په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠٢١

 محەمەد پەیامبەری ئیسلام، خوێندەوار بوو.


سه‌‌لاح رێبوار      

 

سەبارەت بە دیاردەکانی کەسایەتی محەمەد، زۆر کێشە هەن، کە دەکرێ هەڵوێستەیان لەسەر بکرێ. و دەرفەتی ئەوەش وەربگیرێ، تا لە ڕێگەی بەدواداچووندا هەوڵی ساخکردنەوەیان بدرێ. تا بەلای کەمی، بتوانرێ ناوەرۆکێکی لۆژیکی بداتە کەسایەتییەکی مێژوویی. کە ١٤٠٠ ساڵە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. لەو کێشانەی کە دەکرێ لێی ووردبینەوە کێشەی پەروەردەبوون و خوێنەدەواریەتی. ئەو خاڵە کلیلی دۆزینەوەی کۆمەڵێک کێشەیە. کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام مشتومڕی لەسەربووە. لە ڕێبازی فەرمی ئیسلام، هەر لە بلندگۆی مزگەوتەکان، تا دەگاتە دیندارانی سادە. بەردەوام خەریکی گووتنەوەی ئەو شتانەن کە بیستوویانن و بەبێ بیرکرنەوە و تێڕامانێکی ڕەخنەگرانە، دووبارەی دەکەنەوە. وەک پاکێچێکی پارێزراو نەتوانراوە لێی دەربچن. بەتایبەتی شێوەی پەیگیریکردنیان لەسەر نەخوێندەواری محەمەد. و هێنانەوەی بەڵگە بە ئایەتی قوڕئان، وەک شتێکی بەڵگە نەوێست بەرگری لە نەخوێندەواری کراوە. سەرەڕای ئەوەی لە ناو هەناوی ئیسلام خۆی و پەرتووکەکانی ژیننامە و میژووییان دەتوقانرێ زۆر سەرەداو بدۆزرێتەوە، کە کێشەکە بە ئاڕاستەیەکیتر و تێگەیشنێکیتر بگەیێنێ.
با هەوڵدەین لەم باسەدا بەدواداچوونێک بۆ کێشەی نەخوێندەواری و خوێندەواری نەبی محەمەد بکەین.

دیالۆگی جوبرائیل و محەمەد تا چەند ڕاستە؟


پرسی نەخوێندەواریی نەبی ئیسلام، هەر لە سەرەتای پرۆسەی نووسینی ژیاننامە و ڕاڤەکاری بەردەوام دووبارەکراوەتەوە. ئەو دووبارە کردنەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سورەتی العلق ٦٩: ١ و درستکردنی سیناریوی نێوان جوبرائیل و محەمەد.
اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ (١) هتد
ئەو سیناریۆیەش گوایە لە نێوان جوبڕائیل و محەمەد ڕوویداوە. جوبڕائیل لەیەکەم دەرکەوتنی بۆ بۆ نەبی ئیسلام، گوایە فەرموویەتی (اقرأ)!! بەڵام محەمەد نەبی ئیسلام وەڵامی داوەتەوە (ما أنا بقارئ). دوای سێ جار دووبارە کردنەوە، ئەسا جوبرائیل ئایەتی یەکەمی سووڕەتی (العلق)ی خوێندووە و محەمەدیش لە دوای گوتوویەتییەوە.

ئەو بۆچوون و گێڕانەوانە چ لەدەمی عائیشە یان هەرکەسێکیتر. تا دەگاتە ڕاڤەکارانی دواتر، لەوە زیاتر ناڕۆن. بەڵکوو سەدان چیرۆکیان بۆ دروسکردوون. کە وەک بازنەیەکی داخراو، بەردەوام بەدەوری خۆیان دا دووبارە دەسووڕێنەوە. و هەرگیز بەدواداچوون و بەراوردێکی بنبڕ، لە ژێر چاوێلکەی ڕەخنە، لەگەڵ پەرتووکە دینییەکانی تری بۆ نەکراوە. بۆیە لە جێگای خۆیەتی .لەم باسەدا بە دواداچوونێکی ڕەخنەگرانە لەسەر کەسایەتی و ئاستی خوێندەواری محەمەد بکەین. بۆ ئەوەش دەبێ، لە چەند ڕەهەندی جیاواز لێی ووردبینەوە. تا دەگەینە وەڵامێکی لۆژیکی ڕاییکەر.

ئایا محەمەد نەخوێندەواربوو؟ هەمیشە بە بەردەوامی بۆ گەنگەشە لەسەر ئەوەی کە قوڕئان پەرتووکی خودایە دەڵێن: کاتی نەخوێندەوارێک ئەو ئایەت و سووڕەتانە بڵێ، نابێ کاری مرۆڤ بێ، بەڵکوو هێزێکی باڵاترە. تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک بانگخوازێک پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی دربڕیبێ. کە محەمەد خوێندەواربووە. ئەوا بە هەڕەشە و سووکایەتی پێکردن پاشگەزکراوەتەوە. و ئایەتی یەکەمی سوورەتی العلق، وەک وەڵامێکی بنبڕ و بەڵگە نەوێست، بەرامبەر دەمکوت دەکەن.

یەکەم: لە قوڕئان دا، بە هیچ شێوەیەک ئاماژە نە بە دیالۆگی جوبرائیل و محەمەد دەکا. و نە باسی نەخوێندەواریشی دەکا. بەڵکوو هەڵەی تێگەیشتنە. و شتێکە ڕاڤەکاران و سیرە نووسانی ئیسلام هەڵیان بەستووە. و تا ئاستێکی وا کە جێگای باوەڕبێ. و بە درێژایی مێژوو توانیویانە، وەک پەرجووێکی کاریگەر بەکاری بێنن. و ڕاستی ئەو ئایەتەش پەنهان بدەن.
دووەم: ووشەی (إقرأ) جاری یەکەم نییە، بۆ پەیامبەران هاتبێ. ئەگەر سەیرێکی (ئیشایا) پەرتووکی ژمارە ٢٣ لە (تەناخ) پەیمانی کۆن بکەین، بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێ، کە ئەو پینە و پەڕۆیەی ڕاڤەکارانی ئیسلام لە کوێوە هاتووە. نەسارییەکان کە بەشی زۆری هۆزی قوڕیشیان پێک دێنا. و محەمەد خۆشی، لە هەردوو پشتی دایک و باوکەوە نەساری بوو. باوەڕیان بە سەرجەمی پەرتووکەکانی ناو تەناخ هەبوو. و پەرتووکی ئیشایاش یەک لەو پەرتووکانەیە. بۆیە ناکرێ لەو سیناریۆیانە بێ ئاگا بووبن. و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ئایەتەش، هەر لەوێ وەریانگرتبێ.

تەناخ - نەبیەکان - ئیشایا ٢٩: ١١- ١٢
(١١) جا سەرجەم ئەم پەیامەی بە یەک بینین، ئاشکراکراوە. تەنیا بۆ ئێوە، وەک ووشەکانی ناو تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە. ئەوەی دەیدەنە دەست کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: تکایە ئەمە بخوێنەوە. ئەویش دەڵێ ناتوانم، چونکە مۆرکراوە. (١٢) یان ئەگەر تۆمارەکە بدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: تکایە ئەمە بخوێنەوە. ئەویش دەڵێ: خوێندەواریم نییە.

هەروەها لە پەرەگرافێکیتر، لە دەقی ٤٠ بە ڕاستەوخۆ ئەوە دووبارە دەکاتەوە
تەناخ - نەبیەکان - ئیشایا ٤٠: ٦ بکەین:
دەنگێک دەڵێ: بانگەواز بدە.
دەنگێکیتر وەڵام دەداتەوە: بانگەوازی چی بدەم. (١)

ئەو دوو پەرەگرافەی پەرتووکی ئیشایا بۆمان دەردەخەن، کە یەکەم پرسی نەخوێندەواری لە ناو نەبییەکانی دینە ئیبراهیمیەکان، شتێکی نوێ نییە، و دیاردەیەکی کۆنە. هەروەها کارێکی ئاسانیشە تا وەک پەڕجوو، بۆ بەرگریکردن لە دین و ئاڕاستەکەی بەکار بێ. بۆ نەبی ئیسلامیش دەکرێتە بیرۆکە داڕشتنی نەخوێندەواری و دیالۆگیک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئایەتەکە. بۆیە دەبێ بە شێوەیەکیتر لەم ئایەتە قووڵبینەوە، تا بتوانین مانای ڕاستی بدۆزینەوە.

لێکدانەوەیەک بۆ ووشەی إقرأ سورەتی علق
بەر لەوەی بچینە سەر باسی خوێندەواری محەمەد. با لێکدانەویەک بۆ هەرسێ ئایەتی سەرەتای سورەتی علق بکەین. و بزانین مانای چی دەدا.

یەکەم ووشەی (إقرأ) لەسەرەتای سوورەتی (العلق)، هەرچەندە لە عەرەبی بخوێنەوە لێکدراوەتەوە. لە بنەڕەتدا ووشەیەکی عیبرییە و بە مانای (ئامۆژگاری، ئاگادارکردنەوە یان بانگەواز) دێ. کەواتە لێکدانەوەی بە (بخوێنەوە) هەڵەیە. و مانای ئایەتەکە لە بنەڕەتەوە دەگۆڕێ. و بە درێژایی مێژووی هەزار ساڵەی ئیسلام، هەڵەی لە خۆی گەورەتر لەگەڵ خۆی دێنێ. و مێژووێکی نا دروست بۆ پەیامبەری ئیسلام دروست دەکا. کە هیچ پاکانەیەک هەڵناگرێ. و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی مێژووێکی ساختە کە ناتوانرێ، تا سەر پاکانەی بۆ بکرێ. ووشەکە بە عەرەبی بە مانای (ناد، أوعظ ، انذر یان ادع) دێ. (٢)

با بەراوردێک بۆ سووڕەتی العلق،لە نێوان لێکدانەوەی باوی موسوڵمانان و ليکدانەوەی لەسەر بنچینەی ووشە عیبرییەکە بکەین. ئەوسا بزانین کامیان لۆژیکترە:

لێکدانەوەی باوی موسوڵمانان:
(١) بخوێنە بەناوی پەروەردگارت کە هەموو شتێک دەئەفرێنێ. (٢) مرۆڤی لە خانەیەکی مەیوو دروستکردووە (٣) بخوێنە، کە پەروەردگاری تۆ بەخشەندەترە.

لێکدانەوەی لەسەر بنچینەی ووشە عیبرییەکە و ڕۆژهەڵاتناسان:
(١) بانگەواز بدە، بەناوی پەروەردگارت. کە هەموو شتێکی ئەفراندووە (٢) مرۆڤی لە خانەی مەیوو دروستکردووە (٣) بانگەواز بدە، کە پەروەردگاری تۆ بەخشندەترە.

بە خوێندنەوە دووەم، ئایەتەکان ئاڕاستەیەکی تر، و جیاواز لە لێکدانەوە باوەکەی جیهانی ئیسلامی وەردەگرێ. هەم بە پیزتر دەبی، هەم مانایەکی لۆژیکی پێدەبەخشێ.(٣) لەبەر ئەوەی ئەگەر جوبرائیل هاتبێتە لای محەمەد نابی خەریکی فێرکردنی بووبی. بە پێچەوانەوە فەرمانی پێداوە، برۆ دەست بە ناوی خودا بانگەوازبدە. و خەڵکی ئاگادار کەوە و ئامۆژگارییان بکە. جوبرائیل جاری یەکەمی نییە دابەزێ و پەیامی خودا بە نەبیەکانی تری پێش محەمەد بگەییێنێ. دەبێ ئەوەندە لە کارەکەی شارەزابێ. و بزانێ چی دەکا و چی دەڵێ و لەکام بارودۆخدا دیڵێ.

پاشخانی کۆمەڵایەتی محەمەد.


بۆ تێگەیشتن لە هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و هەڵومەرجە هەنووکەییەکانی هەر کەسێک، بەر لە هەموو شتێک دەبێ ئاشنایەتی لەگەڵ پاشخانی ئەو دیاردەیە دروست بکەین. بەوەش دەتوانین ئەو دیمەنە بئەفرێنین، کە بتوانێ پەردە لەسەر چەند لایەنی شاراوە, و بە گومانەکانی دیاردەکە هەڵماڵێ. و تێیدا دەتوانرێ هەڵومەرج و شێوەی بیرکردنەوە، و ئاستی کەسایەتی ئاشکرا ببێ.
بۆ توانای زانیاری و ئاستی خوێندەواری محەمەد. و بیروباوەڕ و بیرکردنەوەی، بەر لە هەموو شتێک دەبێ چاوێک بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و پاشخانی مێژوویی دا بخشێنین. ئەوەش گۆڕەپانێکی فراوانمان دەخاتە بەردەم، تا بتوانین ئەو فۆرمە وەدیبینین، تا وەڵامی گونجاومان بداتێ. بۆ ئەوەی باشتر لە کەسایەتی و ئاستی زانیاری و خوێندەواری تێبگەین. بەوەش دەرفەتێک بۆ لێکدانەوەیەکی لۆژیکانە دەڕەخسێنێ. کە پەردە لەسەر ئاستی کەسایەتی و خوێندەواری محەمەد هەڵدەدەنەوە.

بنەماڵەی محەمەد.


هاشم باوکی عبدالمطلبی باپیرەی محەمەد، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ قەیسەری ڕۆم دا هەبوو. پلەوپایە و ڕێزی ئەوەندە بەرزبوو، کاتی سەردانی شامی دەکرد. بەتایبەتی سەردانی قەسەری دەکرد. کاروانەکانی قوڕەیش بە شێوەیەکی بەردەوام، بەتایبەتی لە وەرزی هاوین هاتوچۆی شامیان دەکرد. شامیش یەک لە سەرزەمینەکانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی ڕۆژهەڵات بوو. تا هەندێک لە کاروانەکانی مەککە دەگەیشتنە ئەنقەرە ئەو کاتە ناوی (ئێنگورو) بووە. (٤)
الأمام محمد بن یوسف الصالحی الشامی چیڕۆکێک دەگێڕێتەوە، کە چۆن هاشم، سەفەری شامی کردووە و لەوێ توانیوویە قەیسەری ڕۆم ببینێ. ئەنجامی پەیوەندی باش و پتەوی نێوانیان، توانیویە نووسراوێک لە قەیسەر وەربگرێ. کە هەر یەک لەوان، واتە قوڕەیشی بێتە شام پارێزراوە. ئیتر نەجیبزادە و بازرگانانی خێلی قوڕەیش، بە سەفەری بازرگانی لە نێوان مەککە و شام بێ پەروا هاتوچۆیان دەکرد. ئەوەش گەورەترین سوودی بە بازرگانی و پێشکەوتنی مەککە کرد. (٥)

دوای مردنی هاشم، عبدالمطلب وەک کوڕی گەورە، دەستەڵاتی وەرگرت. عبدالمطلب بێجگە لەوە، مامۆستا و سەرکردەی حەنیفیەکانیش بوو. سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە عبدالمطلب نەسرانی ئەبیونی بووە. ئەوەش لە ئاکار و ڕەوشت و ڕەنماییەکانی و ڕاسپێری بۆ کوڕەکانی بە ڕوونی، نەسرانی عبدالمطلب دەسەلمێنن. (٦)
بەتایبەتی عبدالمطلب، ئەو پەیوەندییە توند و تۆڵەی بازرگانی و دۆستایەتی لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم بەهیزتر کردبوو. ئەوەش توانایەکی لە ڕادەبەدەری دابووە مەککە بەگشتی. و بنەماڵەی هاشم بە تایبەتی. کە عبدالمطلب سەرکردە مامۆستا بوو، لە مەککە (٧)

محەمەد و پەیوەندی لەگەڵ حەنیفیەکان.


زاراوەی حەنیفی وەک چمکێکی یەکتاپەرستی لە دوورگەی عەرەبی مێژوویەکی کۆنی هەیە. ڕەوتی حەنیفی دینێکی دیاریکراو نییە. بەڵکوو ڕەوتێکە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە باوەڕیان بە یەکتاپەرستی لەڕێگای ئیبراهیمەوە هەیە. جا گرنگ نییە سەر بەکام دین بن یان نا. بەدیارکەوتن و بڵاوبوونەوەی زۆر لە ئیسلام کۆنترە. بەپێی بەڵگەی مێژوویی دەبێ لە سەدەی چوارەمی زایینی باوەڕی حەنیفی لە دوورگەی عەرەبی بەگشتی و بە تایبەتی لە مەککە، لە ناو چینی خوێندەوار و دەوڵەمەندەکان بەدەرکەوتبێ. بەڵگەش بۆ بوونی حەنیفیەت لە بنەماڵەی محەمەد و قوڕەیش، کعب بن لؤی بن غالب ( کە باپیرە گەورەی محەمەد بووە) یەک لە حەنیفیەکان بووە. (٨)

عبدالمطلب بەو دەستەڵاتە مەزنەی لە بواری بازرگانی و وەک گەورە پیاوی مەککە. لە بنەماڵەیەکی نەساڕی بووە. و هەمیش سەرکردەی حەنەفیەکان بوو.کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک، گشت ئاکار و هامۆشۆ ڕیتوالە پیرۆزەکانی نەساڕی و حەنیفی ئەنجام دەدان. هەڵبەتە نەساریی بوونی عبدالمطلب لە ڕێگای ماڵە خاڵەکانیەوە بوو. کە لە هۆزی بەنی نەجاربوون، لە یەترب و نەساڕی بوون. سەرەڕای ئەوە بەنی نەجاڕ هەم هاوسێ و هەم پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەهودییەکانی یەثرب هەبوو. ئەوەش وایکرد، کە عبدالمطلب ئاشنایەتی بە دەنگۆی نەبی چاوەڕوانکراو ( نبی المنتضر) هەبێ. کە لە ناو یەهودی و نەسرانییەکان باسێکی ئاشنابووە. سەرەڕای ئەوە محەمەد خۆی لە مەککە، بێجگە لەوەی خۆی لە هەردوو لای دایک و باوک نەساری بوو (٩). پەیوەندیەکی تایبەتی و توند و تۆڵی، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ قەشە وەرەقە کوڕی نۆفل هەبوو. قەشە وەرەقە سەرۆکی کەنیسەی نەساڕی ئەبیۆنی بوو لە مەککە. و هەر لە ڕێگای ئەویشەوە، توانێ لەگەڵ ئینجیلی مەتی عیبرانی، کە نەساڕیەکانباوەڕیان پێبوو. بە ناوەرۆکی دین و یەکتاپەرستی ئاشنابێ.

محەمەد هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ باپیرەی عبدالمطلب. و دواتر لەگەڵ ئەبی طالب دەچووە ئەشکەوتی حەڕا. و سەرتاسەری مانگی ڕەمەزان دەمایەوە. ئەوەش بۆمان دەسەلمێنێ کە محەمەد پەیرەوکارێکی سەرسەختی باپیرەی بووە. و هەمان دید و بۆچوونی سەبارەت بە یەکتاپەرستی هەبوو. هەر لە ئەشکەوتی حەڕا لەگەڵ قەشە وەرەقە کوڕی نۆفل و أمیة بن أبی صلت و چەندین کەسی تری حەنەفی و نەساڕی خوێندەوار بە درێژایی ماوەی خەڵوەتی ڕەمەزان ماوەتەوە (١٠). لە کۆتاییدا مرۆڤێک لە ژینگەیەکی وا خوێندەوار دا ژیابێ. و لە خێزانێکی خانەدان و چاڵاک لە بواری بازرگانی، و سیاسی دا بووبێ. و دواتر خۆی بووبێتە بازرگان و چەندین جار سەفەری شامی کردبێ، ناکرێ هەروا بە نەخوێندەواری مابێتەوە. و لە هەردوو دینی یەهودی و نەساڕی بێ ئاگا بووبێ.

خوێندەواری لە دوورگەی عەرەبی.


دین و نەرێتەکانی دوورگەی عەرەبی، بە دڵنیاییەوە کاریگەرییان لەسەر محەمەد و یاوەرانی هەبوو. محەمەد ئەندامێکی بنەماڵەیەکی دیاری خێلی قورەیش بوو. کە ئەوان سەرپەرشتی و خزمەتکردنی کەعبەیان لە ئەستۆ بوو. (١١)

ئێمە ئەوە دەزانین کە خوێندەواری یان نووسین بە خەتی ئارامی، لە سەدەی سێیەمی زایینی لە ئەنبارە وە، بە ڕێگای حیرە دا گەیشتووتە دوورگەی عەرەبی. یەک لەو شارانە مەککە بووە. ئەو کاتەی محەمەد لەدایک بووە، تەمەنی نووسین و خوێندن لە مەککە سێ سەد سەد ساڵ زیاتر بووە. بەتایبەتی لە ماڵە خانەدانەکان. بەپێی بەلگە، لە مەککە و بەتایبەتی لەناو بنەماڵە دەوڵەمەند و پایە بەرزەکان، پێشوازییەکی باش لە خوێندن و نووسین کراوە. بێگومان بنەماڵەی هاشم کە سەردار و دەستڕۆیشتووی مەککە بووبن، و لەو پایە بەرزانە بووبن، دەبێ یەک لەو بنەماڵانە بووبن، کە بە گەرمی پێشوازییان لە خوێندەواری کردبێ.
ئێمە ئەگەر لە ژینگەی لەدایکبوون و گەشەکردنی محەمەد ووردبینەوە، دەبینین سەرجەم ئەو باسانە پشتڕاست دەکەنەوە، کە محەمەد خوێندەوار بووە. چەندین کەسی هەرە نزیکی وەک أبی طالبی مامی و عەلی ئامۆزای کە نزیکترین کەس بووین لێی، خوێندەوار بووین وهەمیشە لەگەڵ محەمەد دابووین. (١٢).
بەو پێیەی محەمەد لە شارستانییەتی مەککە ژیاوە، و گەشەی کردووە. زۆریش لەگەڵ نووسین و خوێندنەوە پەیوەندی هەبووە. دەبێ شارەزایی یان زانینی لەسەر نووسین و خوێندن هەبووبێ (١٣)
ئەوەش لە خۆیەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی بوونی خوێندەواری زیاتر لە دوو سەد ساڵ بەر لە محەمەد لە ناو خێلی قورەیش ناسراوبووە. بەتایبەتی بنەمالەی هاشم. کە دەڵێین دوو سەدە، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ماوەی نێوان قصی بن کلاب٤٠٠ -٤٨٠ ز و محەمەد ٥٧١- ٦٣٢ز بووە. بە لێکدانەوەی خلیل عبدالکریم مێژووی نێوان قصی و محەمەد نزیکەی ٢٠٠ ساڵ بووە. کەواتە خوێندندەواری و بیری یەکتا پەرستی لە ناو قوڕەیش، و لە ناو بنەماڵەی محەمەد هەر لەوە دەمەوە هەبووە. خوێندەواریش کاریگەرییەکی بێ هاوتای هەبووە، بۆ گەیاندن و ئاگاداری لەسەر ڕێنمایی و پەیڕەوی دینی، لە ناو خەڵک. حەنیفیەکانیش زۆر بە پەرۆشی خوێندەوارییەوە بوون. یەک نموونە لەوانە قصی، کە خۆی خوێندەوار بووە و شیعریشی نووسیوە. بۆ نموونە ئەو شیعرەی سەبارەت بە یەکتاپەرستی، دژی زید بن عمرو بن نوفل نووسیوە. کە یەک لە بوتپەرستەکانی قورەیش بووە.
أربا واحدا أم الف رب
آدین إذا تقسمت الآمور
ترکت اللات و العزی جمیعا
کذلک یفعل الرجل البصیر(١٤)

هەڵبەتە ئەو شیعرە بووە هۆی وەدەرنانی لە حەرەم. دوای ئەوە تەنیا شەوانە سەری لە حەرەم دەدا. لە شوێنی لابەلا و دوورە دەستی مەککە بۆ عەرەبان دەدوا کە باوەڕ بە حەنیفیەت بێنن و تۆبە بکەن. و واز لە بوتپەرستی بێنن. اللە پەروەردیگاری ئەو خودایانەیە و بانگهێژی ئەوەی دەکرد، تەنیا ئەو بپەرستن. قصی کەسێکی هوشیار و خاوەن زانیاری بوو. هەوڵی دەدا خەڵکی کۆبکاتەوە. هەمیشە وەبیری دەهێنانەوە کە ڕێز لە مەزنی حرم بگرن. پێی دەگووتن کە نەبییەک بەڕێوەیە. دێت کۆتایی بە بوتپەرستی دێنێت. (١٥)

باس و خواس سەبارەت بە خوێندەواری محەمەد.


ئەوەی ئەم باسە بەدواداچوونی بۆدەکات. پرسی خوێندەواری و نەخوێندەواری محەمەد پەیامبەری ئیسلامە. هەرچەندە خوێندەواری و نەخوێندەواری ئەو، هیچ لە هاوسەنگی پەیامەکەی بۆ موسوڵمانان ناگۆڕێ. بە پێچەوانەوە، هەڵەیەکی مێژوویی ڕاست دەکاتەوە. ئەو کارەش زیاتر خزمەت بە ئیسلام خۆی دەکات، کە ١٤٠٠ ساڵە هەر خەریکی پینە و پەڕۆن، بۆ پەنادانی هەڵەی تێگەیشتنیان.
ناکۆکی لە نێوان زانایانی دینی سەبارەت بە خوێندەواری و نەخوێندەواری محەمەد.
١. زۆربەی موسوڵمانان باوەڕیان وایە محەمەد هەرگیز نەیتوانیوە بخوێنێتەوە و بنووسێت
٢. لە شعبی دەگێڕنەوە ووتوویەتی (مامات محمد حتی کتب) واتە محەمەد نەمرد هەتا نەینووسی. لێرەدا دەبێ لەماوەی پێغەمبەرایەتی فێری خوێندەواری بووبێ.
٣. بەشی سێیەم بە پشتیوانی گێڕانەوەیەکی ابی کبشة السلولی، کە دەڵێ: محەمەد لاپەڕەیەکی بۆ عینیە بن حصن دەخوێندەوە و ماناکەشی پێ دەگوت. وە لە سەحیحی موسلم دیاردەکەوێ کە یەکسەر نووسیویەتی. (١٦)

ئەگەر سەیرێکی ئەو بۆچوونانە بکەین، سێ گریمانەمان لە پێشە. و هەریەکێکیشیان ئەرگومێنتی خۆی هەیە:
١ محەمەد هەرگیز خوێندەوار نەبووە و لە ژیانیدا نەشیتوانیووە بنووسێ.
٢ محەمەد نەمرد تا فێری خوێندن و نووسین نەبوو.
٣ محەمەد هەر لەسەرەتاوە خوێندەوار بووە. (بەر لەوەی وەحی بۆ بێ)

لەناو زانایان و حەشاماتی موسوڵمان، بێجگە لە هەڵبژاردەی یەکەم، هەموو شتێکی تر ڕەت دەکەنەوە. ئەوانەی پێچەوانەش بن، لە ترسان ناوێرن ڕادەرببڕن. وەک ابی ولید الباجی کە هێرشێکی توندی کرایە سەر. (١٧)
بەڵام ڕۆژهەڵاتناسان لە لێتۆژینەوەکانیان لەوە ناترسن کە ڕای خۆیان دەرببڕن. بۆ نموونە ریجس بلاچیر، شرۆڤەکانی لە نێوان هەڵبژاردەی یەکەم و سێیەم دەخولێنەوە. یان محەمەد نەخوێندەوار بووە و هەرگیز فێری خوێندەواری نەبووە. یانیش هەر لە سەرەتاوە خوێندەوار بووە.
زۆر لە ڕۆژهەڵاتناسانی تریش ئەو پرسەیان ووڕوژاندووە. لەوانە ئەمێری کازیمێرسکی و مۆنێت.(١٨)

هەروەها لە قوڕئان چەندین ئایەت هەن، کە باسی ئامرازە جۆربە جۆرەکانی خوێندن و نووسین دەکەن. بۆ نموونە قرتاص، ورق، صحف، اقلام، مداد و سجلات. ئەو ئایەتانە گشتیان ئایەتی مەککین. واتە سەرەتای هاتنی وەحی. ئەوەش بەلگەیە بۆ ئەوەی کە خەڵکی مەککە، بەو کەرەستانە ئاشنا بووین. دەشیان زانی مانایان چیە و بۆچی و چۆن بەکاردێن. لە قوڕئاندا ووشەی نووسین و گەرداندنەکانی، زیاتر لە ٣٠٠ جار دووبارە بۆتەوە. ووشەی خوێندن زیاتر لە ٩٠ جار هاتووە. (١٩)

سەرەڕای ئەوە قوڕئان هانی بازرگانانی دەدا کە کاروباری بازرگانیان تۆماربکەن لە کاش و قەرز، و بچووک و گەورە. کەچی محەمەد خۆی خوێندەواری نەبووبێ؟ سەرەڕای ئەوەی، زۆر لە پێش ئەو لە زمانی عەرەبی دا هەبووبێ. ئەوەش ئاشکرایە کە کۆمەڵگەی مەککە کۆمەڵگەیەکی بازرگانی گرنگ بووە. و پەیوەندییەکی نزیک و گەرمی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ وەک شام، فەلەستین و عێراق و دەوڵەتەکانی فارس و ڕۆم هەبووە، کە خاوەنی کولتوورێکی مەزن بووین (٢٠)
لەلایەکیتر ئەگەر سەیرێکی ووشەکانی ناو قوڕئان بکەین. دەبینین، بە سەدان ووشەی یۆنانی، سریانی، عیبری، حەبەشی و فارسی تێدایە. ئەوەش دەیسەلمێنێ کە موسوڵمانانی بەرایی ئەو ووشانەیان نووسیوون. (٢١)

ئەگەر موسوڵمانەکانی سەرەتایی، بەپێی گێڕانەوەی ژیاننامە نووسان، ئەو کەرەستە سەرەتاییانەی وەک پێستە، گەڵای دارخورما و بەردیان بۆ نووسینی قوڕئان بەکار بهێنایە، وەک محەمەد سەباح گوتەنی، نووسینەوەی قوڕئانی مەککی بەو کەرەستە ڕەقانەوە، یەک پەرتووکی لێ دەردەچوو کە پێویستی بە ٢٠ حوشتر بێ هەلیبگرێ. ئێمە هیچ سەبارەت بە کۆچ بۆ مەدینە نەمان بیستووە، کە کاروانی ئەو بەرد و دارانە پێش نەبی بە قاچاخ بردرابن یان لەگەڵ نەبی دابووبن. ئەگەر بردرابن و بەردەستی قوڕەیش نەکەوتبن، ئەوە لەگەڵ سەربردەی کۆچی محەمەد و یاوەرانی بۆ مەدینە ناگونجێ. (٢٢) لەبەر ئەوەی بەپێی ڕاڤەکاران و ژیاننەمەکان دەبێ بە نهێنی و تاک تاک، بەشەوی تاریک ڕێگای ئەستەنگ دا کۆچیان کردبێ. کە وابێ بوونی ئەو دار و پێستە و بەردانە بێجگە لە هەڵبەستنی درۆیەک هیچیتر نین.

ئومی بوونی پەیامبەر (أمیة الرسول).


ئەگەر خەڵکی مەککە بەوە تاوانبار بکەین کە لە جەهالەت و نەزانی دەژیان، ئەو گریمانەیە بنەماڵەی محەمەدیش دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی لە هەمان ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیەکانی دا ژیاون و پەروەردە بووین. بەڵام ئایا ڕاستە کە کۆمەڵگەی مەککە نەزان و نە خوێندەوار بووین. یان ئەو دەربڕینانە مانای تریان هەیە.(٢٣)
بۆیە دەبێ ئێمە لە هەردوو زاراوەی ئومی و جەهل بەو مانایەی لە قوڕئان هاتوون تێبگەین.
موسوڵمانان لەسەر ئەوە یەکڕان، هەروەک لە دوو ئایەت باسی محەمەد دەکات بە (الرسول النبی الأمی) الأعراف ٣: ٧
ووشەی ئومی بەڕای موسوڵمانان، کەسێکی نەخوێندەوارە و ناتوانێ بخوێنێتەوە و بنووسێ. لەسەر ئەوەش هاوڕان، کە محەمەد نەخوێندەوار بووە. و هەرگیز فێری خوێندەواریش نەبوو. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند ئایەتێکی قوڕئان و هاتنی ووشەی (أمی). بەتایبەتی (النبی الامی) وای لێکدەدەنەوە، نەزان یان نەخوێندەوار بووە. و نەیزانیوە بخوێنێتەوە و بنووسێ. سورەتی (الجمعة، ئایەتی ٢)

هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِّنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِن كَانُوا مِن قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ (٢)

بەڵام الامیین لەو ئایەتە و چەند ئایەتی تر بە مانای نەخوێندەوار نایە. بەڵکوو بەو کۆمەڵگە و تاکانە دەڵێن، کە تا ئێستا باوەڕیان بە تاکپەرستی نەهێناوە. بەواتایەکی تر ئەو کۆمەڵگانە یان کەسانە لەدەرەوەی دینە تاکپەرستەکانن، و تا ئێستا بە پێی یاساکانی خودا لە نەزانی دەژین.
ئەو چمکە لە بنەڕەتدا لە عیبری وەرگیراوە. کە بە مانای (گەلانی جیهان)ی دەروەی دینی یەهودی دێ. یان هێشتا بانگێژی دینی یەهودیان وەرنەگرتبوو. بەو لێکدانەوەیە (نبی الأمی) ناکاتە نەبی نەزان یا نەخوێندەوار. بەڵکو دەکاتە نەبی کە تائێستا بە دینی خودا ئاشنا نەبووە، و لە دەرەوەی دینە.
ئەگەر ئێمە بیروباوەڕی جیهانی ئیسلامیش ڕاڤەبکەین. ئەوەی باوەڕی بە قوڕئان نەبێ ناوی جاهلی بەسەر دادەبڕن، واتە باوەڕنەبوون یان بێ ئاگابوون لە دینی اللە. ئەوەش خۆی ناکۆکییەکە لە نێوان محەمەد وەک گەورە نێردەی خودا و بچووکی وەک مرۆڤ.

لە سوورەتی الجمعە ئایەتی دوو:
(هو الذی بعث فی الامیین، رسولا) ووشەی (أمیین) لەو ئایەتە و زۆری تریش دا، مەبەست لەو عەرەبانەیە کە هێشتا باوەڕیان نەهێناوە. بە کورتی بوت پەرستن بووین.
کەواتە نبی الامی مانای نبی نەزان نادا. بەڵکوو تێگەیشتن و لێکدانەوەی هەڵەیە. لە جیاتی ئەوە دەکرێ مانای (نەبی بوتپەرست یان نا موسوڵمان) دێ. ئەوەش لە ووشەی عیبری (ئوومەت ها لام) واتە گەلانی جیهان یان گەلانی دەرەوەی باوەڕ بە دینی جوولەکە بوون. ئەوانە ڕوانگەی دینی یەهودی أمی بوون.
هەندێکی ترلە ڕاڤەکاران، پێیان وایە، ووشەی (الأمیین) بە ئەوکەسانە دەگوترێ، کە پەرتووکیان نەبووە. واتە أهل الکتاب نەبووین. بەو مانایەش، هێشتا دینیان نەبووە. ئەوەش بێجگە لە یەهودی و نەسارییەکان کە خاوەنی پەرتووکی خۆیان بووین، گشت کۆمەڵگەکانی تر دەگرێتەوە.(٢٤)

هەروەها لە ڕاڤەی قرطبی کە لە إبن عباس وەریگرتووە دەڵێ: ئومییەکانی عەرەب گشتیان ئەوانە دەگرێتەوە کە خويندەواربن یان نەخوێندەوار. واتە گشت ئەوانەی کە تا ئێستا نەبوونەتە أهل الکتاب (٢٥)

شتێکی تری گرنگ هەیە کە جێگای هەڵوێستە کردنە و قسەیەی إبن عباس پشتڕاست دەکاتەوە:
لە پەرتووکەکانی ژیاننامە دا هاتووە کە هەندێک لە قوڕەیشییە هەژارەکان لە شەڕی بەدر کەوتنە دەستی موسوڵمانان. ئەو دیلانە لەبەر هەژاری نەیاندەتوانی خۆیان بکڕنەوە (فدیە). داوایان لێکرا لە جیاتی ئەوە، هەندێک منداڵی موسوڵمانان فێری خوێندن و نووسین بکەن. دوایی ئازاد دەکرێن (٢٦)
ئەگەر هەژارەکانی مەککە و قورەیش بتوانن بخوێننەوە و بنووسن. باشە دەبێ دەوڵەمەندەکان چۆن بووبن.(٢٧)
ئەوەش لە خۆیەوە دەبێتە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر، بۆ زانینی بەرفراوانی خوێندن و نووسین لە مەککە و حیجاز بەگشتی تا گەیشتۆتە چینی هەژارەکانیش. (٢٨) جا چ جای دەوڵەمەند و خانەدانەکان.

چەند نموونەیەک لەسەر خوێندەواری محەمەد.


با بۆ بەرچاو ڕوونی پەنا بەرینە بەر چەند ڕووداوێک کە دەتوانن دەرفەتمان بدەنێ، تا باشتر لە خوێندەواری محەمەد تێبگەین. لە ساڵی شەشەمی کۆچی (٦٢٧ زایینی) محەمەد و خەڵکی مەککە لەسەر پەیمانی حودەیبیە ڕێککەوتن. لەکاتی کە خەریکی نووسینی پەیمانەکەبوون، نووسەر کە کەسێکیتر بوو، دەستی بە نووسین کرد. لە سەرەتا بە (بسملە) دەستی پێکرد. بەڵام محەمەد وەستاندی. وپێی ووت هەروەک پێشتر بە ناوی خۆت بنووسە. هەڵبەتە ئەو قسەیەی محەمەد، ئاماژەی بەو نووسراوانە کرد. کە پێش کۆچکردن بۆ مەدینە و تابگرە پێش سروش (وحی) دەینووسین. (٢٩) کاتێ محەمەد زانی چی نووسراوە دەبێ خوێندەواری هەبووبێ، بۆیە وا زوو هەستی پێکرد و نووسەری پەیمانەکە وەستاند.

نموونەیەکی تر کاتی محەمەد لەسەرەمەرگ دابوو. داوای پارچە پێستێک یان دار گەڵای خورمای کرد تا ڕاسپێریی (وصیة) سەبارەت بە سیاسەت لە دوای خۆی بنووسێ. هیچ کەس سەرسام نەبوو، هەرچەندە بۆیان نەهێنا. دانیشتووەکان ئەبو بەکر و عائیشە و هەروەها لایەنی عەلیش ئامادەبوون (٣٠). کاتی محەمەد دەیەوێ ڕاسپێری بەدەستی خۆی بنووسێ و کەسیش لە ئامادەبووان، سەرسام نابێ. تەنیا مانای ئەوە دەدا زانیویانە خوێندواری هەیە.

لەفەرموودەیەکی ئەبو بەکر دا، دەڵێ پەیامبەری خودا، لە نەخۆشی داوای بدوات و مزبر (قلم) ی کرد. ناوی ئەو خەلیفەیەی نووسی کە لە دوای دێ.(٣١) هەرچەند نازانین ئەو گۆتەیەی ئەبوبەکر چەند ڕاستە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەبوو بەکر لەوە دڵنیابووبێ کە پەیامبەر خوێندەوار بووە.

هەمەدانی دەڵێ: لەناو عەرەب هەر کەسێ، بیتوانیایە بخوێنێتەوە. و بنووسێ پێیان دەگوت صابئاً، قوەڕەیشیەکان بە محەمەدیان دەگوت (ص). ڕۆژانە خەڵکی بانگهێژی مەککە دەکرد و قوڕئانی بۆ دەخوێندنەوە! صابئًا (٣٢)

جارێکیان عومەری کوڕی خەتاب بە محەمەدی گوتووە، ئەو شتانەی تۆ باسیان دەکەی، من لە تەورات خوێندوونمەتەوە. لەگەڵ ئەوانە یەکن کە تۆ باسیان دەکەی. محەمەد تووڕەدەبێ و دەڵێ: ئەی کوڕی خەتاب شەرم بکە! بە اللە من بە حەنیفی هاتووم. ئەگەر موسای کوڕی عومران لە ژیاندابایە، چاری نەدەبوو بە دوام دەکەوت. (٣٣) ئەگەر بیر لە قسەکەی عومەر و محەمەد بکەینەوە. بە تەواوی درک بەوە دەکەین، کە عومەر ڕەخنەی لە دووبارە کردنەوەی تێکستەکانی تەورات کردووە. نەک هەڵە یان ناتەواوی گێڕانەوەکان. بۆیە دەردەکەوێ ئەوەی عومەر ئاماژەی پێدەکا، محەمەد لە سەرچاوەکانی یەهودی خوێندنیەتەوە. ئەوەش بەڵگەیەکی لۆژیکییە، کە پەیامبەری ئیسلام زانیاری لەسەر تێکستە نووسراوەکانی یەهودی هەبووە. هەر ئەو تێکستانە عومەریش خوێندوونیەتەوە.
زانیاری سەبارەت موسای کوڕی عومران و گێڕانەوەی چیڕۆکەکانی ناو تەورات، لەگەڵ کەسێکی بێئاگا و نەخوێندەوار یەک ناگرنەوە.

سەبارەت بە فێربوونی خوێندن و نووسین ، محەمەد هەر لە منداڵیەوە. لەژێر چاودێری باپیرەی عبدالمطلب و مامی ابی طالب خەریکی فێربوونی نووسین و خوێندن بوو. و لە سەرەتادا عبدالمطلب دواتر أبی طالب لەسەر زانیارییەکانی سرووشت پەروەردەیان دەکرد و قەشە وەرەقە کوڕی نۆفلیش لەسەر زانیارییەکانی دینی و بەتایبەتی نەبیەکانی بنی ئیبراهیم پەروەردەی دەکرد. بۆیە محەمەد نەخوێندەوار نابێ نەخوێندەوار بووبێ (٣٤).
ئەوەی کە دەبێ لێی ئاماژەی پێبکرێ، گشت پەرتووکەکانی سیرە و مێژوونووسان، ئەوەیان خستۆتە ڕوو. کە ابی طالب، محەمەدی زۆر خۆشدەویست. و هەمیشە بەڕێزەوە ڕەفتاری لەگەڵ دەکرد. لە هەموو منداڵەکانی خۆی زیاتر خۆشی دەویست. تەنیا لە تەنیشت خۆی دەیخەواند، کە دەریش دەچوون پێکەوە دەردەچوون. هەمیشە لە دەوری بوو و پارێزگاری لێدەکرد. تا ئەو کاتەی مرد وەک سێبەر بوو بۆی. تەنانەت لە خواردن و خۆشگوزەرانیش کەمتەرخەم نەبوو. و بە باشترین شێوە خزمەتی دەکرد (٣٥)

سەبارەت بە خوێندەواری محەمەد، چەند کەسێک بە ئاشکرا درکاندیان. کە محەمەد خوێندەوار بووە لەوانەش ابو ذر عبداللە بن احمد الهروی (٣٥٥ - ٤٣٤ کۆچی) و قاضی ابو الولید الباجی (٤٠٣ - ٤٧٤ کۆچی بەرامبەر ١٠١٣ - ١٠٨٢ زاینی) و هتد. دەرئەنجامەکەی هێرشێکی توند، لەلایەن مەلا و ووتاربێژانی دینی ئیسلام کرایە سەریان. بە تایبەتی ابی ولید الباجی. تا گەیشتە ئەو ئاستەی هەندێک مەلا لەسەر سەکۆی مزگەوت لە ووتاردان تانە و سووکایەتیان پێدەکرد.
دوای ئاشکراکردنی الباجی و هێرشی مەلاکانی میسر بۆسەری، ئەوباسە لە جیهانی ئیسلامیدا کپ بووەوە، هەرچەندە مەلاو ڕێبەری دینی تر هەبوون و هەیشن کە پێیان وایەبە بەڵگە محەمەد خوێندەوار بووە. کەچی لە ترسی هێرش و فتوای مەلا و خەڵکی موسوڵمان ناوێرن دەری ببڕن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن. (٣٥)

دەرئەنجام.


بەلێکدانەوەیەکی لۆژیکی و ڕۆچوون بە ناو ئەو بەڵگانەی گەواهی بۆ خوێندەواری، یان نەخوێندەواری محەمەد دەدەن. بۆمان دەردەکەوێ کە کەسێک لە ناو ژینگەیەک لە دایک بووبێ و گەشەیکردبێ، کە لە گشت لایەکەوە ئاماژە بە خوێندەواربوونی دەکەن، ناکرێ کە هێشتا نەخوێندەوار بووبێ!!

لە مەککە نەساڕییەکان هەم دەستڕۆیشتووی مەککە بووین. و هەم خاوەن پەرتووک بووین. و کولتوورێکی خوێندەواریی دووری مێژوویان هەبووە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی ئەوەی نەساڕیەکان لە سەرجەم سەرزەمینی شام و میسۆپۆتامیان، هەم هەبوون و هەم بە هۆی خوێندەواریەوە پەیامی دینیان بڵاو دەکردەوە. ئێمە هەرچەندە بە دڵنیاییەوە نازانین نووسین لە کەیەوە، لە ئەنبار هەبووە. بەڵام ئەوە دەزانین لە سەدەی سێیەم گەیشتۆتە مەککە. و پێشوازییەکی باشی لێکراوە.

نەبی محەمەد لە بنەماڵەیەکی خانەدان و دەوڵەمەندی مەککە بوو. و بوونی خوێندەواری لە ژینگەی هەرە نزیکی هەبووە. تەنانەت أبی طالب، عەباس و عەلی کە هەمیشە هاودەمی یەکتری بووین. خاوەن خوێندەواری و زانین بووبن، کەچی محەمەد نەخوێندەوار بووبێ!! ئەوە سەرەڕای ئەوەی أبی طالب ڕێز و خۆشەویستی زۆری بۆ محەمەد هەبووە. و لە هیچ ڕووێکەوە دریخی بۆی نەکردووە. بۆیە ڕێگای تێناچێ گشتیان خوێندەوار بن، و محەمەد نەخوێندەوار بووبێ!!. بەلای کەمی دەبێ ئاشنایەتی بە خوێندن و نووسین هەبووبێ.
دەقەکانی قوڕئان کە محەمەد خۆی پەیامەکەی گەیاندووە. بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەم هانی نووسین و خوێندنەوە دەدەن. و هەم ناوی زۆربەی ئامرازەکانی نووسینی تێدایە. خۆ ناکرێ کەسێک هانی خەڵکیتر بۆ خوێندن بدا، کەچی خۆی نەخوێندەوار بێ. و نووسین و خوێندنی بەلا گرنگ نەبووبێ.

سەرەڕای ئەوە چەندین ڕیوایەت لەسەر خوێندەواری و یارمەتی دانی ئەسحابەکان بۆ لێکدانەوەی نووسراو. یان شارەزایی بە چیرۆکەکانی ناو تەورات. بەڵگەیەکی ترە بۆ خوێندەواری محەمەد.
بەڵگەیەکیتر بۆمان ڕووندەکاتەوە، کە خەڵکی مەککە ئەگەر سەرجەمیش خوێندەوار نەبووبن، ئەوا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناو چین و توێژەکانی دا جێگیربووە. ئەو بەڵگەیەش، لە شەڕی بەدر، بە ڕوونی دیارە چەند کەسی بەدیل گیراو دەبوایە خۆیان بکڕنەوە. بەڵام لەبەر هەژاری ئەو پارەیان نەبووە. بۆیە بەوە ئازاد دەکرێن کە منداڵانی ئەسحابەکانی موسوڵمان فێری خوێندەواری بکەن!
پرسیارەکە لەوە دایە، کاتێ هەژارانی مەککە خوێندەوار بووبن، ئەی کەسێک لە بنەماڵەیەکی خانەدان و دەستڕۆیشتووی مەککە، چۆن دەبێ نەخوێندەواربێ.

لە هەموو ئەوانە گرنگتر، لێکدانەوەی ووشەی (إقرأ) یان (أمی) لە سوورەتەکانی قوڕئاندا هاتوون، بە هیچ شێوەیەک ئەو مانایە ناداەن کە بەسەریان دابڕیوون. بە ڵکوو مانای تریان هەیە، کە لە بنەڕەتەوە چمکەکەکان ڕەوتێکیتر وەردەگرن. لەوەش سەیرتر لە قوڕئانەکەی عوسمان سووڕەتی یەکەم الفاتحایە، نەک علق. سووڕەتی العلق ژمارەی ٦٩ یە، کەچی لە قوڕئانەکەی الأزهر کراوەتە ژمارە ١. ئەوەش بەڵگەیەکیترە کە ووشەی إقرأ هیچ پەیوەندی بە یەکەم دیداری جوبرائیل و محەمەدوە نییە. چیڕۆکێکی دروستکراوە.
کەواتە ئەو ووشانەی کراونەتە بەڵگە بۆ نەخوێندەواری محەمەد (إقرأ، أمی) هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە. بەڵکوو ئەنجامی تێنەگەیشتن لە چمکەکانی ناو قوڕئان وەک چەندەها چمکیتر، بە ڵاڕێدابردراون

لە کۆتایی گشت ئەو بەڵگانە ئەوە دەسەلمێنن کە نەبی محەمەد کەسێکی خوێندەوار بووە. هەر پێش وەحی توانیوویە بخوێنێتەوە و بشنووسێ. بەڵام ئاستی خوێندەوارییەکەی چەند بووە؟ ئێمە نازانین، هیچ لە پرسی بانگەوازەکەی و پەیامەکەی ناگۆڕێ. بەڵکوو زیاتر لۆژیک بە وەحی و دیمەنی ئایەتەکانی دەبەخشێ.
____________________________________________
سەرچاوەکان:
القرآن الکریم - سورة العلق.
١- تەناخ - نەبیەکان - ئیشایا.
٢- شاهین، د. عبدالصبور. تاریخ القرآن ص ٩٣.
٣- هەمان سەرچاوە ص ٩٣.
٤- عبدالکریم، خلیل (١٩٩٧) قریش من قبیلة الی الدولة المرکزیة ص ٦٥.
٥- الأمام محمد بن یوسف الصالحی الشامی. سبل الهدی و الرشاد فی سیرة خیر العباد. الجزء الأول ل ٣١٦-٣١٧.
٦- عبدالکریم، خلیل (١٩٩٧) قریش من قبیلة الی الدولة المرکزیة ص ١٣٣، سیرە ابن هشام ١: ٤٣ - ٤٤، السیرە الحلبیە ١: ٤.
٧- عبدالکریم، خلیل (١٩٩٧) قریش من قبیلة الی الدولة المرکزیة ص ٧٠.
٨- د. السید عبدالعزیز سالم. دراسات فی تاریخ العرب قبل الاسلام ل ٤٣٨.
٩- محمد حسان المنیر، یوم قبل وفاة محمد ص ٦٩.
١٠- خلیل عبدالكریم (١٩٩٠) الجذور التاریخیه‌ للشریعه‌ الاسلامیه‌. سینا للنشر.
١١- Världsreligionernas födelse
١٢- Blachere, Regis (1957) Introduction to the Quran
١٣- شاهین، د. عبدالصبور. تاریخ القرآن ص ٩٧.
١٤- الشهرستاني ابو الفتح (١٩٩٢) الملل و النحل. تحقيق الشيخ احمد فهمي ل ٣٣٢-٣٣٣.
١٥- عبدالکریم، خلیل (١٩٩٧) قریش من قبیلة الی الدولة المرکزیة ص٢٣٠، الشهرستانی. الملل و النحل الجزء الثالث ص ٩٣.
١٦- شاهین، د. عبدالصبور. تاریخ القرآن ص ٩١.
١٧- هەمان سەرچاوە ص ٩١.
١٨- هەمان سەرچاوە ص ٩٢.
١٩- الحریری، أبو موسی (١٩٨٢) عالم المعجزات. بحث فی تاریخ القرآن ص ٨٨.
٢٠- Torry Charles Culter (1892) The Commercal Theological Terms in the Koran
٢١- الحریری، أبو موسی (١٩٨٢) عالم المعجزات. بحث فی تاریخ القرآن ص ٨٩، الأسفهانی، الراغب . مفردات فی غریب القرأن، السیوطی الأتقان ، فصل فيما وقع فیە بغير لغة العرب، و فی معرفة غريب القران ١: ١١٣ - ١١٤.
٢٢- الحریری، أبو موسی (١٩٨٢) عالم المعجزات. بحث فی تاریخ القرآن ص ٩٧، صبیح، محمد (١٩٨٣) بحث جديد عن قرأن ص ٨٧ - ٨٨.
٢٣- عالم المعجزات ل ٩٩، جواد علی، مفصل فی تأیخ العرب قبل الإسلام جلد ٨ ص ٩٧.
٢٤- الطبری لە ڕاڤە بۆ ئایەتی ٣:٢٠. جزء الثالث ص ١٤٣: روح المعانی ٢١: ١٧.
٢٥- القرطبی، الجامع الأحکام القرأن ١٨: ٩١.
٢٦- طبقات إبن سعد ٢ :١.
٢٧- الحریری، أبو موسی (١٩٨٢) عالم المعجزات. بحث فی تاریخ القرآن ص ٩٠.
٢٨- هەمان سەرچاوە ص٩١.
٢٩- شاهین، د. عبدالصبور. تاریخ القرآن ص ٩٤.
٣٠- احبار ابی سعد. الطبقات الکبری، تاريخ القران ٩٤.
٣١- الزبیدی، محمد (٢٠٠٦) تاج العروس من جواهر القاموس ج ٣ ص ٢٣١.
٣٢- الهمدانی، حسن بن محمد (٢٠١٦) الأکلیل ج ١ ص ٤٤.
٣٣- عبدالکریم، خلیل (١٩٩٧) قریش من قبیلة الی الدولة المرکزیة ص ٢٣٠.
٣٤- حریری، أبو موسی. قس و نبی ص ٦٠.
٣٥- طبقات ابن سعد ١ :١١٩ - ١٢١ ، الحریری موسی، قس و نبی، بحث فی نشأة الإسلام. ص ٦٥ ٠ ٦٦.
٣٦- شاهین، د. عبدالصبور. تاریخ القرآن ص ٩١.

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک