٥\٩\٢٠١٢
محەمەد مورسی
کورتی هێنا.

جەلال محەمەد
زۆر جار شۆڕشەکان بە لاڕێدا دەبرێن و کەسانێک جڵەوی دەسەڵات دەگرنە
دەست کە نەک لەگەڵ هیچ بنەمایەکی شۆڕشگێڕیدا یەک ناگرنەوە ، بەڵکو خودی
ئەو کەسانە گەورەترین دێوەزمەن لەبەردەم شۆڕش و شۆڕشگێراندا کە نموونەی
هەرە بەرچاویان محەمەد مورسی سەرۆککۆماری میسر و بەرپرسی ئیخوان
الموسلمینە ، ئیخوان الموسلمین ئەو ڕێکخراوەی کە گەرای لە زۆربەی
دەوڵەتە ئیسلامیەکاندا بە کوردستانیشەوە داناوە و نامۆن بە هەر جۆرە
دیموکراتیەتێک کە ئاواتی گەلانە.
هێشتا وێنەی زەحمەتکێش و شۆڕشگێڕانی وەکو "
چ. گیڤارا " لەبەر چاوە کە ببوە سیمبوڵی سەرهەڵدانەکانی میسر و ئیرادەی
شۆڕشگێڕانیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەکرد ، لێ بەڵێ هێشتا شۆڕش
نەگەیشتبوویە ئەنجام کە پیلانی لە ڕێڕەو لادانی شۆڕشیان ئامادە کرد و
بۆ ئەم مەبەستەش ئیخوان الموسلمین باشترین یاریکەری مەیدانەکە بوو.
هەڵبژاردن ئەنجام درا ، بە هەر هۆیەک بوو" محەمەد مورسی "یان هێنایە
پێش و هەوری چڵکنی ئیخوان الموسلمین سیمای شۆڕشی داپۆشی . یەکگرتوی
ئیسلامی بەناو کوردستانیش وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆیان کەوتنە دەهۆڵ
کوتان بۆ ئیخوانەکان و شیرینی بەخشینەوەش بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی محەمەد
مورسی.
هەڵبەت ئەم پیشە چەپەڵەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نە یەکەم پیشەیانە
و نە دواین پیشەشیان دەبێت ، چونکە کاتێک ئاکەپەی نەژادپەرست و
ئەردۆغانی فاشستیش بە دەسەڵات گەیشتن هەمان کردەوەی قێزەونیان ئەنجامدا
و کەوتنە شیرینی بەخشینەوە ، ئەمە جگە لەوەی کە یەکگرتووی ئیسلامی
هەمیشە لە جوانکردنی ڕووخسارە پیسەکانی حکومەتەکەی ئاکەپە و سوپا بەناو
ئازادەکەی سوریادان و لە بەرامبەریشدا هەموو توانای خۆیان خستۆتە گەڕ
بۆ ناشیرین کردنی شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەمان چ لە بەکور و چ لە ڕۆژاوی
کوردستان.
یەکەمین سەردانی محەمەد مورسی بۆ وڵاتی ئێران و بەشداریکردن لە
کۆبوونەوەی وڵاتانی بێ لایەندا بوو ، ئەم سەردانەش لە چەند ڕۆژی
ڕابردوودا ئەنجام درا ، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەگەرچی بۆنی خوێن لە
گوتەکانی محەمەد مورسی دەبیسترا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ڕووداوی گرنگی
باسکرد کە شایانی باسکردن بوون وەک ( ئازارەکانی گەلانی سوریا و
فەلەستین و زۆرداریەکانی بەعس و ئیسرائیل لە بەرامبەر سەرهەڵداوان )دا.
کەچی ئەوەی کە مایەی شەرم و شوورەییە بۆ محەمەد مورسی و هەموو
هاوپیشەکانی دیکەشی ، ئەوە بوو کە بە هەمان سیفەتی کۆنەپەرستانە و
شۆڤینیستیانەی خۆیان باسیان لە دوو ڕووداوی زۆر گرنگ نەکرد کە هەردوو
ڕووداوەکەش هەم بەرۆکی دەوڵەتە عەرەبیەکانی گرتۆتەوە و هەم پەڵەی
شەرمەزاریشە بە تەوێڵی تەواوی ڕێکخراوە ئیسلامیەکانەوە بە گشتی و
ئیخوان الموسلمینیش بە تایبەتی . ئەو ڕووداوانەش بریتی بوون لە
:
١- " ئەنفالی بەدناو " وەکو پڕۆگرامی ئیخوان الموسلمین.
٢- دڕندایەتیەکانی هەردوو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکەی " سعودیە و بەحرەین "
لە بەرامبەر زەحمەتکێش و سەرهەڵداوانی وڵاتی بەحرەیندا.
هەرچی ئەنفالە یەکێک لە بەرنامەکانی لایەنە ئیسلامیەکانە و لە سەرووی
هەموشیانەوە ئیخوان الموسلمین . بەرنامەی ئەنفالیش لەسەر کوردان پیادە
کرا و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە دووسەد هەزار زەحمەتکێشی کورد گیانیان لێ
سەندرا و هەزاران گوندیش لەگەڵ زەویدا تەخت کران و تەنها شتێکیش بۆ
دەربازبووانی دەستی ئەنفالی بەدناو نەمایەوە (چ وەک ماڵ و سامان و چ
وەک ئاژەڵ و کشتوکاڵ) . ئەمە جگە لەوەی بە هەزاران کچی تازە پێگەیشتووی
تەمەن نێوان" ٨ بۆ ٢٨ ساڵ "یش وەکو دیاری دەستی ئەنفالکەران درایە
دەوڵەتە عەرەبیەکان و ئەوەی پشکی شێریشی بەرکەوت لەو دیاریانە وڵاتی
میسر بوو.
ئەوەی لە لایەن محەمەد مورسییەوە باسی لێوە نەکرا ئەو تراژیدیایە بوو
کە بەسەر نەتەوەی کورددا هاتبوو لە لایەن ئەنفالکەرە زاڵمەکانەوە ، لە
کاتێکدا کە زۆر جەختی لەسەر زاڵمێتی هەردوو ڕژێمی ئیسرائیل و سوریا
دەکردەوە . ئەوەی لە لایەن ئەو کۆنەپەرستەوە باسی لێوە نەکرا
ئازادکردنی ئەو کچە ئەنفالکراوانە بوو کە کراونەتە دیاری دەستی ناوگەڵ
برسیەکانی سەرانی ئیخوان الموسلمین لە وڵاتی میسر ، لە کاتێکدا کە باسی
لە ئازادی گەلانی سوریا و فەلەستین دەکرد.
خاڵێکی دیکە کە مایەی شەرم و شوورەی ئیخوان الموسلمین و محەمەد مورسییە
ئەوە بوو کە بە هیچ شێوەیەک باسی لەو زوڵم و زۆرداریانە نەکرد کە
لەلایەن هەردوو دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکەی سعودیە و بەحرەینەوە دژ بە
ئازادیخوازانی وڵاتی بەحرەین ئەنجام دەدرێت ، هۆکاری ئەو باس نەکردنەش
تەنها ئەوەیە کە زەحمەتکێشانی وڵاتی بەحرەین شیعە مەزهەبن و ئاغای
مورسیش وەهابییەکی دژ بە هەر بیروبۆچوونێکی جیاوازە.
باسنەکردنی ئەم دوو خاڵە گەواهی ئەوە دەدات کە چۆن گەلانی ئێران باجی
فریوخواردنیان بە بەڵێنەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی دەدەن و لە پاش سی
ساڵ گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەوەی کۆمەڵگا بە دواکەوتووی دەهێڵێتەوە و
وڵاتیش بەرەو هەڵدێر دەبات ئەو دەسەڵاتە ئیسلامگەرایەیە کە هەم نامۆیە
بە دیموکراتی و هەم ئازادی خنکێنەرە ، ئەوا دەبێت گەلانی میسریش لانی
کەم سی ساڵ باجی بێدەنگیەکانی خۆیان بدەن لە بەرامبەر هێنانە پێشەوەی
ئیخوان الموسلمین و بە دەسەڵات گەیاندنی محەمەد مورسی.
لێرەدا چەندین پرسیار هەم ئاڕاستەی یەکگرتووی ئیسلامی و هەم ئاڕاستەی
دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دەبێتەوە:
١- لە کاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی دەهۆڵی خۆشی دەکوتێت بۆ سەرکەوتنەکانی
ئیخوان الموسلمین ، ئەی چ هۆکارێک ڕێگرە لەبەردەم ئەم یەکگرتوانەدا کە
داخوازی ئازادکردنی کچە کۆیلەکراوەکانی کورد نەکەن کە بوونەتە نێچیری
دەستی سەرانی ئیخوان الموسلمین؟
٢- ئەگەر یەکگرتووی ئیسلامی خۆی بە بەشێک لە ئیخوان الموسلمینی میسر و
ئاکەپەی تورک دەزانێت ئەوا دەبێت هەم تاوانی ئەنفال و ئەو
تراژیدیایانەش هەڵبگرێت کە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە لەسەر نەتەوەکەمان و
هەم دەبێت خۆشیان یەکلایی بکەنەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئازادی
کوردستان و کوردەوە نیە ، بەڵکو شێرپەنجەیەکن لە هەناوی کوردا وەکو ئەو
شێرپەنجەیە کە چۆتە هەناوی گەلانی ئێران و میسرەوە.
٣- لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم هەموو ڕەخنەگرانی دەسەڵاتەکەی بە بێ ڕەوشت
پێناسە دەکات ، ئەوا دەبێت ددان بەو ڕاستیەشدا بنێت کە چاوپۆشیکردن لە
کچانی فرۆشراو بە دەوڵەتە عەرەبیەکانیش بێ ڕەوشتیە و ئەوەی
بەرپرسیاریشە لەو چاوپۆشیکردنە دەسەڵاتدارانن.
٤- لە کاتێکدا بە هەزاران ئازادیخوازی نەتەوەکەمان بوونە تیرۆری دەستی
هەردوو دەسەڵاتەکەی باشووری کوردستان ، ئەی چ هۆکارێک هانی داون کە
کوردستان بکەنە شوێنی تەراتێنی ئەو لایەنانەی کە پیشەیان بۆتە شیرینی
بەخشینەوە بۆ سەرکەوتنەکانی ئەنفالکەران؟
٥- لە کاتێکدا کەسێکی وەکو هوشیار زێباری لەسەر ناوی کوردان دەنێردرێتە
بەغدا ، ئەی چ نهێنیەک لەو مەسەلەیەدا هەیە کە نەک هەر هیچ ڕۆڵێکی بۆ
کورد نەگێڕا بەڵکو لە کردەوەکانیدا دەبێت هەزار ڕەحمەت بۆ تەها جەزراوی
بنێرین ؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی تاراندا هەر کەسە و ڕۆڵی
دەگێڕا لە پێناو نەتەوەی خۆیاندا.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|