١٧\٤\٢٠١٤
ملازم ھەژار،
کێوێک لە ورە و جوامێریی لە نیشتمانێکی سوتماکدا.

سازدانی دیمانە: شەماڵ عادل سەلیم
کەم
نین ئەوانەی بە بێدەنگی و دوور لە ھەر خۆدەرھێنان و خۆدەرخستنێک، ئەرکی
نیشتمانی و نەتەوەیییان بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی ڕاپەڕاندوە، تەنانەت
بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان منەت و گلەیییەکیان دەڕبڕیبێ یان
گازاندەیەکیان کردبێ.
نموونەی ئەو کەسانەش بابەتی ئەو چاوپێکەوتنەی ئێمەیە بە ناونیشانی (ملازم
ھەژار، کێوێک لە ورە و جوامێریی لە نیشتمانێکی سوتماک)، ئەو کەسەی زۆری
پێشکێش کردووە، بەڵام ھیچی ئەوتۆی بۆخۆی نەبردووە، بۆ ئەوەی تیشک
بخرێتە سەر گۆشەیەکی بچوکی مێژووی خەباتی ئەو جۆرە کەسایەتییە
تێکۆشارانە، ئامادەکردنی ئەم چاوپێکەوتنە وەک ھەنگاوێ یەکەم بۆ ئەم
قارەمانەی شارو شاخ بە پێویست زانرا...
ملازم ھەژار، مرۆڤێکی ھێمن و لەسەرخۆیە، کادیرێکی بە ئەزموون و دڵ
لەسەردەست و دڵسۆزە، ھەژارێکی راستەقینەی حیزبی فەھدە، پارتیزانێکی
بە ئەزموونی رۆژانی بەرگریی و بەرخۆدانە...
ملازم ھەژار لەساڵی ١٩٧١ ھاتۆتە ریزی یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان
- عێراق، لە سالی ١٩٧٥ شەرەفی ئەندامیەتی حیزبی شیوعی عیراقی پێدراوە،
لە سالی ١٩٨٠ پەیوەندی بە ریزەکانی پیشمەرگەی حیزبی شیوعی لە ناوزەنگ
کردوەو، لە ١٥\١٢\١٩٨٠ بووە بەئەندامی لقی بالەکایەتی و خۆشناوەتی وەکو
کارگێری لق و لە گەل شەھید (خدر
حوسێن) ھاوڕێ (مەلا جلال) و (شەھید
سالم)، لە سالی ١٩٨٢ بە
جێگری لقی خۆشناوەتی ھەڵبژێردراوە، لە ساڵی ١٩٨٣
و لە دوای کارەساتی (پشت ئاشان) بە
بڕیاری حیزب ناردراوەتە یەمەنی
دیموکراتی و بۆ تەواوکردنی خولی سەربازی، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٦
گەڕاوەتەوە کوردستان و بووە بە سەرلقی دەشتی ھەولێر و تا دەستپێکردنی
پرۆسەی (ئەل ئەنفال)ی بەعسیەکان...
با بزانین ئەو قارەمانە چۆن باسی ئەو رۆژانەمان بۆ دەکا:
پرسیار: دەکرێ وەک
پارتیزانێکی شیوعی و کادیرێکی بەئەزموونی شار و شاخ باسی ئەو ھەڵومەرجە
دژوارانەی ئەنفالەکان و دوای ئەنفالەکان بکەن؟
وەڵام: لەسەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ
ڕەخساندنی ئەو دیمانەیە، بەڵێ ھەروەک دەزانن لەئەنفالدا تەوای
گوندەکان سوتماککران، بەسەدان ژن و کچ و پیاو و مێردمنداڵ و ساوا بێ
سەروشوێن کران، سامانی پەلەوەرو ئاژەڵداری بەتاڵان بران، کانییەکان
تەقێنران و ڕەزکان سوتێنران و ژێرخانی ئابوری کوردستان بەتەوای تێک
وپێک درا، لەوەش زیاتر ریژێمی بەعس بە سوپاو گەلە جاش ھەموو بستێکی
کوردستانی تەنی، ئێمە وەک پۆڵێک پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عیراق لەو
چۆلەوانییانەدا، بەناو جەرگەی سوپا زەبەلاحەکەی بەعسدا، بە ئەزموونێکی
نوێوە، ڕووبەڕووی مەرگ دەبووینەوە، لەوکاتەی بەبڕیار حیزبمان و بەپێێ
نەخشەو بەرنامەیەکی ورد بڕیاردرا ھێزەکانمان بکشێنینەوە بۆ خاڵە
سنوورییەکان، بەشێکیشمان بە شێوەی مەفرەزەی پارتیزانی لە قوڵایی ناوچە
جیاجیاکاندا بمینێنەوە...
ئەوەبوو چەندین مەفرەزەمان پێک ھێنا کە لە پۆلێک پێشمەرگەی گیان
لەسەردەستی حیزبی شیوعی پێکھاتبوون بۆ ئەنجام دانی کاری پارتیزانی.
ھاوڕێیانی دەشتی ھەولێر بەسەردوو مەفرەزە دابەش کران، یەکێکێان لە
ناوچەی کەندێناوەو قەرەچوغ بە بەفەرماندەی ھاوڕێ (ئەبو ئەحلام و
مامۆستا سیار)، ئەوەی تریان بەسەرپەرشتی (بەندە
و ئارام شاھین و
کاوە چاوشین) و چەندین ھەلۆی سووری تر...
پرسیار: لەوکاتەی
ھەموو بستێکی کوردستان بە گەلەجاش و سوپا تەنرابوو، ئێوە چۆن توانیتان
لە قوڵای ناوچە جیاجیاکان بمینێنەوەو و درێژە بەکاروچاڵاکیەکانتان
بدەن؟
وەڵام: ھەروەک گوتم، ئێمە ھەموو کات
رووبەرووی مەرگ دەبووینەوە، جولانەوەمان بەشەو بوو، بەرۆژ خۆمان لە بن
بەرد و کەپکەشاخ و ئاودڕەکان حەشاردەدا بە تایبەتی لە دوای ئەوەی
گوندەکانی کوردستان چۆل کران...
بەڵام دوای ئەوەی ریژیمی بەعس (لیبوردنی گشتی) دەرکرد، ئێمە
بەئاگاداری وپرسی حیزب سودمان لەم بریارە وەرگرت و چەندین پێشمەرگە مان
بە پلان ناردەوە ناو شارەکان و ھەر بۆ رۆژی دوایی پەیوەندمان پێ دەکردن
و ئەوانیش زۆر بوێرانە یارمەتیمانیان دەدا وشوێنی حەوانەوەمانیان بۆ
دابین دەکرد لە کاتی پێویست.
من لەگەڵ ١١ پارتیزانی تر بریارمان دا کە شوێنەکەمان بگوازینەوە لەبەر
ئەوەی نزیک کۆنە بارەگای خۆمان بوو لە دەشتی ھەولێر، بۆیە بریارمان دا
بچینە نزیک گوندی (حاجی وسو) کە دەکەوێتە نزیک شەقامی کۆیە و لەوێ
بمینێنەوە.
ھەرلەم سەروبەندەدا رۆژێک دوای نان خواردنی بەیانی کەوتینە ڕێ بەرەو
گوندی (حاجی وسو)، لەرێگا گوێمان لە دەنگی (کۆپتەر) بوو، بریارمان دا
رێگامان بگۆرین و بەرو گوندی (سماقە) برۆین، بەڵام کۆپتەرەکان بواریان
نەداو تا دەھات نزیک دەبوونەوە ، ھەربۆیە بریارمان دا کە لەبن کەپکەشاخ
و ئاودرەکانی کەندەکان خۆمان حەشار بدەین، بەڵام ھێندەی نەبرد کەوتینە
ناو بازنەی ھێزەکانی دوژمنەوە ، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک جاش بوینەوە کە
بەرەو ڕوومان دەھاتن و ھاواریان دەکردوو دەیانگوت: وەرن وەرن ئەوە لێرە
خۆیان شاردۆتەوە ئەو سەگبابانە؟!
ھێندەی پێ نەچوو ٨ کۆپتەر لەنزیک ئێمە (ھێزی تایبەتی
- قوات خاسە)ی
دابەزاند و جاشەکانیش بەرەوروومان دەھاتن، ھاوڕییان (ئیسماعیل مەلا
قادر سالح ناسراو بە ئارام شاھین و فەیسەل نەجم رەمەزان ماستاوەیی
ناسراو بە جوتیار چاوشین) لەبەر ئەوەی شوێنەکەیان باش نەبوو زوو ئاشکرا
بوون ودەستڕێژیان لێ کردن و ھەرلەوێ شەھید بوون ، ٤ھاوری ترلەگەل ھاوری
کاوە چاوشین ھەستانەوە و رووبەرووی جاشەکان بوونەوە ، لەو کاتە
کۆپتەرەکان پەیدابوونەوە ، ھاوڕێ کاوە بە (ناتو) تەقەی لە کۆپتەرەکان
کرد و لەھەمان کات بانگی جاشەکانی کرد گوتی تەقەمەکەن ئیمە فەوجی (٥)ین
و بەو ھۆیەوەو ھەر پێنج ھاورێ توانیان خۆیان لە حەشارگەی (کونە فیرار)
قایم بکەن و لە چنگی جاشەکان رزگاریان بێت، لە کاتژمێر ٥.٣٠ی ئیوارە
جاشەکان بە پشتیوانی سوپا تەرمی شەھید( ئارام و جوتیار) یان بردوو
رۆیشتن ، لەوکاتە من خۆم گویم لی بوو جاشەکان بەسەربازەکانیان دەگوت
تەرمەکان بەدوای خۆمان راکێشین بەلام (زابتەکە) گوتی بەتانیە بھینن
وھەلیان گرن جەشەکان بەکوردی قسەیان دەکرد ئەوانی تر بەعەرەبی؟!
پرسیار: وەک
ئاگاداری کە نالی ئاسمانی (ئێن ئاڕ تی) چاوپێکەتنێکی لەگەڵ تۆمەتبار
قاسمە ئاغا ئەنجام دا و کە ناڕازایی بنەماڵەی ئەنفالکراوەکان و
شەھیدەکانی لێ کەوتەوەو، بەرێزێت چی دەڵێت لەم ببارەیەوە؟
وەڵام: من پێم باش بوو کە ئەم
چاوپێکەوتنە لەم کات و ساتەدا پەخش کرا، بۆ ئەوەی بۆ خەلک ولایەنەکان
تاوانەکانی قاسم ئاغا ئاشکرا بێت ،لەوەش زیاتر ئەو لایەنەش ئاشکرا بێت
کە داڵدەی ئەو تۆمەتبارەی داوە...
لێرەدا ناکرێ ناوی قاسم ئاغا بھێنم و ئاماژە بە بەشێک لە تاوانەکانی
نەکەم.
قاسم فارس تاھیر ئاغا ڕاوێژکاری فەوجی ٨٥ ی بەرگری نشتمانی بوو لە
سەردەمی بەعس ، ئەمرۆ بە ١٩ تاوان تۆمەتبارکراوەو کە ئەمانە خوارەوە
بەشێکن لەم تاوانانەی ئەم جاشە خۆفرۆشە ئەنجامی داوە دژ بە کورد و
کوردستان:
\
١- لە ١٩\١١\١٩٧٨ لە کۆدەرەی نزیک گۆندی سکتانی خۆشناوەتی پیشمەرگەیەکی
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە ناوی رسول حاجی ئەحمەدخان خدر بۆلیی
بریندار دەکات و دواتر گیان لەدەست دەدات...
٢- لە شەری قورەبەرازە لە ١١\٨\١٩٧٩ جاشەکانی قاسم ئاغا ١٩ پێشمەرگە
یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەھید دەکەن.
٣- لە ٢١\٢\١٩٨٠ دوو پ.م یەکیەتی بە ناوی د. ریباز و جلال حەمەد لە
گوندی کلیسە شەھید دەکات.
٤- لە ٥\٥\١٩٨٠پێشمەرگەیەکی حیزبی سۆسیالست کە ناوی ئەحمد خانی بوو بە
لە رێگای جەرگۆ سیخورەوە شەھید دەکەن لە گوندی سماقولی.
٥- لە ١٦\٨\١٩٨١ دوو پ.م یەکیەتی بە ناوی ئەحمەد ئسماعیل ناسراو بە
ئەحمد برنو ومجید وسو شەھید دەکات..
٦- لە ساڵی ١٩٨٣ لە کۆی یە پ.م سۆشیالست بەناوی جلیل حاجی دیوانە شەھید
دەکات.
٧- لە ساڵی ١٩٨٤ ئازاد مام فتاح لەناو جەرگەی شاری کۆیە بەدەستی قاسم
ئاغا شەھید دەکریت.
٨- لە ٢٦\٩\١٩٨٥
جەمال ئەحمەد فەقی خۆشناو کە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی
کوردستان بوو لە پپێش شارەوانی کۆیە شەھید کرد.
٩- لە ٤\٩\١٩٨٨ جاشەکانی قاسم ئاغا لە شەریکی دەستەویەخەدا لەگەل
پارتیزانەکانی لقی ھەولیری حیزبی شیوعی لەنێوان گوندی (بایزئاغەو
سماقەی رۆژئاوای کۆیە)، دوو پێَشمەرگەی پاڵەوانی حیزبی شیوعی شەھید
دەکرێن (شەھید ئارام شاھین و جوتیار).
١٠- لە بەرواری ٥\٣\١٩٨٩ لەبناری چیای کۆسرەتدا کەلە تۆمارە
ڤیدیۆییەکەی شەھید کردنی دوو پیشمەرگەی پارتیزانەکانی لقی کۆیەو
گەرمیان لە بناری چیای کۆسرەت، بەفەرماندەی مام جوامیر و شەھید ملازم
شیرزاد، دوو پیشمەرگەی پالەوان بەناوی شەپۆل (جەنگی کەریم عەبدوللا
مەحمود جاف بۆگەدی) خ، - شەھید ریباز (جەلیل ئیبراھیم ئەحمەد تۆفیق
مەنمی) خەلکی گوندی کیلەسپی لە شەرێکی دەستەویەخەدا بەبرینداری دەگیرین
لەلایەن جاشەکانی قاسم ئاغا ،دواتر ھەردووکیان دوور لە یاسا و ریساکانی
مافی مرۆڤ لە موعەەسکەری دوکان شەھید دەکرین.
لەوەش زیاتر لە دوای ڕاپەرینە بەشکۆ و مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ دا ، قاسم
ئاغا لە کۆبونەوەیەکی لە گەڵ سەدامی گۆڕبەگۆڕ لە فیلمێکی تۆمارکراوی
ڤیدێۆیی دەڵێ: سەیدی لەکاتی راپەرینەکەی شاری رانیە من داوم لە (عەلی
حەسەن مەجید) کرد بە چەکی کیمیاوی لەو موخەریبانە بدات و لەناویان ببات
بەڵام ناوبراو بەقسەی منی نەکرد؟!
پرسیار:
داواکاریەکتان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەریمی
کوردستان کردوە ، دەکرێ رونکردنەوەیەکی لەسەر بدەی؟
وەڵام: بەڵێ ...ئێمە بەناوی کۆمەڵیک
پێشمە رگەی دیرین و خانەوادەی شەھیدان داوا دەکەین، ئەو موستەشارانەی
کەوا دەستیان لە تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنفال ھەبووە ، بەزووترین کات
بدرینە دادگا، وبەسزای عادیلانەیان بگەن، کەژمارەیان (٢٥٨) موستەشارو
ئامری مەفرەزە خاسە بووە، کەوا زۆربەیان لەپێَش سوپاکەی بەعس دەستیان
لەکاولکرنی دێھاتەکان و ئەنفالی کوردستان ھەبووە، بۆیە ئێمە بەردەوام
دەبین و ھەمووڕیگایەک دەگرینە بەر تا ئەم تۆمەتبارانە دەدرێنە داگاو
بەسزای عادیلانەی خۆیان دەگەن...
ھەروەھا دەمەوێ لێرە ئاماژەی خاڵێکی گرنگ بکەم ئەویش ئەوەیە : چۆن
دەبێت تۆمەتبارێکی وەک قاسم ئاغا لە میدیاکان دەربکەوێت و بە چەندین
درۆی شاخدار و پاساوی بێ بنەما مێژوو چەواشە بکات .... لەوکاتەی ھەر
ھەموومان دەزانین کە ئەم کەسە لە دادگای بالای تاوانەکانی عیراق لەسەر
کۆمەڵکوژی (ئەل ئەنفال) داواکراوە ؟ بۆیە دەبێ قاسم ئاغا دەم ودەست
بچیتە بەر دەم دادگا لەوێ بەرگری و پاکانەلەخۆی بکات نەک لە میدیاکان و
لە مینبەری تەکیەو دیوەخانەکاندا؟!
ھەروەک ھەموو لایەک ئاگادارن بەپیی بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی
کوردستان لە بەرواری ٢٦\١٠\٢٠١٠ فەرمانی دەسگیرکردنی ئەو( ٢٥٨ )
تۆمەتبارەی دەرکردووە، بەلام بەداخەوە تاکو ئیستا جیبەجی نەکراوە،
لەگەڵ ئەوەش کە دادگای بالای تاوانەکانی عیراق لە سالی ٢٠٠٧ فەرمانی
دەسگیری کردنی ئەو تۆمەتبارانەی دەرکردووە، بۆیە ھەرلێرەوە جارێکی تر
رووی دەممان ئاراستەی لایەنە بەرپرسەکانی ھەرێمی کوردستان و دەزگای
نەزاھەو ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی شەھیدان و پەرلەمان و ئەنجومەنی
وەزیران و سەرۆکایەتی ھەریمی کوردستان دەکەین کە بەپەلە ئەم کارە
ئەنجام بدەن ، چونکە مێژوو لە ھیچ خائین تاوانباران و خۆفرۆشان نابوورێ
. ھەوەھا ناکرێ و نابێ ھیچ لایەنێک داڵدەی ئەو کۆمەڵە کەسە خۆفرۆشانە
بدات کە تۆمەتبارن بە ئەنفالکردنی ھەزاران تاکی کوردی و خاپورکردنی
سەدان گوندو خوڵقاندنی دەیان گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی ، کەبەداخەوە
تا ئەمرۆ وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و کەسیش ناتوانێ پێیان بڵێ (
پشتی چاوتان برۆیە)!!
بەڵێ.. بە داخەوە ئەو ئەنفالچیە کوردانە لەسایەی ھەردوو حیزبی
دەسەڵاتداری کوردستاندا نەگ دادگایی نەکران ، بەڵکو لەبەردەمی کەس و
کاری قوربانیان وە کران بە فەرماندەو بەرپرس و پیاوی ڕێز لێگیراو ڕیش
سپی ھەردوو حیزبی دەسەلاتدار ، گەرچی ھەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە
لەداوی لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانیەوە ئەم تۆمەتبارانە جارێکی تر لە
دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان پەیمانیان بۆ سەدام تازەکردەوە!!
ئەوەش جارێکی تر ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە ( ئێمەی کورد سود لە
مێژووی خۆمان گەڵانی تر نابینین ، لەبری ئەوەی ئەو تۆمەتبارانە دادگایی
بکرێن و ببنە عیبرەت تا جارێکی دیکە کەس نەتوانێت غەدرو خیانەت لە گەل
و نیشتمانەکەی خۆی بکات و نەوەکانیشمان رقیان لە خیانەت و خۆفرۆشتن
ببێتەوە ،کەچی لەلایەن دەسەڵاتی کوردی ھەندێک لەم خۆفرۆشانە کرانە
ئەفسەرو پلەدار، ھەندێکی تریشیان دیوەخانیان بۆ بڕایەوە و بەنارەوایی و
دور لە ھەموو پرەنسیپێکی ئەخلاقی پاساوی ئەوەیان بۆ دەھێندرێتەوە کە
گوایە ئەمانە لە سەردەمی بەعسدا پەیوەندیان بە ڕێکخستنی حیزبە
سیاسیەکانەوە ھەبووە!!
لەوەش زیاتر ئەمرۆ ھاوکێشەکان بەجۆرێک گۆڕاوە کە خائین و مستەشارەکانی
سەردەمی بەعس کراون بە دەمراستی حیزب و ئەفسەرو پلەداری دەسەڵاتی
کوردی، پێشمەرگە دێرینەکان وزیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی مەیدانی
کوردایەتیش پەراوێز خراون و وەک ئەوەی ھیچیان نەکردبێ؟
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|