١٩\١\٢٠٢٤
بڕگە چیڕۆک:
میهرەبانیی.

جەلال قادر
کاتژمێر یانزەوچڵ خوڵەکی پێش نیوەڕۆ. ئافرەتێکی بەتەمەن، فۆەتەیەکی
شینی کاڵ بەسەرەوە بوو، گەشتیارم بوو. لەگەڵ دەرگا داخستنی تەکسییەکەم
یەکسەر وتی: بە زووترین کات بمگەیەنە گەڕەکی (شۆڕجە).
- بەسەرچاو پوورێ. خێرە ئاوا پەڵەتە؟
+ هەورێکی ڕەش بە ئاسمانەوەیە، پێدەچێت بیکات بە بارانێکی بەهێز.
- ئینشاللە نایبارێنێت تا دەگەینە لای ماڵی ئێوە.
+ هەورەکە ترسناکە، لەوانەیە ببێت بە زریان.
پێشبینییەکەی ڕاست دەرچوو، لە پاش چەند خوڵەکێکی دڵۆپە باران باری
بەسەر جامی ئۆتۆمبیڵەکەم.
گەشتیارەکەم بە فۆتە شینەکەی بسکە سپیەکانی شاردەوەو وتی: من خەمی
کچەزاکەمە، لەپاش کاتژمێرێکیتر لە قوتابخانە بەردەبێت، نە چەتری پێیە
نە قەمسەڵەیەکی زستانەی لەبەردایە
_ کچەزاکەت چەند ساڵانە؟
+ قوربانی بم. ٩ ساڵانە، دایک و باوکی لەسەرکارن، من دایانی دەکەم.
دڵنەواییم دایەوە: پوورێ، گەڕەکی شۆڕجە زۆر دوورنییە، دە بیست خوڵەکیتر
دەگەینە جێ.
+ بە تەمای خودا، کەس نازانێت چی دێتە ڕێگامان!
لەسەر پردی ٤ پەڕینەوە، بارانەکە تا دەهات بەخوڕتر دەباری، هەوری ڕەش
دونیای تاریک کردبوو، گرمەی هەورە تریشقەو تەقەی بروسکە بەرزبووەوە.
هەستمکرد قسەکانی پوورێ ڕاستدەرچوو، پێدەچوو بقەومێ و ڕێگامان لێبگیرێ.
سەرئەنجام باران بەخوڕ باری و بە ئاستەم بەرچاوی خۆم دەبینی. گڵۆپی
چواری ماشێنەکەم داگیرساند و لەسەرخۆ دەمهاژووشت. گەشتیارەکەم دەستی بۆ
ئاسمان بەرزکردەوەو کەوتە نزاکردن.
لە ڕێگای پێچاوپێچدا، ئۆتۆمبیڵەکەم بەسەر یەک دوو تاسەدا کەت.
پوورێ بە نیگەرانییەوە وتی: لەسەرخۆ برا، ئەم ناوە تاسەی زۆر لێیە.
ئاوڕێکم ڵێدایەوە و وتم:
بەڵێ، ئەم جادەیە بەناوبانگە بۆ خەراپی تاسە و چاڵی قووڵ قووڵ، من سەرم
سووڕماە لەم حکومەتە، پارەی هەیە بۆ جەنگ، پارەی نییە بۆ چاککردنەوەی
ڕێگاوبانەکان
نزیک بە شۆستەی جادەکە لاوێکی تەمەن بیست ساڵانم بینی، کەروعارەبانەکەی
ڕاگرتبوو، قەمەسەڵە زستانی و باراناوییەکەی بەسەر خۆی و گوێدرێژەکەی
دادابوو بۆ ئەوەی تەڕ نەبن.
ئۆتۆمبیڵەکەم بە تەنیشتیانەوە ڕاوەستاند.
پوورێ پرسیاری لێکردم: خێرە برا، خۆ هیچ ڕووینەداوە؟
_ نا پوورێ نیگەران مەبە، ڵێزمە بارانە و بەرچاوی خۆم بە جوانی نابینم.
باشترە یەک دوو خوڵکێک بوەستین و چاوەڕوان بین تا ئەم بارانە
لێیدەکاتەوە.
پوورێ لەسەر کورسییەکەی بزواو سەری هێنایە پێش و تەماشای دەرەوەی کرد.
دیمەنی کەروعارەبانەکەی بینی. بەدەنگێکی پڕ لە سۆز وتی: ئا لێرە
بوەستە، ئەو حەمالە دەبینی باوەشی بە گوێدرێژەکەی کردووە، ئەوە کوڕی
منە، قوربانی بم، چەند مهرەبانە، هاوڕێکەی خۆی جێناهێڵێ و دەیپارێزێت!
ماڵپهڕی جهلال قادر
|