په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٨\٢٠١٢

مژدە.. مژدە، (ئیمام مەهدی) دەگەڕێتەوە.


هیوا رەش        


بە درێژایى سەرهەڵدانى هزرى ئیسلامگەرایى ، گەلى کورد بەردەوام دوچارى قڕکردن و وێرانکارى بۆتەوە ، ئیسلام وەکو هێزێکى داگیرکارى گەلان و وڵاتان ، قەڵەمڕەویى خۆى گەیاندۆتە شوێنە دورەدەستەکان و زۆربەیانى گیرۆدەى سەرکوت و نەهامەتى کردۆتەوە ، لە هەندێ شوێندا بە زەبرى هێز دەرپەڕێندراون و ناچارى گەڕانەوەیان کردون بۆ جێگەى خۆیان ، لێ گەلى کورد بەدبەختترین گەلێکە کە تا ئێستا بە بەردەوامى لە ژێر کاریگەرى ئیسلامدا هەڕەشەى فاتوقڕیى هەمیشەیى لەسەرە .

ئەوەتا لە دوا شەکرشکێنیى لەشکرکێشى وەهمیى یەکێک لە (پیاوماقوڵ)ە ئیسلامییەکانى وەکو جەلالەددین - زغەیر - ، بانگەشەى ئایندەیەکى نادیار و ڕەش بە گوێى کورددا دەدرێ و باس لە (ئەگەر ى گەڕانەوەى (ئیمام مەهدی) دەکات کە ئەرکى یەکەم و لە پێشینەى تەفروتونا کردنى کوردە (الکرد مارقون وسیستڕصلهم الامام المهدی).

جەلالەددینى وتارخوێنى مزگەوتى - بوراسا - لە وتارى ڕۆژى هەینیدا بێشەرمانە دەستى بردووە بۆ شیکاریى ئایندەى ناوچەکە و گەڕانەوەى ئیمام مەهدى و شەڕوشۆڕەکانى ئەو دەمە و ژاوەژاوى پێکدادانى کورد و مەهدى ، ئەم درۆ و دەلەسانە مایەى نیگەرانى نین بە قەد ئەوەى خەڵکێکى نەفام بەو درۆیانە بڵێن ئامین ، نیگەرانیى زیاتریش لەوەدایە کاتێک باس لە سرودى نیشتمانى - ئەى ڕەقیب - دەکرێ ، ئیسلامییەکانى کوردستان یەقەى خۆیان دادەڕن و بە کوفرى ناوزەد دەکەن و قیژەیان لێبەرز دەبێتەوە ، وەلێ لە ئاستى درۆتارەکەى زغەیردا ورتەیان لێوە نایەت!

مەهدى ئەفسانەیەکى بێبنەمایە و نە بووە و نە دەبێ و نە دەشبێتەوە ، مەهدى دەرزییەکى موخەدیرە و لە عەقڵ و هۆشى ئەوانە دەدرێ کە عەقڵ و هۆشیان بەتاڵە و ئێستاش لاى ئەوان چونە سەر مانگ کوفرە و باسکردن لە ئازادى هەڵگەڕانەوەیە لە دین و باسى مافى نەتەوایەتیى لێکترازاندنى ئوممەى ئیسلامە --- مەهدى بە لێکدانەوەى باوەڕدارانى بێ ، کەسێکە لە کاتى ناعەدالەتى و ستەمگەراییدا وەکو پشتیوانێکى ستەملێکراوان خۆى دەکا بە ناوماندا بە مەبەستى بەرقەرار کردنى عەدالەت و نەهێڵانى ستەم ، کەچى کەسێک بە ناوى جەلالەددین سەغیرەوە - زغەیر - انە بۆ خۆشنودى ئاغاکانى ئێران سەرقاڵى دنەدان و هاندانى شیعەکانە دژ بە گەلى کوردمان و مژدەى موقاتەلە و جیهاد و غەزاى مەهدى بڵاو دەکاتەوە ، ئەو مەهدییەى کە ناوێکى بێناوەڕۆکە.

ئیمام سەدامى مەشعان جبورى بە جبەخانەى پڕچەکى یاساغەوە هیچى پێنەکرا ، ئیمام مەهدیى زغەیر بە شیر و تیرەوە چى پێدەکرێ ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە دەبوایە زغەیر لە خۆى بکردایە ، شێخ سغەیرونە هیچ نەبێ خۆ خوێندەوارى هەیە دەبوایە ئەو بەر لە هەموو کەسێ بیزانیایە کە خورافاتى مەهدى و گەڕانەوەى لە بۆشایى ئاسمانەوە شتێک نیە جێگەى بڕوا بێ ، مەگەر بە کەشتى فەزایى ناسا بێتە خوارەوە ئەگینا پلیکانەیەکیش نیە ئەوى لێوە دابەزێ تا خۆى ماندو بکات بە موقاتەلە و ئیستیئساڵى کوردەوە ، ئیتر ئێمە بۆچى لێى بترسین ؟ ! مەگەر گەمژە و گەلحۆ و گێل و نەفامەکانى دەوروبەرى زغەیر دڵى خۆیانى پێخۆش بکەن.

جا نازانم ساڵەهاى ساڵى مێژووى پڕ لە وەهمى مەهدى ، ناوبراو بۆچى نەگەڕاوەتەوە ؟ وا ئێستا لە بەختى فیدراڵیەتى بەرەو سەربەخۆیى و یەکپارچەیى کوردستان ، بە قسەى سەغڵەتاویى زغەیر مەهدى خەریکە بنەوبارگەى دەپێچێتەوە و سوپا کۆ دەکاتەوە و شیر دەسوێ و تیر لە کەوان دەنێ بۆ لەشکرکێشیى بۆ سەر کوردى ستەملێکراو و لەو ڕێگەیەوە عەدالەت دەچەسپێنێ ؟ ! ئەمە زغەیر خۆى بڕواى پێدەکا یان ئاخوندەکانى ئێرانى پێڕازى دەکا؟!

لە سایەى پێشکەوتنى زانستدا باسى مەهدى و خورافاتى دینى کاڵ بۆتەوە و خەریکە بەسەر دەچێ ، بۆیە پێویستە شێخ جەلالەددین و شێخ زارى جارێ پێمان بڵێن کەى لەسەر ڕۆژەکانى ڕەمەزان و یەکەم ڕۆژى جەژن ڕێک دەکەون و کەى دەتوانن شوناسى مەزەبى خۆیان لە پێناوى دینەکەیان وەلا بنێن و کەى دەسبەردارى فتواى تەکفیرى یەکتر دەبن و کەى لەسەر زەواجى مەتعە و سیغە ڕێک دەکەون ؟ ئەوسا گرفتێک نیە سوپاى عومەر و عەلى یەک بخەن و بێنە سەر ئێمە و ئەنفالەکەیان نوێ بکەنەوە و ئێمەش بڵێین یان کوردستان یان گۆڕستان بۆ مەهدیپەرستان.

دوا وتەش ئەوەیە ئەگەر جەنابى ئەلسغەیر و گشت ئالسفەیر، مەبەستیان ئەوەیە کە مەهدى غائیب ئیستیئساڵى سەرکردایەتى کوردستان دەکا ، ئەوا لێرەوە پێى ڕادەگەیەنین کەوا سەرکردایەتى کوردستان چەندێک ستەمگەرا و ناعادل و دز و تاڵانچى بن ، بە دڵنیاییەوە بە بەراورد لەگەڵ خۆى و سەرانى ئێستا و ڕابردووى ، سەرانى ناوخۆ و دەرەوەى ، سەرانى حازر و غائیبى ، سەرکردایەتى سیاسى کوردستان پەپولەن ، هەرچەندە گەندەڵ و تاڵانچى بن ئەوە گرفتى ئێمەى کوردە نەک ئەوانى دوژمن بە کورد ، ئێمە ئێستا هەموو قورسایى خۆمان ، خەبات و تێکۆشانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ڕزگار بون لە چنگى ڕەشى شۆفینیزم و تاریکپەرستان و قوربانى گەورە دەدەین لە پێناوى سەربەخۆیى بونمان ، ئەو سەربەخۆییەى بۆ سغەیر و ئالسغەیرەکان بۆتە مڵۆزم و مۆتەکە ، چاوەڕێى مەهدى کەبیر و جەلالەدین سەغیر ناکەین تا بێن و لە کوردستاندا لێمان ببن بە موقاتیل و موجاهید ، ئێمە خۆمان بە درێژایى مێژوو ستەممان لە کەس قبوڵ نەکردووە و ئێستاش لە سەرکردەکانى خۆمانى قبوڵى ناکەین ، کاتێک کە بوین بە خاوەنى قەوارەى سەربەخۆ و دەوڵەتى خۆمان ئەوسا ئێمە خۆمان قسەمان دەبێ و پێویستمان بە شیر و تیرى مەهدى و سوپا وەهمییەکەى نیە دەربازمان بکا ، خۆمان هەموو ڕێگەیەکى خەبات تاقى دەکەینەوە بۆ بنبڕ کردنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و لە پێناوى ئازادیدا تێکۆشانى پێشمەرگایەتیش بە ڕەوا دەزانین ئەگەر هاتو سەرکردایەتى سیاسیمان مل نەدەن بۆ ئازادى و یەکسانى و دادپەروەرى ، بەڵام تا تارمایى دوژمنانمان لێوە دیار بێت هەموومان پێشمەرگەى گیان لەسەر دەستى نیشتمانەکەمان دەبین.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک