په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١١

محەمەد عوزێمە:

شاعیر نە جادووگەرە نە پەیامبەر.


و: عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

 

+ ماوەیەکی کورتە لە ژاپۆن گەڕاویتەوە، دەمەوێ پرسیارێکی سەیرت لێبکەم کە بە ھەستی بینینەوە بەندە: بەڕای تۆ ئافرەتی سوری جوانترە یان ژاپۆنی؟
- ئەو پرسیارە جوانە، سوری خەسڵەتی تایبەتی خۆی ھەیە، ھەروەھا ژاپۆنیش خەسڵەتی تایبەت بەخۆی ھەیە. بەشێوەیەکی گشتی ئافرەتی سوری یان عەرەبی دەکەوێتە دووتوێی کلتورێک کە سەرکوتکردن رابەرایەتی دەکات، ئەو کلتورە بەشێوەیەکی دوژمنکارانە یان بەشێوەیەک لە شێوەکان رەنگدانەوەی خۆی بەسەر تاکەکانەوە ھەیە. کاتێک دەبیتە کوڕی کلتورێکی سەرکوتکراو ئەوە ئەو کلتورە پەرچەکردارت لا درووست دەکات، بۆیە ئافرەتی عەرەبی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەویدیکەدا دوژمنکار دەکەوێتەوە، ھەتا لەگەڵ خودی ئەویدیکەی ئافرەتیش، بەبڕوای من ھەمان شت بەسەر پیاوی سوری و عەرەبی دەسەپێ، بەڵام لای ژاپۆنییەکان نە کلتوری دوژمنکارانە بوونی ھەیە، نە کلتوری سەرکوتکردن، بۆیە تاکی ژاپۆنی پیاو بێ یان ژن کەمتر دوژمنکارانە دەکەوێتەوە، بەگشتی رۆڵەی کلتوری خۆرھەڵاتی بوزی و کۆنفیوشی و شنتۆیی خۆشی لە نەرم و نیانی وەردەگرن کە ھەندێجار وەک جۆرێک لە خۆش دویی سەیر دەکەوێتەوە، راستییەکەی ئەوەیە کە کلتوری بوزی کلتوری خۆرھەڵاتی لەسەر جۆرێک لە ناشەڕانگێزی و نا بۆ تۆڵەسەندنەوە وەستاوە، لە بەرانبەر ئەوەدا کلتوری ئێمە بانگ بۆ چەمکی تۆڵەسەندنەوە و شەڕانگێزی دەکات. لەڕووی جوانییەوە ئافرەتی عەرەبی ملکەچی کلتوری خۆراکی عەرەبییە، ئەو کلتورەی کە لەسەر چەوری و زۆرخۆری و کەباب وەستاوە...

+ پرسیاری جیاوازی ئافرەتی عەرەبی و ئافرەتی ژاپۆنیم لێکردی، بۆ ئەوەی پرسیار لە جیاوازی نێوان شاعیری عەرەبی و شاعیری ژاپۆنی بکەم، ئایا شاعیر لە ھەموو شوێنێ ھەر شاعیر نییە؟

- زۆرجار ئەو پرسیارەم لەخۆم کردووە، ئەو پرسیارە پێویستی بەوەیە کە شاعیر بۆ سەرچاوە کلتورییەکەی خۆی بگەڕێتەوە. سەرچاوەی کلتوری شاعیری عەرەبی میتافیزیکی نادیار و تاکپەرستییە، دواتریش ئەو کلتورە دەقێکی میتافیزیکی تاکپەرست بەرھەم دەھێنێ، بەڵام شاعیری ژاپۆنی جگە لە سرووشت ھیچ سەرچاوەیەکی دیکەی نییە، ھیچ سەرچاوەیەکی کلتوری میتافیزیکی بە مانا خۆرئاواییەکەی بۆ وشەی ئایین نییە، بۆیە شاعیری ژاپۆنی بەتەواوی لە شاعیری عەرەبی جیایە، ئەوەی ژاپۆنی لە شیعری عەرەبی بە جوانی دادەنێ بابەتی شیعری نییە، چونکە بابەتی شیعری عەرەبی بەتەواوی لە بابەتی شیعری ژاپۆنی جیایە، ھەرگیز بابەتی شیعری عەرەبی بۆ نموونە بۆق، یان قەلەڕەش نەبووە.

+ نەخشەی قەسیدە فرەجۆرە، بەڵام لە شیعری عەرەبی ئاڕاستەیەک بەرەو کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن و شیعری درێژدادڕ دەستی پێکردووە، کەواتە بۆچی میتافیزیکا "تێمە" بێ، ئایا دەبێ دەق لەسەر ئەوە حسابی لەگەڵ بکرێت؟

- لەسەر ئەوە حیسابی لەگەڵ ناکرێ، بەڵکو لەسەر ئەوە حیسابی لەگەڵ دەکرێ کە ئەزموونی دەکات، بۆیە من لە شیعری عەرەبی خۆم بە موتوربەکراوێکی نوێ دادەنێم وەک چۆن درەخت موتوربە دەکەین.

+ بەڵام تۆ ئەزموونێکت لە میتافیزیکا ھەیە، ئەوەی ئەمڕۆ ھێرشی بۆ دەکرێ، لەو بارەوە وازت لە چوار کۆمەڵە شیعری خۆت ھێناوە، ئایا ئەوە تۆ ئازار نادات؟ ئایا بە نسبەت تۆ ھەنووکە "نفێری" چی دەگەیەنێت؟

-بەھیچ جۆرێک. حیکایەتێکی ئەو سۆفییەت بیر دەخەمەوە، لە ھەشتایەکان دەستی بەگریان کرد، لێمپرسی بۆ دەگریت، گوتی: دوای چل ساڵ لە دڵنیابوون (یەقین) بۆم دەرکەوت من لە ھەڵەدا بووم، ھەڵەش بۆخۆی رێژەییە، چونکە ھەڵەی رەھا بوونی نییە. من گەیشتمە قۆناغێک کە ئەبستراک و میتافیزیکا وەک مرۆڤ تەعبیر لە من ناکات، تەعبیر لە ھەبوونی من ناکات، بەوانیش ناتوانم ھیچ شتێ بەجێبھێنم، بەو زمانە میتافۆرییە بوونم بەجێ نایەت.
کاتێک بۆ ئەو کۆمەڵانە و کۆمەڵەی یەکەمم دەگەڕێمەوە (المیامر والتساعات التابعە، دار اڵاداب، بیروت، ١٩٨٨) ھەستدەکەم ھیچ پەیوەندییەکم پێوەی نییە، یەکێک بەدەر لە من نووسیوویەتی، دەزانی بۆ؟... چونکە نووسینێک ھەیە تەنھا بەسەر دەنووسرێت، باقی ئەندامەکانی دیکەت ھیچ پەیوەندییەکی پێوەنییە، مەبەستم لە میتافیزیکا ئەوە بوو، واتە لە بیرەوەری کلتوری خۆتەوە بنووسی، نەک لە بیرەوەری جەستەیی- رۆژانەت، کە دەست و پێ و چاوت تێیدا بەشداری نووسین دەکەن، بۆیە کاتێک بە ھەموو ھەستەکانتەوە دەنووسی ئەوە زمانەکەت بۆ سەرەتاکان و بنچینەی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوە بۆخۆی بنەڕەتە، ئەگەرچی ئەوەی دەیڵێی ئاسایی و ناشیعریش بکەوێتەوە.
بەنسبەت نفێری ئەوە ئەو کێیە (من گوێیی پێنادەم)، من ماوەیەکی زۆرە لەبیرمکردووە، پشتم پێبەستاوە و نموونەی قۆناغێکم بووە، نفێری ئەوپەڕی پلەی میتافیزیک و تەجریدە، ناشێ لە دەقی ئەو یان ھیچ دەقێکی سۆفی نزیک بیتەوە، بێ ئەوەی رەتیکەیتەوە. زۆر بە سادەیی بۆ من دەقی سۆفی ھیچ شتێ ناگەیەنێت، نە نفێری و نە حەللاج، لەگەڵ رێزم بۆ ھەموو ئەوەی کە دەقی سۆفی پێشتر پێشکەشی کردووە.

+ رۆشنبیرە ژاپۆنییەکان لەبارەی سوریاوە قسە دەکەن؟

- بە دڵنیاییەوە، دەمەوێ لە شتێ ئاگادارت بکەمەوە: ئەگەر لەو قاوەخانەیە تێکەڵی ھاوڕێیان نەبام ھیچ یەکێک لەبارەی ژاپۆنەوە پرسیاری لێنەدەکردم. بەڵام کاتێک بۆ ژاپۆن دەچم، دامەزراوەکان دێن و داوای لێکچەرم لەبارەی دنیای عەرەبی (ئافرەتی عەرەبی و فیکری عەرەبی) لێدەکەن، بەڵام لێرە زۆر بەداخەوە خەڵکی ئاسایی پێم دەڵێن لە ژاپۆن چ دەکەیت، بۆ لەبری کاری تەرجەمەکردنی شیعر وەکالەیەک بەدەست ناھێنی، ھەڵبەت ئەوە خەمگینم دەکات. بەگشتی ھەر کەسەو نزیکایەتییەکی بۆ ئەو وڵاتە ھەیە کە تێیدا دەژی، بازرگانەکان.. ژاپۆن لە ئۆتۆمۆبیل و ماکینەدا دەبینن، بەڵام نزیکایەتی محەمەد عوزێمە نزیکایەتییەکی شیعری و ھونەرییە، ئەوە بۆمن بەسە.

+ لەبارەی شیعری سورییەوە چ بە ژاپۆنییەکان دەڵێیت؟

- قسە لەبارەی گیروگرفتی میتافیزیکا و گرفتە تەجریدی و ریتمییەکان دەکەم، ھەتا ئێستا شاعیرانێک ھەن پەیڕەوی لە ریتم دەکەن، وەک چۆن قسە لەبارەی ئەو نەخۆشیانە دەکەم کە شاعیری عەرەبی خۆی تووش کردووە، قسە لە شیعری تازەمان دەکەم کە خوێنەریان تەنھا لە بازنەیەکی بەرتەسک نەبێ نییە، چونکە خوێنەری عەرەبی ماوەی ئەوەی نییە قەسیدەیەک بەو ریتمە بەرز و نزمییە بخوێنێتەوە، ماوەی ئەوەی نییە قەسیدەیەک بخوێنێتەوە زێتر بێ لە پێنج دێر یان چوار دێر. لێرە پەلەکردن لە ھەموو شتێ بەدی دەکرێت، من واھەستدەکەم کە نزیکەی ملیۆنان ساڵ لەنێوان شەستەکان و حەفتاکاندا بوونی ھەیە. شیعرێک ھەیە کە بە زمانی شەستەکان و حەفتاکان نووسراوە کە ناتوانین بیخوێنیتەوە، وا ھەستدەکەیت سەدەیەکی بەسەردا تێپەڕیووە، چونکە ھەستت گۆڕانی بەسەرداھاتووە، ھەتا ئەوانەی ئەو دەقانەشیان نووسیووە ناتوانن بیخوێننەوە و بەرگەی دەنگە خەمگین و دڵتەنگییە رەشئامێزەکەی بگرن.

+ بۆچی ھیچ شاعیرێکی عەرەبیت تەرجەمەی ژاپۆنی نەکردووە؟

- چی تەرجەمە بکەم ھاوڕێ، ژاپۆنییەکان ئەوەندەیان وەرگێڕ ھەیە کە بەشیان بکات. زۆرم بۆ زمانی فەرەنسی تەرجەمە کرد، بەڵام زۆربەی ئەو تەرجەمانە سەرکەوتنیان بەدەست نەھێنا، شاعیری ئێمەی عەرەب کاتێ تەرجەمە دەکرێ تەواو دەبێ، بە مانایەکی دیکە شاعیری عەرەبی لە زمانەکانی دیکەدا ھیچ مانایەک ناگەیەنێت، چونکە ئەو بابەتانەی کە بۆ ئەمڕۆی شیعری عەرەبی مانایەکی ھەیە، ئەوەی لە چارەسەری بابەتدا بەکار دەھێنرێ، زمانێکە بەتەواوی تەجاوز کراوە، ئەو بابەتەی کە لەبارەیەوە قسەی لێدەکەم، تەجاوزکراوەو کۆتایی پێھاتووە، دەمەوێ نموونەیەکت بدەمێ: وا روویدا کە (نزار قەبانی) تەرجەمەی زمانی فەرەنسی بکەم، من بوومە تاکە وەرگێڕی نزار قەبانی بۆ زمانی فەرەنسی، بەڵام فەرەنسییەکان پێشوازییان لە دەقی نزار قەبانی نەکرد، نەک لەبەرئەوەی نزار قەبانی شاعیر نییە، بەڵکو چونکە زمانی فەرەنسی سەد ساڵ دەبێ تەجاوزی ئەو بابەتانەی کردووە کە نزار قەبانی لەبارەیانەوە دەدوێ، کاتێک نزار قەبانی قسە لەبارەی ئافرەت و چاوەکانی و مەمکەکانی دەکات، ئەمڕۆ ئەو مەسەلەیە بەو شێوەیە لە فەرەنسا ناخرێتە روو، ھەتا قسەکردنی (ئەراگۆن) لەبارەی چاوەکانی (ئەلیسا)ش بەنسبەت فەرەنسییەکان بۆتە رابردوو.
ممارەسەکردنی سەرکوتکردن لە زمانی عەرەبی وادەکات نزار قەبانی بۆ حاڵەت بگۆڕێت، ھەروەھا ئەو سەرکوتکردنە سیاسییەی کە زمانی عەرەبی بە دەستییەوە دەناڵێنێ ئەوە وا دەکات (مەحمود دەروێش) تەرجەمە بکرێت، نەک ماناکەی لە زمانی دووەمدا، چونکە ئەو بزوتنەوە رزگاریخوازەی کە فەڵەستینییەکان ممارەسەی دەکەن، لە فەرەنسا تەجاوز کراوە، لە فەرەنسا ھیچ زەوییەکی داگیرکراو نییە کە رزگار بکرێت، بۆیە تەرجەمەکردنی سەرکەوتن بەدەست ناھێنێ، چونکە شیعرێک پشت بە ریتم ببەستێ، مەحاڵە تەرجەمە بکرێت، بۆیە زمانی دەروێش و قەبانی لە تەرجەمەکردندا وەک زمانی چەرخی ھەژدە دێتە بەرچاو، ھەروەھا ئەگەر بڵێین گەورەترین شاعیر لای ئێمە "موتەنەبی"یە، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی زمانی خۆی ھیچ خزمەتێکی پێشکەش نەکردووە، ئەوە لەو قسەیەدا جۆرێک لە زیادەڕۆی ھەیە، بەڵام زۆر لە راستیش دوور نییە، لە بەرانبەر ئەوانەشدا تەرجەمەکردنی (ئەدۆنیس) سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە، چونکە شیعری ئەو تەنھا لەسەر ریتم نەوەستاوە، بەڵکو فیکریشی پێیە، بۆیە کاتێک شیعری ئەو تەرجەمە دەکەین وەک ئەوە وایە کە بە فەرەنسی نووسرابێت.

+ تۆ پشت بە خۆشی دەبەستیت، بەڵام خۆشی بەھایەکە لەناودەچێ، ئایا ئەوە ئەو شتەیە کە لە دەقدا رەنگدەداتەوە؟

- بەڵی خۆشی یارمەتیم دەدات، بانکھێشتکردنی خۆشیش لە دەقدا رەنگناداتەوە. بانگھێشتکردنم بۆ ئەوەی پێیدەڵێن "دەقی خۆشی" بانگھێشتکردنێکە کەمێک لە خەمی شیعریم کەم دەکاتەوە، قەسیدەیەک دەنووسم و تۆ دڵخۆشی، بۆچی شاعیر قەسیدەیەک نانووسێ تەنھا ئەو کاتە نەبێت کە دەکەوێتە قەیرانەوە؟ بۆچی شیعر لەبری خەم حاڵەتی خۆشی لەخۆ نەگرێ، یان ئایا دڵخۆشی شیعرێک نییە بکەوێتە نێو زیندەگییەوە؟.. لەو گوتەزایە دەگەیت، بەڵام تاقیبکەوە، تۆ شاعیری کە دڵخۆشی قەسیدەیەک بنووسە. گرفتەکە ئەوەیە شاعیران دڵخۆشی بە گاڵتەپێکردن و شیعری جیدی بە شیعری دڵتەنگ دادەنێن، کاتێ لەبارەی شیعری دڵتەنگییەوە دەڵێیت ئەوە تەنھا شیعرێکە کە نوێنەرایەتی حاڵەتێکی جیدی دەکات ئەوە دەکەویتە حاڵەتێکی دوالیزمی تەکڕەوییەوە، چونکە تۆ دەزانی بە مانایەک لە ماناکان تاکڕەوی دژی دڵخۆشییە، ئەوەش بەشێکە لە کلتوری میتافیزیکی کە دڵتەنگی بە یەکێک لە خەسڵەتەکان و دامەزرێنەریی دادەنرێت.

+ تۆ لەڕووی چێژوەرگرتنەوە رووشاوی، شیعرییەتی تۆ بە رەتکردنەوە دەگات، تۆ گرەو لەسەر چی دەکەیت؟

- شیعرییەتی من لەسەر شتی سادە و ساکار و گرتەی زیرەکانە وەستاوە، ئاساییە چێژوەرگرتنێک برووشێنێ کە لەسەر پەروەردەیەک وەستاوە کە پێیوایە بەچێژترین شیعر بەچێژترین درۆیە.

+ تۆ تەنھا نیت تۆ لەگەڵ منی، بەڵام لە رێبازە شیعرییەکەتدا پەڕگیری.

- ھەرگیز پەڕگیر نیم، کاتێک لەسەر (٦٠٠) شیعر کارم دەکرد و خستمە نێو دیوانی شیعری عەرەبی نوێ، لەو شاعیرانە بەشێک لە ئەزموونی خۆم بەرچاو کەوت، چونکە ئەوان دەلالەت بوون لە چێژوەرگرتنێکی نوێ.

+ تۆ یەکێک لە کۆمەڵە شیعرییەکانت بە "لا لن اعود الی البیت" مەبەستت کامە ماڵە؟
- ماڵ بۆخۆی ئیشکالە، پێشبینی ناکەم ئەوە بێت، لێرە ماڵی مەجازی ھەیە، ماڵی سادەی شیعر، وەک چۆن ماڵی شیعری میتافیزیک ھەیە، لێرە ماڵێک ھەیە لە دیوار و بنمیچ، بە نسبەت من وشە بۆتە ماڵێک کە ھەستیاریم دەوڕوژێنێ، بۆیە ئارەزووی ئەوە ناکەم بۆ ھیچ ماڵێک بگەڕێمەوە.

+ ئەگەر لەبەرانبەر ماڵی شیعریی بوەستین، ئەوە تۆ ھەتا ئێستا بە عەرەبی دەنووسی، تۆش دەڵێیت ئەو زمانە بەرەوپێش نەچووە، بەڵام تۆ ھەتا ئێستاش دەکەویتە دووتوێی فەزای ئەو زمانەوە، باسی کامە ماڵ دەکەیت کە لێیدەچووبیت و ناتەوێ بۆی بگەڕێیتەوە؟

- ئەوە پرسیارێکی مەزنە، دەڵێن گرفتەکە لە زمانی عەرەبیدا نییە، بەڵکو لەوانەدایە کە بەو زمانە دەدوێن، بەڵام من دەڵێم: گرفتەکە لە ھەردووکیانە و ناکرێ لێکیان جیا بکەینەوە، چونکە ئەو زمانە بۆخۆی دەلالەت و مێژووییەکی درێژی ھەیە، ئەوانەی تازە بەو زمانە دەدوێن "من و تۆ تازەین" کاتێک بە زمانێکی دیکە دەدوێی نازانی کێ دەدوێ، بەڵام ئەو زمانە عەرەبییەی پێی دەدوێین بە کۆمەڵێک دەلالەت بارکراوە کە دەکەوێتە پێش لەدایکبوونی من. ھەندێ شت لە بونیادی زمانی عەرەبی پێویستی بە گۆڕان و گفتوگۆ لەسەرکردن ھەیە، بەڵام ئەگەر بمانەوێ بگەینە دواین خاڵی ئەو گفتوگۆ لەسەرکردنەش، ئەوە بەرەو رووی کارەسات دەبینەوە. ھەرچۆنێ بێ زمانی عەرەبی زمانی دایکمە، تەواوی بوونی من پێکدەھێنێ، جگە لەوە چارەسەرێکی دیکەم نییە، من دەتوانم بەو زمانە لەبارەی ھەموو شتێکەوە و لەھەر ساتێکدا بنووسم، ھەر شتێ دەستی لێدەم بێتە شیعر.

+ ئایا شاعیر جادوگەرە یان پەیامبەری شتە سەرسوڕمێنەکانە؟

- ھەرگیز شاعیر جادوگەر و پەیامبەر نییە، چونکە شتەکان وەک خۆیان شیعرن، شاعیریش ھەر ئەوە دەبینێ کە چاو دەیبینێ.
_______________________________________________
سەرچاوە: قـیس مـێـگـفی  - ٠\٩\٢٠٠٧ لە www.oudaimah.com  وەرگیراوە.
* شاعیر و نووسەر و وەەرگێڕی سوری بە توانا (محەمەد عوزێمە) لەنێوان وڵاتی شام و وڵاتی ھەتاوی ژاپۆنی دەژیت. زێتر لە (٣٠) ساڵە پردێکی رۆشنبیریی لەنێوان عەرەب و ژاپۆن درووستکردووە. (کەشتی مەرگ، ئەنتۆلۆژیای شیعری نوێی ژاپۆنی) محەمەد عوزێمە ئامادەی کردووە و لەلایەن وەرگێڕی ئەو گفتوگۆیە کراوە بە کوردی و ئامادەیە بۆ چاپ.

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک