په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٦

میدیای کوردی لە بازنەی گەمەکانی سیاسەتدا.

نەژاد عەزیز سورمێ  

- بەشی دووەم -

میدیای کوردی دوای ڕاپەڕین.


ڕاپەڕین لە خۆیدا وێستگەیەکی سەرنجڕاکێش لەلایەک و لەلایەکی دی چاوەڕوانکراو بوو ، کۆتک لەسەری ڕژا بوو ، زوڵم و زۆرداری ئەگەر بشێ بگوترێ ببوو بە دوومەڵێکی گەیوو تەنیا نووکە دەرزیەکی بچووکی دەویست ، کە ئەویش ھەل و مەرجی بابەتی بە ھەر ھۆیەکەوە بوو بێت ڕەخساندنی و ھەرچی لە ماوەی ئەو دەیەیە و ئەوەندەی کۆ ببووە ھاتە دەرەوە...


لەو سەروبەندەدا ، پاش ھەموو دەرھاوێشتەکانی ، ڕاپەڕین وەک ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی و کولتووری کوردی بە تایبەتی ڕووبەڕووی چەمکێکی نوێ کردەوە ڕووبەڕووی چەمکی (شۆکی ئازادی) ، ھەر ئەو شۆکەیش لە دوایدا ئەو بێسەروبەریەی لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و دامەزراندنی ئێستگەی ڕادیۆ و وردە وردە تەلەفزیۆن و ئیستگەی سەتلایت بەدوای خۆیدا ھێنا ، ھەموو ئەمانەش ئێستاشی لەگەڵدا بێ ، بێ پلانی و شاشی لە ڕووی ھاتنەوە لەگەڵ پێشھاتە تیژڕۆکانی ناوچەکە و دەرھاوێشتە پێشڤەبڕ و پاشڤەبڕەکانیدا ، بە ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە دەبینرێ و ڕۆژ دوای ڕۆژیش باری لاسەنگ و ھەل و مەرج لاسەنگتر دەکا ، پاش ئەوەی ، ئەوەی بە ناوی ڕۆژنامەگەریی ( ئەھلی ) و ( سەربەخۆ)یش ھاتنە مەیدان.. وای دەبینم لە باتی ھاوسەنگ کردنەوەی باری ڕۆژنامەگەریی کوردی و ھەوڵدان بۆ پێکھێنانی ڕای گشتی بە ئاراستەی متمانە بەخۆبوون ڕوو لە ئایندە و لە بەرچاوگرتنی ئاستی ھۆشیاری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەتی کۆمەڵ و بنەماکانی ئەمنیەتی نیشتیمانی ، بوو بەمەیدانی موزایەدە و لێدان و سپیکردنەوەی ڕەش و ڕەشکردنەوەی سپی...


دیارە لە پاڵ ئەو ڕۆژنامەگەرییەش ڕۆژنامەگەریی حزبی ھەبووە ، ڕۆژنامەگەریی حزبی ھەر لەبنەڕەتدا ڕۆژنامەگەرییەکی بێ لایەن نییە ، بەڵام سەرچاوەی دارایی دیارە و لە ھەمان کاتدا ھۆیەکانی ڕاگەیاندنی - نووسراو - بیستراو - بینراو - ئەلکترۆنی - بە ئاراستەیەکی دیاریکراوەوە کار دەکەن...


بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێ ڕۆژنامەگەریی حزبی کە مێژوویەکی لە کۆی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ھەیە ، ھەمیشە لایەنداری حزب بووە ، زۆر لەو ڕۆژنامە و ڕادیۆیانە ڕۆژگارێکی زۆر سەکۆی بەرگری بوون لە خەڵک و جەماوەر و دەوری کاراشیان لەو بوارەدا دیوە.


سەرەباسی ئێمە لەم پاژەدا ڕۆژنامەگەریی پاش ڕاپەڕینە... لێرەوە بە پێویستی دەزانم ھەڵوەستە لەسەر چەند خاڵێک بکەم کە ئەو ڕۆژنامەگەرییەی پێ دەناسرێتەوە.

چی لە ھەڵسوکەوتی ڕۆژنامەنووسان و ئاراستەی ھۆیەکانی ڕاگەیاندندا گۆڕا ؟

(١)

سەرەتای ڕاپەڕین ، چەشنێک لە شۆک (شۆکی دەربازبوون لەسەرکوتکردن و سانسۆر) ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان بووەوە ، بەمەش ھەر کەسێ لەلای خۆیەوە دەیویست کارێک بکا ، ھەڵسوکەوت و ھەڵوێستێک بنوێنێ، وەک ئاماژەشمان پێدا سەرەتا ئەو شۆکە بوو سیستەمی مرۆڤی کوردی لە بارێکەوە ھێنایە بارێکی دی.


بەڵام لە سەرێکی دییەوە ڕاپەڕین ، کەش و ھەوایەکی تری بڵاوکردەوە تاڕادەیەک تەنانەت حزبەکانی کە لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا بوون (بێگومان ھەموویان نا) وەک ھۆی کارای ڕاگەیاندن لە ڕادیۆیان زیاتر نەبوو ، بە ئاراستەی کولتووریش بزاڤێکی لەو چەشنەیان نەبوو ، ئەوەی ھەبوو یەکێتی نووسەران ، پاش کاراکردنەوەی ھەندێ چالاکی کولتوورییان لە شێوەی کۆڕ و سیمنار و بەرنامەی ئیستگەیدا ھەبوو(٢٠)، تەنانەت وەکو جوولانەوەی ڕۆژنامەنووسیش یەکەمین جار یەکێتی نووسەران ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیان لە ڕۆژانی (کۆنگرەی ڕاپەڕین)ی خۆیاندا بە ناوی (کۆنگرە) دەرچوواند ، وەکی دی بڵاوکراوەیەکی لەو جۆرە نەبوو بشێت بگوترێ بەقەد ئەو گۆڕانە بێت ڕاپەڕین بەرپای کرد . تا ئەوەی ساڵ وەرسووڕایەوە و دوای ھەموو دەرھاوێشتەکانی کۆڕەوی ملیۆنیی کورد ، لە١٢/١/١٩٩٢دا ژمارەی سفری ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بە ناوی (کوردستانی نوێ) لە شاری ھەولێر لە لایەن یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە ، لەگەڵ دەرچوونی (کوردستانی نوێ)یشەوە حزبەکانی دیکەش کەوتنەخۆ ، لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستان بەحەفتەنامەی (خەبات) لە پێشدا پاشان ڕۆژنامەی (برایەتی) ڕۆژانە و پارتی گەل - بە ڕۆژنامەی ناوەناوەی (گەل) و حزبی سوسیالستی کوردستان بە (ڕێگای ئازادی)و پاشان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ڕۆژنامەی (ئاڵای ئازادی)...تاد.
دیارە لە ڕووی ھەڵسوکەوتی ڕۆژنامەنووسان مۆدێکی دی ھاتە کایێ ، جیاواز لەوەی پێش ڕاپەڕین ، بەوەی ڕۆژنامەنووسان لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڕۆژنامەرگەریی ڕاپەڕیندا کەوتنە کەش و ھەوایەکی ئازاد و ئازادانە بیریان دەکردەوە و دەیاننووسی کە ھەندێ جار پیشەییایەتیشیان ڕەچاو نەدەکرد ، بەڵام دیسان تا ھەڵبژاردنیش (ساڵی ١٩٩٢) ھەستیان بە بەرپرسیاریەتی دەکرد کە ئەزموونێک بەڕێوەیە پێویستە بپارێزێ ...


بە کوردی بە بێ ئەوەی کۆبوونەوە و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێ ، ڕۆژنامەنووسان کە زیاتریش لەناو توێژی نووسەراندا ھاتبوون تاڕادەیەکی بەرچاو لە مەسەلە چارەنوسسازەکاندا یەک دەنگ بوون نەک ھەر ئەوەندە بگرە ئەگەر کەسێ ویستبای یا زاتی ئەوەی کردبووایە بە ھەر بیانوویەک بێ درز بخاتە ئەو یەکدەنگیە ، لە لایەن خودی ڕۆژنامەنووسانەوە لە قەڵەمی دەدرایەوە و لێی قبوڵ نەدەکرا...


بە مانایەکی دی ئاراستەی میدیای کوردی لەو سەردەمەدا، ئاراستەیەکی ستراتیژی دووربینتر بوو میدیایەکی تاڕادەیەکیش بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو دەگرت ، باوەکو ئەوسا ئەوەی ھەبوو نەبوو ڕۆژنامەگەریی حزبی بوو بێ . بەڵام لە ڕووی پیشەییایەتی و باری ئەو میدیایە ، سەیر دەکەین ڕۆژنامەگەریی بیروڕاو ڕۆژنامەگەریی ھەواڵ تێکەڵ کرابوون کە ئێستاش ئەو سیمایە لە میدیای کوردی و کوردستانیدا ون نییە.... ھەر بەم ئەگەریشەوەیە زۆرجار بابەتایەتی تێدا کاڵ دەبێتەوە.

(٢)

میدیای کوردی لە دەسپێکی پاش ڕاپەڕین تا ڕادەیەک ، تەنانەت لەچاو ئێستاش دوانەکەوتبوو بە ڕۆژنامەگەریی بیستراویشەوە کە چەندان بەرنامەی ڕۆشنبیری و کولتوورییان بڵاودەکردەوە و بە پێی ھەڵ و مەرج و ئیمکانیاتی ئەو دەمە دەکەوێتە ناو حسابانەوە.


بەڵام پاش ھەڵبژاردن و دامەزرانی پەرلەمان و حکوومەت ، دیارە بارەکە کەوتە بازنەیەکی دی ، بە بڕوای من تاقیکردنەوەی ھەڵبژاردن و (شەڕە پەڕۆ) و پاشان (شەڕی بەڕاستی) کە بە شەڕی ناوخۆ دەناسرێتەوە و دەرھاوێشتەکانی ، لە پێشەوەی ئەو ھۆیانە بوون کە ئیتر ڕەنگی حزبایەتی جێی بەڕەنگی یەکڕیزی لەق کرد... بەم جۆرە وەک پێویست بوو و دەیخواست میدیای کوردی ھەواڵی ڕاست و زانیاری دروست و پێویست بدا بە خەڵک ، کەوتە ئەو بارەی ھەر کەسێ بە لەیلای خۆیدا ھەڵبڵێ...


تا ئەوەی میدیای بینراویش ھاتە دامەزراندن و پەخش و وەشانی دەست پێکرد ، سەرەتا بە دەیان و دوای بوو بە سەتان ڕۆژنامە و ڕادیۆ و زنجیرەیەک کەناڵی لۆکاڵی تەلەفزیۆن... تاکو گەیشتە ئەوەی کەناڵی ئاسمانی دامەزران ، کە یەکەمینیان کەناڵی (مێد تیڤی) بوو لە دەرەوەی کوردستان ، لە ھەندەران و پاشان کەناڵی (کوردستان TV) وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی لە ناوەوەی کوردستان لە نیشتیمان ساڵی ١٩٩٩ دەستی بە پەخش کرد و لە دوایشدا وەک دەبینین چەندان کەناڵی دیکەی بەدوادا ھات ، لەوانە (کوردسات، زاگرۆس، گەلی کوردستان) و ...تاد.
بەو ڕەنگە میدیای کوردی چووە قۆناخێکی دیکەوە ، ڕۆژنامەنووسانیش کە تا ماوەیەکی زۆر لە ناو توێژی نووسەرانەوە دەھاتن ، وای لێھات ھەرچی خەت و قەڵەمێکی ھەبوو ، بە ھۆی بوونی ئەو ھەموو بڵاوکراوە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنانەوە بوو بەڕۆژنامەنووس!! ، بە تایبەتی لەکات و دوای شەڕی ناوخۆ (بچی نەیەتەوە) وەک یەکێک لە دەرھاوێشتەکانی پەیوەندیدار بە میدیا ، میدیایەک خۆی بە (میدیای ئەھلی) خستەڕوو ، ھەروەھا میدیایەکی دی کە بە (میدیای سێبەر) ناسێندرا پەیدابوو.


ئەوەی بە (میدیای ئەھلی) خۆی پێشکەش کرد ، لە ڕاستیدا لە ھەندێ وێستگەوە نەبێ جیاوازیەکی جەوھەری ئەوتۆی لەگەڵ (میدیای سێبەر) لێ نەخوێندراوەتەوە ، ئەمەش لە خوێندەواری وردبین پێم وانییە شاراوە بێ کە ھەمیشە بە سەکۆیەکی حازر و ئامادە دیتراون ، بەرداوا ، بۆ ئەو لایەن یان ئەو کەسایەتی لەدژی ئەوی دیکەیان ، ھەر شتێکیش بە نرخی خۆی ، دەنا (ئەھلی) یانی چی؟


ئەگەر لە ڕووی زمانەوە لێی بڕوانین ، (ئەھلی یان ئەھالی) واتە ھاونیشتیمان، باشە خۆ ئەو ھاونیشتیمانییانەی ھەر لە ھەڵبژاردنی یەکەمەوە ساڵی ١٩٩٢ دەنگیان بەلایەنەکانی کوردستان دا، ئەوانیش دەتوانن بە میدیاکانی خۆیان بڵێن (ئەھلی)، ئەگەر مەبەستیش لە (ئەھلی) سەربەخۆیی بێ، داخۆ ئەو (خۆ)یە کێیە؟


لەلایەنی ڕوانینی بابەتایەتی و پیشەییایەتیەوە دەبێ ئەو (خۆ)یە (خاک - نیشتیمان)بێ ، بە ھەموو ئەو مانایانەی وشەکە ھەڵیدەگرێ لە مەغزا و ئینتیماوە ، ئەوەش وای نابینم بە ھۆی لەترکزەیی خودی ماناکە ، بەو مانایە ڕەنگی دابێتەوە . وەکو ڕای خاکی خۆم ، ھەرگیز لەو باوەڕە دانیم نەک تەنێ لە کوردستان ، لە ھەموو جیھاندا میدیایەک ھەبێ سەربەخۆ.


کەناڵەکانی میدیا یان سەربە حزبێکن ، یا کۆمپانیایەک یا گروپێکی بازرگانی دیاریکراو یان سەرمایەدارێک کە لە ڕووی داراییەوە پشتی دەگرێ و باروبووی دەکا ، یان زۆرجار ڕەنگە سەر بەلایەنێکی ھەواڵگریی یا سەربازی یا دەوڵەتی یان ڕێی تێ دەچێ ھەندێ جار سەر بەدەوڵەتێکی ئیقلیمی یا ھەر دەوڵەتێکی دی بۆ بەرژەوەندیەکی تایبەتی ، یاخود لایەنێک یا دەزگایەک لەو دەوڵەتە... تەواوی کەناڵەکانی میدیای دونیایێ لەو بازنەیە ناچنە دەرەوە ، ئەگەر نموونەیشت ویست ، سەیری کەناڵی (الجزیرە) لەقەتەر و (العربیە) و (الحدپ) و ڕۆژنامەکانی (الحیاە) و (الشرق الاوسگ)ی عەرەبستانی سعوودی و (العالم)ی سەر بە ئێران و کەناڵە ئیتاڵیەکانی سەر بە سەروەزیرانی پێشوو بەرلسکۆنی و میدیاکانی (مەردۆخ) لە بەریتانیا و شوێنی دی.


تەنانەت (BBC) عەرەبی و فارسی و زمانەکانی دی کە زۆرجار وەکو نموونەی سەربەخۆ و بێلایەن باسیان دەکرێ ، ھەرچەندە باروبوو لە حکوومەتی بەریتانیا وەرناگرێ ، لەکاتێکدا سەرەتا لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە دامەزراوە ، ئێستا لە ڕێی ئەو باج و دەرامەتەی لە ھاووڵاتیانی وەردەگرێت بەڕێوە دەبرێ ، کە ئەویش بێگومان دەوڵەت بە پێی یاسا و ڕێسایەک ڕێکی خستووە...


ڕاستە BBC تا ڕادەیەکی نکۆڵیلێنەکراو بابەتایەتی و پیشەییایەتی لە ھەواڵ و پڕۆگرامەکانیدا پاراستووە ، بەڵام ئەویش کە (بە دڵی خۆ) سەر مەشق و نموونەیە زۆرجار بە بێلایەنی ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ھەندێ ھەواڵدا نەکردووە و بە پێی بەرژەوەندی دەوڵەت (بەریتانیا) بە ھەر بیانوویەک بێ ڕەفتاری کردووە بە تایبەتی لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵدا ، تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێک ، ھەر بۆ نموونە BBC لەبەشی فارسیدا بە کەنداو دەڵێ (خلیج فارس) کە چی لەبەشی عەرەبیدا دەڵێ (الخلیج العربی)!


بێجگە لەوەی زۆر ھەواڵی مەترسیدار ھەبووە لە زوڵم و زۆری دونیایێ و پێشێل کردنی (مافی مرۆڤ) لەلایەن ھەندێ ڕژێمی حوکمەوە ، کەچی چونکە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئینگلیز لەگەڵ ئەو ڕژێم یان ئەو دەوڵەتدا بووە ڕێگای نەداوە ، تەماشا دەکەین BBC ، یان خۆی لێ بواردووە ، یاخود ئەگەر باسیشی کردبێ وەک دەڵێن لە ڕووی (إسقاگ فرچ)بووە ، واتە لە کۆڵ خۆکردنەوە.


ئێمە کە BBC دەھێنینەوە لەو ڕوانگەوەیە کە باشترینیانە لە نزیک بوون لە پاراستنی بێلایەنی و پەیڕەو کردنی پیشەییایەتیدا(٢١).


CNN یش کە بەسەربەخۆ ناسراوە و موڵکایەتی یە، ڕاستە لە ڕووی خێرایی گەیاندن و پیشەییایەتی و کادیری پڕۆفیشناڵەوە ، ناوبانگی دەرکردووە ، بەڵام لای شارەزا و چاودێرانی میدیا وە کارکردنی ئەو کەناڵە بە تایبەتیش لە ڕووی ئاراستەی ستراتیژییەوە (ستراتیژیەتی ئەمریکا) شاراوە نییە(٢٢). (CNN)یش دەچێتەوە ڕیزی ئەو کەناڵانەی ئیعتوباریان وەرگرتووە.


بەڵام کە بەوردی لێی بڕوانین زۆرجار ئەو جۆرە کەناڵانەیش بەھێزی خێرایی گەیاندن و کادیری پڕۆفیشناڵ و پیشەییایەتی لە کارکردن و تەکنیکی نوێ و بایەخ دان بە ھەواڵ و ڕیپۆرتاژی سەرنجڕاکێشەوە لایەندارییان دادەپۆشن...


کەواتە ئەو میدیایەی بە (ئەھلی) خۆیان ناساندوە لەو کەناڵانەی بە کوردی پەخش دەکەن یان بڵاو دەکەنەوە نەیانتوانیوە بێلایەنی خۆیان بپارێزن ، ھەرچەندە کەناڵ ھەبن ڕەنگە زۆرجار توانیبێتیان (تاڕادەیەک) لایەنە ناکۆکەکان لەسەر پەڕەی ڕۆژنامە و بەردەم مایک و شاشەکانیان کۆبکەنەوە، بەڵام بێلایەنی یا سەربەخۆی بە تەنیا ھەر لە کۆکردنەوە و بەرابەر ڕاگرتنی ڕایە جیاوازەکان نییە.


میدیای کوردی ھەرچی بکا ، نەیتوانیوە لە ئاراستەی باروبووکەر بێتە دەرەوە ، بێگومان کەسیش ئامادە نییە لەبەر ئاوێنە بوەستێ وجنێو بدا و بە پارەی خۆی تەشھیر بە خۆی بکا ، یان ھەرچی نەبێ بەلای بەرژەوەندی خۆیدا نەشکێنێتەوە.


پاشان لێرەدا مەسەلەکە بە تەنیا ھەر پاڵپشتی دارایی نییە ، بەڵکو پاڵپشتی گەلێک جار لە زانیاری پێدان و دەرفەتی دەستخستنی ڕیکلام و پەیداکردنی سپۆنسەریشدا دەبێ... چەندی میدیای سێبەرە ، میدیای سێبەر ئەگەرچی لە کوردستان ئەزموونێکی تاڕادەیەک تازەیە ، بەڵام زۆر لە دەوڵەتان بە تایبەتی دەوڵەتە پارەدارەکان ئەوەیان تاقی کردووەتەوە و بەردەوامیشن بە نموونە کڕینی چەند کەناڵێکی میدیایی ، ئینجا ڕۆژنامە یا گۆڤار یا کەناڵی تەلەفزیۆنی بێ کە پێیاندا ھەڵبڵێ و پەسنی کارەکانیان بکا و.....تاد.


ڕژێمی سەدام حسین بەرچاوترین نموونەیە ، لە کڕینی ئەو جۆرە میدیایە ، بە تایبەتی ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی بە خاوەنداریەتی دەزگایەک یا کەسێک لە پایتەختەکانی دونیادا دەردەچوون. چەندی میدیای سێبەرە لەکوردستاندا دوای شەڕی ناوخۆ سەری ھەڵدا لەم ڕاستەشدا پیشەی ڕۆژنامەنووسیی لە پیشەیەکی ئامانجداری بەرپرسیار کرد بە پیشەیەک بۆ بژێوی و دەرکەوتنی خەڵکانێک کە ھەندێ جار ڕۆژنامەنووسیش نەبوون ! تەنانەت زۆر جار لێرەو لەوێ ھەوڵ ھەبووە لە سپیکردنەوەی ڕەش و ڕەشکردنەوەی سپی ...


سەرەڕای ئەوەش میدیای پاش ڕاپەڕین کە ئێمە باسی ئەو میدیایە دەکەین دوای شەڕی ناوخۆ و ململانێی لایەنەکان سەری ھەڵدا بە میدیای ئەھلی و سێبەریشەوە کە زۆرجار میدیای لایەنەکانیشی بەو ئاراستەیە ڕاکێشاوە ، درێغیان نەکردووە لە بڵاوکردنەوەی کولتووری بەکاربردن (استھلاکی) و بەلاڕێدابردن و خوردبوونەوەی شاش و درشت ، بە ھۆی بەرنامە و درامای لاسایکاری خۆماڵی و دۆبڵاژکراوی نامۆ بە کۆمەڵی کوردەواری کە ئەگەرێک بووە لە کاڵ کردنەوەی ئینتیمای نیشتیمانی ، سەرەڕای ئەوەش کەناڵگەلێک (لۆکاڵی و سەتەلایت) دەرکەوتوون بەوەی ھەر بە نموونە خۆیان بە داکۆکیکاری ئافرەت و ژنان ناساندوە ، کەچی ھەمیشە دەبینین زوومی کامیراکانییان ڕوو لە جەستەی ئافرەت و ژیانی زۆر تایبەتیەتی ، بە ماڵپەڕەکانیشیانەوە ، ئەگەر باسی ئەو ڕیکلامانەیش نەکەین کە بەھەمان ئاراستە بڵاودەکرێنەوە.


لەلایەنی ھەڵبژاردن و دانانی بەرنامەی ڕۆژانەشدا شتێک لە میدیای کوردیدا نابیندرێ بیر لەوە کرابێتەوە چ فلیمێک یا درامایەک دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی یا لاوازکردنی ئینتیما بە تایبەتی لای نەوەی نوێ ، کەچی کۆڕ و سیمینار لەبارەی ئەو مەسەلانە لەڕووپەڕی لاپەڕە و بەردەم مایک و شاشەکانییان ناپسێنەوە !!

___________________________
ئاماژە و پەراوێز:
٢٠- نەژاد عەزیز سورمێ - درەختی بنکۆڵ کراو - پەنجەنمایەکی ڕۆژنامەنووسیانە بۆ باری ڕووناکبیریی و کولتووری کوردی - ١٩٧٥ - ١٩٩٤ - چاپی دووەم - ٢٠٠٦. بڕوانە لاپەڕە (٣٦)، ھەروەھا لاپەڕە (٤٦).
٢١- بۆ ڕێ ڕوونی و زانیاری زیاتریش لەبارەی BBC لەم ڕووەوە بڕوانە- محمد الرمیحی - (دکتۆر) - بئس قسم الـBBC العربی - ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) ژمارە ١٣٠٢٤ لە ٢٦/٧/٢٠١٤، لاپەڕە ١٣.
٢٢- لە ڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەردا، حکوومەتی ئەمریکا CNNی ئاگادارکردەوە لە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی لاشەی قوربانییان، وەک بەشێک لە ئیجرائاتی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پاراستنی ئەوەی پێی دەگوترێ (ئەمنی قەومی).

___________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/midyaykurdil1.htm


ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک