په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٨\٢٠١١

میللەتێک لە نێوان گەندەڵیی و چەپەڵییدا.


ئیسماعیل عەبدولڕەحمان


هەر لەوکاتەى لەهەرێمى کوردستان بە(دز) گوترا گەندەڵ سەرى خۆم هێناو برد نەمتوانى دان بەو وشەیەدا بنێم و منیش وەک باقى خەڵکى بەدزەکان بڵێم گەندەڵ ، چونکە هەستم دەکرد گەندەڵ بوون بەهیچ شێوەیەک ماناى ناپاکى (خیانەت ) نادات ، چونکە ئەگەر دزیکردنى ڕوتوقوت و خیانەتى بێ پێچ وپەنا لەگەل و نیشتمان گەندەڵى بێت ، ئەى وشەو چەمکى ناپاکى و چەپەڵى لەزمانى کوردیدا بەرانبەر بەچ تاوانێک بەکاربهێنین ؟ دیارە گەندەڵى و چەپەڵى هەردووکیان تاوانن ، بەڵام دوو تاوانى لەلەیەک جیان ، واتە گەندەڵى تاوانى کەمێک کاڵەو نیوە بەنیوەیە لەگەڵ هەقیقەتدا ، بەڵام چەپەڵی زۆر تۆخەو سەد لەسەد پێچەوانەى هەقیقەتە.

دەربارەى گەندەڵى دەڵێن لەهەرێمى کوردستان گەندەڵى هەیە ، بەبێ دەست نیشانکردنى کەسێکى دیارى کراو ، واتە ئاماژەیەکى گشتیە ، هەرچەندە ئەم ئاماژەکردنەش زیاتر ڕو لە دەسەڵاتدارانە ، بەڵام چونکە دەگوترێت گەندەڵى ، هێزى دەربڕینەکە هێندە کز دەبێتەوە ،وەک ئەمە وایە بڵێین جوتیارەکان کە ڕسق دەهێنە گومرگ(علوە) گەندەڵن ، کەلەڕاستیدا زۆربەى زۆرى جوتیاران لەهێنانى ڕسقەکەیان بۆ گومرگ گەندەڵى دەکەن ، بەڵام چونکە کرۆکى گەندەڵى لەجۆرو شێوازى مادە دەکرێت کەس بەهەندى وەرناگرێت و بەتاوانێکى گەورە سەیر ناکرێت ، کەواتە گەندەڵى لەمادەدا دەکرێت وەک ئەوەى جوتیارەکان دەیکەن لەڕسقەکەیان کەخەیارو تەماتەو لۆبیاو بامیەو باینجان و پەتاتەو کاڵەک و شوتى و هەموو ڕسقەکانى تریش بەهەمان شێوە لەیەک کیسەو فەردەو سندوق هەریەکەو بەجیا دادەنرێت و هەریەکەو بەتەنها یەکجۆرە ، بەڵام لەشێوازو قەبارەو جوان و ناسکیدا لەیەکجودان ، دیارە لەو ڕسقانەشدا خراپ و پیرەکان لەنێوان ناسک و جوانەکان دەشاردرێتەوە بۆئەوەى چاک و خراپى ڕسقەکە هەر بەباش بفرۆشێت ، بەڵام چونکە چاک و خراپى ڕسقەکە لەڕەگەزدا هەریەکەو هەمانجۆرە لەسندوق یان لەفەردە یان وەک شوتى و کاڵەک لەناو پیکاپدایە ، بۆیە بەم شێوەیە دەفرۆشێت و کەسیش لەکڕیارەکان بەتاوانى گەورەى دانانێن ، چونکە تێکەڵبونى چاکوخراپى ڕسقەکە یەک ڕەگەزە، بەڵام خۆ ئەگەر لەجیاتى خەیار ترۆزى و لەجیاتى شوتى کاڵەک و لەجیاتى تەماتە پەتاتە دابنرێ کە هەریەکە لەم ڕسقانە سەدلەسەد پێکهاتەى ڕەگەزەکەیان جیاوازە لەیەکترى و بەناوى یەکترى بفرۆشێن ، ئەمە هەرایەک لەنێوان کڕیارو فرۆشیار دەنێتەوە ئەو سەرى دیارنەبێت ، چونکە ناکا کەخاوەن ڕسق گەندەڵى کردوە ، بەڵکو (چەپەڵى) کردوە ، چونکە ئەو لەبنەڕەتەوە ڕەگەزەکەى گۆڕیوە ، دیارە گۆڕینى هەرشتێک چ مادى بێت چ مەعنەوى دەچێتە خانەى چەپەڵى کردن ، واتە گەر قسەى ڕاست بۆ درۆ بگۆڕێت و هەموو قسەیەک کەپێویست بێت بەڕاست بگوترێ ، کەچى هەموى بکرێتە درۆو بەگوێى خەڵکیدابدرێت ئەمە کەى گەندەڵیە؟ بەڵکو لوتکەى چەپەڵییە ، یان لەڕوکەشدا خۆنیشاندان بەدادخوازو دەست پاک و دڵسۆز بۆ گەل و نیشتمان ،کەچى لەبنەڕەتدا ئەمانە هەمووى پێچەوانە بێت ، ئاخر ئەم خەسڵەتە گڵاویە کەى دەچێتە خانەى گەندەڵیەوە ؟ بەڵکو هەموو سیفەتێکى چەواشەکەرانە کەببێتە هۆى هەڵخەڵەتاندنى کەم یان زۆرى خەڵک دەچێتە ناو بازنەى سیفەتى چەپەڵیەوە ، نەوک گەندەڵى.

 

گەر ئاوڕێک لەمێژوى بەکارهێنانى ئەم دوو چەمکە بدەینەوە لەکۆمەڵگاى کوردەوارى ، دەگەینە ئەو ڕاستیەى کەوشەى (چەپەڵ) هەمیشە بۆ تەڵکەبازو دزو درۆزن و نائەمین و ئاژاوەچى و فەسادو کەسە زۆر پیسەکانى ناو کۆمەڵگا بەکار هاتوە ، واتە هەرکەسێک ببێتە هۆى ڕێگرتن لەهاتنە ئاراى کەشێکى ئازاد بۆ مرۆڤەکان و زەرەرو زیان گەیاندن بە ئەخلاق و بارى ئابورى خەڵک ئەمە چەپەڵەو چەپەڵى کردوە ، لەبەرانبەر ئەمەشدا هەرکەسێک کەمتەرخەم بێت لەئەداى کارى لەفەرمانگەکان و وەکو پێویست بەپیر داخوازیەکانى خەڵکیەوە نەچێت بۆ جێبەجێ کردنى کارەکانیان ئەمە گەندەڵییە ، یان فێر لەبەروبوم و کەرەسەو شتومەکە مادیەکان بکرێت و چاک و خراپ تێکەڵ بەیەک بکرێن بۆ فرۆشتن یان بۆ دابەشکردن بەسەر خەڵک ئەمە گەندەڵى کردنە ، ئەمانەو دەیان بەڵگەى لەیەک جیاکەرەوەى گەندەڵى و چەپەڵی لەکۆمەڵگاى کوردەوارى هەیە.

 

بەڵام گەر سەیرى کوردە فایلدارو دەست بەخوێنەکان بکەین کەتاسەر ئێسقان دژ بەگەل و نیشتمانى کوردان بوونە دەبینین کردەوەى ئەمانە سنورى گەندەڵى بەزاندوەو لەناو جەرگەى چەپەڵى و گڵاویدا تەراتێن دەکەن ، ئاخر کەى ڕەوایە کەسانێک تابنەقاقایان لەناو زلکاوى چەپەڵیدابێت ، ئەوجا پێیان بگوترێت گەندەڵ و ناسنامەى خیانەتیان لێوەربگیرێتەوە ، ئەوجا نەوەک ئەمانە چەپەڵى پلە یەکن ، بەڵکو حەواندنەوەى ئەمانەش لەباوشى هەرکەس و لایەنێکبن ئەمانیش گڵاوو چەپەڵن ، کەواتە بەرگریکردنى هەر کوردێک لەهەر ئەندامێکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى بەناو شۆڕشى بەعس ئەو پەڕى چەپەڵییە ، لەهەمووشى گرنگتر و پێویستر بۆ دەست نیشانکردنى چەپەڵکاران ، ئەو کەسانەن کەدەستیان چوبێتە یان بچێتە کورد کوشتن لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتى خۆیانەوە ،ئایا بەناڕەوا مرۆڤ کوشتن بەگشتى و کەسانى کوردیش بەناڕەوا کورد بکوژێت ئەو پەڕى گڵاوى و چەپەڵى نییە ؟ ئایا بەرگریکردن و پشتگیریکردنى زاڵم و ستەمکارى پلەیەک ئەو پەڕى چەپەڵى نییە؟ ئایا جیاکارى و دووبەرەکى نانەوەو بەپیرۆز کردنى هەندێک لەخاکى وڵات و بەگرنگدانانى بەشێک لەمیللەت و بەتایبەتکردنیان لەسەر ئەوانى تر ئەى ئەمەش ڕفتارێکى چەپەڵى نییە؟

 

دیارە هەموو ڕفتارێکى دژ بەگەل و نیشتمان و بەرژەوەندى گشتى ناپاکییە ، بەڵام لەبەر ئەوەى ڕەهەندى ناپاکى کردن یەکجار زۆر فراوانەو زۆربەى تاکى کورد کەم تا زۆر بەرانبەر بەیەک تاوانى ناپاکیان کردوە ، بۆیە بەشیاوى دەزانم گەر لەجیاتى (خیانەت) بەمانا گشتیەکەى وشەى (چەپەڵ) تایبەت بکرێت و بەو کەسانە بگوترێت : کەلەدواى ڕاپەڕینەوە بونەتە سەرچاوەى نەهامەتى و دەردەسەرى ناعەدالەتى و دواکەوتوى میللەتى کورد ، چونکە ئێستاشى لەگەڵ بێت هەر دەستەو تاقمە چەپەڵەکانن بونەتە بارگرانى بەسەر میللەتەوەو هەمو کارو کردەوەو قسەیەکیان بەرانبەر بەخەڵکى بەشەرەفى کوردستان چەپەڵانەیە ، واتە هەرێمى کوردستان نەک بەتەنها لەنێو بەرداشى گەندەڵیدا دەهاڕدرێت ، بەڵکو ئەوەى ئارەقەى ڕەنجبەخەسارى و خوێن ڕێژى و هەژار کەوتنەوەو ناعەدالەتى لەو هەرێمە بەرهەم دەهێنێت بێگومان چەپەڵکارانن ، چونکە چەپەڵکاران تەنیا لەپێناو بەرژەوەندى تەسکى خۆیان لەهەوڵ و تەقەڵادان و بەردەوامیش بەرژەوەندى گشتى بەقوربان بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان دەکەن.

 

بۆیە هەرگیز ساتێکمان لەتەمەنى بیست ساڵەى دەسەڵاتى کوردى دواى ڕاپەڕین نەبینى کەبەرژەوەندى گشتى گەل و نیشتمان ڕەچاوکرابێت و ئیشى بۆ کرابێت ، دیارە گرنگى نەدان و پشتگوێ خستنى بەردەوامى بەرژەوەندى گشتى میللەت ،ئەو ڕاستیە دەردەخات کەهەم چینى دەسەڵاتدار خەمى تێکڕاى میللەتیان نییە ، وەهەمیش میللەت هێشتا ئەو ئاستە وشیاریەى نییە خەم لەبەرژەوەندیە گشتیەکانى بخوات و بەجدى ئیشى بۆ بکات ، کەواتە ئەو چینە خەڵکەى کەبەگیانى نیشتمان پەروەرى و دڵسۆزى بۆ میللەت لەهەوڵى کپکردنەوەى بڵێسەى گەندەڵین لەهەرێمى کوردستان ، ئەمە باباش بزانن ئەم گڕە بەتینە بەپەرداخ و ستڵە ئاوى ئەم چینە کەمە ناکوژێتەوە ، بەڵکو ئیرادەیەکى گشتى میللەتى گەرەکە، چونکە گڕ گرتوى ئەم ئاگرە بەدەستى چەپەڵکارانە و سوتەمەنییەکەشى هەر لەوانەوە بۆى دابینکرایە ، کەواتە تاکو بۆڕى پڕ لەبەنزینى ئەم سوتەمەنییەى گەندەڵى پێ تاودراوە وشک نەکرێت ئەستەمە هەنگاوى چاکسازى ڕاستەقینە بۆ کوژانەوەى بهاوێژرێت ،چونکە بێگومان ڕێگرو کۆسپى گەەورەو لەبەردەم ویستى چاکسازى چەپەڵکارانە ، بۆیە تاکو چەپەڵکاران بەحەوت ئاو نەشورێنەوەو بەسەزاى سەخت گڵاویان لێدەرنەکرێت ،هەر باسێک بۆ چاکسازیکردن وەک چاکسازیەکەى سەرۆکى هەرێم وایە: ئەو کۆبۆنى بەنزینى نەهێشت کەچى نرخى بەنزین فڕى و دوو قات ئاوى تێکرا ، کەچى ئێستاکە لەبەر قەڵەبارغى بەر هەمو کەس ناکەوێت چ بەنزین بەنرخى گران تێکات چ کۆبۆنیش دەرکاتەوە ، ئینجا نازانم لەجیاتى جامى ڕەشیش جامچیەکان چى تێدەخەن! خۆ لەوانەشە لەجیاتى جامى ڕەش بەپلێت دیوارى بۆ بکەن ، چونکە لەم وڵاتە هەموو شتەکان دەقات پێچەوانەى فەرمانى بەرپرسان دەبێتەوە ! ئەمەش لەسایەى باڵا دەستى چەپەڵکاران لەم وڵاتەدا !

 

سەیریش لەوەیە هیچ تاوانبارێکى خائین خۆى بەچەپەڵ نازانێت ، ئەوەنییە مستەشارەکان بەو پەڕى بێمنەتی و زمان درێژیەوە دەڵێن ئێمە بەهۆى مستەشاریمان بەرگریمان لەشەرەف و نامووسى میللەتى کورد کردیە ! گوایە هەریەک لەو مستەشارانە لەکاتى ئەنفالدا کۆمەڵێک خەڵکى دێهاتەکانیان ڕزگار کردیە ، بەڵام ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست بوایە ئێستا مستەشارەکان لەژیانێکى کولەمەرگیدا دەبون و ڕەنگ و دەنگیان نەدەما، چونکە دەسەڵاتى کوردى وایە دڵسۆزەکان پشتگوێ دەخات و ناپاکان پێشدەخات ، بەڵام کەدەبینین مستەشارەکان لەدەسەڵاتى کوردى بێمنەت و زمان درێژ و پڕ لەدەسکەوتى مادى و مەعنەوین ، ئەمە بۆخۆى نیشانەیە کەئەمان و ئەوانەى ئێستاش بەرانبەر بەمیللەت هەمان دەورى مستەشارى دەگێڕن کەئەوەى لەبیریان نەبوبێ و نەبێت هەستى پاکى کوردایەتى و کوردبونە ، کەچى داخى گرانم زۆرینەى میللەتى کوردیش هێشتا خەسڵەتى مستەشاریان لا پیرۆزە ، دیارە بەڕاستى باوڕیان وایە شەرەف و ناموسى کورد لەسایەى مستەشارەکان پارێزراوبوە ، گەر وایە دەبا پیرۆزیان بێت وڵاتێکى پڕ لەمستەشارى چاو قایمى بێشەرم !، کەچەپەڵیان بەسەر میللەت کردۆتە شەرەف و ناموس پارێزى کورد ! گەر میللەتێک بەدرێژایى بیست ساڵ ئەم هەموو درۆیەى لەگەڵ بکرێت و ئێستاش درۆیەکان زیاتر لەسەرى خەست و چڕبێتەوە و ئەوجاش هەڵوێستێکى بەرپەرچدانەوەى نەبێت ، ئایا ئەو میللەتە هەر شایانى ئەمەنییە لەنێوان بەرداشى گەندەڵى و چەپەڵى دا بهاڕدرێت ؟ کەوا دەهاڕدرێتیش!
 

ماڵپه‌ڕی ئیسماعیل عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک