


ئەى قاتلم ، ئەى جەلادم
تۆ پەیوەندیت بە گریان و پێکەنینەکانى من نیە
ئەوە منم هەست ئەکەم هەرگیز هێندە پیر نەبووم و
هەرگیز هێندە بە خەم نەبووم
من لەو ئینجانانەى ژیان و مەرگ و گوڵەکان تێکەڵ بە بۆنى هەناسەى من
ئەکات قەت هێندە بە گومان نەبووم کە رۆژێک دادێ زوو، زۆر زوو .. پیر
ئەبم
من ئەزانم ئاوێنەکان پێم ئەڵێن هێشتانەکە پرچت سپى نەبووە و بە چاوى
سەوزتەوە رەنگە دونیا شین ببینیى
ئاوێنەکان نازانن سەفەرەکانى من چەند درێژن
چاوەڕوانییەکانى من چەند بێزارن
من خۆم چەند بێزارم لە گەڕان و خۆنووسینەوەم لە پەلکى گوڵ و خەزانى
پایزێک کە ئاوێنەکان نایبینن
ئاى لە تۆ ئەى جەلادى خەون و خۆزگە و ژیان و ئازادى من
ئەى هۆشمەندیم لە ساتەکانى بێ ئومێدى و خەڵوەتەکانم
تۆ پەیوەندیت بە کوژرانى منەوە نیە لە ئێوارەیەکدا کە هەر بە پێوە
ئەمرم و لە مردنمدا تەنیا شعرێک بە خوێنى روحى منەوە لە دایک ئەبێت و
خەریتەى سەفەرى تەمەنێکم بۆ رەسم ئەکات کە لە چاوەکانى تۆدا نابینرێت
من بە چاویلکەیەکى رەشەوە تەماشات ئەکەم و ئەزانم
ئەوە منم خۆم لەو ئێوارە تەنیاییەدا ئەکوژم و کوشتنم پەیوەندى بە
ئازادى و شەڕەکانى تۆوە نیە
ئەوە منم لەهەر گەڕانێکمدا کەمینێک بۆ خۆم دائەنێم و لەوێوە دڵم پڕ
ئەکەم لە ئازار و
لەوێوە روحم پڕ ئەکەم لە گریان و
لەوێوە خۆم پڕ ئەکەم لەتۆ و خەنجەرەکانت
ئەوە منم لە نیوە شەوێکدا لە جیاتى پیاسەیەک بۆ سەر خەزانەکانى ئازادى
ئەچمەوە سەر گۆڕستانى یادگارییەکان
ئەوە منم لە یەیانییەکى تەمەندا ئەچمەوە سەر کاتەکانى ئاوابوون
من ئەو دڵەم کە ناتوانێ تف کاتە دونیا و تف کاتە بێ ئومێدییەکانى
گەردوون
تۆ ئەى میهرەبانترین جەلادى ئەم گەردوونە
تۆ پەیوەندیت بە ساتە بێهۆشەکانى منەوە نیە نا
ئەوە منم هەمیشە گەڕانەکانم ئەبەمە مەغریبەکانى فەنابوون لە رەنگێکدا
ئەوەمنم هاوارەکانم ئەخەمە چاوى تاریکییەکى بێ میهرەوە
ئەوە منم ئەو تۆفانانە ئەخەمە باخەڵمەوە
ئەوە تۆ نیت .. تۆ لەوە بێهێزترى لەوەى چۆڕێک خوێن لە هەناومەوە
بەنەزیفى لە گەروومدا سەرکەیت
تۆ ناتوانیت بە خەنجەرەکانتەوە روحم هەلا هەلا کەیت
ئەوە منم بەو تەمەنە سپییەوە کە تۆ و ئاوێنەکان نایبینن بەناو عەدەمى
خۆمدا بە برین و بە گریان و بە هاوارەکانەوە پێئەکەنم و فێ گرتووانە بە
ناو کێلگەى حەشیش و تلیاکەوە غار ئەدەم وەک ئەوەى سەرم لە دوو کۆترە
شینکەیەک نابێت و بمەوێت ماچى بکەم
وەک ئەوەى بەدواى شەپۆڵى شعرێکەوە بازدەم و بمەوێت رەشى کەمەوە
وەک ئەوەى بەدواى حیلەى ژنێکەوە غار دەم و بمەوێت تەفروتوونام کات
من نازانم ژیان لە کوێوە بۆ کوێ رائەکات لە ئاوێنەکانى تۆدا ئەى جەلادى
شیرین
من نازانم لەکوێوە تۆ بە من ئەگەیت و لەکوێوە ئەمبڕیتەوە بۆ وەرزێکى
دڵڕەق
تۆ ناتوانى لەگەڵ مندا دڵرەق بیت و میهرەبان نەبیت
تۆ ناتوانییت لەگەڵ مندا بۆ باسى چیرۆکەکانى عەشق و بەسەرهاتەکانى
سەفەرەکانى ئازادیم لە ژوان نەبیت
ئاى تۆ چ جەلادێکى تۆز و بایت
چ تیرۆرستێکى ترسنۆک و چ قاتلێکى دەستپاکیت
تۆ ئەى جەلادى منى بێ ئومێد
تۆ ئەى خاوەرى شەوانى پڕ لە فرمێسک و سوێبوونەوە
من تەمەنم بەشى ئەوەى نەکرد لەبەر پێیەکانى تۆدا سەر ببڕم ،تۆش تەمەنت
بەشى ئەوە ناکات پێکێک خوێن لەگەڵ مندا نۆش کات
من و تۆ بەو تەماهانەوە ناگەینە کەنارەکانى یەکدى ناسین و تەعاروفى
روحمان لەگەڵ یەکدى پێناکرێت
تۆ بەو هەموو نەزاکەتانەى خەنجەر و من بەو هەموو عیشوە و نازى باخچانە
زەحمەتە بتوانین سەر لە یەکدى بشێوێنین
ئەوە تۆ نەبووى ئەى قاتلى من .. ئەوە تۆ نەبووى ئەى جەلادى میهرەبانى
من بیێت و لە خەونێکدا هەڵمستێنى و لە کابووسێکدا شینم کەیتەوە
تۆ نەتکرد بە ناوچەوانمەوە وەیشوومەیەک بچێنى و لەهەر کون و قوژبنێکى
ئەو ژیانەدا خەمەکان زوو بمناسنەوە
ئەوەیان تۆ نەبوویت بێیت و بە خەونەکانتەوە زەوییەکانى ئازادیم تاڵاَن
کەیت
تۆ نەبوویت نا....
ئەوە ئێوارەى سەرى من بوو سێبەرى ئەکرد بەسەر روحمەوە و لەناوەوە
نەزیفى ئەکردم بە گەڕانێک کە لە هیچەوە ئەچووە هیچ
ئەوە دەسەڵاتى دیتنەکانى من بوو ـ هەنگاوەکانى منى لە شەقامەکاندا چۆڵ
ئەکرد
ئەوە خۆم بووم لە هەقایەتى پیاوەتى و نێرەموکى خەونەکاندا لە
مەنفایەکەوە بۆ مەنفایەکى دیکە روحم ئەکردە شاباشى تەنیایى
ئەوە خۆم بووم بەو برینانەوە خۆم ئەخنکاند و خۆم ون ئەکرد و خۆم
ئەسووتاند بۆ ئەوەى هەمیشە ئاگر لە دڵمدا هێلانە بکات
تۆ نەبوویت ئەى خودا .. ئەى پەیامبەرى شەڕ و کوشتنەکان
تۆ نەبوویت ئەى ساتەنى هەموو ناشیرینییەکان
ئەوە ئێوە نەبوون ئەى کولێراکانى مەرگ و ئافەتەکانى برین
ئەوە من بووم ، خورجینەکانى من پڕتربوون لە بوخچە پڕ ماچەکان و
نازەکانى تۆوە
من لە هەیوانى خۆمەوە فێرە گیرۆدەیى وگریان بووم لەگەڵ مۆم و
پەپوولەکان
فێرە شەڕ بووم لەگەڵ ئازادى و خواکان
hoshang72@yahoo.com
نۆفێیمبەرى
2007
|