١١\٢\٢٠١١
ململانێی سیاسی لە
هەرێم،
زمان هەر زمانە سواو و نهریتییهکهی هەشتاکانە!
فریاد حهسهن
پاش چەند رۆژێکیتر پێ دەنێینە بیستەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مێژووییهکەی
١٩٩١، بیست ساڵە کورد لەم هەرێمەدا خۆی خۆی
بەڕێوەدەبا، هەموو کەموکوڕیی و کێشە و قەیرانەکانی بیست ساڵی رابردوو،
گومانی تێدا نییه ئەگەر هەندێکیش لەو کێشە و گیروگرفت و قەیرانانە لە
دەرەوەی ئیرادەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بووبێ، ئەوا بەشی شێری ئەو
گرفت و کێشە و قەیرانانە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لێی بەرپرسیارە، بە
تایبەتییش هەردوو حیزبی سەرەکیی خاوەن پێگهی زۆرینە، بە واتایهکیتر
ئەزموونی بیست ساڵی رابردوو بریتییه لە رەنگدانەوەی توانست و فەلسەفەی
حوکومڕانییهتی دەسەڵات بە هەموو لایەنە ئهرێنیی و
نهرێنییهکانییهوە.
دیارە سەرەتای ئەم بیست ساڵی ئازادییە تا نزیکەی ناوەڕاستی ئەم ماوە
دوور و درێژە بە شەڕێکی ماڵوێرانکەر و کارەساتهێن بەسەر بردرا و ئێستاش
و تا داهاتووێکی دوور و درێژیش جێپهنجهی بەسەر کۆمهڵگهدا هەر
دهمێنێ، پاش ئهو ئەزموونە تاڵەش شەڕی گەرم و خوێناویی نەما، بەڵام
پەتای دوو ئیدارەیی هەموو جەستەی دامەزراوەکانی حکومەتی تەنییهوە و
ئێستاش دامەزراوە گرنگ و سەرەکیی و بنەڕەتییهکانی حکومەت (ئاسایش و
پێشمەرگە و دارایی) هەر لەژێر چنگی ئەم پەتایەدا دەناڵێنێ!
راستە لە هەرێمی کوردستاندا پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی
بازرگانیی و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی تا رادەیەکی باش کراوە و
پەرەی سەندووە بە تایبەتیش دوای رووخانی رژێمی سەدام و تەرخانکردنی
بوودجەیەکی باش لە لایەن حکومەتی ناوهندیی بەغداوە، بەڵام هێشتا
کەموکوڕییهکان و پێداویستییهکانی خەڵک و دادگهریی لە بهجێهێنانی
دەسەڵات وەکو پێویست نییه، دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی
خەڵک لە لایەن حکومەتەوە ئهرکه، کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و شهقام و
رێگەوبان و خوێندن و پەروەردە و سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامیی بۆ
هاوڵاتیان، ئەمانە هەمووی ئهرکی حکومەتە شتێکی لە ئهرک پتری تێدا
نییه. لە بەرامبەر نەبوون یان کەموکوڕیی لە پێداویستیە سەرەتاییەکانیش
خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوەکانی کۆمهڵگهی مۆدێرن نەک هەقی خۆیانە
بەڵکو بۆ ئەوانیش هەر ئهرکه دەنگ هەڵبڕن، بە تایبەتیش دەنگههڵبڕین
لە بەرامبەر گەندەڵیی و (مەحسوبیەت) و هەموو دیاردە نهرێنییهکانیتر،
بەڵام شێواز و زمانی ناڕەزایی و دهنگههڵبڕینیش بهرپرسیاریێتییه،
وەک چۆن حکومەت و دەسەڵات برپرسه بەرامبەر کهموکوڕیی و دیاردە
خراپەکان.
ئەوەی لەو دواییەدا و لە کۆمەڵێک بەیاننامەدا روویاندا سەلمێنەری
ئەوەیە کە بڵێین هێشتا سەرکردایەتیی کورد بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە
لە ئاستی گۆڕانکارییهکاندا نین و بەیاننامەکان هەر بە زمانی ساڵانی
هەشتاکان و پێشتریش نووسراون و هەمان زمانی ململانێی ئەو کاتانەی بە
روونیی پێوە دیارە (نابێ ئۆپۆزیسیۆن جاڕی رووخانی حکومەت بدا، بەڵکو
دهبێ داوای گۆڕین بکا . دەسەڵاتیش بە چ مافێک بە دەنگی هەق و رەوای
ناڕەزایی خەڵک بە گێرەشێوێن و تێکدەر پێناسه دهکا و جاڕی تێکشکانیان
دەدا؟!) هەقە ئۆپۆزیسیۆن لە رووکەش و ناوەڕۆکدا گوزارشت لە
ئۆپۆزیسیۆنێکی هێمن و پێشکەوتووخواز بکا، دیارە پێچەوانەی ئەوه
ئۆپۆزیسیۆنیش دهشێوێ و شێواندنی ئۆپۆزیسیۆنیش بە دڵنیاییەوە خزمەت بەو
کەس و ناوەندانە دهگەیەنێ کە دهیانەوێ بارهکه بە بێ چاکسازیی و
گۆڕانکاریی هەروا لە شوێنی خۆی بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە.
ماڵپهڕی فریاد حهسهن
|