعسیشەوە ، ھەر لە سەرەتای دامەزرانی ئەم ڕادیۆیە، ھەوڵی جیددیان دا
بە ھۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەکنیکی پێشکەوتوو ڕێ لە دەنگی ئەم ڕادیۆیە
بگرن بگاتە گوێڕادێرانی(١٥).
ئەم ڕادیۆیە تا پاش دەرچوونی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بە ماوەیەک
بەردەوام بوو ، دوایی بۆ ماوەی نزیکەی چوارساڵ ، بە پێی ئەو
ڕێککەوتننامەیە (کە یەکەمین داننانی ڕەسمی دەوڵەتی عێراقە بە کێشەی
کورد) لەکار وەستێنرا ، تا ئەوەی لە نیسانی١٩٧٤دا جارێکی تر کەوتەوە
کار ، ئەمجارەش بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو(١٦).
پاش نسکۆی شۆڕش ، ئاداری ١٩٧٥ لە ئەنجامی مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی
جەزایر ، ڕادیۆکە بۆ ماوەیەک وەستا ، پاشان دوای دەسپێکردنەوەی شۆڕش لە
ژێر ناوی (شۆڕشی گوڵان) بە ماوەیەک - پایزی ١٩٧٧ - دەنگی کوردستان -
جارێکی تر وەکارخرایەوە.
ئەم ڕادیۆیە قۆناخ بە قۆناخ ھاتووە تا ئەمڕۆیش بەردەوامە . شایەنی باسە
لێرەدا ئەوە بگوترێ کە ئەم ڕادیۆیە بە یەکەمین ڕادیۆ دادەنرێ لەوەی لە
زنجیربەندی ڕادیۆنەکان کە بە (ئیستگە نھێنیەکان) لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
دادەنرێ و ھەروەھا دووەمین ڕادیۆی ئازادیشە دوای ڕادیۆی کۆماری
کوردستان لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی بیستراوی کوردیدا.
١٥- دەنگی شۆڕشی عێراق. ئەم ڕادیۆیە لەسەرەتای دەسپێکردنی (شۆڕشی نوێ)
لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە وەگەڕخرا ، پاشان ناوی گۆڕا و
بوو بە (دەنگی گەلی کوردستان) و ئێستاش بەردەوامە.
ئەم ئیستگەیەش بە ھەمان پێوەری لە پێشدا ئاماژەی پێ درا ، دەچێتەوە
بازنەی ئەو ڕادیۆیانەی نھێنین - ھەروەھا ئەم ئیستگەیەش بە ڕادیۆیەکی
دیکەی ئازاد دەژمێررێ کە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا پەخشی کردووە.
١٦- (پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان)یش ڕادیۆیەکی ھەبوو لە ناوچە
ئازادکراوەکانەوە پەخشی دەکرد. لەبارەی مێژووی پەخش و وەستانی ئەم
ڕادیۆیە لە ھیچ شوێنێک ئاماژەیەک نییە ، ئەوەندە ھەیە کە لەگەڵ تێکەڵ
بوونەوەی ئەم پارتە لەگەڵ - پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق- دا دوای
پێکھێنانی بەرەیەک لە نێوان خۆیان و حزبی سۆسیالستی کوردستان و پارتی
سۆسیالستی کورد (پاسۆک) - زۆربەی کادرەکانییان بە سکرتێری گشتیەوە
چوونە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەوی ڕاستییە ئێمە لێرەشدا لە بەر ئەوەدا نین بیبلۆگرافیا بۆ ئەوەی
دەچێتەوە ناو (ڕۆژنامەگەریی بیستراو)ی کوردی ڕێک بخەین بەقەد ئەوەی
مەبەستمان بوو سەرەقەڵەمێک لە مێژووی سەرھەڵدان و دەسپێکی ئەم
ڕۆژنامەگەرییە پێشان بدەین وەک دەروازەیەک بۆ باسەکە ، دیارە ئەوەی
باسیش کرا لەمشتی خەروار ناچێتە دەرەوە ، دەنا ڕۆژنامەگەریی بیستراوی
کوردی بە تایبەتی دوای ڕاپەڕین ، لە ڕووی چەندایەتییەوە لە چوارچێوەی
پێویستی ئەو جوغرافیایەی ئەمڕۆ بە (ھەرێمی کوردستان) ناسراوە زۆر
زیاترە ، کە زۆربەشیان ئەگەر نەڵێین ھەموویان بەرنامەکانیان بەشەپۆلی (
FM ) پەخش دەکەن(١٧).
لەبارەی پەخشی تەلەفزیۆنیشەوە، ئەوەندەی من ئاگاداربم ھیچ سەرچاوەیەکم
نەدۆزییەوە باسی یەکەمین پەخشی کوردی لە تەلەفزیۆن یان ڕاستتر
تەلەفزیۆنی کرد بێ ، ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان لە ھەندێ ئیستگەی ئەو
وڵاتانەی کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە گۆرانییەکی کوردییان پەخش
کردبێ ، دەنا وەکو ئیستگە ، تەنیا باشووری کوردستان (کوردستانی عێراق)
پەخشی تەلەفزیۆنی کوردی تێدا ھەبووە ئەویش بە درەنگەوە ، لەکاتێکدا
عێراق ، یەکەمین وڵاتە لەناو ئەو وڵاتانەی (بە وڵاتانی عەرەبی)یەوە
ناوزەد کراون ئیستگەی پەخشی تەلەفزیۆنی لێ دانراوە ، کاتێ ساڵی ١٩٥٦
کۆمپانیایەکی ئەڵمانی لە پیشانگایەکی پیشەسازی بەغدادا بەشدار دەبێ ،
نێردەیەکی تەلەفزیۆنی لەو پیشانگایەدا نمایش دەکا ، پاشان دوای کۆتایی
ھاتنی پیشانگاکە ، نێردەکە بە دیاری پێشکێشی حکوومەتی ئەوسای عێراقی
دەکا ، ئەو نێردەیەش لە سنووری شاری بەغدا ڕەتی نەکردووە و ھێزی ناردنی
تەنیا نیوکیلۆوات بووە و بە یەک کەناڵ کاری کردووە.
بە دامەزراندنی ئەو نێردەیە عێراق بوو بە یەکەمین وڵات لەناو ئەو
وڵاتانەی بە (وڵاتانی عەرەبی) ناسراون کە پەخشی تەلەفزیۆنی ھەبووە.
جێی باسە کە کارمەندانی ئەو نێردەیە لە سەرەتادا سەر بە وەزارەتی
(ھەواڵ و ئاراستەکردن)بوون - سەردەمی پاشایەتی - دوای تەموزی ١٩٥٨یش کە
بە (سەردەمی کۆمار) ناسراوە خرایە سەر (وەزارەتی ڕێنماییەوە) - دیارە
لە دەسپێکیشدا پەخش بە (ڕەش و سپی)بووە ، پاشان لەساڵی ١٩٧٥ بۆ
یەکەمجار پەخشی ڕەنگی دەست بەوەشان دەکا(١٨).
چیرۆکی پەخشی کوردی لە تەلەفزیۆنی عێراقیدا چیرۆکێکی درێژنییە ، کە من
پێم وایە ئەگەر پەخشێکی تەلەفزیۆنی بەو ناوە ھەبێ بۆ یەکەمین جار
لەعیراق بووە ، لەگەڵ ئەوەی تەلەفزیۆنیش ، سایلی ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی
حکوومەتە یەک بە دوای یەکەکان زمانحاڵی خۆیان بووە بە کوردی ، ئەگەرچی
ھەندێ جار، بە نموونە لە ماوەی چوارساڵی دوای مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی
ئاداری ١٩٧٠ (١٩٧٠ - ١٩٧٤) بە ھۆی (ھەندێ) لەو کارمەندانەی کاریان تێدا
دەکرد لەو ماوەیەدا ، نیشانە بەو کرانەوە ڕێژەییەی ڕێککەوتننامەکە
فەراھەمی کردبوو ، چەند بەرنامەیەک ھەبوون ، کە ئەویش لە بەرنامەی
ھونەری و کولتووری تێنەدەپەڕین، دیارە پاش نسکۆی شۆڕش ، ئەم بوارەیش
وێنەی بوارەکانی دی وێک ھێنرایەوە(١٩).
وەک لەپێشیشدا وتمان کە عیراق یەکەمین وڵات بوو نێردەی تەلەفزیۆنی
گەیشتێ ، لەگەڵ ئەوەشدا پەخشی کوردی (پەخش نەک نێردەی سەربەخۆ) بە
درەنگەوە بوو ، سوێندی ئەوە ناخۆم کە ڕەنگە جاروبار گۆرانییەکی کوردی
پەخش کرابێ ، دەنا تا دوادواکانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ئەمە ھەروا
مایەوە ، تا ئەوەی ڕێککەوتننامەی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان حکوومەتی عیراق
و شۆڕشی کوردستان مۆرکرا ، لەوساوە بۆ یەکەمین جار پەخشی کوردی (بۆ
ماوەیەکی دیاریکراو) لە تەلەفزیۆن ھەندێ بەرنامەی بڵاوکردەوە،
بەرنامەکان سەرەتا لە ڕێگەی (نێردەیەکی بەھێزکردن) لە کەرکووک داندرا ،
پاش ماوەیەک لە ڕێگەی نێردەیەکی بەھێزکردنی دیکەوە کە لە مووسڵ
داندرابوو دەگەیشتە کوردستان ، تا ئەوەی ھەمان نێردەی کەرکووک کرایە
ئیستگەیەکی پەخشی تەلەفزیۆن بەکوردی کە لەسەعات ٥ یا ٦ی ئێوارە تا ١٢ی
شەو بەردەوام دەبوو لە پەخش ھەر لەو ماوەیەشدا ، لە پاڵ بەرنامەی کوردی
(کە ماوەکەی زیاتر بوو) ماوەیەک بۆ بەرنامەی (تورکمانی) و (سریانی)
تەرخان کرابوو.. لەو ئیستگەیەدا وەک ئاماژەمان پێدا ، لەگەڵ
وەبەریەکھێنانەوەی ئەو کرانەوەی پێش نسکۆی شۆڕش ھەبوو، جاروبار ڕێگە
دەدرا ھەندێ شانۆگەریی و دراما و گۆرانی کوردی بڵاوبکاتەوە کە ئێستاش
ھەندێکیان لە ناوەندە ھونەری و کولتوورییەکانەوە جێی سەرنج و باسە.
ڕاستی ڕۆژنامەگەریی بینراوی کوردی تا (سەردەمی ڕاپەڕین)یش ئەوەی ھەبوو
لەوە بەدەر نەبوو حکوومەتی عیراقی لە ڕێی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە
بەرنامەکانی ئاراستە دەکرد و (بە پێی ھەل و مەرج)و لە ژێر چاودێرییەکی
تونددا .
ماویەتی
___________________________
ئاماژە و پەراوێز:
١- دیارە لێرەدا باس لە بزاڤێک دەکەین کە ڕۆژنامەگەریی توانای ئەوەی
ھەبێت ڕای گشتی دروست بکا ، دەنا لە پێش حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا
لێرەو لەوێ ڕۆژنامە و گۆڤار دەرچوون . لەھەمان کاتدا و بۆ بەرچاو ڕوونی
خوێنەر باس لەسەر ئەو جوغرافیایەیە کە تا حاڵی حازر بە (ھەرێمی
کوردستان) دەناسێنرێتەوە .
٢- بۆ ڕێ ڕوونی زیاتر لەم بارەیەوە بڕوانە:
نەژاد عزیز سورمێ - برایەتی - یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە لە مێژووی
ڕۆژنامەگەریی کوردی دا - چاپی یەکەم - چاپخانەی خەبات ١٩٩١.
٣- ھەر لەو ماوەیەدا، لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری کوردییەوە
بڵاوکراوەیەک لە شێوەی ڕۆژنامە، (کە لەدوایدا بوو بە گۆڤار) بەناوی
(ڕۆشنبیری نوێ) بڵاودەکرایەوە، کە ئەوسا ڕەوانشاد د.ئیحسان فوئاد
سەرپەرشتی دەکرد، ھەر لەوێ گۆڤاری (ئەستێرە)ی منداڵان کە تایبەت بوو
بەمنداڵان و (جەمال خەزنەدار) سەرپەرشتی دەکرد بڵاودەکرایەوە بەڵام پاش
(٢) ژمارە داخرا و ژمارەی (٣)یەمی لەژێر چاپدابوو کە داخرا.
دیارە ناشبێ ئێستگەی کوردی بەغدا لەبیر بکەین و ھەروەھا ئێستگەی
تەلەفزیۆنی کەرکووک کە ماوەیەکی بۆ پەخشی کوردی تەرخان کردبوو.
لەھەمان کاتدا و وەک دەسکەوتی ئەو کرانەوەی ڕێککەوتننامەی ئاداری ١٩٧٠
زەمینەی بۆ خۆش کردن، لەپاڵ ئەوانەدا گۆڤاری (کۆڕی زانیاری کورد)
لەلایەن کۆڕی زانیاری کوردییەوە و (نووسەری کورد) لەلایەن (یەکێتی
نووسەرانی کورد) و گۆڤاری (پەروەردە و زانست) لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی
خوێندنی کوردی و (دەفتەری کوردەواری) بە کۆششی د.مارف خەزنەدارەوە
دەردەچوو ، ھەروەھا گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان) لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆشنبیری
کوردییەوە لە بەغدا و چەندانی دیکە لە ھەولێر و سلێمانی کە وەک وتمان
ڕێککەوتننامەی ئاداری ١٩٧٠ زەمینەی دەرچوونی بۆ خۆش کردبوون.
٤- ھەمان سەرچاوەی (٢) - برایەتی- یەکەمین ڕۆژنامە لە مێژووی
ڕۆژنامەگەریی کوردی دا- تەماشای پێشەکی و پەڕاوێزی ژمارە (٤) بکە
لاپەڕە ١١ چاپی یەکەم.
٥- بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر، بڕوانە: نەژاد عزیز سورمێ ڕۆژنامەگەریی
کوردی و ڕۆژنامەنووسی کورد ، چاپی دووەم ١٩٩١ - ھەروەھا - برایەتی
یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە لەمێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی- ١٩٩١ی ھەمان
نووسەر.
٦- جارێکی تر تەماشای پەڕاوێزی ژمارە (٤) بکەوە لە برایەتی - یەکەمین
ڕۆژنامەی ڕۆژانە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
٧- لەگەڵ دواکەوتوویی تەکنیکی (چاپخانەی کوردستان)یش کە بەکۆششی
برایانی موکریانی (حوزنی و گیو) دامەزرابوو ، دەبێ ئەوە ببینرێ کە
دەیان سیایی و دەستنووسی لە فەوتان پاراست و چاپکرد.
بێجگە لەوەی چەندان گۆڤاری ناوەخۆی شارەکانیشی لێ چاپ دەکرا، لەپاڵ
دەیان کتێبی نووسەر و شاعیران، بەتایبەتیش نووسەرانی ھەولێر و
دەوروبەری.
٨- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: نەژاد عزیز سورمێ - درەختی بنکۆڵ کراو -
چاپی دووەم - ٢٠٠٦.
٩- بڕوانە: کەمال رەئووف محەمەد - مێژووی ڕادیۆی کوردیی بەغدا - (١٩٣٩
- ١٩٥٨) بەرگی یێکەھەم جزمی یەکەم - کوردستان - ھەولێر ٢٠١٤ چاپخانەی
ڕۆشنبیری.
جێی باسە کە مامۆستا کەمال، ھەر لەو کتێبە و لە ھەمان بەرگ، چەردەیەک
لە باسی پێش پەیدابوونی ئێستگەی ڕادیۆی ھێناوەتەوە - سەردەمی
(فۆنۆگراف) یا وەک مامۆستا کەمال (لوولە قەوان)ی بۆ داناوە و کە لە ناو
خەڵکی بە (قەوان) دەناسرێتەوە پێش ڕادیۆ لە کوردستاندا ھەبووە. تەماشای
- لاپەڕە ٥٢ی ھەمان سەرچاوە بکە.
١٠- کەمال ڕەئووف محەمەد (بابی لالۆ)- مێژووی ڕادیۆی کوردی بەغدا -
بەرگی یەکەم - جزمی یەکەم- ھەولێر - ٢٠١٤، تەماشای لاپەڕە ٦٨ بکە.
١١- ھەرچەندە مامۆستا کەمال رەئووف محەمەد لە کتێبی ئاماژە پێدراودا
لەلاپەڕە ٦٨دا دەڵێ لەئەیلوولی ١٩٤٢ تا ئەیلوولی ١٩٤٥ بەردەوام بووە.
کەچی لەلاپەڕە ٦٩دا باس لەساڵی ١٩٤٦یش دەکا کە بە شەپۆلی کورتی (SW)
٤٢٠١٨ سەعات ١١:٤٥ی پێش نیوەڕۆ دەستی بە پەخش کردووە (بەکوردی) و
سروودی (کوردستان ، کوردستان نیشتمانی جوان)یشی لێ پەخش کراوە.
کەوابێ، دیارە ئەم ڕادیۆیە تا ساڵی ١٩٤٦ بەردەوام بووە - بڕوانە ھەمان
سەرچاوە لاپەڕە٦٩.
١٢- کەمال رەئووف محەمەد - ھەر ئەو سەرچاوەیە، لاپەڕە ٧٣.
١٣- کەمال رەئووف محەمەد - ھەمان سەرچاوە.
١٤- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: مسعود بارزانی - بارزانی و بزووتنەوەی
ڕزگاریخوازی کورد- بەرگی سێیەم بەشی دووەم ١٩٦١ - ١٩٧٥. چاپخانەی
وەزارەتی پەروەردە - ھەولێر ٢٠٠٤.
١٥- یەکێک لەو ڕێوشوێنانەی گیرایەبەر بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکی ئینگلیزی
بوو بەھەمان شەپۆل، گۆرانییەکی بەژاوەژاو بوو وشەی (ھانی)تێدا دووبارە
دەکرایەوە.
ئێستا لە قامووسی کوردیدا ئەم وشەیە لەبەرامبەر (تشویش)ی عەرەبی
بەکاردەھێنرێ و جێی خۆی گرتووە. بەڕادەی ئەوەی گوێم لێ بووە، کەسێک کە
داوا لە کەسێک بکا تەشویش نەخاتەسەر قسەکانی، پێی دەڵێ: توخوا (ھانی
ھانی) مەخەرە سەر قسەکانم.
١٦- بەندە لەو ساڵەدا یەکێک بوو لە کارمەندانی ئەو ڕادیۆیە وەک نووسەر
و وەکو (پەیامنێری جەنگ)یش. یەکەمین پەیامنێری جەنگ ، بەتایبەتی
لەبەرەکانی ھێزی باڵەک کە ئەوسا ھەڵایساوترین بەرە بوو، ھەروەھا
ناوچەکانی دیکەی ئازادکراوی کوردستان کە ھاوڕێ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس
عەبدوڵڵا عەباس سەردانمان دەکرد، وەکو بەرەکانی ھێزی (خەبات و ئەزمر و
زمناکۆ).
١٧- بەپێی ئاماری (بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە
- بەشی بانکی زانیاری میدیایەکانی کوردستان ، سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان - تا ئێستا ئەوەی لەوێ تۆمارکراوە - لەسێ
پارێزگا (ھەولێر ، سلێمانی، دھۆک) ١٨٧ ڕادیۆیە و بەم شێوەیە- ھەولێر ٨٤
ڕادیۆ، سلێمانی٦٧ ڕادیۆ و دھۆک ٣٦.
١٨- بڕوانە: ئینعام کەچەچی - تەلەفزیۆن لەبەغداوە دێتە جیھانی عەرەبی =
ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) ژمارە (٧٦٩٥) لە ٢٣/١٢/١٩٩٩.
١٩- بۆ زانیاری پتر لەم بارەیەوە بڕوانە: نەژاد عزیز سورمێ - درەختی
بنکۆڵ کراو - پەنجەنمایەکی ڕۆژنامەنووسیانە بۆ باری ڕووناکبیری
وکولتووری کوردی - ١٩٧٥ - ١٩٩٤ - چاپی دووەم - ٢٠٠٦ چاپخانەی وەزارەتی
پەروەردە - ھەولێر.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|