په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٠

 مژدە .. مژدە.


کامیل ژیر    

- بۆ کێ ؟


+ بۆ هەموو گەنجێکى گیرفانچۆڵ . بۆ هەموو پیرێکى بێداهات . بۆ هەموو ژنێکى ماڵ . بۆ هەموو کەسێکى بێخانوو . بۆ هەموو نەخۆشێکى بێدەرامەت . بۆ هەموو ئافرەتێکى تەڵاقدراو . بۆ هەموو نانبڕاوان . بۆ دانەمەزراوانى دەرچووى کولێجەکان . بۆ هەموو ئەوانەى لە هە ندەرانەوە ئاودیوى کوردستان ئەکرێنەوە و...
هتد.


- لەکوێ ؟


+ لە قەڵەمڕەوى حکومەتى هەریمى سلیمانى .


- تۆ لە سێبەرى چ ئەشکە وتێکدا نوستوویت !؟ ئەوەنەما ، ئێستا هەردوو قەڵەمڕەوەکە ى سلیمانىو هەولیر یەکیانگرتوتەوەو پێیئەوترێ حکومەتى هەریمى کوردستان . تۆش مەبە بەوانەى ئەلێن تا ئاسایش وپیشمەرگە یەکنەگرنەوە .. جا ئەو دوو دەزگایە چیە لەچاو ئەو هەموو وەزارەتە یەکگرتوانەدا ؟


+ بەو دوو دەزگایەش یەکگرتنەوە دروستنابێ .


- ئەى بە چى؟


+ بە یەکگرتنەوەى دراوە حەیاتەکە ..


- ئەمەیان چ قەوانێکە ?


+ تۆ لە گوێی چ گایەکدا نوستوویت ؟ ئەى نازانى تائێستاش 48% ى بووجە بۆ قەلەمرەوى سلیمانى و 52% بۆ قەلەمرەوى هەولیرە ؟ ئیتر یەکگرتنەوەىچى !؟


- دەتۆ لە باسەکە لامەدە ، مژدەکەم پێبڵێ ، دڵم شەقیبرد !


+ مژدەکە شازى مژدەیە .گوێبگرە : ئیتر ئێمەش بووین بە هاوتاى ولاتە سوشیال دیموکراتەکان و برسیتى نەما . هەموو ئەو تاک و توێژانەى لە سەرەوە ئاماژەم بۆکردن ، ئەبنە خاوەنى خانوو و کیسەو باخەڵى خۆیان بێئەوەى ئارەق بکەوێتە ناوچاوانیان وەک وڵاتانى ئەسکەندنافیەو ئەوروپاو بەریتانیا و ئەوانیتر گەرچى هایلایڤیش نەبن ، خۆ رادەى کەمى ژیانیان دابینئەبێ .


- بوچى هەر قەلەمرەوى سلیمانى !؟


+ چونکە ئەو تیمەى لەم رۆژانەدا 15 و 16/11/2010 بەشداریی کونگرەى سوشیال ئینتەرناسیونالەکەیانکرد لە پاریس ، نێردەى قەلەمرەوى سلیمانىبوون و هەر ئەوانیش ئەندامن تیایدا .


- پف لەم مژدەئێکسپایەرە ، کاکە ئەوانە دەمێکە ئەندام و جێگرسەرۆکن لەو ریکخراوەدا . تۆ لەژیر چ لێفەیەکدا پرخەى خەوتدێ !؟


+ نابێ وابێ ، ئەگەر وایە ئەى بۆچى ئەو سیستمى سوشیالستیە پەیڕەوناکەن . کە پەیرەویناکەن ، ئەم سۆشیالبۆیەیە بۆ لەخۆیانئەدەن !؟


- ئەبێ وابێ . ئەى ئەوەنیە بوە و هەموو ئەو تاک و توێژانەش لە سەهۆلەکە سەماو تەقەى خۆشى ئەکەن ؟ ئیتر تکایە تۆ ئەوەندە خەونى شاعیرانە مەبینەو گەمەکە مەکە بەڕاست . ئەوەى تۆ لەخۆتەوە جاڕیبۆئەدەیت و مژدە مژدەت لێگرتۆتەوە ، لە محاڵ محاڵترە . ئەوانە بۆچى ئەو 48% ەى خۆیان کە بەئارەقى ناوچاوان پەیداىئەکەن ، ببەخشنەوە بەسەر ئەو تاک و توێژانەدا ؟ خۆ گوێزەبانە نیە . گەنجى گیرفان چۆڵ بۆنایەت ئەویش وەک ئێَمە ببێ بە تێکۆشەرو گیرفانى پڕکات ؟ پیرى بێداهات خانەى بەساڵاچوان ئەیژیێنێ . ژنى ماڵ مێردەکەى بەخێوى ئەکات ئەگەرچى نان و شەقیشبێ . ئەوى خاوەنى خانوو نیە بابچێ خانوویەک بەکرێ بگرێ . بۆ نەخۆشى بێدەرامەت خەستەخانەى میرى هەیە . با ئافرەت عال و سالبێو خۆى بە تەلاقدان نەدات . نانبڕاوەکان نانى کونە ماسیان ئەخواردو پاسى جرتاوایان ئەکرد ، دەبابخۆن دەى . دەرچووى کولیجەکان بابچن کارى ئازاد بکەن . ئەوانەى هەندەران چۆن دڵیانهات کوردستانى بەهەشتى زەمین بەجێبهێڵن ‍!!دەبابڕۆن بۆ دۆزەخ .


ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر