په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٤\٢٠٢٥

میکرۆفیزیکی دەسەڵات

گوتار و ڕاستی چۆن یەکتر بەرهەمدەهێننەوە.


ئەرسەلان مەحمود      


خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە کڵاوڕۆژنەی جیۆپۆلەتیکی جیهان و چەقی ڕووداوەکان، شوێنگەیەکە گوتارە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات تێیدا یەکتر بەرهەم دەهێننەوە. لێرەدا دەسەڵات شتێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو سیستەمێکی مەعریفییە کە چوارچێوەی ئەوە دیاری دەکات چی وەک "ڕاستی" دەبێت بناسرێت و قبووڵ بکرێت.

دەسەڵات لەم ناوچەیەدا تەنها لە سەنتەرە گەورەکانی وەک ( واشنتۆن، تاران، تەل ئەبیب)ـەوە، سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە هەموو ئاستەکاندا، بچووکترین (میکرۆ) تا گەورەترین (ماکرۆ)وە خۆی خۆی دەردەخات. بۆ نموونە، هیلالی شیعی (کەمەربەندی شیعی) تەنها جوگرافیایەک نییە لەسەر نەخشە، بەڵکو تۆڕێکی پەیوەندی و گوتارە کە جۆرێکی تایبەت لە تێگەیشتن بەرهەم دەهێنێت - تێگەیەک دەربارەی ئەوەی کێ "دۆست" و کێ "دوژمن"ـە، چۆن "بەرگری" پێناسە دەکرێت و چۆن "ڕزگاری" بەدەست دێت.

هەڵوەشانەوەی ستراتیژی "هەژموون"ی ئێران ئەوە ناگەیەنێت کە دەسەڵاتێک لاواز بووە، بەڵکو نیشانیدەدا دەسەڵات پرۆسەیەکی تۆڕبەندییە، نەک یەکەیەکی نەگۆڕ و ڕەق. ئەم هەڵوەشانەوەیە ئاکامی ئەو بەرەنگارییانەیە کە لە درێژەی ئەم تۆڕەدا سەریانهەڵداوە. بەرەنگاری و بەرهەڵستی لە ئاستی بچووکدا (کاپیلاری) کاتێک دروست دەبێت کە گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا، لە جیاتی گوێڕایەڵبوون بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران، ئیدی ئەوەتا دەستیانکردووە بە گەڕان بەدوای ستراتیژییەتی تایبەت بە خۆیاندا.

بایۆسیاسەت (سیاسەتی ژیانی)ی خۆرهەڵاتی خۆی لە کۆنترۆڵی جەستەی مرۆڤەکاندا دەردەخات. ئابلۆقەی غەززە نموونەیەکی ڕوونی بایۆدەسەڵاتە - واتە ڕێگریکردن لە گەیشتنی خواردن، دەرمان و پێداویستییەکانی ژیانی ئاسایی. بە هەمان شێوە، سنوورداریکردنی ئازادی جەستەیی لە ئێران (وەک بەکارهێنانی حیجابی زۆرەملێ) خۆی تەکنیکێکی نەزمییە کە بایۆدەسەڵات پەیڕەوی دەکات. جەستەکان لە هەموو ئاستەکاندا دەبنە ئامانجی ئەم دەسەڵاتە، جا چ سەرباز بن، یان ئاوارە، یان هاووڵاتی ئاسایی.

شەڕی غەززە و ئەو ململانێیانەی لەم ناوچەیەدا ڕوودەدەن تەنها پێکدادانی سەربازی نین، بەڵکو شەڕن لەسەر گوتار و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ڕاستی. هەر لایەنێک چیرۆک و ڕوانگەی تایبەتی خۆی هەیە: ئیسرائیل باس لە "مافی بەرگری لە خۆی" دەکات، حەماس باس لە "خەباتی ڕزگاری" دەکات، تورکیا باسی "سەلامەتی" دەکات، ئێران بە دوای مانەوەدا دەگەڕێت، ئەمریکا باس لە "ئاشتی و سەقامگیری" دەکات. ئەم چەمکانە لە بۆشاییدا دروست نابن، بەڵکو لە ناو سیستەمێکی تێگەیشتندا بەرهەم دێن کە دواتر پێکەوە و هەریەکە بە جیا دەبنە ئامرازی دەسەڵات. ئەم گوتارانە پاساون بۆ کردەوەکان - چ بۆمبارانکردن بێت، یان هێرشی خۆکوژی، یان ئابلۆقە، یان دانوستاندن.

ئەوەی دەبێ لە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تێیگەین، ئەوەیە کە ئەمەی بووە بە پێشهات تەنها گۆڕینەوەی وشە و بەڵێنی سیاسی نین، بەڵکو بەشێکن لە سیستەمێکی مەعریفی کە دەیەوێت هەژموونی گوتارێکی دیاریکراو بسەپێنێت. "پرسی ناوکی"ی ئێران خۆی لە بنەڕەتدا بابەتێکی گوتارییە کە خزمەت بە هونەر و ستراتیژی قسەکردن دەکات. دانوستان لێرەدا میکانیزمە، کە لە ڕێگەیەوە هەردوو وڵات هەوڵدەدەن "ڕاستی" دڵخواز پێناسە بکەن و بیسەلمێنن.

خاڵێکی گرنگی هاوکێشەی هێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەیوەستە بە دۆخی سوریای ئەمڕۆ، ئەو بۆشاییەی لە دەسەڵاتدا دروستبووە، تێیدا تەکنۆلۆژیای دەسەڵات دەگۆڕێ. ئەوەی پێویستە تێی بگەین، گواستنەوەی هێزی مرۆییە بۆ شوێنێکی نوێ - بە واتایەکی تر، ئاوارەبوونی ناوخۆیی. ئەم جووڵە فیزیکییەی خەڵک، لە هەمانکاتدا، گواستنەوەیەکی دەسەڵاتیشە. ئەمە زۆرجار لە ڕێگەی دابەشکردنی مەزهەبی (عەلەوی، سوننە، کورد) بەڕێوە دەچێت، کە خۆی لە خۆیدا میکانیزمێکە بۆ پۆلێنکردن و کۆنترۆڵکردنەوەی کۆمەڵگەکان بە فۆڕمی نوێ و لە سەردەمێکی تردا.

هێتێرۆتۆپیا وشەیەکە بۆ ئەو شوێنانەی کە لە یەک کاتدا هەم بەشێکن لەم جیهانە و هەمیش نین، لەم خۆرهەڵاتە بە ڕونی دەردەکەون. غەززە نموونەیەکی هێتێرۆتۆپیایە - کەمپێکی گەورەی داخراوە کە لە ڕووکەشدا سنووری دیاریکراوی هەیە بەڵام لە دەرەوەی سیستەمی یاسایی و سیاسی جیهانە. هەروەها ناوچە کوردییەکان، ناوچە "ئازادکراو"ەکانی سوریا، یان حەوزەی زانستی ئایینی لە قومی ئێران، هەموویان نموونەی هێتێرۆتۆپیان - واتە شوێنی تایبەت کە تێیاندا گوتاری دژ بە دەسەڵاتی زاڵ دەردەکەوێت و گەشە دەکات.

لە ئاستێکی قووڵتردا، لێکۆڵینەوە لە چینبەندی مێژوویی دەسەڵات (ئەرکیۆلۆژیا) لە ناوچەکە پێمان دەڵێت کە بۆچی هەندێک گوتار دەسەڵاتدارن و هەندێکیان بێدەسەڵاتن. هیلالی شیعی لێرەدا بەرهەمی چینێکی مێژووییی تایبەتە - هەڵگری ڕەگەزی مێژوویی (سەفەوی)، ئایینی (شیعەی دوازدە ئیمامی) و کۆمەڵایەتی (ناسنامەی بەرەنگاری)ـیە. ئەم چینە مێژووییە، کە ئێستا لەژێر گوشاردایە، پێشتر دەسەڵاتی گوتاری ئێرانی لە ناوچەکەدا بەهێز دەکرد و ڕۆڵێکی تری دەبینی.

گرنگترین خاڵ بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەی هێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیە کە دەسەڵات تەنها بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی و سەرکوتکردن نییە. دەسەڵات بەرهەمهێنەرە. ئەمریکا، ئێران، ئیسرائیل و تورکیا تەنها لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە حوکم ناکەن، بەڵکو لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی چەشنێکی تایبەت لە زانین و "ڕاستی"ـەوە دەسەڵاتی خۆیان بەکار دەهێنن. "ڕاستی" خۆی ئەنجامی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە، نەک پێشمەرجی دەسەڵات.

ئایندەی هاوکێشەی هێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەستە بە گۆڕانی سیستەمە مەعریفییەکان، نەک تەنها گۆڕانی ڕژێمە سیاسییەکان. ئەو تێکەڵبوونەی کە پاش ئەم گۆڕانکارییانە بەرهەم دێت، "چارەسەرێک" نییە، بەڵکو دۆخێکی نوێی دابەشکردنی دەسەڵاتە کە تێیدا شوێنی "ڕاستی" لەلایەن هێزە نوێیەکانەوە داگیر دەکرێت. تەنها کاتێک تێدەگەین کە دەسەڵات یەکەیەکی تەواو و گشتگیر نییە، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە، هەر ئەوکات دەتوانین ستراتیژی دروستی بەرەنگاربوونەوەش بدۆزینەوە.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک